لە ٢٢ تا ٢٩ی ئابی ٢٠٢٦، چالاکییەکانی پڕۆگرامی نێودەوڵەتیی Artcamp 2026 لە هۆڵی Südbahnhof لە شاری Krefeldی ئەڵمانیا (ناونیشان: Saumstraße 9, 47805 Krefeld) بەڕێوەدەچێت. ئەم ساڵۆنە هونەرییە نشینگەیەکە بۆ کۆکردنەوەی شێوەکاران لە سەرانسەری جیهانەوە بەبێ جیاوازیی ڕەگەزی، کە تێیدا نوێنەرایەتییەکی بەرفراوانی هونەرمەندانی وڵاتانی ئەڵمانیا، کوردستان، عێراق، بەلجیکا، سوید، سوریا، سەلتەنەی عومان، ئوردن و چەند وڵاتێکی دیکە بەدی دەکرێت.
ئاوێنە: ئەم سیمپۆزیۆمە لەلایەن بەشی کەلتووری شاری کرێفێڵد و ڕێکخراوی Werkhaus Krefeld جێبەجێ دەکرێت، بە بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجا یانسن (Anja Jansen) و بە سەرپەرشتیی هونەرمەندی شێوەکاری کورد وەلید ئیبراهیم لەگەڵ بیت کرێمپێ (Beat Krempe).
بەشداربووان و هەماهەنگیی لۆجستی
تەمەنی هونەرمەندانی بەشدار لە نێوان ٢٨ بۆ ٨٣ ساڵدایە. بەشداریکردنی شاندی هونەرمەندانی کوردستان ڕاستەوخۆ بە سەرپەرشتیی تەها خۆشنووس ئەنجامدراوە، لە کاتێکدا هونەرمەند هەژار کەڵهوڕی ئەرکی لێکنزیککردنەوە و کارئاسانیی لۆجستیی بۆ گەیشتنی هونەرمەندە کوردەکان گرتووەتە ئەستۆ، هەروەها زۆرێک لە میوانان لەلایەن ئاشنا دەوڵەتەوە بانگهێشت کراون.
شێوەکارانی کورد: محەمەد فەتاح، حەمە هاشم، تەها خۆشنووس، ئاشنا دەوڵەت، هەژار کەڵهوڕی، ئاسیا بەکر، ئەحمەد کۆسە، ڕەشید حەسۆ، بێگەرد عوسمان سەعاتچی، عەباس مەندی، ڕەحیمۆ، نور جەعفەر، شەماس، نسرین حەمۆ، وەلید ئیبراهیم، ئەحمەد خەلیل، سالار گاباری، ڕامی خدر، فوئاد گەنجۆ.
شێوەکارانی عومان و عێراق: حەفسە تەمیمی و فەخر ئەلتاج (سەلتەنەی عومان)، هیبە سەعدون (عێراق).
شێوەکارانی وڵاتانی تر: ئیستڤان پیاپیاس (Istvan Pjapjas - هەنگاریا)، بارا ڤێوارا و ڤاسلیکا ڕۆمانا (ڕۆمانیا).
کردنەوەی پێشانگای کۆتایی
بڕیارە لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٦، کاتژمێر ٢٠:٠٠ بەکاتی ناوخۆیی، پێشانگای کراوەی (Artcamp Exhibition) بەڕێوەبچێت. هەر هونەرمەندێک لە ماوەی کەمپەکەدا چەند تابلۆیەک بەرهەمدەهێنێت کە لەم پێشانگایەدا نمایش دەکرێن. دەرگای هۆڵەکە بۆ سەرجەم ئارەزوومەندانی هونەر واڵایە تا لە نزیکەوە پرۆسەی داهێنانی هونەری ببینن و گفتوگۆ لەگەڵ شێوەکاراندا بکەن. ئەم پێشانگایە دوای ٢٩ی ئابیش لە هەمان هۆڵ بۆ سەردانیکەران بەردەوام دەبێت.
پێشینە و ئامانجەکانی پڕۆژەکە
پڕۆگرامی ئارت کەمپ لە ٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٢ لە Werkhaus Krefeld دامەزراوە. ساڵی ڕابردوو لە ١٥ تا ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥ خولێکی تری بەڕێوەچوو، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٣ هونەرمەندی پەیکەرتاش سامان هیدایەت تێیدا بەشداربووە.
ئامانجە سەرەکییەکانی کەمپەکە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:
ڕەخساندنی کەشێکی ئازاد و دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکان بۆ کارکردن و تاقیکردنەوەی شێوازە نوێیەکان.
دروستکردنی دیالۆگ لە نێوان هونەرمەندان دەربارەی زمان، ڕەنگ، پێکهاتە، مێژووی کەلتووری و پەیوەندیی نێوان هونەر و کۆمەڵگە.
بەستنەوەی هونەری شێوەکاری، پەیکەرسازی و فۆتۆگرافی بە پرسی کەلتووری و کۆمەڵایەتییەوە، بە شێوەیەک کە شێوەکاران لە ڕێگەی هاوبەشیپێکردنی دیدگا جیاوازەکانیانەوە ڕۆڵ لە نزیککردنەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا دەگێڕن.