« تورکیا ڕێگە دەدات سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمڕاڵی نیشتەجێ بن»
  2026-09-03     

لەپەرەسەندنێکی نوێدا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری و پرسی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، زانیاری لەبارەی ئەگەر و ڕەهەندەکانی چوونە ناوەوەی سێ لە سەرکردە دیارەکانی ئەو حزبە بۆ دوورگەی ئیمڕاڵی و نیشتەجێبوونیان لەوێ بڵاو بووەوە، کە کاردانەوە و لێکدانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئاوێنە: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە ئەحمەد نەسین، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسیی تورک و کوڕی نووسەری گەورە عەزیز نەسین، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە؛ سێ بەرپرسی باڵای پەکەکە بە ناوی (دوڕان کاڵكان، بەسێ هۆزات و سەبری ئۆك) کە لەلایەن چاودێرانەوە بە "عەقڵی گەورە" و بڕیاردەری ناو پەکەکە هەژمار دەکرێن، لە چوارچێوەی پرۆسەی چەکداناندا دەچنە ئیمڕاڵی و لەوێ جێگیر دەبن.

نەسین ئاماژەی بەوە داوە کە تورکیا لە قۆناغی سەرەتادا داوای کردبوو سەرکردە باڵاکانی پەکەکە وڵاتی سێیەم بۆ ژیان هەڵبژێرن، بەڵام نەخشەریگاکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئێستا دەسەڵاتی تورکیا ڕێگە بەو سەرکردانە دەدات لە ئیمڕاڵی جێگیر بن. بە وتەی ناوبراو، ئەم هەنگاوە لەسەر خواستی خودی ئەو سێ بەرپرسە بووە و دەوڵەتی تورکیاش ڕەزامەندیی لەسەر نیشان داوە. لە بەرامبەردا، هێشتا لایەنە رووکەش و وردەکارییەکانی پڕۆسەکە بە نادیاری ماونەتەوە؛ لەوانەش کاتی جێبەجێکردن، چۆنیەتیی گەڕانەوەیان بۆ ناو تورکیا، ئایا پێشوازییان لێ دەکرێت و پاشان دەبرێنە ئیمڕاڵی یان پرۆسەکە بە نهێنی بەڕێوە دەچێت، و ئایا لەڕووی یاساییەوە وەکو زیندانی هەژمار دەکرێن و دادگایی دەکرێن یان نا.

لە وتارێکدا کە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە نووسراوە، ئیسماعیل سیڤەرەکلی، نووسەری باکووری کوردستان، دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی تورکیا دەستنیشان دەکات:

١. کۆنتڕۆڵکردنی سیاسی: ئامانجی دەوڵەت ئەوەیە کە نەک تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکو لە ڕووی سیاسییەوەش پەکەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکات و سەرچاوەی بڕیارەکان لە یەک ناوەنددا کۆبکاتەوە.

٢. رێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوە: رێگەگرتن لەوەی کە پەکەکە دوای پرۆسەی چەکدانان جارێکی تر بتوانێت لەڕووی سازمانی و فیکرییەوە خۆی تازە بکاتەوە و گەشە بکاتەوە.

سەبارەت بە لایەنە ئەرێنییەکانی ئەم ئەگەرە، سیڤەرەکلی پێیوایە کە ڕەنگە ئەم پرۆسەیە لە داهاتوودا ببەسترێتەوە بە بەهێزتربوونی پێگەی کورد لە ناو تورکیا و لەناو پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، بە شێوازێک کە لە ڕێگەی سیاسەتمەدارە مەدەنییەکانەوە خەبات بکرێت و مافە نەتەوەییەکان لەو ڕێگەیەوە بەدەست بهێنرێن.

شایانی باسە، ئەحمەد نەسین کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا و پێگەیەکی ئەکادیمییە، بەوە ناسراوە کە هەمیشە پشتیوانیی لە مافەکانی گەلی کورد کردووە و زانیاری و شرۆڤەکانی لە ناوەندە مەدەنی و میدیاییەکانی تورکیادا بەهەند وەردەگیرێن، ئەمەش بایەخێکی زیاتر بەو زانیارییە نوێیانە دەبەخشێت سەبارەت بە چارەنووسی سەرکردایەتیی باڵای پەکەکە.

زۆرترین بینراو
حیزبەکانی رۆژهەڵات، ​لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ سەماوە
موراد قەرەیلان: گەلی کورد لە سووریا پێگەی بنەڕەتی هەیە و نابێت مەیدانەکە چۆڵ بکرێت
قوباد تاڵەبانی هۆشداری دەدات: دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت خەریکە دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ‌ئومێد دەکات
ترەمپ دانوستان لەگەڵ تاران ڕەتدەکاتەوە و هۆشداری لە ڕووداوێکی نزیک دەدات
موحسین ڕەزایی: تا حەوت مەرجەکەمان جێبەجێ نەکرێت، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە
دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی: هیچ بەربەستێک لەبەردەم تۆمارکردنی خانووبەرە بەناوی هاووڵاتییانی عێراقەوە نییە
بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە ئاکرێ دوو برا کوژران و سێ تۆمەتباریش دەستگیر کران
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: ئێستا یه‌كێتی پاره‌ له‌ سلێمانیدا خه‌رج ده‌كات، ئه‌وسا پاره‌ی تێدا سپی ده‌كرایه‌وه‌
حوسییه‌كان: وه‌زاره‌تی به‌رگریی سعودیه‌مان كرده‌ ئامانج
گۆڕانکاری لە جووڵەی سنوورەکانی ئێران؛ دەروازەیەک لەگەڵ عێراق دادەخرێت و جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ پاکستان دەستپێدەکاتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×