2026-09-06   38     
سیما ئاکۆ
کورتەڕۆمانی بارگۆڕانی فرانز کافکا کە ساڵی ١٩١٥ بڵاو کرایەوە، بە یەکێک لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی سەدەی بیستەم لە سەرانسەری جیهاندا دادەنرێت. پڕۆسەی وەرگێڕانی ئەم شاکارە، وای خواست کە هەمان دەق بە کۆمەڵێک وەرگێڕانی جیاجیا بخوێنمەوە لە زمانی ئینگلیزیدا، هاوپێچ لەگەڵ خوێندنەوەی دەستەیەک وتار و شرۆڤەی ئەدەبی و ڕەخنەیی کافکاناسان و توێژەرانی بواری ئەدەب و زمان، پاشان ڕاوێژ و تاووتوێکردنی هەندێک لە ڕستەکان لەگەڵ ئەو بەڕێزانەی کە لە زمانی ئەڵمانیدا شارەزان. لە سەروبەندی ئەم ئەرکە ئەدەبییەدا بە پێویستم زانی بەرچاوڕوونی دەربارەی دوو تەوەری گرنگ بدەم بە خوێنەران. بۆچی بارگۆڕان وەک ناوێک بۆ ئەو کورتەڕۆمانەی کافکا هەڵبژێردرا کە پێشوەختە لای هەمووان بە مەسخ ناسرابوو؟ هەروەها، سوودی وەرگێڕانەوەی بەرهەمێک چییە کە پێشتر چەندین وەرگێڕ توانیویانە هەمان دەق پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی بکەن؟
کورتەڕۆمانەکە پێشوەختە لەژێر ناوی مەسخ، بەدگۆڕان و ڕمووزنبوون (بەدەعجانبوون)دا ناسێنراوە، کە مەسخ سەرەکیترینیانە و زۆربەی خوێنەرانی کورد هەر بەو ناوە دەیناسنەوە، هەڵبەتە ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو وشەیە ڕاستەوخۆ لە زمانی عەرەبییەوە وەرگیراوە. "المسخ" وشەیەکی عەرەبییە و لە ڕووی زمانەوانییەوە بە دوو مەبەست بەکار دەهێنرێت: جۆری یەکەمیان، گۆڕانی شێوەی شتێکە بۆ ئاستێکی نزمتر یاخود بۆ سەر شتێکی ناشرینتر، کە تێیدا واتای گۆڕانەکە نەرێنییە، بەم پێیە وشەی «بەدگۆڕان» لە بەرانبەر وشەی مەسخی عەرەبیدا کەڵکی لێ وەرگیراوە؛ جۆری دووەمیشیان بە واتای تێکدان و دەستکاریکردنی واتای دەق دێت. لەبەرئەوەی زیاتر چەمکێکی ئایینییە، تا ڕادەیەک گوازراوەتەوە نێو زمانی هاوئایینانی وەک فارس و کوردیشەوە. وشەی مەسخ لەو ڕوانگەیەوە، وەک سزای خودا دژی ئەو گەل و نەتەوانە بەکار هێنراوە کە لێی هەڵگەڕاونەتەوە و ملیان نەداوە، دواجار باجەکەی بەدگۆڕان بووە. وشەی ڕمووزنبوون و بەدەعجانبوونیش بەپێی ناوەڕۆکی دەقەکە و فەرهەنگی زمانی کوردی ڕێیان تێ ناچێت. هەردوو وشەی ڕمووزن و دەعجانە لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە و خاڵ و سەرچاوە فەرهەنگییەکانی تریشدا بە واتای دێوەزمە، دەعبای گەورە و هەندێک جاریش جنۆکە دێن؛ ئەمە لە کاتێکدا کە دەتوانین هەر بە دەقەکە ڕەتیان بکەینەوە، لەو جێیانەدا کە گرێگۆری بارگۆڕاو لەژێر تاکە قەنەفەیەکدا خۆی دەشارێتەوە، کورسی دادەنێت هەتا چاوی لە دیمەنی دەرەوەی پەنجەرەکە بێت و لە بن پۆستاڵە گەورەکانی باوکیدا دەچەوسێتەوە. لە بەرانبەر هەموو ئەمانەدا، ناونیشانی کورتەڕۆمانەکەمان هەیە بە ئەڵمانی، کە زمانی ڕەسەنی دەقەکەیە و فرانز کافکا ناوی لەم بەرهەمەی ناوە «Die Verwandlung» کە کتومت بە واتای گۆڕان دێت. لە کایەی ئەدەبیدا و بەدەر لە زمانی ئەڵمانی، وەرگێڕ، توێژەر، زمانەوان و ڕەخنەگرانی ئەدەبیی زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیسپانی، پورتوگالی و ئیتاڵییەکانیش ئەم دەقەی کافکا بە گشتی لەژێر ناونیشانی مێتامۆرفۆسدا ناوزەند دەکەن، کە واتایە بۆ گۆڕانی باری شتێک لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی تر، بێ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا گۆڕانەکە فیزیکییە یان دەروونی، ئەرێنییە یان نەرێنی. بەم پێیە لە سەرەتاوە تا کۆتایی، خوێنەر بەر گۆڕانی تەواوی بارەکان دەکەوێت، هەر لە گۆڕانی باری فیزیکی و دەروونیی گرێگۆرەوە، هەتا ڕەوش و ژینگەی ماڵەکەیان (هەڵسوکەوتی خێزانەکەی) و ئیشوکارەکەی (هەڵوێستی گەورەکانی).
دووبارە وەرگێڕانەوەی ئەم بەرهەمە دەستپێکی پڕۆژەیەکی گەورەترە، کە وەرگێرانی سەرجەم بەرهەمەکانی فرانز کافکایە بە شرۆڤە و لێکدانەوەی ئەدەبییەوە. ئامانجیش تێیدا گەیاندنی تەواوی دەق، زمان و بیرۆکەی کافکایە لە سەلیقەی یەک وەرگێڕەوە، لەسەر هەمان فەرهەنگ و شێوازی داڕشتن، تا بە جارێک یەکپارچەیی ئەدەبی کافکا لای خوێنەری کورد پارێزراو بێت. خوێنەر پێویستی بە کۆبەرهەمە، تا بە چەشنێکی یەکگرتوو و بێ پەرتەوازەیی بچێتە ناو جیهانی هێما و داڕشتنی نووسەرەوە و ئەم کارەشی کە لەبەردەستتدایە، یەکەم هەنگاوی ئەو پڕۆژە درێژخایەنەیە کە من تەمەنێکی بۆ تەرخان دەکەم. گومانی تێدا نییە دووبارە دەستبردن بۆ کارێک کە پێشوەختە هاوپیشەیەکی خۆت کاری تێدا کردووە، پێویستی بە وردبینییەکی زیاترە، بەڵام ئەم هەوڵەی من، ڕەتکردنەوەی وەرگێڕانەکانی پێشوو و دانانی خاڵی کۆتاییش نییە بۆ وەرگێڕانی تازە؛ بەڵکوو تەنیا خستنەگەڕی ئەو توانا ئەدەبی و زمانەوانی و پاشخانەیە کە پێشتر لە بواری ئەدەب و زماندا چنگم خستوون. کۆششێکە لە ئەگەری گۆڕانی سەردەم لە نێوان وەرگێڕانەکانی پێشوو و ئێستادا لەڕووی زمانەوانییەوە، هەروەها وردبینی و ڕاستکردنەوەی کەموکوڕی و هەڵەکان و پێشکەشکردنی بەرهەمەکان لەگەڵ شرۆڤەدا، کە ئەمەیان بوار بۆ تێگەیشتنی ڕژد دەڕەخسێنێت و هێما، ڕاز و پاشخانی نووسەر و دەقەکەشمان لا ئاشنا دەکات. ئاشکرایە لە هەموو کایەکانی تری وەک شانۆ، مۆسیقا، سینەما و هونەریشدا کە بوارگەلی ئەکادیمی و ڕۆشنبیریی جیاوازن، دەیان کەس هەن کە سەرلەنوێ کاریان لەسەر یەک بەرهەم کردووەتەوە بە شێوازی خۆیان. گومانی تێدا نییە وەرگێڕانەوەی بەرهەمی وەرگێڕدراو، لە ئاستی ئەکادیمیدا کارێکی بڕواپێکراو و بگرە گرنگیشە، بە تایبەت کاتێک باسی تیۆریی بەهێزکردنی زمان دەکەین بەهۆی چەندبارە وەرگێڕانەوەی بەرهەمێکی وەرگێڕدراوەوە، ئەو تیۆرییەی کە ئانتوان بێرمان و ئەیڤز گامبیێ دایانڕشتووە.