بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نەفەس"ی تورکی، پرۆسەیەکی نوێی بەدواداچوون و چاودێریکردن لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیاوە (میت) دەستپێکردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییە سێقۆڵییەکەی نێوان ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر. ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوە چاودێریکردنی پرۆسەی چۆڵکردنی ۷۲ سەربازگە و ئەشکەوتی پەکەکە و مسۆگەرکردنی ڕادەستکردنی چەک و تەقەمەنییەکانە پێش بەستنی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە ۱ی تشرینی یەکەمدا.
ئاوێنە: پلانی چۆڵکردنەکە ناوچە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و حەفتانینەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە چیای قەندیل. پێشبینی دەکرێت لە کۆی ۱۸ کەمپی دیاریکراودا، نزیکەی ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلای پەکەکە چەکەکانیان ڕادەست بکەن. دوای چۆڵکردنی ئەم ناوچانە، بەتایبەت ئەو خاڵانەی دەکەونە سەر هێڵە سنوورییەکان، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و هێزی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکاندا جێگیر دەبن.
بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکان بە شێوازێکی رێکخراو، چەند ناوچەیەک بە فەرمی بۆ وەرگرتنی چەک و پشکنینی پاشماوەی سەربازی دیاریکراون، کە بریتیین لە:
- قەزای ئامێدی و ناحیەی کانی ماسێ لە پارێزگای دهۆک.
- بناری قەندیل و قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
- قەزاکانی ڕانیە و سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی.
بەپێی ڕێکارەکانی پلانەکە، هەر شوێنێک کە لەلایەن پەکەکەوە وەک چۆڵکراو ڕابگەیەنرێت، تیمە مەیدانییەکان یەک بە یەک پشکنینی وردی بۆ دەکەن، شوێنی کۆگا نهێنییەکانی چەک و تەقەمەنی تۆمار دەکەن و ئەنجامەکان دەخرێنە ناو ڕاپۆرتێکی فەرمییەوە بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەریان.