لە ژێر سایەی هەڵکشانی هەڕەشە دوولایەنەکانی نێوان تاران و واشنتن و گرژبوونی دۆخی گەرووی هورمز، کریس ڕایت، وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرفەت بۆ هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نەمێنێتەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی لە لایەن واشنتنەوە هێشتا وەک پێویستییەکی حەتمی مابێتەوە.
ئاوێنە: کریس ڕایت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی «ABC»ـی ئەمریکی، ڕایگەیاند کە پێدەچێت بۆ گەیشتن بە هەر چەشنە ڕێککەوتنێک، پێویست بێت چاوەڕوانی هاتنەسەرکاری دەسەڵاتێکی نوێ لە ئێران بکرێت. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە لەوانەیە دۆخەکە بە تەواوی لە پرسی ڕێککەوتن دەربچێت و پرسەکە تەنها لە لەناوبردنی توانای پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا کورت بکرێتەوە. وەزیری وزەی ئەمریکا وێڕای تۆمەتبارکردنی تاران بەوەی «هەموو توانایەکی بۆ نانەوەی پشێوی لە ناوچەکەدا بەکاردەهێنێت»، جەختی کردەوە کە ئامادەیی هێزی دەریایی ئەمریکا لەو ناوچەیە تەنها بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەوڵانە و مسۆگەرکردنی هاتوچۆی پارێزراوی کەشتییە بازرگانییەکانە لە گەرووی هورمزدا.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا لە ئێستادا لە دۆخی جەنگدایە، وەزیری وزە بەکارهێنانی دەستەواژەی «جەنگ»ی ڕەتکردەوە و ڕووداوەکانی وەک «پێکدادان» پێناسە کرد؛ ئەم گوزارشتەش تەواو هاوتای ڕوانگەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکە، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەوڵیان داوە قەبارەی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان کەم نیشان بدەن. ترەمپ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە نووسینگەی هێلکەیی کۆشکی سپی بابەتەکەی بە «پرسێکی سادە» و «شتێکی نا گرنگ» وەسف کرد، هاوکات جێگرەکەشی، جەی دی ڤانس، بە فەرمی ڕایگەیاندبوو کە ئەو دۆخەی ئێستا وەک جەنگ نابینێت.
ئەم گێڕانەوە و هەڵوێستانەی بەرپرسانی ئەمریکا لە کاتێکدا ئاڵۆزییەکان لە ئاستێکی مەترسیدا دەمێننەوە کە ئاگربەستەکەی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، بەو لێکتێگەیشتنە سیاسییەشەوە کە بڕیار بوو ڕێگە بۆ ئاشتییەکی بەرفراوانتر بکاتەوە، بە تەواوی هەرەسی هێناوە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی هاتوچۆی کەشتییەکان بە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا، کە دەستبەجێ بازاڕەکانی جیهانی هەژاندووە و نرخی نەوت و سووتەمەنی بەرز کردووەتەوە و زنجیرەیەک گرانیی لە شتومەک و کاڵاکاندا دروست کردووە.