موحسین ره‌زایی، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، له چه‌ند رۆژی داهاتودا ناوچه‌یه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی نوێ له ده‌ره‌وه‌ی گه‌روی هورمز راده‌گه‌یه‌نن. ده‌شڵێت، گه‌روی هورمز به‌ته‌واوه‌تی داخراوه‌و بانگه‌شه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌باره‌ی تێپه‌ڕبونی كه‌شتییه بازرگانی و نه‌وتهه‌ڵگره‌كان به گه‌روه‌كه‌دا، "درۆن."
ئاوێنه: موحسین ڕەزایی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ میدیای وڵاته‌كه‌ی باسی له گۆڕانكاری له "ستراتیژیی ئێران لە بواری جەنگ، دیپلۆماسی و بەرەنگاربونەوەی گەمارۆکان"دا كرد‌و رایگەیاند: هێرشە "بێوێنه‌كان"ی وڵاته‌كه‌ی بۆ سەر باره‌گاكانی ئەمریکا لە ئوردن و هەولێر، هێرش بۆ سەر کەشتیی جەنگیی ئەمریکا، دروستکردنی ناوچەی قەدەغەکراوی نوێ، کاراکردنی ڕێڕەوە زەمینییەکان و دروستکردنی ڕێڕه‌وێك به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عومان، به‌شێكن له‌و گۆڕانكارییه ستراتیژییانه.
رەزایی وتی"دوای کشانەوەی ترامپ لە لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد، ئێمە بە هەڵسەنگاندن و کۆبەندکردنی ڕەوتی ساڵی ڕابردو گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت ستراتیژیی نوێ چ لە جەنگدا، چ لە دانوستاندنەکاندا و چ لە بابەتی گەمارۆدا بەکاربهێنین، و یەکەم گۆڕانکاریش لە گەروی هورمزدایە."
جه‌ختیشی كرده‌وه "گەروی هورمز بە تەواوی داخراوە و بانگه‌شه‌كانی ئەمریکا سەبارەت بە تێپەڕبونی کەشتییه بازرگانییه‌كان و نه‌وتهه‌ڵگره‌كان، درۆن، بێگومان ئەوان ڕێکارگەلێکیان هەیە بۆ تێپەڕبون لە ڕێڕەوە بەردینەکەی عومان کە هەندێک کەشتی بە راداری کوژاوەوە ده‌یانه‌وێت تێپەڕن و زۆربەیان زەبریان بەردەکەوێت، بێگومان ئێمە له‌به‌ر هۆکاری ژینگەیی لە ئێستادا بڕیاری نوقمکردنی ئەو کەشتییانەمان نەداوە."
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد "لە ڕۆژانی داهاتودا ناوچەیەکی قەدەغەکراوی نوێ ڕادەگەیه‌نین کە مەودای نێوان هێڵی گەمارۆی ئەمریکا تا بەندەرەکانی بارکردن دەگرێتەوەو هەر کەشتییەک لە دو لای گەروی هورمز بکەوێتە ڕێ و مەبەستی جوڵەی بەرەو گەروەکە هەبێت، دەچێتە ناو لیستی سزاکانی ئێرانەوە."
وتیشی"گەروی هورمز ئەو خاڵەیە کە ئێمە دەتوانین له‌ڕێگه‌یه‌وه سزا بسەپێنین، بۆیە ناوچەیەکی قەدەغەکراوی سزا بۆ سنورە دیاریکراوەکەی ئێران دروست دەبێت، کە ئەو کەشتییە سەرپێچیکارانەی بێ هەماهەنگی لەگەڵ ئێران ڕێکارێک بگرنەبەر، دەچنە ناو لیستی سزاکانی ئێران و لێکەوتەی وەک کێشە لە دڵنیایی و هاتوچۆکانی داهاتویان دەبێت؛ کەواتە یەکەم گۆڕینی ئاراستەی ئێران لە گەروی هورمزە کە گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ئەمریکا."
جه‌ختیشی كرده‌وه كه "ئەو دەستەواژەیەی کە گەمارۆی ئەمریکا لە ئێران‌دا گرانی و قاتوقڕی دەهێنێت درۆیە، چونکە حکومەت پێشتر پێشبینیی کردوە و کەلوپەلە سەرەکییەکان له کۆگاکانی کەرەستەی ئێمە بە تەواوی دابین کراون. لە بابەتی فرۆشتنی نەوتیشدا، ئێمە لەو دەرفەتەی لە لێکتێگەیشتنەکەدا دروست بو، نزیکەی حەفتا تا هەشتا ملیۆن بەرمیل نەوتمان له ناوچەکه بردبوە دەرەوە و لە حاڵەتی فرۆشتنیداین؛ کەواتە کۆگاکانی کەرەستە سەقامگیرن و فرۆشتنی نەوتیش بەردەوامە."
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "لە چوارچێوەی گۆڕینی ئاراستە لە ڕوبەڕوبونەوەی گەمارۆ لە بواری بازرگانیی دەرەکیشدا گۆڕانکارییەک لە ڕوداندایەو وڵاتێکی وەک ئێران کە پانزدە دراوسێی هەیە، نابێت تەنها پشتبەستو بێت بە بازرگانیی دەریایی، ڕێڕەوە زەمینییەکان لە حاڵەتی کارابوندان."