چه‌مكێك له‌ژیان و تێكۆشانی ئەمین برووسك
  2026-09-23     
ئەمین برووسك

نووسینی/ محمد علی الصویركی الكردی(*)

وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

 

ئەمە کورتەیەکه‌ لە ژیانی تێکۆشەری کورد ئەمین برووسك کە له‌ سوپای عوسمانی ئەفسەر بووە و لە جەنگی یه‌كه‌می جیهانیش لە دژی وڵاته‌ هاوپەیمانه‌كان وه‌ك بەرگریكار لە وڵاتەکەی به‌شداریکردووە. له‌به‌ر ئازایەتی و رۆڵی جوامێرانه‌ی لە شەڕەکانیدا نازناوی (برووسك) ی پێبەخشراوه‌. دوای شکستی تورکیاش لە جەنگی یەکەمی جیهانی، چۆته‌ پاڵ مستەفا کەمال (ئەتاتورکی دواتر) و شانبەشانی ئەو لە جەنگی سەربەخۆییدا دژی هاوپەیمانان جه‌نگاوه‌ کە ئه‌وسا ئه‌وان باشووری تورکیایان داگیرکردبوو، تا توانییان ناوچەكه‌ ئازاد بكه‌نه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ش سەقامگیر بوو، مستەفا کەمال بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی ئیسلامی و لە شوێنیشیدا دامەزراندنی کۆماری عەلمانی تورکیای ڕاگەیاند. ئه‌مه‌و نكۆڵی له‌ مافه‌كانی کوردیش كرد، بۆیه‌ ئەمین برووسك ناچار بوو بچێتە پاڵ ڕیزەکانی ئەو شۆڕشەی کە لە دیاربەکر لەلایەن شێخ سەعید پیرانه‌وه‌ لە دژی دەوڵەتی نوێ هەڵگیرسابوو. بەڵام شۆڕشەكه‌ نەیتوانی به‌ئامانجەکانی بگات و بە لەسێدارەدانی سەرکردەکانی لە گۆڕەپانەکانی دیاربەکر و هەڵهاتنی هەندێکیان بەرەو وڵاتانی دراوسێ، کۆتاییهات. یه‌كێك لەوانەش ئەمین برووسك بوو کە بە نهێنێ لەنێوان ئێران و عێراق و سوریا دەهات و ده‌چوو تابه‌یه‌كجاری له‌رۆژهه‌ڵاتی ئوردن نیشتەجێ بوو.

 

ژیاننامە:

ئەمین برووسك لە کۆتایی سەدەی نۆزدە لە شاری ئەرزه‌رۆم، كه‌ شارێكه‌ لە باکوری کوردستان هاته‌ دنیا. سەر بە هۆزی ناسراوی (زرگان) ی کورده‌. هه‌ر لەو شوێنه‌ خوێندی و پێگه‌یی، لە ژینگەیەکی ئایینیدا كه‌ سۆفی نەقشبەندی بوو. مەلا یوسف نەقشبەندی باپیری سه‌ر به‌و رێچكه‌یه ‌بوو و قوتابخانەیەکی ئایینی هه‌بوو كه‌ تێیدا زانستەکانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەی دەوتەوە. ئەو ژینگە ئایینییە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و ژیانی دواتری برووسك هەبوو.

دوای تەواوکردنی خوێندن، لە ئەکادیمیای سەربازی ئەستەنبوڵ، ناوی خۆی تۆمار کرد. لەوێدا له‌به‌رامبه‌ر قوتابییه‌ عەرەب و تورک و کوردەکان، بەهرەمه‌ندی ناوازەی نیشان دا و بە پلەی یەکەمیش دەرچووە. دواتر وەک ئەفسەر له‌ سوپای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌، لە به‌ره‌ جۆراوجۆره‌كانی جەنگی یه‌كه‌می جیهانی ئازایه‌تی نواند و سەرکەوتنی زۆری بەدەستهێنا. بۆ ڕێزلێنان له‌ ئازایەتیه‌كانی، پلە به‌رزكردنه‌وه‌ی بێهاوتای پێبه‌خشرا و نازناوی (برووسك) یشی پێدرا، کە ئه‌و نازناوه‌ بووە به‌ بەشێک لە ناوەکەی. لەکۆتایی سەردەمی عوسمانیشدا کرا بە بەڕێوەبەری نوسینگەی هه‌واڵگری ڕۆژهەڵاتی نزیک لە تاران.

 

بەشداریکردن لە جه‌نگی سەربەخۆیی:

دوای شکستی تورکیا لەبه‌رامبه‌ر هاوپەیمانان لە ساڵی 1918 و داگیرکردنی بەشێکی زۆری ئه‌و وڵاته‌، مستەفا کەمالی ئه‌فسه‌ر (دامەزرێنەری تورکیای نوێ) کاریكرد بۆ یەکخستنی ریزه‌كانی تورک و کورد بۆ ئەوەی وڵاتەکەی لە داگیرکاری ڕزگار بکات. بۆیه‌ به‌دوای ئەو ئەفسەره‌ تورک و کوردانه‌ گه‌ڕا کە له‌به‌ر ئازایەتییان پایه‌ی به‌رزییان به‌ده‌ستهێنابوو و له‌ده‌وری خۆی كۆیكردنه‌وه‌. لە نێویاندا ئه‌مین برووسك هه‌بوو کە لە نووسینگه‌ی سەربازی کاری دەکرد و دواتریش بوو بە یەکێک لەپاسه‌وانه‌ سەربازییەکانی ئه‌و.

مستەفا کەمال بە به‌كارهێنانی ئەو سۆزه‌ ئایینییەی کە هه‌ردوو گەلی کورد و تورکی به‌یه‌ك ده‌بەستەوە، توانی گەل یەکبخات. بەڵێنی ئازادی و سەربەخۆیشی بە کورد دا، دوای گەیشتن بە سەرکەوتن. دەستی ڕاستی له‌سه‌ر قورئانی پیرۆز و دەستی چەپیشی له‌سه‌ر سەحیحی بوخاری دانا و  سوێندی پێ خواردن. به‌وه‌ش کورد متمانەی پێکرد و به‌تەواوی قورسایی خۆی خسته‌ ته‌كی و شانبەشانی ئەویش لە دژی هێزە یۆنانی و ئینگلیزی و فەرەنسییه‌كانی هاوپەیمانان جه‌نگان. ئه‌وسا سەرکردە توركه‌كانی هاوشێوه‌ی مستەفا کەمال و عیسمەت ئینۆنۆ و فەتحی بەگ و حوسەین به‌گ عه‌ونی، ڕۆڵی بەرچاوی کوردیان لە ڕزگارکردنی تورکیادا بەرز نرخاند. ئه‌وه‌ی دوایی لە وتارێکدا له‌ ئه‌نجومه‌نی گه‌وره‌ی نیشتمانیی تورکی ڕایانگەیاند : " لەسه‌ر ئه‌م سه‌كۆیه‌ مافی قسەکردن هی هەردوو نەتەوەی تورک و کوردە". ئه‌مه‌و وەزیری بەرگری تورکیش، لە وتارێکدا لەسه‌ر گۆڕی سەربازی ون وتی : "ئەگەری زۆرە ئەم سەربازە کورد بێت".

بەکورتی کورد به‌ ئه‌مین برووسكه‌وه دژی سوپای یۆنانی‌ بەشدارییان له‌ جه‌نگی سەربەخۆیی كرد کە بە هێرشی گەورە ناسراوە و لە ئەنجامدا سوپای یۆنانی دووچاری شكستی گه‌وره‌ بوو و نزیکەی 12 هەزار سەربازی کوژرا.

 

ڕاپەڕینی شێخ سەعید، ساڵی 1925:

دوای ئەوەی مستەفا کەمال وڵاته‌كه‌ی ڕزگار كرد و دەوڵەتی تورکیای نوێی به‌ئاراسته‌ی عەلمانی و ڕۆژئاوایی ڕاگەیاند، پەیوەندی وڵاته‌كه‌ی لەگەڵ ئیسلام و كه‌له‌پوره‌كه‌ی پچڕاند و خەلافەتی ئیسلامیشی هەڵوەشاندەوە. ئه‌مه‌و نكۆڵی له‌مافەكانی کوردیش كرد. كاردانه‌وه‌ی ئەم گۆڕانه‌ مەترسیدارەدا لای كورد زۆر تووند بوو. ئه‌وه‌ بوو لە 7 ی ئازاری 1925 شێخ سەعیدی پیران دژی مستەفا کەمال ڕاپەڕی و زۆرێک لە لایەنگره‌ کورده‌كانی لە دەوری گردبوونەوە. ئه‌مین برووسكیش مۆڵەتی لە کارەکەی وەرگرت و پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشگێڕان‌ کرد. ئه‌وسا ئەتاتورک بێبەزەییانە ڕاپەڕینه‌كه‌ی سه‌ركوتكرد و سەرکردەکانیشی كه‌ لە نێویاندا شێخ سەعیدی سەرکردە هه‌بوو لە گۆڕەپانەکانی دیاربەکر هەڵواسی. ئه‌مه‌و ئەتاتورک زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بۆ له‌باربردنی خواستەکانی گەلی کورد گرته‌به‌ر، له‌وانه‌ قەدەغەکردنی ئاخافتن به‌زمانی کوردی و نکۆڵی كردن لە بوونی کورد و ناوبردنیان بە (تورکی چیایی) و قەدەغەکردنی پۆشینی جلی نەتەوەیی و قسەکردن بە زمانی خۆیان و تەنانەت ناونانی منداڵەکانیشیان به‌ناوی کوردی.

بەم شێوەیە ئەتاتورک پشتی لە کورد کرد و لە بەڵێنەکانی پێشووی له‌ پێدانی ئۆتۆنۆمی بە کورد، پاشگەز بۆوه‌، وەک چۆن ساڵی 1923 لەشاری ئیزمیت بەڵێنی دابوو (ئه‌و بەڵگەنامەیە ساڵی 1988 لە گۆڤارێکی تورکیدا خراڕوو) کە تێیدا مستەفا کەمال دووپاتی کردبۆوە ئه‌نجومه‌نی گه‌وره‌ی نیشتمانی لە هەردوو گەلی تورک و کورد پێکدێت و پێویستیشە لەو ناوچانەی کە رێژه‌ی بەرچاویی دانیشتوانه‌كه‌ی كورده‌، ئۆتۆنۆمییان پێ بدرێت.

ئه‌وسا بۆ‌ ئه‌و باره‌ سه‌خته‌ی كورد جەوهیر لال نەهرۆی سەرکردەی گەورەی هیند ده‌نگی هه‌ڵبڕی و گوتی: "تورک رووی له‌ پانكردنه‌وه‌ی کورد  كردووه‌ كه‌ ئه‌وان له‌لای خۆیانه‌وه‌ هەوڵی بەدەستهێنانی ئازادی دەده‌ن، سەیرە نەتەوەیەک کە بەرگری لە خۆی ده‌کات، ببێتە دەستدرێژکار و خەباتیش بۆ ئازاد بگۆڕێ بۆ خەبات بۆ هەژموون بەسەر ئەوانی دیکەدا".

 

پەنابردن به‌ره‌و ئێران:

ئەمین برووسك توانی لە په‌تی سێداره‌ ڕزگاری بێت و بەرەو ئێران رابكات. لەوێدا لە رێگه‌ی هاوکاری دۆستێکی ئێرانی كه‌ کوردێكی فەیلی بوو لە ماوه‌ی کارکردنی لە تاران ناسیبووی، ناسنامەی كه‌سێكی موزیکژەنی به‌رجه‌سته‌ كرد .. دوای ساڵ و نیوێک لە ئێران، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانی ناسنامە ڕاستەقینەكه‌ی ئاشكرا كرا. ئه‌وسا (ڕەزا پەهلەوی) شای ئێرانی بانگهێشتی کرد و لەباره‌ی ژمارەی کورد پرسیاری لێکرد. برووسكیش وەڵامی داوە و وتی : "نزیکەی یەک ملیۆن کورد لە ئێراندا دەژین له‌ناویشیاندا ئەندامانی بنەماڵەی پەهلەویه‌كه‌ی تۆش (ئەمەم بۆ پشتڕاست نەکراوه‌تەوە)". به‌و قسه‌یه‌ شا درکی بە مه‌ترسی قسه‌كه‌ی كرد و  فەرمانی پێکرد دەستبەجێ وڵاته‌كه‌ی جێبهێڵێت. برووسكیش بەرەو موسڵ لە باکووری عێراق بەڕێکەوت. له‌وێشدا نزیکەی ساڵ و نیوێک مایەوە. لەو ماوەیەش چه‌ندان پێوەندی لەگەڵ ناسیۆنالیستە کوردەکانی تورکیادا کرد و هانیدان سیخوڕ و نۆكه‌ره‌كان بكوژن.

 

پیلانی تیرۆرکردنی مستەفا کەمال:

ساڵی 1928 یان 1929 ئەمین برووسك موسڵی جێهێشت و بەرەو دیمەشق چوو. لەوێ پیلانی تیرۆرکردنی مستەفا کەمالی داڕێژت. بە پەنجا لیرەی زێڕ تەکسییه‌كی بەکرێ گرت تا گه‌یشته‌ ئەستەنبوڵ. لەوێدا به‌نهێنی پێوەندی لەگەڵ ئه‌و سەربازانه‌ كرد كه‌ پاسەوانی ئەتاتورک بوون و زۆربەشیان کورد بوون کە هه‌ر خۆی پێشتر، له‌و كاته‌ی یاوه‌ری سەربازی ئەتاتورک بوو بۆ پاسه‌وانیكردنی دیاریكردبوون. ئه‌وانیش بۆمبێکی دانراویان لە بارەگاكه‌ی ئەتاتورک دانا، بۆ ئه‌وه‌ی لە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ، ئەو کاتەی کە چاوەڕوان دەکرا ئاتاتورک له‌وێ ئاماده‌بێت، بته‌قێته‌وه‌. بەڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌کاتی دیاریکراو نه‌گه‌یشت بۆیه‌ لە هەوڵی تیرۆرکردنەکە ڕزگاری بوو. ئه‌وسا دەسەڵاتدارانی تورکی لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە کرد و دەرکەوت ئەمین برووسك لە پشتیەتی و پاداشتی چوار سەد لیرەی زێڕیان دیاری کرد بۆ گرتنی، جا به‌مردوویی بێت یان به‌زیندوویی.

ئەمین برووسك توانی بە سەلامەتی لە تورکیا بگەڕێتەوە دیمەشق. تا رۆژێك لە بەرزاییەکانی جۆلان له‌لایه‌ن گروپێكی سه‌ربازی فەرەنسی ده‌گیرێ و ڕادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا ده‌كرێ. له‌وێدا لەبەردەم جەماوەری زۆر کە نزیکەی دوو هەزار کەس ده‌بوو، دادگایی ده‌کرێ و سزای لەسێدارەدانی بۆ ده‌رچێ و ده‌خرێته‌ زیندانی ئەنادۆڵ، بەڵام دوای نزیکەی چوار مانگ، بەڕێوەبەری زیندانەکە بەهۆی ئه‌وه‌ی پێشتر پێوەندی دۆستانەی له‌گه‌ڵیدا هه‌بوو بۆیه‌ ئاسانکاری بۆ هەڵهاتنی ده‌كات. ئه‌وه‌بوو بۆ جاری دووه‌م بەرەو ئێران ڕۆیشته‌وه‌ و دواتریش پەنای بۆ عێراق و پاشان سوریا برد، تا دواجار له‌ ئوردن ئۆقره‌ی گرت.

 

پەنابەری لە ئوردن:

لە دەوروبەری ساڵی 1936 ئەمین برووسك چووە ئوردن. سەرەتا لە شاری ئه‌ربد کە لە باکووری ئوردنه‌ نیشتەجێ بوو. لەوێ ناوی خۆی كرده‌ شێخ ئەحمەد ئەلتورکی و لەیەک لە مزگەوتە کۆنەکانیش وانەی ئایینی خوێند. دواتر ڕووی لە عەممان کرد و لەوێ بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی ناسرا. ڕەنگە له‌به‌ر ئه‌وه ‌بێت چونكه‌ مستەفا کەمال ئەتاتورک مرد بوو. هه‌روه‌ها دڵنیاش بوو چیتر دەسەڵاتدارانی تورکیا بەدوایدا ناگەڕێن.

لە كاتی جەنگی دووه‌می جیهانی، زۆر لە ڕۆشنبیرانی عەرەب و موسڵمانان لەبەر ڕق و کینەیان بۆ بەریتانیا و فەرەنسا، کە لەو کات دوژمنی كۆنی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بوون، بۆیه‌ لایەنگری وڵاتانی ناوه‌ند (ئەڵمانیا و ئیتاڵیا) یان كرد. لە نێویانیشدا ئەمین برووسك ده‌بینرا کە له‌و بواره‌ پێوەندی سیاسی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بوو. هیواشی ده‌خواست ئەگەر وڵاتانی ناوه‌ند سەرکەوتووبن، ئەوا خەلافەتی ئیسلامی بۆ شکۆمەندی پێشووی خۆی ده‌گه‌ڕ‌ێتەوە، ئه‌وه‌ش ئه‌و قسه‌ بوو کە ئەڵمانیا پاگه‌نده‌ی بۆ دەکرد.

دەسەڵاتدارانی بەریتانیا کە ئوردن یه‌كێك له‌داگیرگه‌كانیان بوو، ئه‌وسا هەستیان بە مەترسی بوونی چەندین ڕۆشنبیری ناسیۆنالیست کرد کە هه‌واداری وڵاتانی ناوه‌ند بوون، بۆیە راپێچی زیندانی ئەلمەحەته‌ی شاری عەممانیان کردن.

لۆرد کارنتن كه‌ ئەفسەری هەواڵگری تایبەت به‌ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، داوای كرد چاوی به‌ ئەمین برووسك بكه‌وێت کە دۆستایەتی لەمێژینەی لەگەڵدا هەبوو. ئه‌وه‌بوو لە نێوانیاندا ئەو گفتوگۆیە ڕوویدا:

لۆرد کارنتن: "هاتووم لە دوو بابەت ئاگادارت بکەمەوە کە حکومەتی بەریتانیا خستۆیه‌ته‌ به‌رده‌مت. یەکەمیام هاوکاری كردن لەگەڵ بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمان. بژاردەی دووەمیش دەستگیرکردن و زیندانیکردنت. جا هاوڕێکەم کامیانت هه‌ڵده‌بژێری؟"

ئەمین برووسك وەڵامیداوه‌: "ڕاستە ئێمە هاوڕێین، بەڵام مه‌بده‌ئمان جیاوازه‌، من لەگەڵ وڵاتانی ناوه‌ند دەوەستم بۆ گەڕاندنەوەی خەلافەتی ئیسلامی بۆ شکۆی پێشووی".

له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو دەسەڵاتدارانی بەریتانی فەرمانی زیندانیکردنیاندا و وەک زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی ئەلمەحەتای عەممان هێشتییانه‌وه‌. ژووری تایبەت و چێشتخانە و ژەمی تایبەت و ئۆتۆمبێلێکیشیان بۆ دابین کرد تا به‌هۆیه‌وه‌ ناوبەناو بۆ گه‌ڕان بێتە دەرەوە. لە ماوەی زیندانیشدا لەگەڵ زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ئوردن ئاشنا بوو. به‌و جۆره‌ نزیکەی پێنج ساڵ له‌ 1941 تا 1945 لەوێ ماوه‌.

دوای ئازادبوونی، له‌لای مامۆستا (حەسەن ئەلبەرقاوی) وانه‌ی زمانی عەرەبی خوێند تا لە خوێندنەوە و نووسین شارەزا بوو. (عەلی ئەلکوردی) یش كه‌ کوردێکی خەڵکی عەممان بوو، لە هۆتێلەکەیدا (هۆتێلی مەلیک غازی) ژوورێکی تایبەتی پێدا، وەک رێزگرتنیش له‌م میوانە خۆشه‌ویسته‌، بۆ ماوەی پێنج ساڵ خەرجییەکانی گرته‌ئه‌ستۆ.

 

دیالۆگێک کە بۆ دۆستایەتی گۆڕا:

له‌و ماوه‌یه‌ ئەمین برووسك بابەتی بۆ ڕۆژنامەکانی ئوردن ده‌نووسنی، یەکێک لەوانەی بە ناوی (گەڕانەوە به‌ره‌و ڕۆژهەڵات) بڵاوكرده‌وه‌. به‌هۆی ناوەڕۆکەکەی دەسەڵاتدارانی تورکیا لای حکومەتی ئوردن ناڕەزایەتییان ده‌ربڕی. شازادەی ئه‌وسا (عەبدوڵڵا بن حسێن) بۆ دیوانی پاشایەتی بانگی كرد. کاتێک برووسك گەیشتە ده‌ربار، دەستی درێژ کرد تا تۆقه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات بەڵام شازادە ڕەتیکردەوە و بەتوڕەییەوە وتی: ئەمین، تۆ كه‌ لە خاکی ئێمە دانیشتوویت، پێویسته‌ ڕێز لە مافی میوانداری بگرێت، ده‌ته‌وێت بە نووسینەکانت زیان بە پێوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا بگەیەنیت، یان ئەم وڵاتە بەجێدەهێڵیت؟

برووسك لە وەڵامدا وتی: "پاش مۆڵه‌تی گه‌وره‌م، تۆ پێم دەڵێیت ئەم وڵاته‌ هی من نییە؟ ئەم خاکە هی منە، چونکە بەشێکە لە وڵاتی موسوڵمانان، کە تایبه‌تمه‌ندییه‌‌ لێبوردەییەکانی بۆ لام درێژدەبێتەوە. به‌ڵام بەپێی پەیمانی لۆزان، خاکی ئێوەیە. سەبارەت بە تورکیاش وه‌ك وڵاتێكی دۆستی ئێوه‌ کە من ڕەخنەی لێدەگرم، جیاوازی هه‌یه‌ لە نێوان ئێمە و ئێوه‌دا. ئێوە شەڕتان لەگەڵ ئەوان کرد کاتێک ئەوان موسوڵمان بوون، ئێمەش شەڕمان لەگەڵ كردن كه‌ ئه‌وان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌". شازادە لە وەڵامیدا وتی: "ئەم کوردە به‌ڵایه‌". ئەمین برووسكیش وتی : "خوایە بمکە بە بەڵا بۆ کافران نەک بۆ موسڵمانان" .

دوای ئەوە شازادە داوای وتاره‌كه‌ی له‌ ئەمین برووسك کرد و خوێندییەوە، زەردەخەنەی کرد، دەموچاوی گه‌شبۆوه‌ و لەسه‌ر کورسیەکەی هەستا و به‌ره‌و ئەمین برووسك چوو و نیۆچه‌وانی ماچ کرد و وتی: "تۆ بوێر و دڵسۆزیت". ئەمین برووسكیش لە وەڵامدا وتی: "خوایە ورە و دڵسۆزی زیاترم پێ ببەخشە". پاشان بەگەرمی تەوقەیان کرد. لەو ساتەوە لە نێوانیاندا پێوەندیی پتەو هاته‌ئارا. هەر کاتێکیش بیویستبا ئه‌مین دەیتوانی بچێتە ناو دیوانی شازادە. به‌یه‌كەوە یاری شەترەنجیان دەکرد و هەندێک جاریش شازادە ئه‌و بابه‌ته‌ سیاسییانه‌ی بۆ باس ده‌كرد جگه‌ له‌خۆی کەسی دیکە نەیاندەزانی.

 

پشتیوانیكردن لە شۆڕشی موسه‌ده‌ق:

لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو موسەدق کودەتا بەناوبانگەکەی لە دژی شا لە ئێران ئەنجامدا و نەوتی ئێرانی خۆماڵی کرد. ئەمین برووسكیش تەلەگرامێکی پشتیوانیانه‌ی بۆ نارد، کەتێیدا ئەم دێڕه‌ شیعره‌ هه‌بوو:

لقفت عصاك عصيهم فتصايحوا

لا سحر بعد اليوم أنت مصدقُ

دوای جێنشینبوونی یه‌كجاره‌یشی لە عەممانی پایتەختی ئوردن هه‌وڵی پتەوکردنی پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ دانیشتوانی شارەکە و بەتایبەتیش خه‌ڵكه‌ کورده‌كه‌ دا. لە کاتی (نسكۆی فەلەستینی) ساڵی 1948 پارەی به‌ پەنابەرە فەلەستینییەکان بەخشی و دوو منداڵی فەلەستینیشی کە بەهۆی کارەساتەکە ئاوارە ببوون بەخێوکرد، دواتر له‌سەرپەرشتی خوێندن و په‌روه‌رده‌كردنیان به‌رده‌وام بوو تا گەیشتنە تەمەنی گەورەیی. پاشان لەگەڵ ژنێکی فەلەستینی كه‌ لە بنەماڵەی ئەلدمیری بوو کە بەڕەچەڵەک خەڵکی شاری الخلیل بوو هاوسەرگیری کرد. دوو کوڕ و کچێکی لێ بوو، یەکێکیان دکتۆر هانی ئەمین برووسكه‌ کە سەرۆکایەتی کۆمەڵەی سەلاحەدین ئەیوبی بوو بۆ کوردانی ئوردنی له‌ئه‌ستۆبو. له‌كۆتایشدا رۆژی  28ی شوباتی 1974 لە عەممان کۆچی دوایی کرد و هه‌ر لەوێش بەخاک سپێردرا.

 

(*) ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌دیبان و نووسه‌رانه‌ له‌ ئوردن

 

سه‌رچاوه‌: گۆڤاری الحوار ژماره‌ 18 و 19ی زستان و به‌هاری 1997- 1998

زۆرترین بینراو
لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا؛ ١٨ کۆچبەری کورد بەهۆی تێکشکانی یەختەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا
هێزە ئەمنییەکان کۆتاییان بە مانگرتنی پێنجوێن هێنا و دەیان کەس دەستبەسەر کران
مەرجەکانی ناردنی بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کران
ئەمریکا مەرج بۆ عەلی زەیدی دادەنێت: دوورخستنەوەی لایەنەکانی سەر بە ئێران یان سزای دارایی قورس
گەرمترین ڕۆژی مانگی ئەیلوول بەڕێوەیە؛ کەشناسیی هەرێم پێشبینییە نوێیەکانی بڵاوکردەوە
بەڵگەنامەکان لەنێو ئاو و پوشدا شاردرابوونەوە؛ دەستەی دەستپاکی تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی دەستگیرکرد
تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی: فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر حوسییەکان دابەشبوون
ئەردۆغان: کۆتایی بە شەڕی حوسییەکان و سعودیە دەهێنین
کۆمەڵەی پەنابەران: هەواڵی خنکانی کۆچبەرانی ڕاپەڕین لە دەریای ناوەڕاست ڕاست نییە
پێشنیازێک کارمەندانی بەرگری، ناوخۆ و دژەتیرۆر سەرپشک دەکات لە گۆڕینی میلاکەکەیان بۆ مەدەنی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×