نیشتمانی کێ؟ میللەتی کێ؟
  2026-10-02     
ئەنفال وەک ناسنامەیەکی نیشتمانی

بەشی پێنجەمی: مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق*

 

 

نووسینی: د. فازڵ مورادی

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

ئەمە یەکەمجار بوو کە شایەتحاڵی ژنێک بووم لە هەوڵدانیدا بۆ ڕازیکردنی تیمێکی تەلەفزیۆنی سەتەلایت بۆ ئەوەی شوێنێکی پێبدات بۆ ئاشکراکردنی ژیان، یادەوەری، لەدەستدان، ماتەمینی، مانەوە و ڕزگاربوون، بانگەشەی هەق بۆ هەموو بینەرە نەناسراوەکانی کوردستان و جیهان. ئەو بەبێ ئەوەی یەک وشە بڵێت، پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەو وەک ژنێکی ڕزگاربوو دەبێت گێڕانەوەی هەبێت و گوێی لێبگیرێت. لە چەمچەماڵ لە کۆتایی بیست و چوارەمین ساڵیادی زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال تا ئەو کاتەی هەستا نزیکەی هەموو "میوانە تایبەتەکان" پێشتر ڕۆیشتبوون، هەروەها میدیای گشتیش (ماسمیدیا). ئەو هەستایە سەر پێ و بلووزی یەکێک لە برا لەناوچووەکان یان ونبووەکانی بەرزکردەوە، کە لە ساڵی ١٩٨٨ەوە پاراستبووی. لە کاتێکدا کە ئەو داواکارییەکەی بۆ ڕۆژنامەوان و میدیاکارانی تەلەفزیۆنی سەتەلایتی کەرکووک دەردەبڕی، ئەندامانی ستافی کوردسات کە تەلەفزیۆنی سەتەلایتی یەکێتییە، لێی نزیک بوونەوە و داوای چاوپێکەوتنیان لێکرد. ئەو کە ژنێکی تەمەن نزیکەی سی ساڵێک دەبوو دەسبەجێ ڕازی بوو و بلووزەکەی بەرزکردەوە بۆ کامێراکە و داوای کرد "تکایە، تکایە، ئەوەی من دەیڵێم تۆماری بکە و پەخشی بکە، من دەمەوێت هەموو جیهان گوێم لێ بگرێت". کاتێک زانی کامێراکە ڕووی لەو کردووە، چاوەڕێی ئەوەی نەکرد ڕۆژنامەنووسەکان پرسیاری لێ بکەن و یەکسەر دەستی کرد بە قسەکردن:

"ئێمە خەریکی فریودانی خۆمان بووین کە پێمان وابوو ئێسک و پرووسکی ئازیزانمان بۆ دەهێنرێتەوە. پێمان دەڵێن ئەوان [وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفال] هیچ پارەیەکیان نییە. بۆچی بودجەیەک بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان تەرخان ناکەن و ڕوفاتی براکانمان بگەڕێننەوە؟

نەخێر! نەخێر! مەڕۆن، زۆر شتی ترم هەیە بیڵێم! [ڕۆژنامەنووسەکە لە وێنەگرتن وەستا، بەڵام لەسەر پێداگریی ژنەکە سەرلەنوێ دەستی پێکردەوە].

دەڵێن بنەماڵەی ئەنفالەکان مافی پارچە زەوییەکیان هەیە. من بیست و چوار ساڵە ئەم بەڵگەنامەیەم هێشتووەتەوە کە تێیدا بەڵێنی پارچە زەوییەکیان پێداوم، دەپرسم کوا لە کوێیە؟

 داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکەم هەموو ئەوانەی دەستیان بە خوێنی براکانم سوور بووە، ڕادەستی دادگایی بکەن! داوای دادگاییکردنی جاش و موستەشار دەکەم [ئەنفالچییانی کورد]، هیوادارم هەموو ئەوانەی دەستیان له خوێنی ئەنفالدایە به زیندوویی بنێژرێن، وەک چۆن براکانی ئێمەیان ناشت. ئێمە براکانمان بە شانازییەوە نێژران، بەڵام ئەوان دەبێ بە شەرمەوە بنێژرێن.

من داواکارم! داوکارم! داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم ڕێگە نەدەن جاش یان منداڵەکانیان لە ڕۆژێکی وادا بەشداری بکەن! کە تاکە ڕۆژی ماتەمینیی دانپێدانراوە. ئێمە بەردەوام ماتەمگێڕ و ئازێتبارین، سوپاس بۆ خوا ئەو موستەشارەی براکانی منی ڕادەستی سوپای عێراق کرد کوژرا، بەڵام هێشتا خێزانی هەیە، تۆ ناتوانیت بیهێنیتە بەرچاوت کە من هەست بە چی دەکەم و ژیانم چۆن دەگوزەرێنم، ئەوان گاڵتەیان بە باوکم دەکرد و سووکایەتییان پێدەکرد کاتێک بە دوای براکانمدا دەگەڕا. ئەوان لە زیندانێکەوە بۆ یەکێکی  تر و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر دەیاننارد.

من داواکارم! داواکارم لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێسک و پرووسکی براکانم بگەڕێنێتەوە! کەواتە لەبری ئەوەی لە کاتی نەورۆزدا بچمە دەرەوە بۆ ناو سروشت [ساڵی نوێی ئێرانی و ئاسیای ناوەڕاست و کوردی]، وەک خەڵکی تر دەیکەن، بتوانم سەردانی گۆڕەکانیان بکەم و ئازارەکانم هەڵبڕێژم، ئێمە ئەوە بیست و چوار ساڵە فرمێسک دەڕێژین! باوکم نەخۆش کەوتووە لە خەفەت و چاوەڕوانیی بێکۆتاییدا، من ئەم بلووزەم پاراستووە و بیست و چوار ساڵە هەموو ڕۆژێک بۆنی پێوە دەکەم. [ڕۆژنامەنووسەکە کامێراکەی لە شانی خۆی داگرت]".

ئەوەی ئەو ژنە وتی پێچەوانەی لۆجیکی حکوومەتی هەرێم بوو کە ئەنفالەکانی لە   شەهیدان و ڕزگاریدا قەتیس دەکرد، لەگەڵ سەددام و ئەلمەجید وەک تاکە دوو کەسی سەرەکی و بەدناوی نادادپەروەری. یادگاریی براکانی، مامەڵەی زەلیلکەر و نەخۆشیی باوکی، بلووزەکە و جلە ڕەشەکانی خۆی وەک ئاسەواری نادادپەروەری، کە بێ ماڵ و حاڵی و داواکارییەکانی بۆ هەق لەسەری بوو، میوانداری و هەڵگری یادەوەرییەکانی دەکرد نەخشێنراو. کامێرای ڤیدیۆیی بوو بە شانۆی ئەو بۆ جیهان کە بتوانێت لەسەری دەنگی ماتەمینی بێکۆتایی خۆی وەک بانگەوازێکی بێ شکست بۆ هەق وەک چاندنی دادپەروەری دەرببڕێت. هەرچەندە ئەوە یەکەمجار بوو کە شایەتحاڵی کەسێک بووم بەو شێوەیە شایەتی بدات و بە بێ وتارێکی ئامادەکراو، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوە دواجار نەبوو کە گوێم لێبێت ئیددیعای هەق. قسەکانی ئەو ژنە داواکارییەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ڕوفاتی براکانی وەک هەق و لە هەمان کاتدا دەربڕی کە چۆن جیهان دەبێت بە ڕەخنەگرانە بمێنێتەوە لە هەر تێگەیشتنێک لە توندوتیژیی سیاسی کە تێیدا جینۆساید وەک گواستنەوەیەکی یاسایی دەبێتە بناغەیەکی یەکلاکەرەوە. ئەو بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە بلووزەکە و گەڕانەوەی ئێسک و پرووسکی براکەی بەڵگەی کردەوەیەکی ناهەقن (یان نادادپەروەری)، کە بۆ ئەمەش هەق پێویستی بە بەدواداچوونی بەردەوام هەیە. ژنە هیچ لێبوردەیییەکی بۆ سزا نەدانی ئەو کەسانە نیشان نەدا کە ئەو یادەوەرییانەیان بەسەردا سەپاندووە کە خانەخوێیان لێدەکات و لەگەڵیدا بەجێماوە.

لەگەڵ ڕۆیشتنی ڕۆژنامەنووسەکان، دوو ژن کە تەمەنیان لە دوادوایی چلەکاندا بوو و هەروەها جل و بەرگی ڕەشیان لەبەردا بووە، لێی نزیک دەبنەوە و یەکێکیان دەسیپێشخەری دەکات و دەڵێ "سوپاس کچەکەم، ئەوە دەنگی هەموومان بوو، دەنگی هەموو ئەنفالکراوەکانە. ئەوان [واتە حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفال] دەبێ گوێمان لێ بگرن، ئێمەش نابێ لە دەربڕینی لەو قسانە بوەستین کە لە دڵمانی گوشیوە. ئەوان هیچیان بۆ ئێمە نەکردووە و ئێمەین کە لەگەڵ ئەنفال و خەم و کۆستەکانیدا دەژین کە تەنها خودا خۆی دەزانێت چۆنە و چی دەگەیەنێت بۆ ئێمە، خودا هەقمان بسێنێت". پەنابردن بۆ خودا هەمیشە ئەگەری ڕزگاربوونە لە ماتەمینی بێکۆتایی و بێ ماڵ و حاڵی.

 

ئەنفال وەک ناسنامەیەکی نیشتمانی

لە ١٤ی نیسانی ٢٠١٢ لەگەڵ عەلی مەحمود، کە بە عەلی سیاسییش ناویان دەبرد بە هۆی پابەندبوون و چالاکییەکانیەوە، لە هەولێرەوە بۆ چەمچەماڵ ڕۆیشتین بۆ بەشداریکردن لە ساڵڕوژی ئەنفالدا. فەقێ (مەبەست نەجمەدینی فەقێ عەبدوڵڵایە - و) پێشتر پێی وتبووم کە ١٤ی نیسان نەک لەلایەن حیزبە سیاسییەکانەوە بەڵکو لەلایەن بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و فیکرییەوە وەک ڕۆژی فەرمی ساڵانەی یادی زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال ناسێندراوە. عەلی و خێزانەکەی تازە لە ئەمستردامەوە هاتبوونەوە هەولێر، کە ئێستا وەک برینپێچ لە نەخۆشخانەی سەرەکیی شارەکەدا کار دەکات. ئەو بە ڕەچەڵەک خەڵکی کەرکووکە بەڵام بە هۆی توندوتیژییەوە کە ڕۆژانە لەوێ ڕوویدەدا نەیتوانیوە بگەڕێتەوە. لە ئەمستردام عەلی چالاکوانێک بوو کە خەباتی بۆ ددانپێدانانی نێودەوڵەتی بەو دڕندەییانەی لە ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا کردبوو (بڕوانە بەشی حەوتەم) و ئێستا ناسنامەیەکی هەڵگرتووە کە دەیسەلمێنێت ڕۆژنامەنووسە. ناسنامەی ڕۆژنامەنووس ڕێگەی پێداین بچینە ئەو یادگارییەی ئەنفال کە یادی ساڵانەی ئەنفال تێیدا بەڕێوە دەچوو.

مۆنۆمێنتی ئەنفال بە شێوەیەک دیزاین کرابوو کە ئەرشیفێک و ئاسانکاریی دابینکردبوو بۆ کۆنفرانس و وۆرکشۆپەکان کە باس لە مێژوو و یادەوەرییەکانی ئەنفال دەکەن. لەم قۆناخەدا، یادگارییەک و گۆڕستانێکی بێدەنگی بەردینی پێکدەهێنا کە خانەخوێیی لەو شوێنەی دەکرد کە دەوترێت ئێسکوپرووسکی گۆڕی هەڵدراوەی ١٠٦ منداڵە، لەنێویاندا منداڵێکی لەدایکنەبوو کە لە سکی دایکیدا مردبوو. لە سەردانێکی پێشوودا، بەڕێوەبەری یادگارییەکە، هابیل ئەحمەد کەریم، ڕوونی کردبووەوە کەوا کارمەندانی پێکهاتوون لە "38 ژن و 48 پیاو" و هەموویان بەو هۆیەوە دامەزراون کەوا کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانن، بە خودی هابیل خۆیشیەوە. مۆنۆمێنتەکە حەوت بەشی جیاوازی هەیە کە بریتین لە: مۆزەخانەیەک؛ کتێبخانەیەک بۆ هەڵگرتنی بەڵگەنامەکانی ئەنفال و ڕۆژنامەکانی سەردەمی بەعس و بڵاوکراوەکانی سەر ئەنفال، لەسەر نموونەکانی تری توندوتیژیی مێژوویی کە لە دژی کورد ئەنجامدراون و لەسەر کردەوەکانی تری جینۆساید لە سەرانسەری جیهاندا؛ هۆڵێکی کۆنفرانس کە ٩٢٥ کورسی تێدایە؛ بەشی ڕۆژنامەوانی و ئایتی؛ فەرمانگەیەکی یاسایی؛ ئۆفیسێکی بازرگانی؛ لەگەڵ بەشی هونەر و ڕۆشنبیری. بۆیە مۆنۆمێنتی ئەنفال زیاتر بوو لە تەنها سێنۆتافێک (بە واتای شوێن یان ژووری ڕەقوتەق دێت - و). بەشێک بوو لە کۆمەڵەیەکی گەشەسەندوو لە شوێنە بینراو و نیشتمانییەکانی یادەوەری - جینۆسایتەکان (لە کۆتاییدا باسی زیاتر لەسەر ئەمە دەکەین). واش چاوەڕوان دەکرێت کە ببنە شوێنی بیرهێنانەوەی ئازار و قڕکردنی کۆتایی کورد لە سەردەمی ئەنفال و شوێنەکانی یادی داهاتووی گەلی کورد وەک نەتەوەیەک لە عێراقدا. لە درێژەی گفتوگۆیەکدا لە کتێبخانەی مۆنۆمێنتەکەدا، هابیل ئەحمەد کەریم پێیوتم:

 "گرنگترین بەشەکانی مۆنۆمێنتەکە بریتین لە مۆزەخانە و کتێبخانە و هۆڵی کۆنفرانس. بەشی یاسایی هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام گرنگە بەو پێیەی ئەرکەکەی هاوکاریکردن دەبێت لەگەڵ زانکۆکانمان لە ناوچەکە و کارکردن لەسەر ناساندنی نێودەوڵەتیی ئەنفال وەک جینۆساید. مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ نوێنەرایەتیی ددانپێدانانی ناوچەی گەرمیان دەکات وەک چەق و ناوجەرگەی ئەنفال. مۆنۆمێنتەکە تەنها بۆ ئەوە نییە کە ئەرشیفێک بێت بۆ توێژەرانی وەک ئێوە، بەڵکو بۆ فێرکردنی ئێستا و داهاتووی نەوەکانمانە دەربارەی چیرۆکی ئەنفال و مێژووی ئازارەکانمان. گرنگە هەموومان لەبیرمان بێت و لەبیرمان نەچێت چی بەسەر دایک و   باوک و باپیرانماندا هاتووە.  بە هەمان شێوە گرنگە سەردانیکەرانی وڵاتانی تر چیرۆکەکەمان ببینن و بیبیستن و هەروەها گرنگە لە دەرەوەی سنوورەکانمان لە یاد بکرێینەوە.

ئێستا لەم ڕۆژی یادکردنەوەدا سەدان کەس کە زۆربەیان پیاو بوون و جل و بەرگی ڕەشیان لەبەردا بوو، هێڵی هاوتەریبیان دروست کردبوو کە لە دەروازەی چوونە ژوورەوە تا ناوچەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە لە ناو مۆنۆمێنتەکەدا درێژ بووبووەوە. لە کاتی ڕێکردنمان لە نێوان هێڵەکاندا عەلی پێیوتم: "بۆ ئەو کەسانەی ئەم هێڵانە پێکدەهێنن، ئەوە پرسەیە [ڕۆژێکی ماتەمە]" بیست و چوار ساڵ بەسەر ئەنفالدا تێپەڕیوە کە هەموو هەرێمی کوردستانی   گرتەوە و ئێمە لە ڕیزەکاندا سڵاومان لە خەڵک دەکرد، هیوای "سڵاو، سڵاو، سڵاو" (وەرگێڕانی کوردیی سۆرانی سەلامی عەرەبی، ئاشتی)مان بۆ دەخواستن. هەندێک بەخێرهاتنیان کردین و هەندێکیشیان سوپاسی ئێمەیان کرد کە لەم ڕۆژەی ماتەمینی ئەنفالدا ئامادە بووین.

قۆناخبەندی کردنی یادکردنەوە وەک گەڕانەوە بوو بۆ ڕابردوو لە وێنەیەکدا بەدیکرا کە ئەنفالی بۆ ناسنامەیەکی نیشتمانی وەرگێڕا. لە لای پشتەوەی بینای سەرەکیی مۆنۆمێنتەکە، کەوتینە سەر وێنەیەکی هێجگار گەورەی ناسنامەی نیشتمانیی عێراقی بە قەبارەی دیوارەکە لەسەری نووسرابوو "ئەنفال ... ناسنامەی نەتەوەیەک!” گرنگیی ئەم ناسنامەیە نەک تەنها لە دەرکەوتنیدا بەڵکو لە دەقی زانیارییەکانیدا بوو: "سەددام حوسێن"ی وەکو ئەو دامەزراوەیەی کە کارتەکەی دەرکردووە؛ "182,000" وەک ژمارەی کارتەکە، بە ئاماژەدان بە کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی ئەنفال لەناویبردن و بێسەروشوێنی کردن؛ "گەرمیان"، ناوچەی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال، وەک ناوی خاوەن کارتەکە؛ "جینۆسایدی کورد" وەک ناوی باوکی خاوەن کارتەکە و باپیرانی لە باوکەوە؛ "ئەنفال" وەک ناونیشانی کارتەکە؛ "کوردستان" وەک ناوی دایکی خاوەن کارت و باپیرە و باپیرەی دایکی؛ "مێ" وەک ڕەگەز؛ "١٤ی نیسانی ١٩٨٨" وەک ڕۆژی دەرچوون، واتە ئەو ڕۆژەی کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال زۆرترین ژمارەی خەڵکی گرت و ڕاپێچی کردن؛ کەللەسەرێک لە حاڵەتی هاوارکردندا، کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵکوژی و گۆڕی بەکۆمەڵی ئەو قوربانییانە دەکات کە کوژراون، وەک وێنەی هەڵگری کارتەکە؛ پاشان واژۆی "عەلی کیمیایی" کە ئاماژەیە بۆ عەلی حەسەن ئەلمەجید، وەک دەسەڵاتی دەرکردنی ناسنامە. لە ڕاستیدا بەکارهێنانی واژۆی ئەمینداری گشتیی مەکتەبی باکووری دەوڵەتی بەعسی عێراق لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧ تا ١٩٨٩، ئەلمەجیدی وەک تاوانباری تاکە بەرپرسیاری ئەنفال پێشکەش کرد.

"الأنفال" بە زمانی عەرەبی لەسەر ئەم ناسنامە نیشتمانییە دەستکاریکراوە نووسراوە، بەڵام دروشمی "ئەنفال ... ناسنامەی نەتەوەیەک!" بە زمانی ئینگلیزی و کوردیی سۆرانی نووسرابوو، ئەنفال بە بێ بابەتەکەی نووسراوە. بەم مانایە، هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی وەک میدیای نێودەوڵەتیی گەیاندنی جینۆسایدی کورد بە جیهانەکانی تر لە باوەش دەگیرێن. ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا تەواوی کارتەکە بیرۆکەی ئاودێر عوسمان بووە یان نە، بەڵام   ناوەکەی و مێژووی ساڵڕۆژەکە، واتە ١٤ی نیسانی ٢٠١٢، لە خوارەوەی کارتەکەدا هاتووە، هەروەها ناوی سەنتەری ڕۆشنبیریی هەڵەبجە لە سەرەوە وەک بەرهەمهێنەرەکەی دەستنیشان کراوە.

بۆ هۆشیارکردنەوەی نێودەوڵەتی، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفال لافیتەی بۆ ساڵی 2012 ئامادە کردبوو کە لۆگۆکەی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نووسرابوو. یەکێک لەوانە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئەنفال: تاوانێک دژی گەلی کورد و تاوانێک دژی مرۆڤایەتی". یەکێکی تر داوای ددانپێدانانی ئەنفال دەکات بە ڕاگەیاندنی "ئەمڕۆ بێت یان سبەی، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەڵامی هەبێت بۆ تاوانەکە". هەروەها لافیتەی لقی خۆجێیی حیزبی شیوعی کوردستانیش هەبوو: "لە ساڵیادی کارەساتی ناسراو بە ئەنفال، داوای دادگاییکردنی سەرجەم ئەنجامدەرانی ئەنفال دەکەین". ئەم سێ دروشمەش لە دوورییەکی ئەوەی لقی ١٩ی (پ د ک)ەوە دانرابوون: "ئەنفال ناساندنی جیهانیی بۆ نەتەوەی ستەملێکراوی کورد بەدەستهێنا و بەعسی وێرانکەری سەرشۆڕ کرد". ئەمەش ڕاست لە سەرووی لافیتەیەکی ناوەندی ئەنفالەوە لە هەولێر دانرابوو، ڕێگەی لەمی دووەمیان گرتبوو، کە لەسەری نووسرابوو، "داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین داوای لێبوردن لە هەموو بنەماڵەی قوربانیانی ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکات". نزیکترینیان لە دەرگای چوونە ژوورەوە پۆستەرێکی وەزارەت بوو: "بۆ بنیاتنانەوە و نەوەی نوێ... ئێمە برینە مێژووییە سەروەرەکانمان ساڕێژ دەکەین". لە تەنیشت ناسنامەکەوە لە پێشەوەی هۆڵی سەرەکیی لافیتەی دووەم دانرابوو. ناوی ئەنفالستان لەسەر پاشخانێک دانرابوو کە هێڵی تاریکی فیگەری مرۆڤی لەسەر کێشرابوو و هەر پیتێکیش لە ناوەکە لە ئێسکی مرۆڤ پێکهاتبوو و ئەنفالستان دەق بە مانای "خاکی ئەنفال یان خاکی تاڵانی و دەسکەوتی جەنگ دێت".

من و عەلی بە لافیتەکاندا تێپەڕین تا بگەینە شوێنی سەرەکیی یادکردنەوە. لە تەنیشت شانۆکە تابلۆیەکی هەشت مەتر چوارگۆشە دانرابوو کە مردنی بەکۆمەڵی وەک بۆردمانی کیمیایی و ئاسایی نیشان دەدا. تابلۆکە خۆی بێ ناونیشان بوو بەڵام لە تەنیشت لافیتەیەکی گەورەی سپی دانرابوو کە لەسەری نووسرابوو، "بۆ شەهیدانی وەتەن مەکەن شین و گرین، نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتدا دەژین". هەمان دەستەواژە لەسەر کێلی گۆڕەکانی گۆڕستانی مۆنۆمێنتەکەش نووسرابوو، کە دەکەوتە ڕۆژهەڵاتی شانۆکەوە و بەرەوڕووی بینەران دانرابوو کە لە میوانی "تایبەت" و ڕزگاربووانیش پێکهاتبوو. شانۆکە خۆی کە بە فەرشی سوور داپۆشرابوو، بە وێنەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی هەڵدراوە و کەللەسەری چاوبەستراو کە لێی دەرهێنرابوو بە جلوبەرگی کوردییەوە، ڕازێنرابووەوە. ئەم وێنەیە بە وێنەی جۆراوجۆر دەور درابوو: گوڵی باوی ئەرخەوان لە دیمەنێکی بیابان ئاسادا، لە شاری چەمچەماڵ و لە پەپوولەی سپی کە بە ئاسمانێکی شیندا دەفڕین؛ لە کچێکی تەمەن حەوت هەشت ساڵان، کە جلێکی کوردیی شینی کاڵی لەبەردابوو و ئاڵای کوردی بەدەستەوە بوو، لەگەڵ کوڕێکی هاوتەمەن کە ئاڵای کورد لەسەر ڕوومەتی چەپی نەخشێنرابوو و مێزەرێکی کوردیی بەستبوو بە سەریەوە. گوڵە ئەرخەوانەکان بازنەیەکی زەردیان پێکهێنابوو کە خۆری درەوشاوەی ناوەڕاستی ئاڵای کوردی دەگەیاند. بە پێچەوانەی ڕەنگی ڕەشەوە دانرابوو، تیشکی خۆر خۆشی و سەرەتایەکی نوێی دەگەیاند. بەیەکەوە گرێدانی دوو وێنە گەورەکەی مردنی بەکۆمەڵ، قوماشێکی ڕەش بوو کە وشەی "لە پێناوی ئاوەدانکردنەوە و نەوەی نوێدا...  برینەکانی مێژووی سەروەرمان ساڕێژ دەکەین". لە سەرووی ژێرنووسێکەوە بە زمانی    کوردی و ئینگلیزی دەڵێت، "بیست و چوار ساڵەی شاڵاوی ئەنفال". ئەو مێزەی کە لۆگۆی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفال و ڕیزێک مایکرۆفۆنی یازدە تەلەفزیۆنی ناوخۆیی و نیشتمانیی (عێراقی) لەسەر بوو، بە دوو ئاڵای گەورەی کورد کە لە ناوەڕاستی شانۆکەدا هەڵکرابوون. تەلەفزیۆنە سەتەلایتەکان بیرهێنانەوەی ئەو وێنانە بوون کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە ناو کوردستان و بۆ خێزانە کوردەکان لە هەموو جیهان دەیگوازنەوە. فەرشێکی سووری دیکە شانۆکەی بە یادەوەرییەکەوە بەستەوە کە چاوەڕوان دەکرا میوانە تایبەتەکان و چالاکوانانی ناوخۆیی و کۆمەڵەی ڕزگاربووان لە کۆتایی ڕۆژی ساڵانەی ئەنفالدا تاجە گوڵینەی خۆیان دابنێن.

لە شانۆکەوە دەتوانرێت مۆنۆمێنتی یادگارییەکە ببینرێت کە نزیکەی ١٦٥ پێ لە ڕۆژهەڵاتەوە دوورە. فیگەرە مرۆییەکانی ژنێک بە منداڵێکی ساوا بە باوەشیەوە و هێمای بۆ ژمارە ٨ هەشتی عەرەبیی یادگارییەکەی بڕیوە. فیگەرەکانی ژن و منداڵەکە جیابوونەوەی خێزانەکان بەرجەستە دەکەن لە سەرجەمی تەمەن و ڕەگەزەکاندا کە بە هۆی ئەنفالەوە دروست بووە و بەم پێیەش قڕکردنی ئێستا و داهاتووی نەوەکان. ژمارە هەشتی عەرەبی "٨" کە لە فۆرمدا سێگۆشەیە و یادگارییەکە دەبڕێت و لە ژێر فیگەرە مرۆییەکان دانراوە، هەشت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال بەرجەستە دەکات، کە لە ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ دەستیپێکردووە و لە ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ کۆتایی دێت. هەڵکەوتەی یادگارییەکە لە شانۆکەوە کاریگەریی دوربینی هەبوو و سەرنجی بۆ دیمەنی پشتەوەی ڕاکێشا. لە دیوەکەی تری یادگارییەکەدا گۆڕستان و لەودیوەوە شۆڕش هەڵکەوتبوو کە لە بەرانبەردا ڕووی لە گەڕەکی ئاشتیی یان ئارامی چەمچەماڵە. لە سەردەمی ئەنفالدا، شۆڕش کۆمەڵگایەکی نیشتەجێ بوو کە لەلایەن دەسەڵاتی سەربازییەوە بەڕێوەدەبرا و خەڵکی گوندە جیاوازەکانی بۆ ڕاگوێزرابوو کە تا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لەوێ دەستبەسەر و کۆنترۆڵکراو بوون و بەو پێیەی دانیشتووانەکەی نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە بۆ گوندە وێرانکراوەکانیان، لە شۆڕشدا مانەوە. ئەم کاریگەرییە بینراوە یادگارییەکەی کردە هێمای توندوتیژیی ڕابوردوو و خۆڕاگریی ئێستا و داهاتوو.

لە ڕێگادا بەرەو شانۆکە، ئەفسەرانی پڕچەکی پۆلیس بەتوندی ڕێگرییان لێکردین و وەستاندینیاین. کاتێک عەلی هەوڵیدا بزانێت بۆچی ڕێگەیان پێنەداین لە شوێنێکی نزیکتر سەکۆکەوە دابنیشین، پۆلیسێک پێیگوت، "ئەم بەشە تەرخانکراوە بۆ میوانە تایبەتەکان، بڕۆ شوێنێکی تر بدۆزەرەوە، سەیرکە لەوێ لە لای ڕاستەوە شوێنێک هەیە". عەلی لە وەڵامدا وتی ئەمە ڕۆژنامەنووسە و پێویستە لە شانۆکە نزیک بێتەوە. شانۆکە بۆ گواستنەوەی سیاسی و یاسایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخرابوو، کە هێز و دەسەڵاتیان هەبوو بەسەر ئەوەی کە دەگوترێت و ئەوەی کە ڕوویداوە و لەبارەی ئەو جیهانە داهاتووەوە کە نەتەوە پێویستی پێیەتی بۆ ژیان. ئەمە ئەو شوێنەیە کە وا چاوەڕان دەکرێت سیاسەتی یادکردنەوەی داهاتووی تێدا بچەسپێت بۆ چۆنێتیی ئەوەی کەوا گەل یان نەتەوەی کورد بتوانن چیرۆکەکانی خۆیان لەبارەی ئەنفالەوە بگێڕنەوە، تا ئەو ئاستەی کە وەزارەت باوەڕ بەوە دێنێت کە هەموو کوردێک پێویستی بە خوێندنەوەی ئەم یادەوەرییە هەبێت و بە هەمان شێوە پێیەوە ببەسترێت. بەم جۆرە هاوشان لەگەڵ یادەکانی تر لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ و ٢٠١٤دا، ڕیزی یەکەم بۆ ئەندامە کوردەکانی پەرلەمان و بەرپرسانی حیزب و میوانانی عێراقی یان نێودەوڵەتی و ئەنفالچییە کوردە بانهێشتکراوەکان، تەرخان دەکرا. ئەوجا لەبەر هاتنی میوانێکی زۆر بۆ ئەم بۆنەیە دوو ڕیزی زیاتر بۆ ئەم "میوانە تایبەتانە" تەرخان کرابوو. دوو ڕیزی تری دواتر بۆ ڕزگاربووان و خێزانەکان دانرابوو، بەڵام ژنان کەمتر لە پیاوان ئامادە بووبوون. ئەودوای ژنەکان جلی ڕەشیان لەبەردابوو و لە ڕیزی شەشەمەوە تا کۆتایی شوێنەکە دانیشتبوون. بە دڵنیاییەوە ئاپۆرەی ئامادەبووان لە سێ هەزار پیاو و ژن و منداڵ زیاتر بوون. بە پێچەوانەی سێ ڕیزی یەکەمەوە کە قەنەفەی نەرم و نۆڵ بوون، ئەودوای ڕیزەکانی تر کورسیی پلاستیکی بوون. عەلی بە بزەیەکەوە چپاندی بەگوێمدا "گرنگە کە میوانە تایبەتەکان و سیاسەتمەدارانی ناوخۆیی ئاسوودەبن". ئەو نەیدەویست بە دوای کورسییەکی چۆڵدا بگەڕێت، چونکە هەر زوو سەدان کەس لە دەوری شوێنی دانیشتنەکە بە پێوە ڕیزیان بەستبوو.

بەشداربووان و بە تایبەتی ئەو ژنانەی جل و بەرگی ڕەشیان لەبەردا بوو، بەرگەی تیشکی خۆری بە تین و تاوشتیان نەدەگرت. ئێمە لە پەڕی ڕیزی پێنجەم لە لای ڕاستی شانۆکەوە جێگەمان دەستکەوت.  لە لای چەپمانەوە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفال دوو لافیتەی گەورەی ئامادە کردبوو بۆ قسەکردن لەسەر چاودێری کردن و نیگەرانییە سیاسییەکانی ڕزگاربووان کە ئەمەیان لەسەر نووسرابوو: "پێویستە حکوومەتی فیدراڵی عێراق قەرەبووی ماددی و مەعنەویی قوربانییانی ئەنفال بکاتەوە" و "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دان بە ئەنفالدا بنێن". ئەو وێنە و درۆشمانەی کە داوای ددانپێدانانی نێودەوڵەتی و هەروەها قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوییان بۆ ڕزگاربووان دەکرد بە جوانی لەسەر لای پشتەوەی بینای مۆنۆمێنتی ئەنفال چەسپکرابوون و ناوبەناو لە کاتی وتاردانەکەی ئارام ئەحمەدی وەزیری وەزارەتەکەدا، کە بە مامۆستا ئارامیش ناسرابوو، دەردەکەوتن. ساڵڕۆژی ئەنفال ڕۆژێکی نیشتمانیی یادکردنەوە بوو کە لە هەموو درۆشم و وێنە و جلوبەرگی ڕەش و کۆبوونەوەیەکدا بەرجەستە بووبوو، هەروەها کامێرای تەلەفزیۆنە سەتەلایتەکان بە بەردەوامی دەچوونە سەر وێنە وەستاوەکان و   گەشت و گەڕان بە ناو عێراق و دەرەوەیدا. وەک ماتەمینی و ئازێتباریی بێکۆتایی کە لە چیرۆکەکانی گەڕەکی ئاسوودە، ئەنفالەکان و ڕزگاری و بە هەمان شێوە تۆز و خۆڵی کەلاوەکانی جەلەمۆرد و کورێمێدا ڕەنگیان دەدایەوە و بەرجەستە بووبوون بۆ ئەوەی کە لەوێ نەبوون و هەرگیز نەدەبینران و لە هەمان کاتیشدا تێکەڵ بە تەواوی تۆڕی یادەوەرییەکان دەبوون.

 

وتاردانەکەی وەزیر

بیست و چوار ساڵ دوای ئەنفال لە ناوچەی گەرمیان و شەش ساڵ دوای دامەزراندنی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفال، ئامادەبووان لەسەر شانۆ جێگیر بوون، ئۆقرەیان لێ بڕابوو بۆ ئەوەی بزانن وەزیری نوێ چی دەڵێت لەسەر ئەنفال و چۆن پەیوەندیی بە داواکارییەکانی ڕزگاربووان و بنەماڵەکانەوە دەبێت. یەکێک لە دوو پەخشکار یان ڕاییکاری بۆنەکە ئەرکی وەرگێڕانی وتار و بابەتەکانی بۆ سەر زمانی عەرەبی بۆ میوانان و کەناڵە ئاسمانییەکانی عێراقی پێ سپێردرابوو، هیچ وەرگێڕانێک بە زمانی ئینگلیزی دەستەبەر نەبوو. لە ڕیزی پێشەوەی ئامادەبووان ڕۆلف ئۆڵریچ، کونسوڵی گشتیی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا لە هەولێر، لە تەنیشتی عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دانیشتبوو. کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا و کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا لە ساڵانی ١٩٧٠کان و ١٩٨٠کاندا دۆستی نزیکی دەوڵەتی بەعسی عێراق بوون (کێلی ٢٠١٣). دەوڵەتی بەعس شارەزایی بیرۆکراتی و تەکنۆلۆجیای چاودێری و هەروەها مەشق و ڕاهێنانی دەزگاکانی هەواڵگری و سوپا و پۆلیسی لە کۆماری دیموکراتیی ئەڵمانیا بەدەستهێناوە و چەکی ئاسایی و توخمەکانی شەڕی کیمیایی و زانست و تەکنۆلۆجیای پێویست بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی کیمیایی وەرگرتووە لە سامەڕای باکووری بەغدا، لە کۆمپانیاکانی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا وەرگرتووە. ئەم دۆستایەتییە سیاسییە کوشندەیە لای توێژەران و چالاکوانانی ئەنفال هیچ نهێنیی نەبوو. (زیاتر لەسەر کاریگەرییە بەردەوامەکانی بۆردمانی کیمیایی بڕوانە بەشی حەوتەم).

بێژەرەکە بەم شێوەیە دەستی بە کۆبوونەوەکە کرد، "بەخێربێن بۆ بیست و چوارەمین ساڵیادی ئەنفال. بیست و چوار ساڵ لەمەوبەر، داگیرکەرانی بەعسی ١٨٢ هەزار ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەیان لە باشووری عێراق زیندەبەچاڵ کرد و چوار هەزار و پێنجسەد گوندی کوردستانیان وێرانکرد. وەک نیشانەی ڕێزگرتن لەم یادە، سەر بۆ شەهیدان دادەنوێنین". دوای وەرگێڕانی لە کوردیی سۆرانییەوە بۆ عەرەبی، بێژەر داوای خولەکێک بە بێدەنگی وەستان بۆ "گیانی پاکی قوربانیانی ئەنفال و هەموو ئەوانەی گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناو ڕزگاریی کورد و کوردستاندا".

دوابە دوای ئەوەش، ئارام ئەحمەدی وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفال، چووە سەر پۆدیۆم (منصة) بۆ پێشکەشکردنی وتارە ئامادەکراوەکەی. ئەو لەسەر بنەمای ئەندامێتی لە (ی ن ک) و وەک پێشمەرگەیەکی پێشوو بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان کرابوو. وەزیر بەم شێوەیە کەوتە قسەکردن:

 "هیوادارم لەم ڕۆژەی ماتەمینی نەتەوەیی، خەمخۆری و یادکردنەوەی شەهیدەکانماندا، هەموومان دەستی یەکتر بگرین و یەکگرتوو بین. ئەنفال تاوانێکی هێجگار گەورە و وێرانکەری دژ بە مرۆڤایەتی بوو، کە ڕژێمی شۆڤێنیستی بەعس بە مەبەستی قڕکردنی تەواوی نەتەوەی کورد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان پیادەی کرد. لە ئەنجامدا کوژرانی ١٨٢ هەزار هاووڵاتیی بێتاوان و تێکدان و وێرانکردنی هەزاران گوند و لەناوبردنی ژیانی مرۆڤ و کولتووری و کشتوکاڵیی کوردستان و خێزانی ئەنفالکراوان تا ئەمڕۆش بە دوای ئاسەواری ئەنفالکراواندا وێڵن. گەڕان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان جارێکی تر برینەکانی میللەتەکەمان دەکولێنێتەوە.

 میوانە بەڕێزەکان، قەبارەی تاوانەکە و دڕندەیی سەختی ئەنفال وایکردووە کە ببێتە پرسێکی نەتەوەیی و هەروەها پرسی مرۆڤایەتیش. لەبەر ئەوە هەوڵ دەدەین بیکەینە پرسێکی نێودەوڵەتی، کە ئەمەش چەندین بەرپرسیارێتی لەخۆدەگرێت.

1- پەیامی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێشکەشکردنی خزمەتەکانێتی و زامنکردنی ژیانێکی شکۆمەندانەیە بۆ کەسوکاری شەهیدان. بێگومان بە پشتیوانیی هەموو لایەک، وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان پرۆژەیەکی یاسایی داڕشتووە کە زیادبوونی خزمەتگوزارییەکانی کردووەتە مەسەلەیەکی پێویست. بۆ نموونە: پارەی یارمەتیی مانگانە، شوێنی نیشتەجێبوون، چاودێریی تەندروستی، پاراستنی پەروەردە و خزمەتگوزارییەکانی تر.

2- بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و هەموو ئەو تاوانی جینۆسایدانەی تر کە بەرانبەر نەتەوەی کورد ئەنجامدراون. حکوومەتی ئێستای عێراق وەک میراتگری حکوومەتەکانی پێشووی خۆی دەبێت بەرپرسیارێتیی ئەو قەرەبووکردنە لەئەستۆ بگرێت. بەو پێیە وەزارەتی شەھیدان و کاروباری ئەنفال یاسایەکی داڕشتووە بۆ داوای قەرەبووکردنەوە لە حکوومەتی عێراق. ئێمە هیوادارین پشتیوانیی لە هەموو لایەکەوە هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ هەموو شەهیدانی عێراق. ئەمە پرۆژەیەکی عێراقییە و هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە بە هۆکاری تاوانەکانی ڕژێمی بەعس زیانیان بەرکەوتووە.

3- درێژەدان بە کارکردن بۆ ددانپێدانانی نێودەوڵەتی بە تاوانەکانی ئەنفال، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، جینۆسایدی بارزانییەکان، فەیلیەکان، کیمیابارانکردنی بالیسان، شێخ وەسان و سێوسێنان و هەروەها تاوانەکانی تری جینۆساید و جەنگ. ئەمە یەکێکە لە بەرپرسیارێتیە سەرەکی و جیددییەکانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان. شانبەشانی بەنێودەوڵەتی کردنی ئەنفال وەک جینۆساید، پێویستە باشتر مامەڵە لەگەڵ دادگاییکردنی تاوانباران بکرێت.

4-  ئامادەکردنی تیمی شایستە و زانستی و بەمەش هەوڵدانی چڕکردنەوەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گێڕانەوەی ئێسک و پرووسکی بەشەریی پاشماوەی قوربانییەکان.

5- درێژەدان بە خەباتمان بۆ گەیشتن بە ناساندنی نێودەوڵەتیی تاوانەکانی جینۆساید کە پێشتر لە چوارچێوەی عێراقدا بەو شێوەیە ناسێنراون. ددانپێدانانی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە. بۆیە پێویستە تاوانباران سزا بدرێن و کەسوکاری شەهیدان قەرەبوو بکرێنەوە. پێویستە پارێزگاریی نێودەوڵەتی بۆ میللەتەکەمان بەدیبهێنین و بەمەش هۆشیاریی نێودەوڵەتیی تا ڕادەیەک زیاد بکەین کە پشتیوانی و پاراستنی گەلانی سەرکوتکراو بکەن. خۆشبەختانە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەشەی کردووە و هەنگاوی گرنگی ناوە لەم ڕووەوە.

میوانە بەڕێزەکان، هەرچەندە یادکردنەوەی ئەنفال برینێکی قووڵە و یادەوەرییەکە خەبات و بەرخودانی ئەو کەسانەمان بیر دەخاتەوە کە گیانیان بەختکردووە بۆ میللەتەکەمان. ئەوان بۆ ئامانجێک خوێنی خۆیان بەختکرد کە ئەمڕۆ ئاهەنگی بۆ دەگێڕین و لە سێبەری قوربانیدانی ئەواندایە کە دەتوانین ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە بژین.

ڕێزی ئێمە بۆ ئەوان دەبێ لە هەموو لایەکەوە دەنگدانەوەی هەبێت. بۆیە ئێمە بەهیواین ڕۆژانی یادکردنەوە پاڵنەرمان بن بۆ بەردەوام بوون لە خزمەتکردنی خێزانەکانیان لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە. ئێمە کار بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، فرمێسکەکانیان و خەم و خەفەتی ناخیان دەکەین لە ڕێگەی پشتگیری لێکردنیانەوە. بەتایبەتی کە پێویستە هاوکار و یارمەتیدەریان بین بۆ ئەوەی بێنەوە سەرخۆ و دووریان بخەینەوە لە کولتووری ماتەمگێڕی و گریان. بێجگە لەوەش پێویستە وایان ڕابێنین کە شانازیی بە شەهیدەکانمانەوە بکەین و   گۆڕ و مەزارەکانیان بە گوڵ داپۆشین و بە دڵسۆزی بمێنینەوە بۆ پەیام و ئامانجەکانیان. پێویستە ئێمە دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان بپارێزین کە لە ئەنجامی بەرخودان و خوێن بەخشینی ئەواندا هاتووەتەدی.

ئێمە لە پێناوی یەکگرتوویی بزووتنەوە جیاوازەکانی نەتەوەکەماندا، دەمانەوێ ئەم ڕۆژانەی یادکردنەوە بگۆڕین بۆ یادەوەرییەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی. بۆیە هیوادارین لە هەموو لایەکەوە بە دڵگەرمی و جۆش و خورۆشەوە بەشداری بکەن. ئەمە خەبات و تێکۆشانێکی هاوبەشە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی نەتەوەکەمان، ئەو ئامانجەی کە شەهیدەکانمان ڕۆژگارێک هەیانبوو. وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفال داوا لە هەموو لایەک و ڕێکخراوەکان و ماسمیدیا و هەموو هاوسۆزان دەکات هاوکاری و پشتگیری و یارمەتی بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە: پەیامی دوورکەوتنەوە و جێهێشتنی کولتووری ئازێتباری و   ماتەم و فرمێسک ڕشتن؛ پەیامی ڕەخساندنی هیوا و خزمەتکردن بە کەسوکار؛ پەیامی دەستپێکردنی کولتوورێکی نوێی یادکردنەوە کە بتوانێت بە خزمەتی ژیانی کۆمەڵایەتی و برینەکانی ناخیان بکات.

ئەم ڕۆژەی یادکردنەوە پێویستە هۆشیاریی هاووڵاتییانمان زیاتر بکات، بەتایبەتی نەوەی نوێ. کاتێ ئێمە بۆ مێژووی بەرگری و قوربانیدانی میللەتمان، پێویستمان بەوەیە بگەڕێینەوە سەر یادەوەریی نیشتمان، کە دەتوانێت یەکێتی و خزمەتکردنمان بۆ شەهیدان و خێزانەکان و وڵاتەکەمان زیاد بکەن.

من دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و سوپاسی هەموو ئەوانە بکەن کە پاڵپشت و هاوسۆزی خێزانەکان و ماتەمینییان بوون. سوپاسی کابینەی پێشوو دەکەم، بەتایبەتی کابینەی شەشەم و دکتۆر بەرهەم ساڵحی ئازیزمان و وەزیرە بەڕێزەکان و پەرلەمانی کوردستان و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە ناسیاسییەکان و هەموو ئەوانەی هاوکاری و پشتگیریی خۆیان پێشکەش کردووە بە هەر شێوازێک بووبێت.

ئێمە وەک حکوومەتی کوردستان، ئومێد و چاوەڕوانییەکی زۆرمان هەیە بە خزمەتکردنی خێزانەکان. ئەمە ئەو بەرپرسیارێتییەیە کە لە ڕەوتی یادکردنەوەماندا جەختی لەسەر بکەینەوە. دەبێت بەم شێوەیە برینەکان ساڕێژ بکەین و ئازارەکان ساڵ لە دوای ساڵ کەم بکەینەوە، بە زیادکردنی خزمەتەکانمان و پرسە و ماتەمینەکە بکەینە ماتەمینیی  نەتەوەیی و پرسەکەش بکەینە پرسێکی نێودەوڵەتی. نەمری و شانازی بۆ شەهیدانی   ئەنفال و سەرجەمی شەهیدانمان. زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەکتان".

لە وتاردانەکەدا، شەهیدانی ئەنفال، شەهیدانی سەنگەر، پێشمەرگە -  ئەوانەی کە لە کاتی شەڕی دەوڵەتی بەعسیدا کوژران - بە وردی جیاکرانەوە و پێگەیەکی بەرزتریان پێدرا لە قوربانی، کە ئەنفالەکان بوون، واتە ئەو دانیشتووانانەی کە ئەنفال کران و بوون بە دەستکەوتی شەڕ. داڕشتنی وتارەکە لە ڕووی پێناسەی یاسای نێودەوڵەتییەوە بۆ جینۆساید و بۆ ئیدانەکردنی "نیاز یان مەبەست"ی دەوڵەتی بەعسی عێراق، خواستی سیاسیی بۆ سەرلەنوێ هێرشکردنە سەر و جموجووڵ بە ڕێڕەوێکی مێژوویی تاکدا ئاشکرا دەکات.

لەم نێوەندەدا، یازدە ساڵ بەسەر وتارەکەی ئارام ئەحمەدی وەزیردا تێپەڕیوە و بەڵێنەکەی - بۆ گۆڕینی بارودۆخی ژیانی کەسوکاری ئەنفالکراوان و بۆ قەرەبووکردنەوە لە دەوڵەتی عێراق و بۆ گەڕانەوەی ئێسک و پرووسکی قوربانییەکان و ناسینەوەی زانستییان و بۆ دادگاییکردنی ئەنفالچییانی کورد - هێشتا بەدینەهاتووە. ڕۆژی یادکردنەوە لە بنەڕەتدا پەیوەست بە ئەنفال بوو بەو پێیەی کە یادەوەریی نەتەوەیی یەکسانکراو و بیرەوەری و   ئازار و نیگەرانییەکانی ژنان و پیاوانی ڕزگاربوو و کۆمەڵگە ڕزگاربووەکانی پشتگوێ دەخست. گێڕانەوەی ئەنفال لە ڕێگەی چوارچێوەی سیاسی و یاساییەوە لە وەرگێڕانیدا بۆ پرسی نیشتمانی، یادەوەرییەکی نەتەوەیی و داهاتووی نەتەوەی کوردیش وایشی ڕاگەیاندووە کە ڕابردوویەکە کۆتایی هاتووە و تەواو بووە. مەبەست لە وتارەکە وەک نووسراوێکی شکۆمەندی یادەوەریی مێژوویی داهاتوو دوورخستنەوەی توندوتیژیی سیاسیی بوو بۆ ڕابردوویەک کە چیتر لە جیهاندا بوونی نەماوە. نیگەرانییەکانی داهاتووی وەک هەموو ئەو شتانە ڕاگەیاند کە پێویستە لەبیربکرێن و ڕزگاربووان و خێزانی ئەو کەسانەی دەرکرد کە لە شوێنی خۆیان بە نادیاری ماونەتەوە بۆ جیهانێکی چاوەڕوانی و یارمەتیی مانگانەی وەزارەت.

لە کاتێکدا ئامادەبووان چاوەڕێی دەستپێکردنی ڕووداوی داهاتوو بوون، ژنێک لە شەستەکانی تەمەنیدا کە بیستبووی ئەنفالچییەک لە ڕیزی پێشەوە دانیشتووە، بە لای ڕاستی ئامادەبوواندا ڕۆیشتە سەر شانۆ و چاوی بڕییە ئەوانەی کە کورسییەکانی پێشەوەیان داگیرکردبوو، پاشان بە دەستی لەرزۆکەوە ئاماژەی پێکردن و هاوارێکی کرد و وتی: "جاش لەکوێیە؟ لەکوێیە؟ لێرە چی دەکات؟" پاسەوانێکی ئاسایش بە قات و کەرواتەوە هاتە لای و ئاماژەی بە دەرگای چوونە ژوورەوە کرد و هەوڵیدا لەوێ دووری بخاتەوە: "بگەڕێرەوە! بگەڕێرەوە بۆ ئەوێ! پێت دەڵێم بگەڕێرەوە!" بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنە پشتگوێی خست و دیسانەوە هاواری کرد: "جاش لەکوێیە؟ لەکوێیە؟ لێرە چی دەکات؟" پیاوێکی ڕزگاربووی خەڵکی کۆمەڵگای ڕزگاری هاتە سەرەوە و بە پاسەوانەکەی گوت دەستی دابەزێنێت و کورسییەکی بۆ ژنەکە هێنا و لەسەری دانیشت و لەبری شانۆکە ڕووی لە ڕیزی پێشەوە بوو. هەروەها دوو ژنی نزیک لە من باسیان لە بوونی ئەنفالچییان دەکرد لە ناو ئامادەبوواندا. ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێمە دڵخۆش نین بەوەی ئەوان [جاش] لێرە ئامادەبن. زۆر خۆشحاڵین بیانبینین کە هەموویان دادگایی بکرێن، ئاخر ئەوان دوژمنی ئێمەن و پێویستە لەناوببرێن، چونکە ئاوهایان لەگەڵ ئێمە کرد"، ئەمە قسەی ژنێکی تەمەن نزیکەی پەنجا ساڵ بوو. ژنەکەی تر کە تەمەنی لە سی ساڵیدا بوو، لە وەڵامدا وتی: "وا باشترە بگیرێن و ڕووبەڕووی سزای شایستەی خۆیان ببنەوە".

ئەنفال نەمردووە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ڕەتیدەکاتەوە ئەنجام بدرێت یان بە هێمنی ببێتە ڕابردووی میللەت و مێژووەکەی. ئەو هێشتا لە جیهانی ژنە ڕزگاربووەکاندا دەسووڕێتەوە و هێشتا بە دوای هەق و مانای مرۆڤبوون لە دنیای دوای ئەنفالدا وێڵ و سەرگەردانە. بە دڵنیاییەوە ژنان بەو شێوەیە ناکەن کە وەزیر یان نمایشە دەستکردەکانی سەر شانۆ داوایان دەکرد، کە ئەویش ئازێتباری و ماتەمگێڕییانە بۆ ئەنفال وەک شتێک کە تێپەڕیوە و بووە بە ڕابردوو.

 

تابلۆی ئەنفال

 بێژەران یان پێشکەشکارانی بۆنەکە چوونە سەر شانۆ بۆ پێشکەشکردنی نمایشی شانۆیی "تابلۆی ئەنفال". دوو تاقمی منداڵ، یەکێکیان کچان و ئەویتریان کوڕان، هەموویان جل و بەرگی ڕەشیان لەبەردابوو، لە هەردوو لای بەرانبەرەوە چوونە سەر شانۆ و هەر تاقمێک بازنەیەکیان دروستکرد و هەر منداڵێک دەستی ڕاستی لەسەر شانی ڕاستی منداڵی پێشی خۆی بوو. ژنێکی ڕەشپۆش خۆی بەسەر داردەستێکدا دابوو، کە هێمای تەمەن و نەهامەتی بوو، لەسەرخۆ سەرکەوتە سەر شانۆکە و کەوتە لاواندنەوە و بالۆرە وتن و هاوکات دەنگی مۆسیقایەکی کز و خەمناک لە لە پاشخانەکەدا پەخش دەکرا. دێڕە شیعرییەکانی لە یادەوەرییە زیندووەکان و باری ژیان و گوزەرانی "ژنانی ئەنفالەوە" خوازرابوون:

وای ڕۆڵە

دەشتی بیابان

وای دایە گیان

بوو بە مەنزڵمان

بوو بە هەوارگەی باو باپیرمان

وای ڕۆڵە، وای ڕۆڵە

چەند ساڵە، باوە گیان

چەند ساڵە چاوەڕوانم

هەواڵی خۆشم بۆ بێت

من چاوەڕوانی،

کزەی جەرگەکەم، باوە گیان

نازی باوەش بووم

وای ڕۆڵە، وای ڕۆڵە

وای، وای، وای، وای

کۆرپەی بێنازم

ڕۆڵە گیان، ڕۆڵە گیان

لە چاو نەنێراوە

وای دایە گیان

لە باوەش خۆما

وای ڕۆڵە، وای ڕۆڵە

بێ گیان کراوە، بێ گیان کراوە

وای ڕۆڵە، وای ڕۆڵە

وای، وای، وای، وای

دەس لە داری گەردەم

وای باوە گیان، باوە گیان

هیچ کەس ناناسم، هیچ کەس ناناسم

وای باوە گیان

کزەی جەرگەکەم، واه کەساسم، واه کەساسم

من چارەم چییە؟

ئەنفال وایکرد لە من

منی بێ کەس کرد

کزەی جەرگەکەم

وای دایە گیان، دایە، دایە

دوو ژنی تەنیشتم بە وردی تەماشایان دەکرد و لە ژنە بالۆرەبێژەکە ڕامابوون کێ بێت و کێ نەبێت و لەبەر خۆیانەوە ورەوریان بوو "ئەو لە داخ و دەردی ئێمە تێدەگات". من فرمێسکم لە چاوی ژن و پیاوی بەساڵاچوو و تەمەن ناوەڕاستی تر بینی. لەم وەرچەرخانەدا نمایش، کاری شانۆگەری، مۆسیقا، بالۆرە و لاواندنەوە و شیعر، ئەنفال بەرجەستە بوو، کە لە ڕاستیشدا لەلایەن ئەکتەری نێرینە و مێینە و گۆرانیبێژ و بالۆرەبێژ و سەردوولکەبێژەوە خانەخوێی / میوانداریی لێکرا، کە سیاسەتی کاریگەری یادەوەری و ماتەمینییان نیشان دەدا. ژنە بالۆرەبێژەکە لەسەرخۆ شانۆکەی بەجێهێشت و لازیمەکەی دووبارە کردەوە "وای ڕۆڵەکەم، وای دایە، وای باوە" و بە دەستی ڕاستی لە سینگ و سەری دەدا وەک هێمایەک بۆ ئەوەی کە ژیانی سەرومڕ زیان و لەدەستدانی نەگەڕاوە. دووانە بالۆرەبێژی تری ژن چوونە سەر شانۆ و بە جووتە و ویرد ئاسا دەستیان کرد بە لاواندنەوە و بالۆرە وتن:

ئەنفال، ئەنفال، ئەنفال، ئەنفال

ئەنفال، ئەنفال، ئەنفال، ئەنفال

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفال، ئەنفال، ئەنفال، ئەنفال

ئەنفال، ئەنفال، ئەنفال، ئەنفال

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

پیر و پەککەوتەی کوردستانم

کچ و کوڕانی ئەم نیشتمانەم

ژن و مناڵانی ئەم وڵاتە

هەموو ژینی ئەم وڵاتە

تەنانەت گۆڕی شەهیدەکان

ئەنفال، ئەنفال، ئەنفال، ئەنفال

ئەنفال، ئەنفال، ئەنفال، ئەنفال

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفالکراوین

ئەنفال،

لە کوێن؟

لە کوێن؟

کوڕەکانمان، کچەکانمان

مناڵەکانمان

دایکمان، باوکمان

هەموو کەسوکار و ڕۆڵەی میللەتەکەمان

لە کوێن؟

لە کوێن

لە کوێ بەجێتان هێشتین؟

لە کوێ دەربەدەرتان کردین؟

خۆ میللەتێکی بێوەی بووین

بۆ ژیانتان لێ تێکداین؟

بۆ پەرژ و بڵاوتان کردینەوە؟

هەر یەکەمان بۆ لایەک،

هەر یەکەمان بۆ چاڵێک

یان هەموومان بۆ قەبرێکی نەناسراوە،

بە زیندە بە چاڵی

کاتێک ئەمانەتان کرد،

کەسی خۆتان نەهاتە بەرچاو؟

ویژدانتان نەجووڵا؟

هاواریان نەکرد بە سەرتانا، بڵێن بۆ وا دەکەن؟

بۆ زیندە بەچاڵیان دەکەن؟

بۆ ئەیانکەنە بەردەم سەگە خوێڕییەکان؟

هەر لەبەر ئەوەی وتیان ئێمە کوردین؟

ئێمە مافی ژیانمان هەیە و مافی خۆمان ئەوێ؟

بەر لەعنەتی خوا کەون

دڵنیابن ئەوەی بەسەر ئێمەتان هێنا

ڕۆژێک لە ڕۆژان بەسەر ئێوەشدا دێتەوە،

لەسەر ئەم ستەمەتان

هاوار

هاوار ئەی میللەتان

خۆ لە بەر چاوی ئێوە وایان لێکردین

سەیرتان دەکردین

چی وا کوێرایی داهێنان لە بێ دەنگیتان؟

بەڵام بزانن میللەتی من میللەتی کوردە

ئەنفال نەیتوانی چۆکم پێ دابدا،

ئەمڕۆم لە بەرچاو بوو

تەنانەت زەویی هاتەوە

باکان هەڵیان دەکرد،

بۆنی ڕوفاتی ئەنفالی بۆ دەهێنان

دەیانوت ئێمەش لێرەین

لەم سەحرایەداین

لە چاڵێکی بەکۆمەڵداین

وەرن بمانبەنەوە

خۆ خوێنمژەکان قڕیان تێکەوت

قڕیان تێکەوت، قڕیان تێکەوت، قڕیان تێکەوت.

ئەوجا تاقمێک لە کچان و کوڕان، هەموو بە جلی ڕەشەوە، چوونە پاڵ بالۆرەبێژان لەسەر شانۆ و بە کۆرس دەیانوتەوە. ئێستا بالۆرەبێژان بە ڕۆڵی خۆیان ئەم بەیتانەیان دەوتەوە:

بەساڵاچووانی کوردستان

کوڕانی ئەم نیشتمانە

ژنان و منداڵانی ئەم وڵاتە

تەواوی ژیان لەم وڵاتەدا

تەنانەت گۆڕستانی شەهیدانیش

بالۆرەبێژ و لاوێنەرەوەکان هەمان بەیتیان دووبارە کردەوە تا ئەو کاتەی پیاوێک هاتە ناوەوە و هەمان دیمەنیان گواستەوە بە پرسیارکردن. کاتێ کە ئەو دەیلاواندەوە، ژنانی ئامادەبوو لە بۆنەکەدا دەستیان کرد بە بەرزکردنەوەی وێنەی ئازیزانیان. ئەوانە هەندێکیان فرمێسکیان بە ڕوومەتدا دەهاتە خوارەوە نیشانەی ئەوەی کە دیمەنەکە چۆن لە قوربانییەوە گۆڕا بۆ ڕزگاری. هەموو گۆرانیبێژەکان شانۆکەیان بەجێهێشت و هەر یەکەیان بە دەستی ڕاستی مۆمێکی پارافین و ئاڵایەکی بچووک و پێچراوەی کوردی بە دەستی چەپەوە و بە کەلەکەیانەوە نووساندبوو. ئەوجا مۆمەکانیان بەرز کردەوە و گۆرانییان دەگوت:

گڵۆپی شەهیدبوونم دابگیرسێنە و

دایک و باوکم ئاگادار بکەرەوە کە پرسە و ماتەمی مردنم بۆ نەگێڕن.

شەهیدبوونی من بە خوێنی دڵت بنووسە و بە فرمێسکی چاو بیخوێنەرەوە.

مەگری .. مەگری

وەک منداڵەکان بەردەوام بوون لە ئەم بەیتانە بە ئاوازەوە، پێشمەرگەیەک بە ئاڵایەکی لوولکراوی کوردەوە هاتە سەر شانۆ و لە بەردەمیاندا دەستی کرد بە ڕێپێوان بۆ سەرەوە و خوارەوە. منداڵەکان بێدەنگ بوون و چۆکیان دادا و دیسانەوە هەستانەوە و دەستیان کرد بە گێڕانەوە: "ئەم میللەتە ئازارێکی زۆری چەشتووە: بارانی چەکی کیمیایی و ئەنفال و ستەم و ئەشکەنجە و سڕینەوە لە ژیان، بەڵام قوربانیدانی شەهیدان بەرگرییەکی گەورەی ئێمە بوو. بۆیە لە عێراقێکی ئازاددا، کوردەکانیش دەتوانن بڵێن: ئێمەش هەین". پاشان منداڵەکان ئاڵاکانیان بەرزکردەوە کاتێک یەکەم ژنە بالۆرەبێژ لە بەردەمیاندا ئاڵایەکی زۆر گەورەتری خۆی هەڵکرد و شەکاندیەوە و پاشان هەموویان دەستیان بە گۆرانی وتن کرد:

کوردستان، کوردستان

ئەی خاکی جوانی

بە خۆشی بژیت

لە شانازی و لە ئازادیدا.

نمایشی دووەم ئەم چیرۆکەی بۆ هەموو نەتەوەی کورد و نیشتمان درێژکردەوە کە باسکردنی ئەنفال بوو وەک وێرانکارییەکی تەواوی نەتەوەی کورد: "ئێمە ئەنفالکراوین... تەواوی ژیانی ئەم وڵاتە و تەنانەت گۆڕستانی شەهیدانیش" و کوردستان وەک زێدی خۆیان. لە هەمان کاتدا گەڕایەوە بۆ بەرخودانی کورد و پێویستیی دۆزینەوە و هەڵدانەوەی ڕوفات و پاشماوەی بەشەریی ئەو کەسانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراون، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئارامی لە زێدی ئازادکراوی خۆیاندا ڕابکشێن. لێرەدا ڕزگاری بۆ دیاریکردنی مانەوە و خۆڕاگریی نەتەوەی کورد بوو، کە لە سروودی نەتەوەیی کوردیشدا هاتووە:

ئەی‌ ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زمان

 نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان

 کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە

 زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان

 ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین

سەیری کە خوێناوییە ڕابردوومان

 کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە

 زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان

 لاوی کورد ھەستایە سەر‌ پێ وەک دلێر

 تا بە خوێن نەخشی بکا تاجی ژیان

 کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە

 زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان

 ئێمە رۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین

 دینمان، ئایینمان ھەر نیشتمان

 کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە

 زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان

 لاوی کورد ھەر ‌حازر و ئامادەیە

 گیان فیدایە، گیان فیدا، ھەر گیان فیدا

 کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە

 زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان

سێیەم و دوا وتاربێژ، بێباک عەبدوڵڵا بوو، کە وەک نوێنەری ڕزگاربووان و خێزان و بنەماڵەی ئەنفالکراوان پێشکەش کرا و داوای لێکرا بێت لەسەر شانۆ داخوازییەکانیان بخوێنێتەوە:

"بەخێربێن بۆ دڵی پڕ داخ و حەسرەتی [ناوچەی گەرمیان]ی ئەنفال. ئەمڕۆ ساڵڕۆژی یادکردنەوەیە و بیرەوەریی بیست و چوار ساڵەی ئازاری ویژدان و دڕندەییەکانی ئەنفالە، کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس لە ساڵی ١٩٨٨دا ئەنجامیدا.

بێجگە لە تاڵانکردن و وێرانکردنی وڵاتەکەمان، جینۆساید ١٨٢ هەزار مرۆڤی کوردی لێ فڕاندین و بزری کردن و دوای ئەزموونێکی سەختی پڕ لە ئازار و ستەم لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا شاردرانەوە. ئەوانە پێشبینی ئەو سەقامگیری و ئازادییە بوون کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا لێی بەهرەمەندین. ئەنفال و هەڵەبجە هەمیشە وەک قەڵغانی پاراستن و پارێزگاریی مافی مرۆڤی کورد و وەک کورد دەمێننەوە.

میوانە بەڕێزەکان، سەرەڕای پشتگیری و بەزەیی لە هەندێک کەس لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە وەک پاشماوە و بەجێماوی ئەنفالەکان و بنەماڵەی ئەنفالکراوان ئەو مامەڵەیەمان ئەزموون نەکردووە کە شایستەمان بێت.

هەر بۆیە ڕوو لە ئەو کەسانە دەکەین کە لەم هەرێمەدا بەرپرسیارن و جەخت دەکەینەوە لەسەر:

1- داواکاریی گەڕانەوەی هەموو ئێسک و پرووسک و پاشماوەی بەشەریی ئازیزانمان دەبێت بە جیددی وەربگیرێت.

2- هەموو هاوکارە کوردەکانی (ڕژێم)، کە ئێستا هەر پێگە و پۆستێکی سیاسییان هەبێت، پێویستە بەرەوەڕووی سزا ببنەوە.

3- یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەبێت چاکسازیی تێدا بکرێت بۆ ئەوەی یاسا بتوانێت بە شێوەیەکی کارا مامەڵەی لەگەڵدا بکات و داواکارییە هەنووکەییەکان و بارودۆخی ژیانی سەخت ڕەچاو بکرێت.

4- داواکاری تەواوکردنی دوو هەزار حاڵەتی یاسایی دەکەین، ئەو کەیسانەی کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالەوە بە داخراو ڕاگەیەندرابوون. ئەمەش دەبێتە هۆی کاریگەری وجودییان لەسەر بارودۆخی ژیانی بنەماڵەی ئەنفالکراوان کە هێشتا چاوەڕێی وەرگرتنی وەڵامی وەزارەتن.

٥- داواکاری جێبەجێ کردنی ئەو بودجەیەین کە بۆ کۆمەڵگای شۆڕش بۆ ساڵی ٢٠١٢ داڕێژراوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن خێزانەکانی ئەنفالکراوانەوە نیشتەجێیە و بێبەشن لە زۆربەی سەرەتاییترین ماف و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانیان.

6- پێویستە بنەماڵە و شایەتحاڵانی ئەنفال ڕێگە بدرێن بەشداری بکەن لە کۆنفرانسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە مامەڵە لەگەڵ ئەزموونەکانیان دەکەن.

بە بۆنەی ڕۆژی یادی ساڵانەوە، پەیامی سەرەکیمان ددانپێدانانی نێودەوڵەتییە بە کارەساتی ئەنفال وەک جینۆساید. ئێمە هەست دەکەین کە دەتوانرێت زۆر شتی تر لەم ڕووەوە بکرێت. ئەم کەمییە لە کردەوەدا ناڕەحەتی و نیگەرانیمان وەک بنەماڵەی ئەنفالکراوان بەرز دەکاتەوە کە ١٨٢ هەزار ڕۆحیان لەدەستداوە.

لە کۆتاییدا، ڕوو لە سیاسەتمەداران و سیاسییەکان و لایەنەکانی ئەم هەرێمە دەکەین، داوایان لێبکات ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە و خۆیان لە بەسیاسیکردنی یادەوەریی ئەم کارەساتە بەدوور بگرن. داواکارین لێیان تێبگەن و بەشداری کردنی ئەم ڕۆژانی یادەوەرییە لەگەڵ ڕۆحێکی تەرخانکراو بۆ کوردایەتی و نیشتمانیی ئێمە. سەرکردە سیاسییەکانی ئەم هەرێمە پێویستە ئاوڕێک لە دواوە بدەنەوە و تێبگەن کە خوێنی ڕژاوی شەهیدان و ئەنفالکراوانە ئەم پێگە و شوێنەی بۆ ئەوان ڕەخساندووە. پێویستە ئەوان لەم ڕۆژی یادکردنەوانەدا بەشداربن و بەزەیی دڵسۆزانەیان یەکبخەن لەگەڵ ئەوەی خێزان و بنەماڵەی ئەنفالکراوان، تاوەکوو هەموومان بتوانین پۆشاکێکی نوێی بەبەردا بکەین و لەو شێوازانەی پێشتری یادکردنەوە دوور بکەوینەوە".

خێزانی ئەنفالکراوان، چەمچەماڵ، ١٤ی نیسانی ٢٠١٢

بێباک ئەندامی کۆمەڵەی هەڵوێست بوو بۆ بەرگری لە ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری قوربانییەکان. ئەو کۆمەڵەیە، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە، نوێنەرایەتیی ڕزگاربووان و خێزانەکانی نزیکەی سێ هەزار ئەنفالکراوی لە چەمچەماڵ دەکرد. بە هۆی کاریگەریی جیاوازی سیاسیی لایەنەکان، بەتایبەتی (ی ن ک)، کۆمەڵەکە بە فەرمی لە دوادوایی ساڵی 2012دا هەڵوەشایەوە.  ئەوان لیستی داواکارییەکانی یاداشت و نیگەرانییەکانی ڕزگاربووان و خێزانەکان لە سەرانسەری کوردستاندا دووپات دەکردەوە و نەیانتوانی باس لەوە بکەن کە ژیانی ئەو ئەنفال و توندوتیژیی سیاسی وەک ماتەمینی بێکۆتاییە. یادگارییەکان هەروا دەمێننەوە و بە شێوەیەکی بەربڵاو بەرجەستەن بە ئاستێک کە بیرۆکەی قسەکردن لەسەریان یان پێشوازیکردن لە ژنانی ڕزگاربوو بۆ گێڕانەوەیان لەسەر شانۆ هەرگیز بژاردە نەبوو لە هەر یەکێک لە یادەکانی ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ و ٢٠١٤دا. لەو هۆکارانەی کە بۆچی ئەمە هەرگیز ڕووی نەدا داواکارییەکانی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفال و کۆمەڵەکانی ڕزگاربووان و چالاکوانان بوون کە پیاوان تێیاندا باڵادەست بوون و بە هۆکاری بوونی "کەسانی خوێندەوار" لەسەر شانۆ کە بە زمانپاراوی لەبارەی ئەنفالەوە قسەیان دەکرد بەو پێیەی یادێکی ڕزگارکەرە و هەمیشە لە پەیوەندیدایە بە ڕزگاریی نیشتمانی/ نەتەوەییەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە پێگەی نەک تەنها لە پەراوێزخستن یان وەدەرنانی بەڵکو بە کەم تەماشاکردنیش بۆ ئافرەتانی ڕزگاربوو: واتە پەروەردە و ئازادیی گێڕانەوە بوون یەکسان کراوە لەگەڵ دەسەڵاتی ڕەگەزی یان جەندەری.

یادی ساڵڕۆژی ئەنفال بە گوڵبارانی بەشداربووان بەسەر ئامادەبوواندا کۆتایی هات لەلایەن کۆمەڵێ منداڵی کچەوە لە مەڵبەندی ڕۆشنبیریی منداڵانی چەمچەماڵ و جلەکانی بەریان کردبوو بە ڕەنگەکانی ئاڵای کوردیی -  سپی و سوور و سەوز. ئەم منداڵانە هەریەکەیان سەبەتەیەک گوڵی سووری هەڵگرتبوو و پەڕەی گوڵەکانیان بەسەر یەکەم ڕیزەکانی پێشەوەدا هەڵدەدا و تەنانەت هەندێکیان دەگەیشتنە ڕیزی چوارەمیش. دوابەدوای ئەمە وەزیر و ڕێکخراوەکانی ڕزگاربووان لە ناوچەی گەرمیان تاجەگوڵینەی خۆیان دانا لەسەر یادگاریی دایکەکە بە کۆرپەکەی باوەشیەوە -  نەک لە گۆڕستاندا. وەک ئەوەی لەم مۆنۆمێنتی یادگارییە هونەرییەدا ڕوویدا، تاجەگوڵینە هاتە ڕیزکردن و ئەنفالیش وەک ڕووداوێکی مێژوویی هاتە ناشتن و دوای ئەوەی میللەت توندوتیژییەکی سیاسیی ئەزموون کرد، ئیتر پێویستی بە نوقمکردنی خۆی هەیە لە هونەر و تاجە گوڵینەدا، چونکە کاریگەریی هەیە لەسەر هەردوک یادەوەریی ڕابردووی و ئایندەی. کەواتە ماتەمینی و ئازاری بێکۆتایی ئەوانە چۆن دەبن کە بە ڕێکەوت لە ژیاندا ماون، وەک ئەو ژنەی کە بلووزی براکەی دەپارێزێت و ژنەکەش کە دەپرسێت "جاش لە کوێیە؟ لە کوێیە؟ ئەو لێرە چی دەکات؟" ئاخۆ ئەمە گونجاوە لە جیهانی هونەر و مۆنۆمێنتی   یادگاری و گۆڕی نەناسراودا، یان لە بەرانبەر لیستی ئەو بەڵێنانەی کە هێشتا جێبەجێ نەبوون و خەم و نیگەرانییەکانی تر بەرجەستە دەکەن لە سەر ئەرز؟

ئەو ژنەی کە هەوڵیدا نادادپەروەری ئاشکرا بکات لە کاتێکدا خۆی ئاشکرا دەکات، وەک هەموو ژنە ڕزگاربووەکانی دیکە بوو: بێبەش بوو لە هەموو مافەکانی دەرکەوتن و قسەکردن لەسەر شانۆ، فەزای قسەکردنی لە تەلەفزیۆنی مانگی دەستکرد (سەتەلایت) ڕەتکرایەوە. لەو شوێنەی کە ژنانی تر بە نمایشکردنی وێنەی ئەندامانی بێسەروشوێنی خێزانەکانیان ماتەمینی و ئازاری بێکۆتایی و داواکاریی خۆیان بۆ هەق دەربڕی، ئەو بە بلووزێک و گێڕانەوەی زیندووی ئازارێکی سەخت ئەو کارەی کرد. دوای سی و پێنج ساڵ، هێشتا ئەم ژنانە دەبێ داوا و بانگەشەی هەق بکەن و یەکتر هان بدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و ناهەقی (نادادپەروەری): "نابێت واز لەو قسانە بهێنین کە دڵمانی گوشیوە و نیگەرانی کردووین". ئەگەر ماتەمینی بێکۆتایی و چاوەڕوانی و تەنیایی بۆ هەموو ئەوانە وەک یەک نەبن کە لە ژیاندا ماون، بۆ هەندێک ئەم بارودۆخی ژیانە ئازاری جەستەیی لەخۆدەگرێت کە بەرەنگاری چاکبوونەوە دەبێتەوە، پەرتەوازەییەکی بێئامانی بەرپاکردووە - واتە مەحاڵیی بوون و ژیان لە دنیادا. بۆ ئەوەی ڕزگاربوویەکی ئەنفال بیت دەبێت ژیان و گوزەرانێکی پەرتەوازە و بێ ماڵ و حاڵت هەبێت یان بەردەوام لە ماتەمینییەکی بێکۆتایی و داواکاریی چەسپاندنی دادپەروەریدا بژیت.

 

سەرچاوە: بەشی پێنجەمی کتێبی:

"مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق"

نیشتمانی کێ؟ میللەتی کێ؟

Being Human

Political Modernity and Hospitality in Kurdistan-Iraq

Fazil Moradi

2024

 

*  تێبینی: ئەم بابەتە بەشێکە لە کتێبێک، کە لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆجیی مەیدانییە بەو ناونیشانەی سەرەوە و توێژەری کورد د. فازڵ مورادی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی کردووەتەوە.  ئێمە ئەم کتێبەمان کردووەتە کوردی و هێشتا وەرگێڕانە کوردییەکەی لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ و بڵاو نەکراوەتەوە - وەرگێڕ.

زۆرترین بینراو
"سه‌رجه‌م په‌ڕه‌كانی كه‌ناڵی زوم هاككران" و به‌شێك له‌ كارمه‌نده‌كانی وازیان هێنا
گۆڕانكاری له‌ شوێنی بازگەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین ده‌كرێت
​دوای کشانەوەی هێزەکانی.. ئەمریکا هۆشداری هێرشکردنە سەر عێراق دەدات
ئاوات شێخ جه‌ناب: ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ته‌داخولی سلبی ئیداره‌ی سلێمانی
بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با: هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سنوره‌كانی عێراق له‌نێو خاكی سوریاو ئوردن و كوه‌یت دوربخرێنه‌وه‌
بەهۆی گۆرانی وتن بەبێ باڵاپۆشی؛ گۆرانیبێژێکی ئێرانی بە ٧٤ قامچی سزادرا
دو گروپی چه‌كداری عێراقی پابه‌ندبونیان به‌ پلانی حكومه‌ت بۆ كۆنترۆڵكردنی چه‌ك راده‌گه‌یه‌نن
ئێران داوایەکی بەپەلە ئاراستەی عێراق دەکات سەبارەت بە گەشتە ئاسمانییەکان
مارکۆ ڕوبیۆ داوایی لە عەباس عێراقچی و شاندی ئێران کردوە ئەمریکا بەجێبهێڵن
دژه‌تیرۆری عێراق:  له‌سه‌ر 2 شه‌هیده‌كه‌ی پردێ دو لیژنه‌ پێكهێنراون و به‌پێی ئه‌نجامه‌كان رێكار ده‌گیرێته‌به‌ر
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×