گۆڕینی چاڤی لاند بۆ پڕۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبون و بازرگانی "سه‌رپێچییه‌كی نوێیه‌ له‌ بناری گۆیژه‌"
  2026-10-05     

ده‌سته‌ی داكۆكیكردن له‌ سروشت و موڵكی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، گۆڕینی پڕۆژه‌ی چاڤی لاند كه‌ خاوانه‌كه‌ی شاسوار عه‌بدولواحیده‌، بۆ پڕۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبون و بازرگانی، "سه‌رپێچییه‌كی نوێیه‌ له‌ بناری گۆیژه‌" و ده‌شڵێت، ھەڵوێستی ئێستای سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە بناری گۆیژە دەکاتە باڵەخانەی ٣٠ نھۆمی، پێچەوانەی تەواوی ئەو بەڵێنانەیە کە پێشتر جوڵانه‌وه‌كه‌ لەبەردەم میدیاکاندا بە ژینگەپارێزان و ھاوڵاتیانی سلێمانی دابون.

ئاوێنه‌: ده‌سته‌ی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، "پڕۆژەی چاڤی گەشتیاری، کە دەکەوێتە بناری چیای گۆیژە و خاوەنەکەی شاسوار عەبدولواحیدە، لەم دواییانەدا بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی، گۆڕدراوە بۆ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبون و بازرگانی؛ کە پێکھاتووە لە دروستکردنی ١١ باڵەخانەی ٣٠ نھۆمی، لەگەڵ دەیان دوکان لە بەشی پێشەوەی پڕۆژەکە."

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ "ھەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە ڕۆژھەڵاتی بناری گۆیژەوە تا تونێلی پێشڕەو و ناوچەی دۆڵەڕوت دروستکرابێت، سەرپێچییەکی ئاشکرایە لەسەر ماستەرپلانی سلێمانی، چونکە ئەم ناوچانە بەپێی یاسا، زەویی پارێزراون."

ده‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو "ئەگەر پێشتر لەبەر مۆرکە گەشتیارییەکەی تیشکمان نەخستبێتە سەر چاڤی لاند، ئێستا کاتێک بەشێکی دەکرێتە باڵەخانەی ٣٠ نھۆمی و زیانی کوشندە بە کەشوھەوا و دیمەنی چیاکە دەگەیەنێت، بە توندی ئەم کارە سەرکۆنە دەکەین ."

ده‌سته‌ی داكۆكی ئه‌وه‌شی بیرهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ پاش سەردانی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لە سەرودەمی ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٤دا لە لایەن دەستەکەیانەوە، لە ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ سەردانی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێیان کرد، بەرپرسانی ئەو لایەنە بەڵێنی تەواویان پێداون و جێگری سەرۆکی جووڵانەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوه‌ "پاڵپشتیی تەواوی ئەم دەستەیە دەکەین. ئەگەر ببینە ھێزی یەکەم، نەک تەجاوزاتی سەر گۆیژە ڕادەگرین، بەڵکو ئەو کۆمپانیایانەش دەدەینە دادگا و دەیانخەینە زیندانەوە."

ده‌سته‌كه‌ وتویه‌تی "ھەڵوێستی ئێستای سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە بناری گۆیژە دەکاتە باڵەخانەی ٣٠ نھۆمی، پێچەوانەی تەواوی ئەو بەڵێنانەیە کە لەبەردەم میدیاکاندا بە ژینگەپارێزان و ھاوڵاتیانی سلێمانی درابوون."

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

پڕۆژەی چاڤی گەشتیاری و سەرپێچیی نوێ لە بناری چیای گۆیژە

چاڤی گەشتیاری کە دەکەوێتە بەشی باکوری شاری سلێمانی و لە بناری گۆیژەدایە و پرۆژەیەکی گەشتیاریەو خاوەنەکەی شاسوار عەبدولواحیدە، لەم ماوەیەی دوایدا بەشی باکوری پرۆژەکە کە دەکەوێتە بناری چیای گۆیژە، بە رەزامەندی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی دەکرێت بە ١١ باڵەخانەی ٣٠ نھۆمی و، ھەروەھا لە پلانی کۆمپانیاکەدایە کە بەدەیان دوکان ( کە دەچنە خانەی بازرگانییەوە ) لە بەشی پێشەوەی پرۆژەکەدا دروستبکات.ھاوڵاتیانی خۆشەویستی سلێمانی و ھەرێمی کوردستان..
پڕۆژەی چاڤی گەشتیاری، کە دەکەوێتە بناری چیای گۆیژە و خاوەنەکەی شاسوار عەبدولواحیدە، لەم دواییانەدا بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی، گۆڕدراوە بۆ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و بازرگانی؛ کە پێکھاتووە لە دروستکردنی ١١ باڵەخانەی ٣٠ نھۆمی، لەگەڵ دەیان دوکان لە بەشی پێشەوەی پڕۆژەکە .

ئێمە لە دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و مڵکی سلێمانی ڕایدەگەیەنین:

- ھەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە ڕۆژھەڵاتی بناری گۆیژەوە تا تونێلی پێشڕەو و ناوچەی دۆڵە ڕووت دروستکرابێت، سەرپێچییەکی ئاشکرایە لەسەر ماستەرپلانی سلێمانی، چونکە ئەم ناوچانە بەپێی یاسا، زەویی پارێزراون (اراچی محمیە).
- ئەگەر پێشتر لەبەر مۆرکە گەشتیارییەکەی تیشکمان نەخستبێتە سەر چاڤی لاند، ئێستا کاتێک بەشێکی دەکرێتە باڵەخانەی ٣٠ نھۆمی و زیانی کوشندە بە کەشوھەوا و دیمەنی چیاکە دەگەیەنێت، بە توندی ئەم کارە سەرکۆنە دەکەین .

بەڵێنەکانی دوێنێ و واقیعی ئەمرۆ

پاش سەردانی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لە سەر و دەمی ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٤دا لە لایەن دەستەکەمانەوە، لە ڕۆژی 
٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ سەردانی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێیمان کرد، بەرپرسانی ئەو لایەنە بەڵێنی تەواویان پێداین، جێگری سەرۆکی جووڵانەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پاڵپشتیی تەواوی ئەم دەستەیە دەکەین. ئەگەر ببینە ھێزی یەکەم، نەک تەجاوزاتی سەر گۆیژە ڕادەگرین، بەڵکو ئەو کۆمپانیایانەش دەدەینە دادگا و دەیانخەینە زیندانەوە."

ھەڵوێستی ئێستای سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە بناری گۆیژە دەکاتە باڵەخانەی ٣٠ نھۆمی، پێچەوانەی تەواوی ئەو بەڵێنانەیە کە لەبەردەم میدیاکاندا بە ژینگەپارێزان و ھاوڵاتیانی سلێمانی درابوون.

ئێمە لە (دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی)، بەردەوام دەبین لەسەر ھەڵوێستی ڕاشکاوانەی خۆمان بەرامبەر ھەر دەستدرێژییەک بۆ سەر موڵک ،ژینگە، سروشت و شوێنە کەلەپوورییەکانی سلێمانی و کوردستان و، لە ڕێگەی چالاکیی جۆراوجۆرەوە ھەوڵی ڕاگرتنیان دەدەین .

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦

زۆرترین بینراو
ڕاپۆرتێکی ئیسرائیلی: کشانەوەی ئەمریکا خاکی عێراق دەکاتە ئامانجێکی کراوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانمان
سه‌باح نوعمان: ئه‌وانه‌ی له‌ به‌غدا سوكایه‌تییان به‌ ئاڵای ئه‌مریكا كرد، ده‌ستگیركران
کاردانەوەکانی سزادانی ئامەدسپۆر؛ دەم پارتی تۆمەتی "رەگەزپەرستی" ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەکات
لەنێوان هەڕەشە و دیپلۆماسیدا؛ تڕەمپ هۆشداری بەکارهێنانی هێز دەدات و تارانیش پلانێکی حەوت ڕۆژە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پێشنیار دەکات
حەوت ساڵە هەفتانە ڕوو لە چیاکان دەکەن: ٨٠ ژنی هەورامان گرووپێکی شاخەوانییان پێکهێناوە
"هه‌فته‌ی داهاتو به‌غدا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم خه‌رج ده‌كات"
«شەپۆلێکی تاوەباران و هەورەبروسکە ڕوو لە هەرێم دەکات؛ زۆرترین کاریگەری لەسەر سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت»
نرخی شیش و چیمەنتۆ و کەرەستەی بیناسازی بەرزبووەوە
په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌: سه‌فین دزه‌یی له‌باره‌ی بڕینه‌وه‌ی دار له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان لێدوانی نه‌داوه‌
وه‌زیری نه‌وتی ئێران ده‌ستی له‌ كاركێشایه‌وه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×