نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی كه هه‌ر كه‌سێك ئاسته‌نگ بۆ بڕیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌باره‌ی كۆنترۆڵكردنی چه‌ك دروست بكات، سكاڵای یاسایی له‌دژی ده‌جوڵێنن و ده‌شڵێت، پرسی به‌كارهێنانی چه‌ك یاخود پشتگیریكردن و هه‌ڕه‌شه‌پێكردنی له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت، ده‌كه‌وێته ژێر باری یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر.
ئاوێنه: نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا جه‌ختی له‌وه كردۆته‌وه كه ئازادی ڕاده‌ربڕین و كاری ڕاگه‌یاندن له ڕوی ده‌ستوری و یاساییه‌وه دەستەبەركراون، به‌ڵام دروست نییه بكرێنه ئامرازێك بۆ هاندانی توندوتیژی یان شه‌ڕی ناوخۆ، یان پشتگیریكردنی چه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت، یان پشتگیریكردنی گروپه له‌یاسا ده‌رچوه‌كان.
جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه له‌و روه‌وه، حكومه‌ت سه‌رجه‌م داموده‌زگه‌كانی پابه‌ندده‌كات به جێبه‌جێكردنی یاسا و جوڵاندنی سكاڵا سزاییه‌كان دژی هه‌ر كه‌سێك كه هه‌ڵسێت یان به‌شداری بكات یان هاوكار بێت له هاندانی ڕاگه‌یاندن، یان ئاستەنگ دروستبكات بۆ بڕیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی چه‌ك.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش هه‌میشه پشت به ده‌ستوری عێراق و یاسا كارپێكراوه‌كان دەبەستێت كه ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراقیش جه‌ختی لێكردۆته‌وه كه به‌كارهێنانی چه‌ك یان پشتگیریكردنی یان هه‌ڕه‌شه‌پێكردنی له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌وێته ژێر باری یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر.