پێشبینییە کەشناسییەکان ئاماژە بە هاتنی بارستەهەوایەکی سارد لە وڵاتی تورکیاوە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە دەبێتە هۆی دابەزینی زیاتری پلەکانی گەرما لە ڕۆژی چوارشەممەوە.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی سەبارەت بە وردەکاریی ئەو گۆڕانکارییە لە کەشوهەوادا ڕایگەیاند، لە سبەینێ چوارشەممەوە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، بەڵام ئەم شەپۆلە وشکە و هیچ ئەگەرێکی بارانبارینی لەگەڵدا نییە.
ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیشی کردەوە، بەهۆی کاریگەریی ئەو شەپۆلە ساردەوە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ سێشەممە بە ڕێژەی (٢ بۆ ٣) پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە. هاوکات خێرایی با لە ناوچەکەدا ئاسایی و لەسەرخۆ دەبێت و کاریگەرییەکانی ئەم دابەزینەی پلەکانی گەرما تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوامی دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی پێشبینییەکانیدا و لەسەر ئاستی کەشوهەوای ناوچەکە، ئاراس جەبار ئاماژەی بەوە داوە کە لە ماوەی ئەمڕۆ و سبەینێدا، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و تەرزە ڕوو لە بەشێکی بەرفراوانی بیابانەکانی ناوەڕاست و باکووری ڕۆژهەڵاتی عەرەبستانی سعودیە دەکات، بە شێوەیەک کە ئەگەری دروستبوونی لافاوی گەورەی لێ دەکرێت لەو ناوچانەدا.