گفتوگۆیەکی خەیاڵی لەگەڵ هێربەرت مارکوزە
  2026-11-10     
هێربەرت مارکوزە

نووسینی: حەرمون حەمییە

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

بێ هیچ پێشەکییەک، پێمان نایە سەردەمی کۆتاییەکانەوە. بەڕێز مارکوزە، بە سەردانییە چاوەڕواننەکراوەکەت خۆشحاڵین. دەزانیت وێنەیەکی ئێوەم لە ژووری کتێبخانەکەم هەڵواسیوە؟

مارکوزە: نەخێر، ئاگادار نیم، پێم سەیرە...

 

باشە، ببوورە، لە سەرسوڕمانت تێ دەگەم. با ئێمە لە کارل مارکسەوە دەستپێبکەین. مارکس لە نووسینەکانی نێوان ساڵانی 1844و1846دا بەو چەشنە باسی شێوازی کاری لە جڤاکی پیشەسازیی نوێدا کردووە، کە مرۆڤ دووچاری نامۆبوونی تەواوەتی دەکات. مارکس لەو دەقانەدا دەڵێت؛ دابەشکردنی کۆمەڵایەتیی کار، تەنها بەگوێرەی ئەو یاسا سەرمایەدارییانە جێبەجێ دەکرێت، کە کاڵا بەرهەم دەهێنن، هەرگیز بەهرەکانی تاک و بەرژوەندیی جڤاک لەبەرچاو ناگرێت.

مارکوزە: تۆ لێرەدا باسی نۆبەرەی نووسینەکانی مارکس دەکەیت، کە بە بڕوای من تەنها چەند قۆناغێکی سەرەتایی بیردۆزە گشتییەکەی مارکسن و، مارکس تەنها لە کاتێکی دواتر ودرەنگتردا تەواوی کردن، هەر بۆیە ڕاشکاوبم لەگەڵت من پێم وا نییە لە جەختکردنەوە لە سەری پێویست بە زێدەڕۆیی بکات. بەڵام بەهەرحاڵ، نۆبەرەی نووسینەکانی مارکس یەکەم ڕاگەیاندنی ئاشکرای ڕەوتی بەشتبوونە (reification)  کە جڤاکی سەرمایەداریی لە ڕێگەیەوە کۆی پەیوەندییە تایبەتەکانی نێوان خەڵک دەگۆڕێت بۆ پەیوەندیی لە نێوان کۆمەڵێک شتدا. هەروەها مارکس لە کتێبی "سەرمایە"دا ئەم ڕەوتە شرۆڤە دەکات و ناوی بەبتکردنی کاڵا (Commodity fetishism)ی لێ دەنێت، چونکە سیستەمی سەرمایەداریی لە ڕێگەی ئەو کاڵایانەوە خەڵک بە یەکدییەوە دەبەستێتەوە کە خەڵک لە نێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕی دەکەن. ئاستی کۆمەڵایەتیی تاکەکان و ئاستی بژێویی و پێویستییەکانیان و ئازادی و هێزیان، لە ڕێگەی بەهای کاڵاکانیانەوە دەستنیشان دەبێت. هەرچی سەبارەت بە توانا و پێویستییە ڕاستەقینەکانی تاک هەیە، لە هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکەدا هیچ ڕۆڵێک ناگێڕن.

 

زۆر باشە، بەڕێز مارکوزە ئێوە بە پشتبەستن بە بیردۆزی ڕەخنەیی چەمکی نامۆبوونتان خستووەتە ڕوو، ئەو بیردۆزە ڕەخنەییەی لەگەڵ هاوڕێکانت لە فێرگەی فرانکفۆرت بناغەکانیتان دانا. ئێوە بیردۆزی مارکسیزم و، دەروونشیکاریی کە زیگمۆند فرۆیدا بناغەکەی دانا هەردووکیتان پێکەوە کۆ کردەوە. دەتوانن ڕوونی بکەنەوە بە کام چۆنێتی ئەو چەمکە لە ڕوانگەی هەردوو فێرگە مارکسی و فرۆیدییەکەوە پەرە پێ دەدەن؟ نامۆبوون لە جڤاکە نوێیەکان چۆنچۆنی تێ دەگەن؟

مارکوزە: لەو کاتەدا کە جڤاکی نوێ بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێت، کرێکار، سەرەڕای هەڵکشانی ئاستی بەرهەمهێنانی و کەڵەکەبوونی ئەو سامان و سەروەتەی بەرهەمی دەهێنێت، هەژارتر دەبێت. چەند ژمارەی ئەو کاڵایانە زیاتر بن کرێکار بەرهەمیان دەهێنێت، کرێکار زیاتر دەبێتە کاڵایەکی هەرزان. بۆ نموونە، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای پیشەسازییدا، بەهای ئەو کارە زیادی کرد کە کرێکاری کرێگرتە لە کارگەدا دەیکات، بەڵام ئەو کرێیە کە وەریدەگرێت، بە بەراورد بە تێکڕای بەهای ئەو کارە کەمی کرد کە لە بن دەستی خاوەنی کارگەکەدایە. لەگەڵ فراوانبوونی پانتایی جیهانی چەوساندنەوەی ماتەریالیدا، جیهانی مرۆڤ سنووردار دەبێت. بەم چەشنە هەژاریی لە شێوازی کاری باوەوە پەیدا دەبێت کە بەهەرحاڵ، شێوازێکە لە هەناوی جڤاکی سەرمایەداریی نوێدا ڕیشەی داکوتاوە، تواناکانی مرۆڤ لەناو دەبات. بەم شێوەیە کەڵەکەبوونی سامان و سەروەت، هەژاریی بەرهەم دەهێنێت، وەک چۆن پێشکەوتنی تەکنەلۆجی دەبێتە مایەی زاڵبوونی ماتەریالی مردوو بەسەر ژیانی مرۆڤایەتیدا.

 

ئێوە لە کتێبی "مرۆڤی تاکڕەهەند"ەکەتاندا (1964)، Onedimensional man شرۆڤەی دۆخی ئەو کرێکارە ژنانەتان لە ژۆن پۆڵ سارتەرەوە وەرگرتووە کە ڕۆژانە لە کاتی کارکردنیان لە کارگە وەک ئامێرەکان هەمان ئەرک و کاری میکانیکی پات دەکەنەوە. سارتەر دەڵێت: “لەدوای ماوەیەکی کەم لە هێنان و خستنەگەڕی ئامێرە نیمچە ئۆتۆماتیکییەکان، بەدواداچوونەکان دەریانخست ژنەکرێکاری چوست و چالاک لە کاتی کارکردندا ڕێگە بە خۆی دەدات چەشنێک لە زیندەخەونی ئیرۆتیکی بیباتەوە ژووری نووستن و ناو پێخەف و شەو و هەر شتێکی بیر بکەوێتەوە، کە دەشێت بە گۆشەگیری و لێکدووریی هاوژینەکانی ببەستێتەوە. بەڵام ئەوە ئامێرەکەی ناخی بوو خەونی بە دەستبازیی نێوان هاوژینەکانەوە دەبینی.” بۆچی ئەم شرۆڤەیە سەرنجی ئێوەی ڕاکێشا؟ ئێمە دەتوانین لەم دۆخە چ شتێک تێ بگەین؟

مارکوزە: ئەو کرێکارەی لە بەرهەمەکەی خۆی بێگانە و نامۆ دەبێت، هاوکات لە خودی خۆیشی بێگانە و نامۆیە. چیی دیکە کارەکەی لە خۆیدا موڵکی خۆی نەماوە بەڵکوو بووە بە موڵکی لایەنێکی دیکە. ئەمەش چەشنێک لە "دەستبەسەرداگرتن" یاخود زەوتکردن بەرهەم دەهێنێت کە دەستکاریی ناخ و ڕاستیی مرۆڤ دەکات. لەبەر ئەوەی کار لە شێوە ڕاستەقینەکەیدا شێوازێکە بۆ بەدیهێنانی خودی ڕاستەقینەی مرۆڤ و، ئەو پەرەدانە تەواوەتییەی تواناکانی کە تێیدا هەن. لەگەڵ ئەوەشدا، کار لە شێوەی ئێستایدا خودی مرۆڤ ئیفلیج دەکات و ناچاری دەکات بەوە ڕازی بێت. بەم چەشنە کرێکار جەستەی خۆی لەناو دەبات و ئەقڵی خۆی وێران دەکات، لە بریی ئەوەی پەرە بە وزە جەستەیی و ئەقڵییەکانی خۆی بدات. هەر بۆیە پێش هەر شتێک وا هەست دەکات کە بە ڕاستی لەگەڵ خۆیدایەتی کاتێک لە دەرەوەی کارە و لە خۆی بێگانەیە کاتێک لەسەر کارە. بەم چەشنە ئێمە ئەنجامگیریی ئەوە دەکەین کە کارەکەی بە خوایشتی خۆی ناکات بەڵکوو بە ناچاریی دەیکات. کارێکی زۆرەملێیە پێویستییەکانی تێر ناکات، بەڵکوو بە هەندێک جێگرەوەی دیکە ڕازییان دەکات. بەم چەشنە، سەرچاوە سەرەکییەکانی ئازادی و بەختیاری لە خاوەنداریی شتەکاندا قەتیس دەکرێن. ئیتر ئامانجی تاکەکان دیاریکردنی ئەو شتانە دەبێت کە دەتوانن دەستی بەسەردا بگرن. تەنانەت چێژ و شادی دەبن بە چەند شێوازێکی خاوەنداریکردن و بەدەستهێنانی خۆپەرستانەی شتەکان و کاڵاکان. لە سەروەختی هەڵهاتنیشدا، خەونەکانمان هێندەی بتوانرێت بانگی بیرکەوتنەوەی سەرچاوە ڕاستەقینەکانی شادیمان دەکەن.

 

ئێریک فڕۆمی هاوڕێت دەڵێت؛ ئەو مرۆڤەی هەست بە بێگانەبوون دەکات، مرۆڤێکی ناشادە، ئامانجی ئەوەیە لە ڕێگەی "بەکاربردن"ی شادییەوە، هەستکردنی خۆی بە ناشادیی سەرکوت بکات. هەروەها مرۆڤ بە دوای کاتی زیاتردا دەگەڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر کاتکوشتن بە هەموو شێوازێک و خۆخەریککردن سوورە. ئاخۆ ئێوە لەم ڕووەوە هاوڕای ئەون؟

مارکوزە: بەتەواوی هاوڕای فڕۆمی هاوڕێمم. ئێمە لێرەدا لەگەڵ یەکێک لە نامۆترین ڕووەکانی شارستانیی پیشەسازییدا ڕووبەڕووین کە ئەقڵانیکردنی نالۆژیکە. توانای بەرهەمهێنان و شارەزایی و دەستڕەنگینی بۆ زیادکردنی کەرەستەکانی ئاسوودەیی و حەوانەوە و گشتاندنیان و، گۆڕینی زبڵ بۆ پێویستی و وێرانکاری بۆ ئاوەدانی، بەبێ دوودڵی ڕادەی ڕەگداکووتانی جیهانی شتەکان لە ئەقڵ و جەستەی مرۆڤدا دەردەخەن. خەڵک لە کاڵاکانیاندا خۆیان دەبینن و دەناسنەوە. ڕۆحی خۆیان لە ئۆتۆمبێلەکانیان و ئامێری ستیریۆ، خانوویەکی دوو نهۆمی و، کەلوپەلی مەوبەقدا دەبیننەوە. من ئێستا لەو بارەیەوە نموونەیەکت بۆ دەهێنمەوە، لە سەرەتای فیلمی "یانەی شەڕکردن"دا (1999)، Fight Club، پاڵەوانی فیلمەکە باسی ئەوە دەکات کە بووە بە کۆیلەی ئەو شتەی بە "خۆماکی هێلانەی ئیکیا (Ikea)" ناودێری دەکات. ئەو شوێنەی نیشتەجێیەتی کەلوپەلی ناوماڵ و کوپ و پەرداخ و هەندێک ئامێری تێدا هەن، هەستی کردووە ناچارە بیانکڕێت. پاڵەوانەکە دەڵێت: “ئەگەر شتێک یان کاڵایەکی ژیر ببینم، لە نموونەی مێزێکی بچووک لە شێوەی ینگ یانگ دا، بەبێ چەندوچۆن دەبێت بەدەستی بهێنم”. بە شێوەیەک ئالوودەی حەزی خاوەنداریکردنی کاڵاکان بووە، لە ڕێگەی موڵک و ماڵە ماتەریالییەکانییەوە پێناسەی خۆی دەکات و خۆی دەناسێنێت، دەڵێت: “چاوم بە کەتەلۆگەکاندا دەخشاند و لە خۆمم دەپرسی: کام جۆرە قاپ و قاچاخ کەسایەتیی من دیاری دەکات؟”. تەواوی بەها و واتای ژیانی، بەو شتانە دەپێورێن کە هەیەتی. جادووی داهاتوو بە تەواوی کەمەندکێشی کردووە و تەفرەی داوە، لە کاتێکدا چاوی بە گۆڤارەکانی ئیکیادا دەگێڕا، ئەم خودە داهاتووییە، پاڵنراو ڕووەو "باشتر" و "تەواوتر" لە ڕێگەی کڕینی کاڵاوە وێنا دەکات. بەڵام ئەم پاڵەوانەمان لەدواییدا دەچێتە "یانەی شەڕکردن" تا بەرەو خودی ڕاستەقینەی خۆی بگەڕێتەوە، هەست بە ئازار و خوێن بکات، جیهان و کۆمپانیاکانی تارومار بکات. بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شاد بێت، دەبوو تارومار بکات.

 

بەڕێز مارکوزە، ئەوەی لەو نموونەیەدا کە ئێوە خستتانە ڕوو مرۆڤ هەم دەهێنێتە پێکەنین و هەم گریانیش، ئەوەیە فیلمەکە بەرهەمی هۆڵیودی ئیمپراتۆریای بەرخۆرییە. لێرەدا ئەو هەڵوێستەی کە بەکاڵاکردن و بەکاربردن ڕەت دەکاتەوە، دەگۆڕێت بۆ فیلمی “بلۆك باستەر”. من دڵنیام نووسەری ڕۆمانی ڕاستەقینەی فیلمەکە کتێبی "مرۆڤی تاکڕەهەند"ی ئێوەی خوێندووەتەوە و، چیرۆکی پاڵەوانەکەی لەو وەرگرتووە. بەهەرحاڵ، لەبیرمە ئێوە لە ساڵانی شەستی سەدەی پێشوو لە زانکۆی کالیفۆرنیا سان دیێگۆ وانەتان دەگوتەوە و، کەسایەتییەکی بەناوبانگ و دیاری جووڵانەوەی دژە کوولتووری ئەو قۆناغە بوون و، نووسینەکانتان بناغەکانی ڕەخنەکردنی جڤاکی پیشەسازیی نوێیان دا ڕشت، کە ئەمەریکا بەرچاوترین نموونەیەتی. بەرمەبنای ئەزموونتان لەگەڵ ئەم دژە جووڵانەوانەدا، پێتان وایە تاکەکان بتوانن لە دژی بێگانەبوونیان یاخی ببن بەو جۆرەی پاڵەوانەکەمان لە فیلمی Fight Club دا یاخی بوو؟

مارکوزە: من پێم وایە کارەکە سەختە. لە ناوچە هەرە پێشکەوتووەکانی ئەم شارستانییەدا، واتە لە جیهانی خۆرئاوادا، دیسپلینە کۆمەڵایەتییەکان بە قووڵی لە ناخماندا چێنراون. هەر بۆیە ڕەتکردنەوەی هزریی و سۆزداریی "پێشکەوتن" وەک دۆخێکی دەروونپەرێشیی دەسەپاچە دەبینرێت. ئەگەر هەوڵ بدەیت لە ڕێگەی نامۆبوونتەوە گوزارشت بکەیت، یان ئەگەر ڕاستیی نامۆبوون بدەیتە دواوە، ئەو کات وەک "بێکارە" یان یاخی یان Rebel without a cause یان تەنانەت وەک کەسێکی نەخۆش کە پێویستە داخڵی نەخۆشخانەی نەخۆشیییە دەروونییەکان بکرێت، تەماشا دەکرێیت.

 

بەڵام ئایا ئەم دۆخە مرۆییە یاخود ئەم "نەخۆشییە" ژەهرێکی پێویست نییە بۆ پێشکەوتنی شارستانی؟ ئێوە گەرەکتانە بمانگەڕێننەوە بۆ سروشت تا بتوانین خودەکانمان بەدی بهێنین؟

مارکوزە: “پێشکەوتن” زاراوەیەکی بێلایەن نییە، چونکە پێشکەوتن بەرەو هەندێک ئامانجی دیاریکراو دەجووڵێت بەو شتانە دیاری دەکرێن کە خزمەتی باشترکردنی بارودۆخی ژیانی مرۆڤ دەکەن. ئەگەر ئامانجی پێشکەوتن بە ڕاستی باشترکردنی ژیانی مرۆڤ بێت، ئەو کات ئێمە دەگەین بە قۆناغێک بەرهەمهێنانی کەرەستە و کاڵا و پێویستییەکان بە شێوازێکی ئۆتۆماتیکی، هاوتەریب و هاودەمی کەمکردنەوەی ماوەی کارکردن بۆ کەمترین ئاست دەبێت. ئەمە ئەو شتەیە کە مارکس باسی کردووە کاتێک چەمکی "هەڵپەساردنی کار"ی خستووەتە ڕوو. بەڵام بەو جۆرەی دەبینرێت، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیادا، هەژاریی و بەدبەختیی جیهان زیاتر دەبێت. تەکنەلۆجیا دەرفەتی ئازادبوونی مرۆڤی بۆ جڤاکەکان ڕەخساندووە، بەڵام سیستەمی زاڵ بەسەر جیهانەکەماندا، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای بۆ کۆیلەکردنی مرۆڤ هەڵبژاردووە. ئەوی پێشتر لە بوارێکدا ئیشی دەکرد، پێویستە ئێستا هەوڵی زیاتر بدات و زیاتر بکەوێتە خۆی. بە ڕاستی دۆخەکە خەمناکە، خەڵکانێک لەپێناو هەشت کاتژمێر کار و هەشت کاتژمێر ڕابواردن و هەشت کاتژمێر خەوتندا تێ کۆشان و لەناو چوون... ئێمە هەموو شتێکمان لەدەست دا.

 

هەندێک لە گرۆکانی لە نموونەی وەک entrepreneurs پێیان وایە ئەوی ڕازی نەبێت کار بکات و یاساکانی جڤاکی نوێ بداتە دواوە، کەسێکی تەمبەڵ و بێ ئامانجە، گەرەکێتی بێ بەرامبەر هەموو شتێکی دەست بکەوێت. بە واتایەکی دیکە، بەو جۆرەی مام سڵێمان دەڵێت و وەک پێویست لە ئێوە تێگەیشتووە، ئەوەی هەیە، پڕۆژەیەکی پڕۆلیتاری و پڕۆژەیەکی سەرمایەدارییە. ئێوە دەڵێن چی؟

مارکوزە: قسەکەی مام سڵێمان لە جێی خۆیدایەتی. بەڵام کۆمۆنیزم، لە ڕێگەی هەڵپەساردنی موڵکایەتیی تایبەتەوە، بناغەی شێوازێکی نوێ لە تاکگەرایی دادەمەزرێنێت. واتە ئەم پڕۆژە پڕۆلیتارییە، تەنها سیستەمێکی ئابووریی نوێ و جیاواز نییە، بەڵکوو سیستەمی ژیانێکی تەواو جیاوازە. کۆمۆنیزم وەرگرتنەوەی ڕاستیی مرۆڤە لەلایەن مرۆڤەوە و لەپێناو مرۆڤدا، بەم پێیە هۆشیاریی تەواوەتیی مرۆڤ و گەڕانەوەی مرۆڤە بەرەو لای خۆی. چونکە لە ڕێگەی هەڵپەساردنی موڵکایەتیی تایبەتەوە، مرۆڤ دەست بەسەر موڵکایەتیی ڕاستەقینەدا دەگرێت. هەڵپەساردنی پڕۆلیتاریا، خۆی لە خۆیدا واتە هەڵپەساردنی کار.

 

بەڕێز مارکوزە، دوا وتەتان چییە، وتەیەک کە بشێت جۆش و خرۆشمان تێدا ببزوێنێت؟

مارکوزە: من ئەو وتەیە لە هاوڕێی ئازیز و هاوبیرم لە فێرگەی فرانکفۆرت، کۆچکردوو ڤاڵتەر بنیامین، وەردەگرم، کە دەڵێت: "ئێمەمانان ئومێدمان لەبەر خاتری بێئومێدان پێ بەخشراوە”.

زۆرترین بینراو
ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت ڕاگەیاند
مەسعود بارزانی داوای کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی پارتی و یەکێتی دەکات
كۆبونه‌وه‌ی زه‌یدی و مه‌سرور بارزانی: جه‌خت له‌ گه‌ره‌نتی به‌رده‌وامی خه‌رجكردنی موچه‌ی هه‌رێم كرایه‌وه‌
دانەغاز:به‌رهه‌مهێنان بەشێوەیەکی کاتی له‌ كۆرمۆر هەڵپەسێردرا
یەکێتی و نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵیی سکاڵایان لە دانیشتنی پەرلەمان تۆمارکرد
عێراق هه‌واڵی سه‌ردانه‌ نهێنییه‌كه‌ی زه‌یدی بۆ تاران پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌
وته‌بێژی پارتی: ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كێتی
لە چەکی ئەتۆمییەوە بۆ هێرشی وشکانی؛ چوار سیناریۆی ترەمپ بۆ قۆناغی داهاتووی جەنگی ئێران بڵاودەکرێتەوە
مەسرور بارزانی بە شاندێکی تەنها پارتییەوە لە بەغدایە؛ گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٧ دەکرێت
سەرۆکی میت نەخشەڕێگای ئەنقەرە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاشکرا دەکات و پەکەکەش داوای هەنگاوی کرداری دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×