هەڵکەوت حەکیم
پرۆفیسۆری موتەمەڕس لە زانکۆی پاریس
كە ئینسان لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەی نەبەز گۆران "مەولانا خالید لەژێر سێبەری منارەیەکدا"، (بڵاوکراوەی ڕەهەند، 2025) دەبێتەوە و بەدوای چەند ووشەیەک دەگەڕێ بیانخاتە پاڵیەوە، یەکەمیان کە دێتە مێشکی وشەی "ئازایەتی"یە. ئازایەتیی نووسەر لە ناونان و سیفەت دانە بەو دژمنایەتییەی دوو سەد ساڵ لەمەوپێش شێخ مارفی نۆدێ بەرامبەر بە مەولانا خالید کردی. دژمنایەتییەک کە تا ئێستاش باسکردنی ناڕەزایی و گرژی دروست دەکا. لەسەر ئەرزی واقیع هەموو هەوڵێک دراوە و دەدرێ بۆ شاردنەوە و کەم کردنەوەی بە ئومێدی لەبیر بردنی. دژمنایەتییەک کە شێخ مارف بە ناوی خوا و ئیسلام و بەرژەوەندی خەڵکەوە سەرلەشکری بووە، نامەی نووسیوە بۆ سەرکردە سیاسییەکان و پیاوە ئایینیەکان بە مەبەستی شکاندنی مەولانا. کە ئەمە هەمووی ئەنجامی نەبووە، ئەمجار جوتیاری دێکانی خۆی ناردووە بیکوژن. ئەو هەژارانە بە ترس و پەشیمانییەوە گەڕاونەتەوە چونکە تێنەگەیشتوون بۆچی نێردراون شێخێک بکوژن! پاش ئەوان ئامۆزایەکی خۆی و تاقە کوڕەکەی، کاک ئەحمەدی شێخ، ناردووە لەناوی بەرن و ببڕێتەوە. ئەوانیش خەوەکەیان نەهێناوەتە دی. بە پێچەوانەوە، شێخ ئەحمەدی سەرداری ئامۆزای نەک تەنیا پەشیمان بووەتەوە لە جێبەجێ کردنی داواکەی شێخ مارف، بەڵکو هەڵگەڕاوەتەوە لێی و بووە بە نەقشی و موریدی ئەو کەسەی لێی داواکرابوو بیکوژێ!
ژیانی زۆر کەسایەتیی کورد کراون بە ڕۆمان. پاش سەلاحەدینی ئەیووبی مەولانا بەناوبانگترین کوردە لە دنیای زانستیی ڕۆژەڵاتناسیدا. قەڵەم و خەیاڵی ڕۆماننووسێک خۆیانی پێوە ماندوو نەکردبوو، لە کاتێکدا کە کەرەستەی واقعی و خەیاڵی ئێجگار دەوڵەمەند و فراوان و جۆراوجۆر هەن لەبارەیەوە. لەوانە، هەر لە گەنجییەوە گەڕان بە دوای شتێک کە خۆشی بە تەواوی نەیدەزانی چیە، زیرەکی و بیرتیژیی لە ڕادەبەدەر، سەرکەوتنێکی خێرا لە بڵاوکردنەوەی تەریقەتێک کە دەسەڵاتدارانی تۆقاند، بڵاوکردنەوەی خەلیفەکانی بە وڵاتە ئیسلامییەکاندا، دەوری لە زمان و ئەدەبی کوردی، بیر و پڕۆژەی سیاسیی، دژمنایەتی کردنی لە لایەن شێخی تەریقەتێکی تر، هەوڵدانی کوشتنی، ناچار کردنی بە هەڵهاتن لەو وڵاتەی تیایدا سەرکەوت و خەڵکێکی بێئەندازەی لەگەڵ بوو، مردنی بە گەنجێتی لە غەریبایەتی، جێدەستی لەناو بیر و بزووتنەوەی کورد پاش مردنی و هەتا ئەمڕۆ... کاتی ئەوە هاتبوو ئەم هەموو خاڵانە ببن بە کەرەستە و بابەتی ڕۆمانێک. وا نەبەز گۆران هەوڵی یەکەمی دا...
وەک لە هەموو ڕۆمانێک کە بابەت و کەرەستەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ڕابوردوو، لە منارەکەی مەولاناش خەیاڵی نووسەر و مێژوو تێکەڵ دەبن. هەندێ جار کەسایەتی و گفتوگۆ و ڕووداوەکان دەسکاری کراون یان خوڵقێنراون، بێ گومان لە خزمەتی ئامانجی ڕۆمانەکە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە و دەرخستنی گرنگی مەولانا هەتا ئەمڕۆ، نووسەر ڕۆمانەکەی لە دوو کەسی سەردەمی خۆمانەوە دەست پێ دەکا و دەگەڕێتەوە بۆ ژیان و سەردەم و دنیای مەولانا.
بە ڕێگای ئەو دوو کەسەوە، ڕاسەر و کوڕەکەی حاجی مستەفا، کە شەیدای مەولانان، نووسەر هەوڵ دەدا پیشانمان بدا کە ئەو خەوەی مەولانا دوو سەد ساڵ لەمەوبەر دەیبینی و هەوڵی بۆ جێبەجێ کردنی دەدا ئێستاش هەر خەوی میللەتی کوردە. نەبەز گۆران لەوانەوە دەمانبا بۆ زەمانی ئەو خەوە و خەمەکانی. هەردوکیان بە نەشئەوە باسی خەوەکەی دەکەن و بە داخەوە دەڕواننە بەسەرهاتی ژیانی. یەکێ لەو خاڵانەی لە مێشکی ڕاسەردا چەسپیوە ئەو نامەیەیە کە مەولانا ناردوویەتی بۆ هاوڕێیەکی و پێی دەڵێ : ئەگەر دایکم هات و داوای قەرزی لێ کردی مەیدەرێ، چونکە نیمە بتدەمەوە. بەو "هەموو ناوبانگ و مەقامە بەرزەوە قرووشێکی" نیە بینێرێ بۆ دایکی. کوڕەکەی حاجی مستەفا بە چەند وشەیەک هەست و بیری خۆی دەردەبڕێ بەرامبەر بە مەولانا کاتێ دەڵێ : "جوانترین مرۆڤی هەموو سەردەمەکانە، کە بەبێ ئەوەی تەنانەت خەنجەرێک هەڵگرێت، بە بێ ئەوەی دڵی کەسێک بشکێنێت چرایەکی داگیرساندووە، هەموو ئەدەبی کورد لەژێر ڕۆشنایی ئەو چرایەدا بەرهەم دێت کە مەولانا لە حوجرەکەی خۆی دایگیرساند"...
خەیاڵ و قەڵەمی ڕۆماننوس وردەوردە دەمانبا بۆ ناو شەڕەکەی شێخ مارفەوە. دەگێڕێتەوە کە خەبەری بوونی مەولانا بە خەلیفەی شێخ عەبدوڵڵای دەهلەوی بڵاو دەبێتەوە بە مزگەوتەکاندا و هاتنەوەی بۆ کوردستان، شێخ مارفی نۆدێ خەریکی نوێژ دەبێ، ئەوەندە تێک دەچێ نوێژەکەی دەبڕێ. هەست دەکا "ڕەشەبایەک بەڕێوەیە خەریکە تەخت و تاراجی لە مێژینەی ئەو ڕادەماڵێت".
نووسەر دەنووسێ کە دوکاندارێک لە بازاڕ هەنجیرێک دەداتە شێخ مارف ئەویش بەر لەوەی قووتی بدا گوێی لە دوکاندار دەبێ کە دەڵێ خاوەنەکەی ئەرمەنییە و داوای کردووە بە هەر چۆنێک بێت بیگەیەنمە مەولانا چونکو لە هەموو شاران باسی دەکەن. کە شێخ مارف گوێی لەو قسانە دەبێ هەنجیرەکە دەتفێنێتەوە و لەژێر لێوەوە ئەم قسانە دەدا بە دەم دوکانداردا: "دەک بەخێر نەیەیتەوە بۆ خۆت و هەنجیرت، بە قەت قسەکانت تاڵن". ڕقی ئیمامی مزگەوتی گەورەی سلێمانی دەگاتە ئەوەی پیاوەکانی بنێرێ هەموو ئەو دوکانانە بسووتێنن کە وەقفی خانەقا و مەولانا بوون و بە کرێ درابوون بە خەڵکی کاسبکار.
هەروا مەلایەک لە مەلاکانی مزگەوتی گەورە و سەر بە قادرییەکان فەقێیەکی خانەقای مەولانا لە دوکانی عەوڵا پینەچی دەبینێ. توند گوێچکەی دەگرێت و بایدەدا و پێی دەڵێ خودا گەڕوگولت دەکات، چونکە لەگەڵ مەولانای. ئەمە عەوڵای پینەچی تووڕە دەکا. مەلا قسەیەک دەکا کە پڕوپاگەندەی دوژمنانی مەولانا ڕوون دەکاتەوە: "نەفرەتی خودایان لێ بێت، لەو ماڵە پیرۆزەی خودا دانیشتووە ڕۆحی شەیتان و فیتنە بڵاودەکاتەوە. ئەم منداڵانە دەبنە بەچکە شەیتان و سبەینێ مەملەکەتەکەمان دەکەن بە دۆزەخ". پاشان لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو فەقێیەی خانەقای مەولانا لەپڕ شتومەکەکانی دەبا و ون دەبێ لە ڕاستیدا پیاو (یان با بە زمانی ئەمڕۆ بیڵێین جاسووس)ی شێخ مارف بووە و ڕووداوی گوێچکە ڕاکێشانەکە ڕێکخراو بووە. ئەم مەسەلەیەش قووڵی شەرەکەی شێخ مارف پیشان دەدا.
لەو سێ هەوڵدانەی کوشتنی مەولانا، مێژوو باسی چوارەمیش دەکا، نەبەز گۆران تەنیا ئەوەی شێخ ئەحمەدی سەردار وەردەگرێ و بە خەیاڵی ڕۆماننووس دەیگێڕێتەوە. شێخ مارف خەنجەرێکی دەبانی دەداتێ بۆ ئەو ئەرکە. شێخ ئەحمەد کە لە تاریکی شەودا و لە پەنجەرەی ژوورێکی خانەقادا مەولانا و کتێبێکی بە دەستییەوە دەبینێ، لەبەر ڕۆشنایی مۆمێکدا، بیر دەکاتەوە، پەشیمانی دەیگرێ و هەست دەکا کە کوشتنی ئەو پیاوە ناهەقە. دەچێ بۆ لای و لەباتی ئەوەی بیکوژێ و داواکەی شێخ مارف جێبەجێ بکا خەنجەرەکەی دەداتێ و هەموو شتێکی بۆ دەگێڕێتەوە. مەولاناش خەنجەرەکە دەنێرێتەوە بۆ خاوەنەکەی. دەبینین چۆن "تەکبیرەکانی شێخ مارف بۆنی خوێنیان لێ دەهات"!
نەبەز گۆران بەو قەڵەمە بەجەرگەی و بە زمانی هاوڕێیەکی نزیکی مەولاناوە، دەنووسێ: "شێخ مارفی نۆدێ شەڕی کورسی و دەسەڵات و خۆشگوزەرانی دەکات، نەک شەڕی ڕاست و ناڕاست و ئیمان. ئەوە من مردوو ئێوە زیندوو، ڕۆژگارێک دێت دەبینن کێ هەڵگری ڕێگا ڕاستەکە بوو". ئەم هەڵوێستە، لەو سەردەمەدا، هەر بەو هاوڕێیەی مەولاناوە نەوەستابوو، شانزە لێپرسراو و پیاوی ئایینی لەوانە قازی سلێمانی، جێگرەکەی و پێنج ئامۆزای شێخ مارف خۆی نامەیەکیان بۆ والی بەغا نووسی بۆ پشتگرتنی مەولانا، تیایدا شێخ مارف بە نەزان و کەڵەکچی و خۆپەرست دەدەنە قەڵەم. نامەکە ماوە و لەگەڵ ناوی هەموویان بڵاوکراوەتەوە.
ڕۆمانەکەی نەبەز گۆران بە هێچ شێوەیەک باسی ئەو نامەیە ناکا کە گوایە مەولانا نووسیویەتی لە وەڵامدانەوەی نامەیەکی بێ سەر و شوێن و نەنووسراوی شێخ مارفی نۆدێ کە گوایە داوای لێبوردنی لێ کردووە، پاش ئەوەی بە تەواوی سلێمانی بەجێ هێشتووە! خوێنەر لە خۆی دەپرسێ ئایا هەست و لێکدانەوەی سیاسیی ڕۆماننووس بووە یان پێویستیی ڕۆمان و کۆتاییەکەی کە خۆی نەدا لە قەرەی ئەو نامەیە؟ لەوانەیە هەستی کردبێ نامەیەکی وا لەگەڵ مەنتیقی ڕووداو و نووسراوەکانی ئەو کاتە ناگونجێ! ئەو نامەیە، کە هەموومان لە ماوەیەکی دوور و درێژدا نەمانخستە بەردەم گومان و ڕەخنەوە، زادەی فکری شێخە قادرییەکانی دەور و بەری کاک ئەحمەدی شێخە، کە پاش مردنی، هەڵیانبەست و بە ڕێگای شێخە نەقشییەکانی هەورامانەوە ناردیان بۆ مەحموود ئەسعەد ساحب زادەی برازای مەولانا کە لە ساڵی 1915 لەگەڵ نامەکانی مەولانا بڵاوی کردەوە. بێ گومان مەسەلەکە لێدوانی زیاتری دەوێ!
ڕۆمانەکەی نەبەز گۆران لە وتەیەکی مەولانا بۆ فەقێکانی دەنگی منارەکەیمان بۆ دەردەبڕێ: "سەیر کەن، هەر یەکەتان لە شوێنێکەوە هاتوون، یەکێک بە زمانی هەورامی دەدوێ، یەکێ بە کرمانجی، یەکێ بە لوڕی، ئەم خانەقایە گەورە بکەین و هەموو خاکەکەمان بگرێتەوە، ئەوکات هەموومان لەناو ماڵێکی گەورەدا کۆدەبینەوە و لەو ماڵەدا بە دوای زانست و ژیاندا دەگەڕێین و باوباپیرانمان لە گۆڕەکانیاندا ئاسوودە دەبن، چونکە دەزانن نەوەکانیان بوون بە خاوەن ماڵ و هەتا ئەو ماڵە دروست نەکەین نەک هەر خۆمان، مردووی گۆڕستانیشمان ئۆقرە ناگرن. خەونی من ئەو ماڵە گەورەیە". بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتریش دەڵێ: "لەگەڵ هەرکەسێ قسەتان کرد پێی بڵێن مەولانا خەونی دروستکردنی ماڵە گەورەکەی بوو بۆ کورد، بیرتان نەچێ".
مەولانا "جارێکی دیکە کورد دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو زمان و ئەدەب و دەیەوێت ماڵێکی نوێی بۆ دروست بکات" چونکو دەزانێت زیندوو هێشتنەوەی زمان و ئەدەب و هۆشیاریی مرۆڤەکان، زیندووهێشتنەوەی شوناس و فەرهەنگ و کولتوورەکەیە. مەولانا هەستی بەو بێ ماڵییە کردووە". ڕەنگە تەنیا بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی سۆفیگەری نەبووبێ کە ئەو هەموو خەلیفە کوردانەی ناردووە بۆ ناوچە جیاوازەکانی دنیای ئیسلامی و ئەو ترسەی خستووەتە دڵی دەسەڵات و دەسەڵاتپەرستان.