د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
پەڕتووکی زەویناسی و کۆمەڵ بەرگی سێیەم، کەوتە بەردیدەی خوێنەران. پاش بڵاوبوونەوەی هەردوو بەرگی یەکەم و دووەمی پەڕتووکی زەویناسی و کۆمەڵ، ئێستا بەرگی سێیەمیش بۆ خوێنەرانی کوردزمان بەردەستە. ئاواتم ئەوەیە کە ئەم بەرگەش جێگەی ڕەزامەندی خوێنەرانی کوردی زمان بێت لە هەرکوێیەکی ئەم دونیایەبن. ئەم پەڕتووکە لە ٢٥٧ لاپەڕەی گەورە بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگەوە پێکدێت و پڕ پڕە لە زانیاری بەسوود بۆ خوێنەران و لەکۆتایی هەر بەشێکیشدا سەرچاوەکانی، کە بۆ نووسینی ئەوبەشە بەکارهاتوون ڕیزکراون.
هەروەک بەرگەکانی تری پەڕتووکەکە، ئەم بەرگەش چەندین بابەتی جیاوازی تایبەت بە پردی پەیوەندی نێوان یەکێک لەزانستە چالاکەکانی جیهان، کە زەویناسی یە و کۆمەڵگە دەخاتە پێش چاوی خوێنەری کورد بەوهیوایەی کە گشت بابەتەکان لەئاست چاوەڕوانی خوێنەراندا بن. ئەوەی حەز دەکەم ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە، کە لەو ٢٧ بابەتە تەنیا ٤ بابەتیان لە ماڵپەڕ و گۆڤارەکاندا بڵاو نەبوونەتەوە و بۆ یەکەم جارە بڵاودەبنەوە، هەرچی ٢٣ بابەتەکی ترە ئەوا کەوتونەتە بەر چاوی هەندێک خوێنەری کورد، بەڵام بە دڵنیاییەوە زۆرینەی هاووڵاتیان لەوانەیە بۆیان نەگونجا بێت بابەتەکان بخوێننەوە، بۆیە لێرەدا چاپکراونەتەوە و لەخزمەت تاک بەتاکی میللەتی کورددایە. لەلایەکی تریشەوە بڵاوکردنەوەی گوتار و باسەکان لە ماڵپەڕەکاندا هەندێک جار گرفتی هونەریی بۆ بابەتەکە دروست دەکات و بەتایبەتی ئەو وێنەو هێڵکارییانەی، کە بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی بابەتە زانستییەکە دانراون تووشی لابردن و شێواندن دەبن! جاکاتێک لە پەڕتووکێکدا بڵاودەبنەوە بابەتەکە بەتەواوی و بێ کەموکورتی دەکەوێتە بەردەست خوێنەری کورد.
بەبڕوای من ئەم بەرگە چەندین بابەتی زۆر نوێی تێدایە، کە سەرنجی خوێنەر بۆ خۆی ڕادەکێشێت و هیوادارم لەپێناو زیاتر ناسینی زانستەکە و پەیوەندی بە کۆمەڵگەوە بەسوود بن. بابەتەکانی ئەم بەرگە دابەشبوون بۆ چوار جۆری جیاواز، کە دەکرێت لەخوارەوە ئاماژە بە بابەتەکانی نێو ئەوچوار جۆرە بدەین:
کۆمەڵەی یەکەم: خوێندن و نووسین و فێرکردن
-پشتگیری بۆ گۆڤاری زانستیی هۆژین
-خوێندنەوە و نووسین
-زانکۆی سلێمانی و خوێندن
-زەویناسی و کولتووری کوردی
-فێرکردن لەزانکۆی سلێمانی!
-خانەی پەڕتووک لە زانکۆی سلێمانی
-پەڕتووکێکی زانستی نوێ: کەڤرە نیشتەنییەکان
کۆمەڵەی دووەم: هەسارەی زەوی
-هۆکارەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا
-سەرنج بدە ئاو
-بنەچەی ئاوی سەرزەوی
-کیشوەرەکانی زەوی
-تێگەیشتن لە پیسبوونی خاک
کۆمەڵەی سێیەم: زەویناسی و تەندروستی
-ئایۆرڤیدا چییە؟
-ئایۆرڤیدا و گەوهەرەکان
-گرنگی توخمی زینک
-پێنج ژەهرەکە
-مەترسییەکانی گازی ڕادۆن
-بەردی گورچیلە ( پردی نێوان زەویناسی و پزیشکی)
-گرنگی توخمی سێلینیۆم لە ژینگەدا
-کل: دەردە، یان دەرمان؟
-جیۆفارماسی
کۆمەڵەی چوارەم: زەویناسی و ئابووری
-توخمی لیثیۆم، کردەی دەرهێنان و گرنگییەکەی
-توخمی ئەلەمنیۆم بناسە
-گرنگی کوارتز لە توێکڵی زەویدا
-خاوی پایرایت وەک سەرچاوەی کانزای لیثیۆم
-گرنگی توخمی هیلیۆم چییە؟
-گرنگی توخمی گۆگرد چییە؟
جێگەی خۆیەتی زۆر سوپاسی هاوژینم د. تۆڵە ئەحمەد میرزا بکەم، کە هەمیشە پشت و پەنا بووە بۆم و بێگومان لەکاتی ئەوم گرتووە کاتێک سەرقاڵی گەڕان بە دوای سەرچاوەدا بۆ بابەتەکان بووم و پاشانیش خەریکی نووسین و ئامادەکردنی پەڕتووکەکە بووم. خوای گەورە تەندروست و سەلامەتی بکات و تەمەن درێژ بێت. هەروەها سوپاسی هەر کەسێک دەکەم، کە ئەگەر بەوشەیەکیش یارمەتیدەر بووبێت و لەناخی دڵەوە پێی دەزانم و سوپاسگوزارم. هەڵبەت هاوکاری کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی جیۆکوردستان ٧ نەبووایە ئەم بەرگی سێیەمەی زەویناسی و کۆمەڵ ئاوا بەزوویی نەدەکەوتە بەردەست خوێنەرانی زێدە ئازیز. هەربۆیە زۆر سوپاسی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی جیۆکوردستان ٧ دەکەم بۆهاوکاری و چاپکردنی ئەم پەڕتووکە و هیوادارم هەربمێنن بۆ میللەتی کورد و لە خزمەتکردن بەردەوام بن.