قالیباف هۆشداری دەدات: بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی ئێران، وەڵامی هاوشێوەی بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل لێدەکەوێتەوە
  2026-11-17     

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی وڵاتەکەی و رایگەیاند کە تاران بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دامەزراوانە دەکات کە دەکەونە نزیک بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

ئاوێنە: لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە، قالیباف ئاماژەی بەوە کردووە کە هەوڵەکان و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی داهاتووی هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی دەستیپێکردووە. ئەم لێدوانەی ناوبراو وەک کاردانەوەیەکە بەرامبەر بە راپۆرتێکی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، کە تیایدا ژمارەیەک شارەزا رایانگەیاندووە بەنداوەکانی نزیک بنکە مووشەکییەکانی ئێران دەشێت بەکارهێنانی دوولایەنەی (مەدەنی و سەربازی)یان هەبێت.

لە وەڵامی ئەو گومانانەدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد کە بڕیارێکی نوێ لەو بارەیەوە دەرکراوە، بەپێی بڕیارەکە "هەر بەنداو، بەندەر، یان وێستگەیەکی کارەبا کە لە نزیک بنکەیەکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی بێت، بە هەمان لۆژیک وەک دامەزراوەی دوولایەنە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بنەمایە بە شێوەیەکی یەکسان و بێ هیچ جیاوازییەک جێبەجێ دەکرێت.

سەبارەت بە وردەکارییەکانی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە کە تۆڕێکی بەرفراوانی بەنداو و پڕۆژەی گواستنەوەی ئاو لە ئێران بوونیان هەیە کە بەشێکیان لە ناوچەگەلێک دروستکراون کە پێویستییەکی ئەوتۆیان پێی نییە، ئەمەش بۆ چەندین ساڵە پرسیاری لای شارەزایان دروستکردووە. بەپێی شیکردنەوەی رۆژنامەکە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمساڵی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە نهێنییەکانی ئێران، لەو ناوچانە بوون کە زۆربەی ئەو پڕۆژانەی تێدایە. ئەمەش گومانی ئەوەی دروستکردووە کە رەنگە ئەو بەنداوانە بۆ دابینکردنی کارەبا و ئاوی بەردەوام بۆ "شارە مووشەکییەکان"ی ژێر زەوی بەکارهێنرابن، هەرچەندە رۆژنامەکە دان بەوەدا دەنێت کە ئەم پەیوەندییە تا ئێستا تەنها گریمانەیەکە و بە فەرمی نەسەلمێنراوە.

راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە بەراوردکردنی نەخشەی هێرشە ئاسمانییەکان لەگەڵ نەخشەی زیاتر لە 533 بەنداوی ئێران، نزیکییەکی زۆر نیشان دەدات. لەم بارەیەوە، حەوت شارەزای بواری سەربازی و ئاو بۆ رۆژنامەکە روونیان کردووەتەوە کە دروستکردنی کۆمەڵگە سەربازییەکان لە نزیک سەرچاوەکانی ئاو و بەنداوەکان هەنگاوێکی لۆژیکییە بۆ پاراستنی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان، سەرەڕای ئەوەی شارەزایان جەختیان کردووەتەوە کە زۆربەی ئەو بەنداوانە لە بنەڕەتدا بۆ خزمەتی مەدەنی و پێداویستییە گرنگەکان دروستکراون.

وەک نموونەیەکیش، نیویۆرک تایمز ئاماژەی بە ناوچەکانی یەزد و ناوچەی پارێزراوی تارۆم لە هورموزگان کردووە و پێشبینی دەکات کە ئەم نزیکییەی بنکە سەربازییەکان لە پڕۆژەکانی ئاو، رەنگە هۆکاری راستەقینەی دەستگیرکردنی دەیان چالاکوانی بواری ژینگە بێت لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە ساڵی 2018، بەو پێیەی گومان کراوە ئەو چالاکوانانە بە رێکەوت بەسەر ئەو پێگە سەربازییە هەستیارانەدا کەوتبن. لە بەرامبەر ئەم زانیارییانەدا، تا ئێستا هیچ یەک لە وەزارەتەکانی دەرەوە و وزەی ئێران، و هەروەها سوپای پاسداران ئامادەنەبوون وەڵامی داواکارییەکانی رۆژنامەکە بدەنەوە بۆ لێدواندان.

زۆرترین بینراو
لە سلێمانی دەست بەسەر کێڵگەیەکی برنجدا گیرا
تا کارلەکار نەترازاوە ناوی خوا بهێنن و ئارامبگرن...
عەگید کەلاری: گەلی کورد دوو ئیدارەیی قبوڵ ناکات و پارچەبوون پارتی و یەکێتیش دەڕوخێنێت
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: میوانداری وه‌فدێكی سلێمانیمان كرد كه‌ پێكهاتبون له‌ نزار ئامێدی، بافڵ تاڵه‌بانی و شاسوار عه‌بدولواحید
حکومەتی عێراق: مۆڵەت دراوە کەتیبەکانی حزبوڵڵا جورف سەخر چۆڵ بکەن و ئەگەری هەیە سوپا بچێتە هەرێمی کوردستان
عێراق بڕیاریدا به‌ راگرتنی ته‌له‌گرام و هه‌رێم ده‌ڵێت: هیچ نوسراوێكی ره‌سمیمان پێنه‌گه‌یشتوه‌
نوسینگەی سەرۆکی کۆمەڵ: عەلی باپیر ڕەتینەکردوەتەوە پێشوازی لە شاسوار عەبدولواحید بکات
رۆیته‌رز: بۆرییه‌كه‌ی جورف سه‌خر كون كراوه‌و له‌ 2021ه‌وه‌ به‌ به‌های سه‌دان ملیۆن دۆلار نه‌وتی لێبراوه‌
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌ ترسی عێراق، باری قاچاخ و تانكه‌ریان راگرت
سەعدی پیرە لەبارەی دووئیدارەیی: ئەوە هەوڵێکی کەمی بافڵ تاڵەبانییە بۆ ئەو کردە نادروستە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×