تۆڕێکی پەیوەندیی زۆر نهێنی کە ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا (NSA) بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری لەنێوان کارمەندانی خۆیدا بەکاری دەهێنێت، تووشی کێشەی تەکنیکی بووە و کارکردنی وەستاوە.
ئاوێنە: سکای نیوزی عەرەبی لەزاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرایکرد، سیستمەکە کە بە (ئێن ئێس ئەی نێت) ناسراوە، لەکارکەوتووە. ئەم تۆڕە ناوخۆییە رێگە بە کارمەندانی یەکێک لە هەستیارترین دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەدات کە زانیارییە پۆلێنکراو و زۆر نهێنییەکان لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ بکەن.
ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەڵامی داواکاریی میدیاکانی بۆ روونکردنەوە لەسەر هۆکاری پەککەوتنی سیستمەکە نەداوەتەوە.
هەروەها، ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی سیستەمێکی ڕێکخستنی قۆناغبەندیی چوونەژوورەوەی کارمەندانی بۆ بیناکانی خۆی جێبەجێ کردووە، لەگەڵ بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
بەپێی دوو بەرپرسی ئەمریکی، وەستانی تۆڕی "NSA Net" کاریگەری لەسەر توانای ئاژانسەکە نابێت بۆ گەیاندنی زانیارییە هەواڵگرییە گرنگ و پەلەکان بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
ئەوان ڕوونیان کردووەتەوە کە حکومەتی ئەمریکا چەندین سیستەمی جێگرەوە و تۆڕی پاشەکەوتی هەیە کە دەتوانرێت بۆ پەیوەندیی پارێزراو لەگەڵ سەرۆک بەکاریان بهێنرێت.
ئەم پەککەوتنە دوای زنجیرەیەک گرفتی تەکنیکیی دیکە دێت کە تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەڕووی ئەمریکا بوونەتەوە. رۆژی هەینی بەهۆی ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە "کاری هەڵە لە کێبڵێکی پەیوەندیدا" ناویبرد، گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمریکا پەکیان کەوت و دەسەڵاتداران ناچاربوون بۆ چەند کاتژمێرێک سەرجەم گەشتەکان رابگرن، کە کاریگەرییەکەی تاوەکو ئەم هەفتەیەش درێژەی کێشا.