ئاسایشی سلێمانی رێگری لە نمایشكردنی فیلمێك دەكات
  2019-12-30       3312       

سینە سالم رایگەیاند، دوای ئەوەی بڕیاربو لە شەوی سەری ساڵدا فیلمی "لەپێناو ئازادی"دا لە سینەماكەیان نمایش بكرێت بەڵام ئەمڕۆ دوشەممە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئاگاداركراونەتەوە كە "نابێت ئەو فیلمە نمایش" بكرێت ئەوەش بە پاساوی "ئاسایش و ئارامی شار."

ئاوێنە: سینەما سالم لەرونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، دوای ئەوەی بڕیار بو سینەما سالم لە شەوی سەری ساڵدا (٣١\١٢\٢٠١٩)، فیلمی ''لەپێناو ئازادیدا''، لە دەرهێنانی ئەرسین چەلەک نمایش بکات، ئەمڕۆ دوشەممە (٣٠\١٢\٢٠١٩)، ''بە پاساوی ئاسایش و ئارامیی شار''، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئاگادارکراینەوە کە ''نابێت ئەو فیلمە نمایش بکرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا و لە ڕوداوێکی هاوشێوەدا، سینەما سالم بە هۆی نمایشی دو فیلمی ترەوە، ڕوبەڕوی ڕێگری و داخستن بوەوە.

سینەما سالم وتویەشیەتی"فیلمی ''لەپێناو ئازادیدا'' گێڕانەوەی ڕوداوێکی گرنگی مێژویی نیشتمانەکەمانە و لە ڕوی هونەرییەوە لە ئاستێکدایە، لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانی بەشداریی کردوە. ئێمە پێمان وابو ئەرکی هەمومانە لە باشور، پشتیوانیی لەم فیلمە بکەین و بتوانین پێکەوە بۆ یەکەمجار بیخەینە سەر شاشەی سینەما، تا هاونیشتمانییان بیبینن و لە ڕێی هونەر و سینەماوە، ئاگاداری ئەو مێژوە گرنگە بن."

جەختیشی كردۆتەوە"دوای ئەم مامەڵە میلیتارییەی تەنانەت لەگەڵ هونەریشدا دەکرێت، کە ئاسۆکانی ئازادیی ڕادەربڕین و بیرکردنەوەی فەزای گشتی تاریکتر دەکات، ئەم پرسیارە بۆ ڕای گشتی جێ دەهێڵین: فیلمێک کە لە هەمو دنیا نمایش دەکرێت، بۆ لە نیشتمانەکەی خۆیدا نمایشی قەدەغەیە؟"

دەقی رونكردنەوەكە...

ڕونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

دوای ئەوەی بڕیار بو سینەما سالم لە شەوی سەری ساڵدا (٣١\١٢\٢٠١٩)، فیلمی ''لەپێناو ئازادیدا''، لە دەرهێنانی ئەرسین چەلەک نمایش بکات، ئەمڕۆ، دوشەممە (٣٠\١٢\٢٠١٩)، ''بە پاساوی ئاسایش و ئارامیی شار''، لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئاگادار کراینەوە کە ''نابێت ئەو فیلمە نمایش بکرێت''.

ئەمە لە کاتێکدایە، نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا و لە ڕوداوێکی هاوشێوەدا، سینەما سالم بە هۆی نمایشی دو فیلمی ترەوە، ڕوبەڕوی ڕێگری و داخستن بوەوە.

لە کاتێکدا ئێمە ڕاگۆڕینەوە و ڕاوێژمان لەگەڵ زۆرێک لە بەرپرسە ئیداری و ئەمنییەکانی سلێمانی کردوە و ئەوانیش هەمان ڕای ئاسایشی سلێمانییان هەیە کە فیلمەکە نمایش نەکرێت، پێمان وایە ڕێگرتن لە هونەر و سینەما، هیچ بیانویەک قبوڵ ناکات، تەنانەت ئەگەر ئاسایش و ئارامییش بێت. ئەرکی هونەر و سینەما جگە لە دروستکردنی هۆشیاری لە ڕێگەی ئیستاتیکاوە، هیچی تر نییە؛ لە کاتێکدا فیلمی ''لەپێناو ئازادیدا'' گێڕانەوەی ڕوداوێکی گرنگی مێژویی نیشتمانەکەمانە و لە ڕوی هونەرییەوە لە ئاستێکدایە، لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانی بەشداریی کردوە. ئێمە پێمان وابو ئەرکی هەمومانە لە باشور، پشتیوانیی لەم فیلمە بکەین و بتوانین پێکەوە بۆ یەکەمجار بیخەینە سەر شاشەی سینەما، تا هاونیشتمانییان بیبینن و لە ڕێی هونەر و سینەماوە، ئاگاداری ئەو مێژوە گرنگە بن.

دوای ئەم مامەڵە میلیتارییەی تەنانەت لەگەڵ هونەریشدا دەکرێت، کە ئاسۆکانی ئازادیی ڕادەربڕین و بیرکردنەوەی فەزای گشتی تاریکتر دەکات، ئەم پرسیارە بۆ ڕای گشتی جێ دەهێڵین: فیلمێک کە لە هەمو دنیا نمایش دەکرێت، بۆ لە نیشتمانەکەی خۆیدا نمایشی قەدەغەیە؟ 

تاکە چەکی ئێمە، هونەر و سینەمایە و هێشتایش بە ئیرادەی یەکەم ڕۆژی کارکردنمان، بە شێوازی تر بەردەوام دەبین.

هەر بەم بۆنەیە لە ۹/۱ کاتژمێر ۲.۳۰ گفتوگۆیەکی کراوە ڕێکدەخەین لەسەر سانسۆر و لەمپەر خستنە بەردەم ئازادییەکان لە پایتەختی ڕۆشنبیری وهەر لێرەوە بانگهێشتتی هەمو ڕۆشنبیران و سینەماکاران و ڕۆژنامەنوسان و بەرپرسانی شار دەکەین کە بەشدار بن لەم گفتوگۆ کراوەیە.

سینەما سالم
٣٠\١٢\٢٠١٩

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×