کریشنا مۆرتی، بیرمەندو عاریفی گەورەی هندستان‌و جیهان
  2020-01-28       2696       
ئەردەڵان عەبدوڵڵا

دەمێکە وتومە کە زۆر گرنگە بۆ ئێمەی کورد ، ئاگاداری شارستانی هیندی بین. هیندوستان یەکێکە لەو دەوڵەتە مەزنانەی جیهان ، کە لەڕووی فکری و فەرهەنگی و ئەدەبییەوە، جێ پەنچەی دیارە، بەتایبەتی لە بواری عیرفانیدا، ئەم وڵاتە گەلێک بیرمەندی مەزنی بەرهەمهێناوە.
یەکێک لەو زانا و عاریفە گەورانەی هیندو جیهان " کریشنا مۆرتی" یە. بەداخەوە ئێمەی کورد، زۆر درەنگ ئاگاداری هزر و تێروانینی، ئەم عاریفە گەورەیەی هیندوستان بووین، ئەمە لەکاتێکدا فکر و تێڕوانینە سیاسی و فەلسەفیەکانی مۆرتی، لەسەدەی پێشوودا تەواوی جیهانی بەخۆوە خەریککردبوو. لێ خۆشبەختانە لەماوەی پێشوودا چەند هەوڵێکداروە ، بۆ ناساندنی ئەم کەڵە بیرمەندە و بەشێکی کتێبەکانی بۆسەر زمانی کوردی وەرگێڕاون. 
ئێمە لەم وتارەدا هەوڵدەدەین بە کورتی تیشکێک بخەینە سەر ژیان و هزری  مۆرتی، لەهەمانکاتیشدا پەیوەندی فکری ئەم عاریفە گەورەیە،  بە مێژووی فەلسەفی و فکری جیهانیەوە، هەروەها سەرنج و تێبینەکانی خۆشمان دەخەینە  ڕوو.


منداڵە خەیاڵاویەکە
کریشنا مۆرتی لە 12 ئایاری 1895 لە شارۆچکەی Madanapalle لە باشووری هیندوستان لە بنەماڵەیەکی ئایینپەروەری هیندۆسی  دایکبووە، لە 17 ڤێبراوەری 1986 لە ولایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا کۆچی دواییکردووە. کریشنا هەشتەیەمین منداڵی خێزانەکە بووە،  ناوی "کریشنا" ناوی یەکێکە لە خوداکانی ئاینی هیندۆسی.  لەتەمەنی دە ساڵیدا دایکی دەمرێت، ئەمەش کاریگەری زۆری بەسەر ژیان و تێڕوانینەکانی ئەم منداڵە دادەنێت. پاشانیش باوکی لە دائیرەکەی خانەنشین دەکرێت، بەمەش ڕەوشی ژیانی خێزانەکە خراپتر دەبێت.  
کریشنای منداڵ هەموو ئەم ناخۆشیانە کاریتێدەکەن و هەربۆیە هەمیشە دوورەپەڕێز دەبێت و زوو زوو خەیاڵی دەڕوات و بیر لە ژیان  دەکاتەوە ، هەروەک باوکی دەڵێت :
 ( کریشنا بە منداڵی ماوەیەکی زۆر سەیری ئاسمانی  دەکرد و لە گەردوون تێڕادەما .) 
لە ساڵی 1905  بنەماڵەکەیان بەرەو شارۆچکەی " ئەدیار" دەگوێزنەوە. ئەم شوێن  گۆڕینە کاریگەری گەورە دەکاتە سەر ژیانی مۆرتی و لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر دەیگوێزێتەوە.  مۆرتی هەتا تەمەنی 14 ساڵی  وەکو منداڵێکی ئاسایی ژیاوەو هیچ چالاکیەکی وای نەبووە. بەڵام کاتێک  زانا و بیرمەندی ئینگلیزی  "C.W. Leadbeater  "  دەبینێت، تەواو ژیانی دەگۆڕێت. جێگەی گووتنە لەو کاتانەدا شاری " تشیانی" کە لە ئەدیارەوە نزیک بووە، بنکەی ڕێکخراوی " Theosophy Society - Adyar تیۆسۆفی جیهان " ئەم ڕێکخراوەش  لە ساڵی 1895 لەلایەن ژنە بیرمەند و عاریفی گەورەی رووسی "Helena Petrovna Blavatsky "  دامەزراوە. ئارمانجی ئەم ڕێکخراوە ئەوەبوو کە ئاشتی لە جیهان بڵاوبکرێتەوەو مەزهەب و ئاینەکان لە یەکتری نزیکبکرێتەوە و گرنگی بە زانست و فەلسەفە و لایەنی رۆحی مرۆڤەکانی دەدا. 
کریشنا و براکەی دەچنە ئەم ڕێکخراوەوە، هەر زوو مامۆستاکەی زیرەکی و توانای کریشنای بۆ دەردەکەوێت، ئاسۆیەکی ڕوونی تێدا دەبینێتەوە. لە ساڵی 1911 دکتۆرە" ئانی بیزانت" کە سەرۆکی ڕێکخراوی " Theosophy Society " ، یارمەتی کریشنا و براکەی دەدات کە بچن بۆ ئینگلتەرا و لە زانکۆی ئۆکسفۆرد شوێنێکیان بۆ دابین دەکات.   
ئینگلتەرا دەرگایەکی تر بە ڕووی کریشنا دەکاتەوە، لێرە هێندەی تر لە رووی زانستی و فەلسەفیی و رۆحییەوە خۆی پێشدەخات. لەهەمانکاتیشدا هزرو تێڕوانینەکانی بەناو خەڵکیدا بڵاودەکاتەوە. لەوکاتە خەڵكی لەلایەکەوە موعجیبی ئەم کوڕە گەنجە ڕۆح سووکە بوون ، لەلایەکی تریشەوە هەندێکیان گاڵتەو پێکەنیان بە هزرەکانی دەهات ، زۆرجاریش بە کەسێکی خەیاڵی وەسفکراوە.
ساڵی 1922 لەگەڵ براکەیدا دەچن بۆ ئەمریکا بۆ ولایەتی کالیفۆرنیا ، زیاتر ئامانجی ئەم سەفەرەی کریشنا، بۆ چاککردنەوەی ڕەوشی خراپی تەندروستی براکەی بوو، بەڵام لە ئەمریکاش نەتوانرا چارەسەری نەخۆشی براکەی بکرێت و هەر لەهەمانساڵدا براکەی دەمرێت. ئەمەش کاریگەری گەورە و قووڵ بەسەر هزر و تێروانینی مۆرتیەوە دادەنێت. 
لەمبارەیەوە کریشنا دەڵێت:
 " براکەم مرد، فرمێسکی تەنهاییش بەچاوانمدا دابارین، سەردانی هەر شوێنێکم دەکرد، جەستەی ئەوم تێدا دەبینیەوە، بەتەنها مامەوە، نوێژمکرد ، دوعام دەکردو لە خودا دەپارامەوە، بەڵام خوداش هیچ وەڵامی نەدامەوەو دەنگی نەبوو لێرەشەوە خەونە کۆنەکان مردن، بەڵام خەونی نوێ لەدایکبوون ".


گەڕان بەناو جیهاندا
پاش ماوەیەک کریشنا مۆرتی دەستدەکات بە بڵاوکردنەوەی هزرو بۆچوونەکانی لە جیهاندا، سەفەرێکی درێژ بەناو جیهاندا دەکات و سەردانی " هۆڵەندا و ئیتالیا، ئوسترالیا، فەرەنسا، کیشوەری ئەمریکای لاتین " دەکات. لەو کاتەدا هێشتا  کریشنا ئەندامی ڕێکخراوی تیۆسۆڤی جیهانی بوو. ئەم ڕێکخراوەش ئەندام و لایەنگری زۆری هەبوو، کاتێک کریشنا دەچووە هەر وڵاتێک، سەدان کەس کۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی گوێ بۆ راز و نیازەکانی ئەم مامۆستا گەورەیە بگرن.  لە ساڵی 1927 بە یەکجاری واز لە ڕێکخراوی " تیۆسڤی" دەهێنێت، چونکە ئەو ئامادەنەبوو بەرگەی کاری ڕێکخراوەیی و دیسپلینی ئەم ڕیکخراوە بگرێت، چونکە ئەو لەو باوەڕەدابوو، کە پێویستە مرۆڤ ئازاد بێت و بە هیچ یاسا و ڕێسایەکەوە نەبەسترێتەوەو ئازادی لێ نەسەندرێتەوە. 
لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا، کریشنامۆرتی  لە ئەمریکا دەمێنێتەوەو سەفەر ناکات، لە کێڵگە بچووکەکەی لە کالیفۆرنیا دەژیی و مانگا و مریشکەکانی بە خێودەکات و ژیانێکی خاکەرایی و زۆر سادە دەژی. 
پاش جەنگی دووەمی جیهانی ،دەستدەکاتەوە بە چالاکی و گەڕان ، سەردانی وڵاتانی " هیندوستان، سویسرا، ئیتالیا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا" دەکات. بە بەردەوامی خەریکی کۆبوونەوەو سازدانی کۆڕ و سیمینار دەبێت، بۆ ئەوەی بۆچوون و هزرەکانی خۆی بە خوێندکارو هەوادارنی ببەخشێت. بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت، هەتاوەکو لە 17 ڤێبراوەری ساڵی 1986، لە کالیفۆرنیا لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. 


ئایا  مۆرتی فەیلەسووف بووە؟
دیارە لە بارەی هزر و بۆچوونەکانی مۆرتیەوە زۆر گوتراوە، هەندێک کەس  پێیان وایە مۆرتی فەیلەسووف بووە، چونکە کۆمەڵێک پرسیاری گرنگی لەبارەی ژیان و تاک و کۆمەڵگە کردووە،هەموو فەلسەفەیەکیش لە پرسیارکردنەوە دروست دەبێت. لێ خەڵکانێکیش بە پێچەوانەوە سەیری مۆرتی دەکەن و پێیان وایە، مۆرتی فەیلەسووف نییە ، چونکە فەیلەسووف کۆمەڵێک بنەمای فکری بۆ ژیان دادەنێت ، لەپەنچەرەی بنەما فکریەکانییەوە، پڕەنسیپێکی تایبەت بۆ بیرکردنەوە ژیان دادەنێت، بەڵام مۆرتی  ئەم کارەی نەکرد، ئەو تەنها لە ڕێگەی کۆمەڵێک تێروانینی دەروونیەوە سەیری تاک و ژیانی دەکرد. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت ، کە هیچ کاتێک مۆرتی خۆی بە فەیلەسووف دانەناوە، تەنانەت  بۆچوونەکانیشی نەخستۆتە قاڵبی کتێبێکی تایبەتەوە. 


تیشکێک بۆ سەر  هزری مۆرتی
بە گشتی مۆرتی جەختی لە " خود ناسی ' مرۆڤ کردۆتەوە، پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانی تر، سروشت، گیانلەبەرەکان، ئەمانە پانتایی هزری مۆرتیان داگیر کردووە. لە ڕووی شێوازیشەوە، مۆرتی پێڕەوی شێوازی  سوقراتی فەیلەسووفی یۆنانی کردووە، هیچ کاتێک خۆی بە مامۆستای کەسی تر دانەناوەو هزرەکانیشی لەناو کتێبێکدا کۆنەکردۆتەوە. بەڵکە ئەو زیاتر لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، هزری خۆی پیشانی خەڵکی داوە، دیارە مۆرتی باوەڕی بەوە نەبووە، کە مرۆڤ لە ڕێگەی کتێبەوە بتوانێت " خۆیی و دەورووبەرەکەی بناسێت."  ئەم پرسیاری خودناسییەش، وای لە مۆرتی کردووە، کە بکەوێتە ناو دەریایەکی گەورەی چەمکە گرنگەکانی هزر و ژیانی مرۆڤ لەوانە : ( خۆشەویستی، سێکس، جەنگ و ئاشتی، چاکە و خراپە،،،هتد).

مرۆڤ بە دوای چیدا دەگەڕێت؟
ئەمە یەکێکە لە پرسیارە گرنگەکانی ژیان، بەشێکی زۆری بیرمەند و فەیلەسووفانی جیهان خۆیان بەم پرسیارە گرنگەوە خەریککردووە، مۆرتی لەمبارەیەوە دەڵێت : 
( زۆربەی ئێمە لەم دونیا پڕ لە ئاژاوەو شێواوی و شەڕ و ململانێیەدا ، بە دوای جۆرێک لە بەختەوەری یان خۆشحاڵیدا دەچین و  داوای شوێن و پەنایەک دەکەین کە لەوێدا ئارام و خۆشبەخت بین، بەڵام ئێمە بە دوای بەختەوەریی سەقامگیر یان ڕەزامەندی سەقامگیرەوە نین ، ئێمە شتێکمان دەوێت کە بەردەوام بمێنێتەوە و ڕازیمان بکات ، زانستێک یان ئەزموونێکمان دەوێت کە جێژمان پێبدات ، رەزامەندییەک کە تا سەر سیس نەبێت ،،).


خودناسی
مەسەلەی خودناسی یەکێک بووە لە بنەما بنەڕەتییەکانی هزری مۆرتی، دەتوانم بڵێم خودناسی کلیلی بیرکردنەوەو تێڕامانی مۆرتی بووە. ئەو پێی وایە کێشەی گەورەی مرۆڤایەتی لەوە سەرچاوەی گرتووە، کە تاک خۆی نانانسێت، دیارە لەم خۆنەناسینەش ، دەورووبەر ڕۆڵێکی نێگەتیڤی هەیە. لەمبارەیەوە دەڵێت : 
( گرفتی سەرەکی زۆرینەی ئێمە ئەوەیە، کە ئێمە ڕاستەوخۆ خۆمان ناسین ، بەڵکو دەگەڕێین بە دوای سیستەمێک ، شێوازێك و ئامڕازیکدا بۆ کارکردن بە یارمەتی ئەو ، هەر لەڕێگەی ئەویشەوە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتە لە ژمار نەهاتووەکانی مرۆیی دەدەین. ،،،هەمیشەش خاوەن دەسەڵات رێگرە لە تێگەیشتنی خود، ).

 

 تاک و کۆمەڵگە
پێگەی تاک لەناو کۆمەڵگە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا، پرسێکی گرنگی ترە ، کە مۆرتی خۆی پێوە خەریککردووە. لەمبارەیەوە دەڵێت:
 ( گرفتێک کە لە بەرامبەر زۆرێک لە ئێمە دەوەستێت ئەوەیە ، ئاخۆ تاک تەنیا ئامڕزای کۆمەڵگەیە یان ئامانجیەتی ؟ )  
ئەم پرسەش زۆر گرنگی پێداوە هەوڵی شرۆڤەکردن  و گەڕان بە دوای کۆدەکانی ئەم پرسیارە گرنگەوە بووە. دیارە ئەمەش لە ڕێگەی شیکردنەوەی مانای کۆمەڵگەوە سەریهەڵداوە، لەمبارەیەوە مۆرتی دەڵێت : 
( کۆمەڵگە، لە پەیوەندی نێوان ئێوەو من و ئەویتر دروست دەبێت ، ئەگەر پەیوەندی ئێمە شێواو، بیرتەسکانە و نەتەوەپەرستیانە بوو، هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی پشێوی لە جیهاندا . جیهانیش هەر ئەوەیە کە ئێوە هەن، کەوابوو کێشەی ئێوە کێشەی جیهانە. ) 


شۆڕش و گۆڕانکاری
دیارە مەسەلەی شۆڕش و ڕیفۆرمی ناو کۆمەڵگەکان، خاڵێکی ئێجگار گرنگی بیرکردنەوەی مۆرتی بووە، لە جیاتی جارێک چەندینجار لە کۆڕو کۆبوونەوەکانیدا باسی لێوەکردووە. دیارە ئەو زیاتر بایەخی بە شۆڕشی ناخی مرۆڤەکان دەدا و پێ وابوو پێویستە سەرەتا هەموو گۆڕانکارییەک لە تاکەوە دەستپێبکات ، نەک بە پێچەوانەوە.
 مۆرتی دەڵێت : (شۆڕش لە کۆمەڵگەدا، دەبێت بە ئاڵۆگۆری دەروونی و دەروونناسی تاک دەسپێبکات، بە بێ ئەم شۆڕشە دەروونییەی ناخی مرۆڤ، ئاڵوگۆڕی تاکو تەنیای دەرەوە گرنگی ئەوتۆی نابێت ، بە واتایەکی تر کۆمەڵگە بەمشێوەیە وەستاو دەبێت و خۆی لە ترسی لەت لەتبووندا دەبینێتەوە، هەرچەندە یاسای زیاتر و بەهێزتریش دابنێت، بەڵام ئەم ترسە هەر بەردەوامە. دیارە کۆمەڵگەی وەستاویش ، ئاڕاستەی گەندەڵی دەگرێتە بەر، لەبەرئەوە دەبێت شۆڕش لە ناخی مرۆڤەکانی دەست پێبکات نەک لە دەرەوە. ) 


ترس و مەرگ 
یەکێکی تر لەو چەمکانەی کە جێگەی بایەخی مۆرتی بووە، چەمکی ترس و مەرگ بووە. دیارە ئەم پرسەش، پرسێکی گرنگ و مێژووییە و زۆربەی عاریف و فەیلەسووفانی جیهانیش، خۆیان پێوە خەریککردووە. مۆرتیش خاوەنی بیرکردنەوەو دونیا بینی تایبەتی خۆی بووە لەمبارەیەوە.
 لەمبارەیەوە دەڵێت : ( ترس چییە؟ ترس تەنیا لە پەیوەندی لەگەڵ شتێکدا کە گۆشەگیر نییە پێکدێت. چۆن دەبێت لە مەرگ بترسین ؟ چۆن دەبێت لە شتێک بترسین کە نایناسم ؟ کاتێک دەڵێیت لە مەرگ دەترسم ، ئایا بە ڕاستی لە شتێکی نەناسراو دەترسیت کە مەرگە یان لەمەی دەترسیت کە شتێک دەیناسیت  لە دەستی بددەیت.؟ )


خۆشەویستی 
دیارە پرسی خۆشەویستی، خاڵێکی تری بیرکردنەوەی مۆرتی بووەو لە چەندین شوێنی جیاجیادا باسی لێوە کردووە. ئەم پرسەش، پێش هەموو شتێک پرسێکی گرنگە پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە و بەشێکی گرنگی کەسایەتیشی پێکدێنێت. لەبەرئەوە هیچ بیرمەند و فەیەلسوفێک ناتوانێت باسی مرۆڤ بکات و ئەم مەسەلەیە فەرامۆش بکات.  مۆرتی لەو باوەڕەدایە کە پرسی خۆشەویستیی و موڵکداری، پەیوەندییەکی ریشەییان بە یەکەوە هەیە. 
 لەمبارەیەوە دەڵێت : ( کاتێک دەڵێین یەکێکمان خۆشدەوێت ، مەبەستمان ئەوەیە کە ئێمە خاوەنی ئەو کەسەین ، هەر لەم خاوەنداریەتەشەوە حەسودی پێبردن سەرهەڵدەدات ، چونکە گەر ئەو کەسە لەدەستبددەم ، هەستدەکەم پووچم و خۆم ون کردووە . بەم خاوەنداریەتەش ئەو کەسە داگیردەکەم ،، گومانی تێدا نییە کە ئەڤین سۆز نییە ، سۆزداری بوون ئەڤین نییە ، چونکە ئەم دۆخانە هەستێک زیاتر نین . )

 
سێکس 
بە پێچەوانەی زۆربەی عاریف و کەسە ڕۆحانیەکانی هیندوستان و  جیهان، کە هەمیشە ئەم جۆرە کەسانە بۆچوونی نێگەتیڤانەیان بەرامبەر بە سێکس هەبووە، بەڵام بە پێچەوانەوە مۆرتی زۆر پۆزەتیڤانە بۆ سێکس دەڕوانێت. 
لەمبارەیەوە دەڵێت : ( بۆچی سێکس بووە بە گرفت؟ ئایا لەبەرئەوە نییە کە ئێمە  لە ڕوانگەیەکی تایبەت بە بۆچوونێکی نەگۆڕەوە بۆ مەسەلەکان دەڕوانین؟ ئێمە هەمیشە لە ناوەندێکەوە بۆ دەورووبەرمان دەڕوانین. لەناو زەینی خۆتاندا ئایدیایەکتان خوڵقاندووە بەناوی داوێنپاکی و دووری لە کردەی سێکسی ، دیارە ئەم زەینەتەش لە ڕێگەی سەرکووتەوە ڕوو دەدات ، کە ئەمەش لە دەووربەرەوە پێمان گەیشتووە. .،،  بە بڕوای من کردەی سێکس شتێکی زۆر ئاساییە ، ڕێک وەکو کردەی خواردن وایە .)


چاکە و خراپە 
چەمکی چاکە و خراپە ، دوو چەمکی گرنگن لە هزرو تێڕوانینەکانی مۆرتی. ئەو بە پێچەوانەی زۆربەی فەیلەسووفەکانەوە، نەهاتووە ڕێگایەک یان پڕەنسیپێکی دیاریکراو بۆ چاکە یان خراپە دابنێت، بەڵکە پێی وایە کە چاکە و خراپە شتێکی ڕێژەییە و زیاتر ئەو کۆمەڵگە و کولتوورە تەعریفی بۆ دادەنێن کە مرۆڤ تێیدا دەژی، بگرە مۆرتی دوورتر دەڕوات پێی وایە کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان چاکە و خراپەدا نییە، بەڵکە زۆرجاریش وەکو دوو دیوی دراوێک وەسفی دەکات.
 لەمبارەیەوە دەڵێت : 
(ئایا خراپە چاکەیەکی بچووکراوە ؟ ئایا چاکە لاوازکردنی  خراپەیە ؟ یان بە تێپەڕبوونی کات چاکە بە لای خراپە و خراپە بە لای چاکەدا دەڕوات ؟ ئەمانە هەردووکیان دوو دیوی دراوێکن  دوو شتی لەیەک جیاواز نین . کاتی خۆی مەسیحیەکان لەکاتی" دادگاکانی پشکنینی بیروباوەڕ"، بەناوی کوفر و بێ باوەڕیەوە مرۆڤەکانیان دەسووتاند و ئەمەشیان بە چاکە لە قەڵەم دەدا. کۆمۆنیستەکانیش بە شێوازی خۆیان ئەم کارەیان ئەنجام دا. ئەوان بە ناوی کۆمەڵەوەو لە پێناوی کۆمەڵگەدا و بۆ هەموو مرۆڤایەتی ،،،،ئەم کارەیان ئەنجام داوە . )   


شەڕو ئاشتی 
بێگومان مۆرتی ئازار و مەینتییە گەورەکانی جەنگی دووەمی جیهانی بە چاوی خۆی بینییووە، لە هەمانکاتیشدا ئەو نەوەی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و سۆڤێت بوو، ئەو ساڵانەش تەواوی مرۆڤایەتی، ترسیان لە جەنگێکی گەورەی ماڵوێرانی دەبینی. لە هەمانکاتیشدا سەردەمی مۆرتی، سەردەمی ئایدۆلۆژیا و جەنگی گرووپە سیاسییە جیاوازەکان بووە. هەموو ئەمانەش کاری لە تێڕوانین و هزری ئەم عاریفە گەورەیە کردووە، کە تێڕوانییەکانی بۆ شەڕ لە جیهاندا بە شێوەیەکی تایبەت دابنێت. 
مۆرتی لەمبارەیەوە دەڵێت: 
( بێگومان باوەڕەکان  هۆکاری هەموو شەڕێکن، چ باوەڕی ناسیۆنالیزم بێت ، چ ئایدۆلۆژیەک بێت یان دۆگمێکی تایبەت و مەزهەبی و ئایینی بێت ،ئەگەر باوەڕێک نەدەبوو ، لە جیاتی ئەویش نییەتی خێر و عیشق لەناو خەڵکدا بڵاوبوایەتەوە ، ئەوا لەو حاڵەتەدا هیچ کاتێک شەڕ ڕووی نەدەدا. بێگوومان ئەوەی دەبێتە هۆی شەڕ، حەز لە دەسەڵات، پۆست، پارەو پوول، هەروەها ئەوەی کە ناوی نەخۆشی ناسیۆنالیزم و پەرستنی ئاڵا و ئەم دۆگمانەیە، تەواوی ئەمانە هۆکاری شەڕەکانن. ) 
لە بارەی ئاشتیشەوە، مۆرتی تێڕوانینی جیاوازەو پێی وایە، دەبێت ئاشتی لە تاکەکانەوە دەستپێبکات و پاشان هەموو کۆمەڵگە بگرێتەوە. 
لەمبارەیەوە دەڵێت: ( بۆ ئەفراندنی ئاشتی لە دونیادا وبۆ ڕاگرتنی هەموو شەڕەکان، دەبێت شۆڕشێک لە ناخی هەموو تاکەکان سەرهەڵبدات .) 


پەروەردە
مەسەلەی پرۆسەی فێربوون و پەروەردە، خاڵێکی گرنگی تری هزری مۆرتییە. ئەو بەهەموو شێوەیەک دژی سیستەمی پەروەردەیی تەقلیدیی بوو. پێی وانەبووە کە مرۆڤ لە ڕیگەی زانکۆو قووتابخانەوە ، دەستی بە زانست بگات. 
لەمبارەیەوە دەڵێت : ( پێکهێنانی تەکنیکی تەواو، مرۆڤ ناکات بە داهێنەر. ئێوە لەوانەیە شێوازی وێنەکێشان بە شێوازێکی نایاب بزانن، لە تەکنیکی تەواو بەهرەمەندن ، بەڵام بە وێنەکێشێکی داهێنەر نەژمێردرێن.) 
لە ڕووی پەروەردەکردنی منداڵیشەوە، زۆر دژی سیستەمی کۆن و تەقلیدی پەروەردەکردنی منداڵان بوو. مۆرتی دەڵێت:
( ئەگەر دەتانەوێت منداڵ فام بکات، دەبێت ئەوتان خۆش بوێت، نابێت سەرکۆنەی بکەن، دەبێت یاری لەگەڵ بکەن، چاودێری جمووجۆڵی بکەن، ئەگەر تەنها سەرکۆنەی بکەن و بە دوای هەڵەکانیدا بگەڕێن، تێگەیشتن و فامکردنی منداڵە پێکنایەت . )
ئەو هەڵگری بیرۆکەی ئازادی فێربوون و پەروەردە بوو، دژی لێپێچینەوەو سەرکۆنەکردنی منداڵان بوو. جێگەی ئاماژەیە، ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوادا، پشت بەم جۆرە سیستەمە دەبەستن و  ئازادی رەها دەدرێت بە منداڵان ، بۆ ئەوەی فێری زانست بن، بە هەموو شێوەیەکە دژی سزادان و سەرکۆنەکردنی منداڵاننان. 

  
چەند سەرنجێک لەبارەی هزری مۆرتیەوە
دیارە مۆرتیش وەکو هەموو بیرمەندانی تری جیهان، بۆچوونەکانی دەکەونە بەردەم کۆمەڵێک رەخنەوە.  مۆرتی لە چەندین شوێندا ئەم ووتەیەی دووبارە کردۆتەوە: ( هیچ کتێبێکی دەروونناسی یان مەزهەبیم نە خوێندۆتەوە، حەز دەکەم بە یارمەتی  ئەو وشە  سادانە کەلە ژیانی ڕۆژانەماندا کەڵکیان لێوەردەگرین  ، چەمکێکی قووڵترتان پێ بڵێم. )
دیارە بەشێکی زۆری هزری مۆرتی ، جەخت لەسەر ئەوە دەکات ، کە پێویستە زیاتر مرۆڤ خەریکی " خۆ خوێندنەوە، خۆناسین، میدتاسیۆن".  وە پێی وایە کە مرۆڤ لە ڕێگەی کتێب و خوێندنەوە ، ناتوانێت هیچ هوشیاری فێربێت و خۆی بناسێت. 
دیارە ئەمە تێڕوانینێکی تایبەتی مۆرتییە، پێویستە ڕێزیش لە بۆچوونی جیاوازبگیرێت، بەڵام ئەم بۆچوونە  دوورە لە راستی و  واقعیەوە، چونکە گەر مرۆڤەکان لە ڕێگەی کتێبەوە فێری زانست و ئەزموونی پێش خۆیان نەبن، چۆن دەتوانن لە بوارێکی تایبەتیدا زانا بن؟ بەمشێوەیە بێت نە دکتۆر، نە ئەندازیار، نە مامۆستا، تەکنیکار دروست نابێت، چونکە مۆرتی پێی وایە کە مرۆڤ لە ڕێگەی کتێب و سیسیتەمی خوێندنەوە ، فێری هیچ نابێت و سوودی بۆ مرۆڤایەتی نییە، ئەم بۆچوونەش نا واقعی و نا زانستییە. 
لەلایەکی تر مۆرتی ڕەتی دەکاتە ، کە ئەو پێشتر هیچ کتێبێکی دەروونانسی و یان فکری خوێندبێتەوە، یان بیرمەندێک یان فەیلەسووفێک کاریتێکردبێت، لێ ئەمەش بەو شێوەیە نییە، چونکە هەموو فەیلەسووفێک خوێندکاری چەندین مامۆستای پێش خۆی بووەو لە ژێر تیشكی هزری ئەواندا، چرای ڕووناکی هزری خۆی داگیرساندووە.


کاریگەری کولتووری هیندی بەسەر مۆرتیەوە
دیارە هیندوستان وڵاتێکی ڤرە کولتوور بووە، سەدان ئایین و مەزهەبی تێدا دروستبووە، ئەم ڤرە کولتووریەش ،دەوڵەمەندییەکی ئێجگار گەورەی بە هزری هیندیی و جیهان بەخشیوە. مۆرتی لە وڵاتێکیدا لەدایکبووە، کە خاوەنی کولتوورێکی ئێجگار دەوڵەمەندبووە. بەتایبەتی سوودێکی ئێجگار گەورەی لە هەردوو ئایینی " هیندۆسی و بودی" بینییوە. بەشێکی گەورەی هزری مۆرتی ، پەیوەندی بە " خودناسی" ەوە هەیە، ئەمەش زیاتر لە حاڵەتی " نرڤانا" ی بودییەوە نزیکە. کە پێش 2500 ساڵ ، باسی لە " خۆ پاککردنەوەو ، خودناسی" کردووە. بە بڕوای من لەمبارەیەوە ، هەروەها ئایینی بودی، زۆر گرنگی بە " مرۆڤ" داوەو، بە دوای پرسە گرنگەکانی ژیانەوە وێڵ بووە لەوانە : ( جەنگ، ئاشتی، خۆشەویستی، چاکە و خراپە) مۆرتیش سوودێکی زۆری لە ئایینی بودی و هیندۆسیش  وەرگرتووە. 


کاریگەری تاغور
تاغور ( 1861/1941) یەکێکە لە  بیرمەند و عاریفە گەورەکانی هیندو جیهان. ئەم بیرمەندە گەورەیە ، کاریگەری گەورەی نەک تەنها بەسەر هزری هیندی بەڵکە بەسەر تەواوی هزری جیهانیەوە داناوە. بە بڕوای بەندە کاریگەری گەورەشی بەسەر کریشنا مۆرتیەوە داناوە، بەتایبەتی لە بواری پەروەردەییەوە. 
یەکێک لە داهێنانە مەزنەکانی تاغور کەکاریگەریەکی ئێجگار گەورەی هەبووە، داهێنانی سیستەمێکی نوێ خوێندن بوو. تاغور ویستی سیستەمێکی نوێی خوێندن دابهێنێت ، کە زۆر جیاوازتر و مۆدێرنتر و باشتربێت لە سیستەمە کۆنەکەی جاران. تاغور دەیویست خوێندن و قووتابخانە لای منداڵان خۆشەویست بکات. ئەو هات قووتابخانەیەکی دروستکرد ، کە بەهەموو شێویەک دووربوو لە سیستەمی ئایینی و باوکسالاریی و توندوتۆڵی عەسکەری .
ئەو جۆرە سیستەمە پەروەردەیەی  کە مۆرتیش داوای دەکرد، هەمان ئەو سیستەمە بوو، کە تاغور ساڵی 1901 لە قووتابخانەکەیدا پراکتیزەی کرد. 


پێش کۆتایی
بە دڵنییایەوە مۆرتی یەکێکە لەو بیرمەندە گەورانەی  جیهان، کە کاریگەری گەورەی بەسەر هزری سەدەی بیستەمەوە هەبووەو هەتاوەکو ئەمڕۆش ، کاریگەری هزری ماوە.  قسەکردنیش لە بارەی مۆرتیەوە  تەواو نابێت و ناشتوانین لەم چەند دێڕەدا، بە چڕو پڕی باس لە هزری ئەم کەڵە بیرمەندەی جیهان بکەین.  ئێمە تەنها ویستمان  تیشکێک بخەینە سەر هزری مۆرتی و کەمێک لە چەمکە گرنگەکانی  بخەینە ڕوو. بەو هیوایەی لە ماوەیەکی تردا ، بتوانین بە درێژی باسی هزر و کاریگەرییەکانی ئەم کەڵە بیرمەند عاریفە گەورەیەی هیند و جیهان بخەینە ڕوو.  



سەرچاوەکان : 

1. Jiddu Krishnamurti. www.uni-protokolle.de
2. Jiddu Krishnamurti spricht über die Liebe.\ www. doormann.tripod.com
3. دیمتری أفییرینوس. أچوا‌و علی فكر كریشنامورتی. www.maaber.50megs.com
4. أفكار متفرقە – كریشنا مورتی. ahlam002.wordpress.com/ www.
5. ج. کریشنا مۆرتی. یەکەمین و دوایین ڕزگاری، وەرگێرانی سەعید سەیدی. چاپی یەکەم، دەزگای توێژینەوەو بڵاوکردنەوەی موکریانی. هەولێر. 2009.
6. کریشنا مۆرتی. چاکە و خراپە. وەرگێڕانی ، ئازاد بەرزنجی. چاپی یەکەم. دەزگای چاپو بڵاوکردنەوەی سەردەم. سلێمانی. 2014
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×