ڕۆیشتنێك بە ڕێی یادەوەرییدا
  2020-02-08       2232       

هشیار عابد



ڕوانینێك بۆ 'دۆکیومێنتکردنی تاریکیی' ، پێشانگەی عوسمان قادر ئەحمەد لە گەلەری ئێستا ، سلێمانی 



زۆر نین ئەوانەی لە کۆمەڵکوژیی ترسناکی ئەنفال ڕزگاریان بوو. لە نێویاندا، تەنها کەمێکیان توانییان بەسەرهاتەکانیان لەگەڵ ئێمە بەش بکەن. تەنانەت ژمارەیەکی کەمتریان تا ئێستا توانیویانە ئەو بەسەرهاتانە بخەنە هەر چەشنە کڵێشەیەکی بەڵگەگریی یان ژێدەرسازییەوە.لەبەر ئەوە، ئێمە دەبێت ئەو ڕاستییە بنرخێنین کە کەسێك لەوانەی ئەو ڕووداوانەی بەچاوی خۆی بینیوە ، نەك هەر توانیویەتی ڕێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ دۆکیومێنتکردنی ڕووداوەکان، بەڵکو بەشێوەیەکی هونەرییانە ئەو کارەی کردووە. ئەم هونەرمەندە سەکۆیەکی ناوازەی فەراهەم کرد بۆ پیشاندانی وێنەیی ڕەوشەکان و نەخشاندنی ترس و بیمی قوربانیان لەو ساتەدا کە بەرەو مەرگێکی حەتمی ڕاپێچ دەکران.
ساڵەهای ساڵ عوسمان خەریکی لێکدانەوەی هێماکان و بونیادنانەوەی ئەو ڕووداوانە بووە لە یادەوەرییە تاکە کەسییەکانی خۆیەوە لەمەڕ ئەو ڕووداوانە ، هەروەها لە توێژینەوەی چڕوپڕ و چاوپێکەوتنەکانییەوە لەگەڵ ڕزگاربووان کە توانایەکی سەرسامکاری بەرەنگاربوونەوەوەیان بەرجەستە دەکرد و بەسەرهاتەکانیان لەلایەن ئەوەوە نەخشێنراون . 
جیاوازیی نێوان بەسەرهاتەکانی خودی خۆی و ئەوانەی هی کەسانی ترن نەبینراوە. ئەوەش چونکە ئەو نەکەوتۆتەڕێ تاوەکو بەسەرهاتی خۆی تۆمار بکات بەتەنها، نە هی هیچ کەسێکی تریش لەو بابەتەدا. هیچ شتێك نییە گوزارشت بکات لە بابەتە کەسییەکان لە نیگارکێشانەکانیدا. ئەو تەنها شایەتحاڵێکە ، ئەو بەسەرهاتانە دەگێڕێتەوە، بە خاوەندارێتییەکی تێروتەواوەوە بۆ هەر دێڕێك، بەبێ گرێدانی هیچ کامێکیان بە خۆیەوە. ئەو دەیتوانی بەسەرهاتە تاکە کەسییەکانی خۆی دابڕژێت و دەشێت ئەو کاتیش کاریگەرییەکەی هەر جێی سەرسامیی بوونایە. بەڵام ئەوەی کە ئەو ئامانجێتی ، لەبری ئەوە ، بێلایەنییەکی بێڕەحمانەیە کە خۆی دەخزێنێتە ناو ‌هێڵەکان و  ئامرازەکەشەوە و گەرەکییەتی بناسێنرێت.
هێڵکارییەکان جیاوازن لە شێوە و قەبارە و تەنانەت هەندێك جاریش لە ئامرازەکەدا. بەڵام هەموویان وەکیەکن لە شێواز و بابەتی ناوەڕۆکدا. شێوازەکە کڵێشەیەکی سادەی هێڵکارییە  کە نزیك دەبێتەوە لە ئەبستراکتێکی خام. و تەنانەت کڵێشەکەش سادە ترە. هەموو کەسێك دەتوانێت بیکات. خەت و ختووتێکی زۆرهەن و ڕەنگ نییە. فیگەرەکان زۆربەیان مێروولە ئاسا یان لە شێوەی دەنکە شقارتەدان بە هێڵەکانی پێکەوە لکاندنیانەوە. هێڵەکان فیگەرەکان پێکەوە گرێدەدەن لە بەردەوامییەکدا کە هەر نابڕێتەوە، پاشان دەگۆڕڕێنە سەر هێڵکاریی چیایەك یان شێوەیەکی تری ئاسۆیی، یان تەسکدەبنەوە لە ناوەڕاستەوە بەهەردوولادا بۆ دروستکردنی شێوەیەکی خەندە ئاسا. ڕووخسارەکان هەموویان هێڵکاریی ناڕێکن کە زیاتر لەوانە دەچن کە لە ڕۆمانە ترسناکەکاندا هەن وەك لە پۆرترەیتەکان، کەچی هێشتا یەک بە یەکیان دەربڕن و تا بڵێی زیندوون.
بۆ من ، ئەمە نیشانەی هونەرکارییەکی مەزنەـــــ ئەو دەمەی تۆ دەکەویتە بەردەم کارێکی هونەریی کە وات لێدەکات وابیربکەیتەوە کە تۆش دەتتوانی بتکردایە.  ئا ئەمەیە کە وادەکات ئەم کارە ناوازە بێت. کارەکە لە سادەییەکەیدا بێ گرێ و گۆڵە ، هێندە بەئاسانی پێی دەگەیت کە هەموو کەسێك دەتوانێت خۆی تێدا ببینێتەوە، کەچی ئەوەندەش بەهێز و پاراوە کە تۆ ناتوانیت بیر لە هیچ هاوتاگەلێك بکەیتەوە. ناوەڕۆکی ئیشەکەش بەهەمان شێوە سەرنج ڕاکێشە. شەپۆلی جەستەکان لە جووڵەدا، لە بەری پێشەوە ، کە دەڕژێتە ناو تاکە هێڵێکەوە کە لە دوورەوە ڕا دیارنامێنێت، هەندێك جار بۆ ناو لەبیرچوونەوە، هەندێکیان بۆ ناو ئاسۆی بەرین. بەردەوامیی نێوان جەستەکان و پاشخانەکە، زۆر جار بەرجەستەکراوە لە هێڵێكی دانەبڕاودا کە هەر هەموویان دەنەخشێنێت ، پێکەوە ، هێمادەدات بە یەکێتیی نێوان مرۆڤ و سروشت. تاوانەکان هەر بە تەنها دژ بە مرۆڤ ئەنجام نەدراون. ئەوانە تاوانگەلێك بوون دژی  مرۆڤایەتیی و دژی سروشت. ئەو ترس و بیمەی ئاوێتە بووە لەگەڵ خۆڕاگرییەکی سەرسوڕهێنەردا لەسەر ڕووخسارەکانیان ، لەو کاتەدا کە بەڕێپێوان دەڕۆن ، بە دەنگێکی بەرز ئاخاوتن دەکات بۆ قوربانییە بێ دەنگەکان.  هەروەك سارا پاریڵ ، گەورە نەخشەسازی پەڕتووك و هونەرمەندی نیشتەجێی لەندەن، دەربارەی کارەکەی عوسمان وتبووی؛" بێدەنگییەك هەیە لە قیژەکەدا. ناتوانرێت گوزارشتی لێ بکرێت".
قەبارەی پێشەسازیی ماشێنی قڕکردن ، کە بەرجەستەکراوە بە قەڵا سەربازییە گەورەکان کە هەموویان لووش دەدات پێش ئەوەی بیان نێرن بۆ کوشتارگەکەیان ، هەروەها لۆرییە زەبەلاحەکان ، هێلیکۆپتەرەکان و سەربازە بێ ڕووخسارەکان ، بینراو و بەرجەستەن.  
لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ کام لەوە پێکهاتەی تاکەکەسیی قوربانییەکان ناسڕنەوە، کە بەرجەستەکراون بە ڕووخساری فیگەرەکان لە بەری پێشەوە، هەروەها زنجیرەیەك لە پۆرترەیتگەلی ژنان ، ژنگەلی جوان سەرباری هەوڵەکانیان بۆ ناشرینکردنی خۆیان ، وادیارە، بۆ خۆ قوتارکردن لە سەرنجدانی ئەو ئەفسەرانەی هەڵیاندەبژێرن بۆ ساتی کات بەسەربردنیان. دایکەکە، کە خۆی چەماندۆتەوە بەسەر منداڵەکەیدا بۆ پارێزگاریی کردنی ، کاتێك ڕووخساری ترس پەخش دەکات، نموونەیەکی ترە. 
کارەکەی عوسمان، هەنگاوێکی مەزن دەنێت بەرەو بونیادنانی یادەوەریی نیشتمانیی جێنۆسایدی ئەنفال، کە ئەمە کارێکە تا ئێستا نەبووە لە دەستپێشخەرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ، کە شتێکی گلداوەتەوە بۆ یادگاری هەڵەبجە و هەندێ لە دەستپێشخەرییە لەرزۆکەکان. لە پێش هەموویانەوە دامەزراوەی مۆنیومێنتی ئەنفالی خراپ داڕێژراو کە تا ئێستا ملیۆنان دۆلاری ئەمەریکیی لووش داوە بە بەرهەمێکی زۆر کەمەوە کە نیشانی بدات. یادەوەریی نیشتمانیی، کە بریتییە لەو بەسەرهات و کلتورەی لەلایەن هەموو نەتەوەوە هاوبەشیی دەکرێت، ناکرێت قەتیس بکرێت بە دەستپێشخەرییە تاکەکەسییەکانەوە یان بە پڕۆژەگەلی هەڕەمەکیی نیوە ناچڵەوە. ئەوە ڕاڤەکردنێکی هاوبەشی ڕابردووی نیشتمانییە کە پێکدێت لە ڕێوڕەسمە یادکردنەوە ئامێزەکان، مۆنیومێنتەکان، ئەفسانەکان و شتگەلێك کە پێویستیان بە ڕێبازێکی چوونیەك هەیە کە کۆی دامەزراوەی نیشتمانیی دەیهێنێتە بوون.
ئەنفال هەر بەتەنها تاوانێك نەبوو کە ڕژێمێکی دڕندە لە هەشتاکاندا ئەنجامیدا وەك تۆڵەسەندنەوەیەك بۆ بێ باکیی کورد لە داگیرکارییەکەیان بۆسەر ئێران و ئەو جەنگە هەشت ساڵییەی بەدوایدا هات. ئەوە تاوانێکە کە هەموو ڕۆژێك دەکرێت ، بەبەردەوامیی ، دژی قوربانییەکان، ڕزگاربووەکان، کەسانی نزیکی ڕزگاربوو و نەتەوەکە بە گشتیی. نکۆڵیی بەردەوام لە ڕوودانی و تەمومژ دەربارەی ژمارەی قوربانییەکان گەواهییەکن لەسەر ئەوە.
ئەم کارە هونەرییە و پێشانگاکە ڕاست و دروست دەچنە ماکی بونیادنانی یادەوەریی دەستەجەمعیی و ئەو گێڕانەوە  نیشتمانییەی ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی کوردەکان ، لانی کەم لە عێراقدا ، دەخوازن دوور و ئازاد بن لە ئەگەری جینۆسایدێکی تر. نکٶڵیی کردنی بەردەوام پەردە هەڵدەماڵێت لەسەر ئامادەباشییەکی شاردراوە بەناوی دەستەبژێری فەرمانڕەواوە بۆ دووبارە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە. و تەنها بە یادکردنەوەیان و وێڵ بوون بەدوای دادپەروەرییدا بۆ قوربانییەکان ، نەتەوەکە دەتوانێت بەربەرچدەرەوەیەك بنیاتبنێت دژی دووبارە ڕوودانی لە ئاییندەدا.
ئەمە ئەو مەبەستە بوو کە هاندەر بوو بۆ ڕێکخەر ، دارۆ، کە وێنەکانی ئەم پێشانگایەی کۆکردەوە و ڕێکی خستن. ڕۆیشتن بەلای هێڵکارییەکاندا و لێکدانەوەی هێماکانیان شتێکە و ڕۆیشتن بە ناو ئەم نماییشکراوانە و دەرچوون لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی تر شتێکی ترە. تێمایەكی باڵکێش هەیە لە ڕێکخستنەکەدا کە نماییشکراوەکان کۆدەکاتەوە و گێڕانەوەیەکی تازەیان پێدەدات کە لە هێڵکارییە تاکەکەسییەکاندا فەراهەم نییە. بەشەکان ڕەهەندی جیاوازی ڕووداوەکان هەڵدەماڵن وهەر یەکەیان 
ڕەهەندێك  بە بینەر دەڵێن ، ڕەهەندە تاکە کەسییەکە، توخمە پێشەسازییەکە ، قەبارە مرۆییەکە و بەم شێوەیە.
بەشە جیاوازەکان گێڕانەوە سەرتاسەرییەکە بنیاتدەنێن لە تاکە یەك پەیامدا. هەروەها ئەو نیگارکێشییە هەیە لە ناوەڕاستی پێشانگەکەدا کە وەك کانڤاسێکی بەتاڵ دەستی پێکرد ، تەنها بۆ ئەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەلایەن هونەرمەندەکانەوە بنەخشێنرێت، بە نیازی تەواوکردنی لە کۆتا ڕۆژدا. ئەمە هەر بەتەنها ڕابردوو نییە کە ئێمە لێی دەڕوانین ، ئەوە ئێستا و ئەم کاتەیە وەك ئەوەی ڕوودەدات. ئەوە ڕۆیشتنێکی تەواوکارییە بۆ ناو ڕێی یادەوەریی، ڕۆیشتنێك کە زۆر شتت بۆ جێدێڵێت تا شیبکەیتەوە.
گەلەری ئێستا خۆی وەك گەلەرییەکی پێشەنگ چەسپاندووە لە سلێمانیی، عێراق. ئەمە چوارەم پێشانگەی تازەکارە کە کرابێتەوە لە گەلەرییەکە لە کاتی دامەزراندنیەوە لە کانوونی دووەمی 2019 دا. پێشانگەکانی پێشتر بۆ هونەرمەندان بوون وەك هەیەجانە هەستئاوەرییەکەی سوفیان جەلال و فۆتۆگرافییە نایابەکەی هەڵۆ لانۆ، کە کارێکی ڕچەشکێنی بەرهەمهێنابوو بەڵام نەناسێنرابوو لە شاڵاوی هونەریی نێو' پایتەختی ڕۆشنبیری' کوردستانی عێراقدا. ڕۆیشتن بەناو ئەم گەلەرییەدا ئەو بۆنەی ڕیسایکلینە مەزنەم دێنێتەوە یاد کە تەیت گەلەریی بەدەستیهێنا بە گۆڕینی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کەناری ڕوباری پەیمز لە لەندەن بۆ تەیت مۆدێرنی بەناوبانگی جیهان. ئەو هەموو پێکهاتەکانی هۆڵێکی مەزنی تێدایە کە ئاوێتەکراوە بە مێژووی پڕ متمانەی شوێنەکە، ئەمە شوێنێکە بۆ بینین.

 

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×