له‌ئه‌مریكا، یه‌كه‌م حاڵه‌تی مردن به‌ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كرا
  2020-03-01       743       

ئا: لوقمان غه‌فور



به‌رپرسانی ته‌ندروستی له‌ ویلایه‌تی واشنگتۆن – سیاتل، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 29ی فێبریوه‌ری رایانگه‌یاند كه‌ كه‌سێكی تووشبوو به‌ نه‌خۆشی كۆرۆنا ڤایرۆس (COVID-19) گیانی له‌ده‌ستداوه‌. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌كه‌م حاڵه‌تی مردن له‌ ئه‌مریكا به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌وه‌.


به‌رپرسانی ته‌ندروستی له‌ ویلایه‌ته‌كانی كالیفۆرنیا و ئۆریگن و واشنگتۆن – سیاتل، دڵه‌راوكێیانه‌ به‌رامبه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ و سێ كه‌س له‌و سێ ویلایه‌ته‌ تووشبوون بێئه‌وه‌ی هیچ كۆنتاكتێكیان به‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه‌ هه‌بێت كه‌ئه‌وانیش ژنێكی به‌ساڵاچوو كه‌ نه‌خۆشی درێژخایه‌نی هه‌یه‌ له‌ كالیفۆرنیا، خوێندكارێكی قۆناغی ئاماده‌یی له‌ ئیفریت له‌ واشنگتۆن- سیاتل، فه‌رمانبه‌رێكی قوتابخانه‌ له‌ پۆرتلاند له‌ ویلایه‌تی ئۆریگن.

جگه‌ له‌م سێ كه‌سه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دیكه‌ كه‌سانێكن گه‌شتی چین-یان كردووه‌ یاخود راسته‌وخۆ له‌ وۆهان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ یان گه‌شتی ئاسیا-یان كردووه‌. له‌نێویاندا 14 كه‌س له‌ تووشبووه‌كان له‌ چین گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌. 42 كه‌سیش كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن له‌ نێو كه‌شتی دایمۆند پرێنسس –دا بوون و له‌ژاپۆن گه‌راونه‌ته‌وه‌.

تا ئه‌مڕۆ 29ی فێبریوه‌ری، له‌ ئه‌مریكا 66 حاڵه‌ت تۆماركراوه‌ كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن، 9 كه‌سیان دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر چاكبوونه‌ته‌وه‌. چوار حاڵه‌تیشیان دۆخیان خراپه‌. ئه‌وانیشی دیكه‌ش به‌ره‌و چاكبوونه‌وه‌ ئه‌ڕۆن.



ئه‌ی به‌گشتی دۆخه‌كه‌ چۆنه‌؟

*تا تا رۆژی 29ی فێبریوه‌ری تووشبوون به‌ نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا گه‌یشتۆته‌ 85 هه‌زار و 905 كه‌س له‌ جیهاندا له‌وه‌ش 2 هه‌زار و 943 كه‌س مردوون.

*له‌دوای وڵاتی چین، زۆرترین مردن له‌ ئێران-ه‌ كه‌ 43 كه‌سه‌.

* ئیتالیا و كۆریای باشور ئه‌و دوو وڵاته‌ن رۆژ به‌رۆژ نه‌خۆشییه‌كه‌ زیاتر تێیدا بڵاوده‌بێته‌وه‌ كه‌ تا رۆژی 29 فێبریوه‌ری له‌ كۆریای باشور تووشبوون گه‌یشتۆته‌ 3 هه‌زار و 150 كه‌س و له‌ ئیتالیا هه‌زار و 128 كه‌س.

* ئێران ژماری نوێی تووشبوونی راگه‌یاند كه‌ 593 كه‌سه‌.

*له‌ ئیسرائیل و روسیا ژماره‌ی نوێ تۆمار كرا تووشبوون له‌ هه‌ر وڵاتێكیان گه‌یشته‌ 5 كه‌س.

* نێجیریا دووه‌م وڵاتی ئه‌فریكایه‌ كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ تیا بڵاوبۆوه‌ له‌دوای میسر.

* مه‌كسیك دووه‌م حاڵه‌تی نه‌خۆشییه‌كه‌ی تێدا ده‌ركه‌وت و هیندستانیش سێیه‌م حاڵه‌ت تۆماركرا,

*ژماره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ی تێدا بڵاوبۆته‌وه‌ گه‌یشته‌ 55 وڵات.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×