خەتەر، کوردێک کە ئەفسانەی راپی ئەڵمانیا بوو
  2025-05-09       1222       
خەتەر

ئا: ئاوێنە

 

خەتەر، لەتەمەنی ٤٣ ساڵیدا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆچی دوایی کرد، ئەم هەواڵە جیهانی هونەریی ئەڵمانیای تووشی شۆک کردووە.، هێشتا هۆکاری مردنی ئەم ئەستێرەی ڕاپە روون نییە، کە ئەڵمانەکان بە"ئەفسانەی راپ" ناویدەبەن.

 

خەتەر، کە ناوی راستەقینەی "ژیوار حاجبی"یە، ساڵی ١٩٨١ لەشاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، دایک‌و باوکی هونەرمەندو موزیکژەن بوون، خێزانەکەی لەساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەهۆی پەیوەندییان بە"حزبی دیموکراتی کوردستان"ەوە بەرەو عێراق هەڵدێن‌و دواتر لەڕێگەی عێراق‌و فەرەنساوە پەنا دەبەنە بەر ئەڵمانیاو لەشاری بۆن نیشتەجێ دەبن. خەتەر لەوێ گەورە بووەو لەم ساڵانەی دواییدا لەشاری کۆڵن ژیاوە.

ژیانی ئەم هونەمەندە پڕ بوون لەڕووداوی سەرنجڕاکێش: لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا دەستیکرد بەفرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان‌و زۆری نەخایاند چووە نێو باندی مافیاکانەوەو بووە یەکەم ڕاپەری چەتەگەریی لەئەڵمانیادا، کاتێک ١٦ ساڵ لەمەوبەر، خەتەر بەهۆی ئەمجامدانی چەتەگەرییەکی سەیرەوە بووە مانشێتی ڕۆژنامەکانی ئەڵمانیاو لەسەرتاسەری ئەو وڵاتەدا ناسرا. کاتێک لەساڵی ٢٠٠٩دا خەتەرو هاوکارەکانی یەکێک لەدزییە سەرنجڕاکێشەکانی مێژووی بادن-ڤورتمبێرگیان ئەنجامدا.

لە ١٥ی کانوونی دووەمدا ئەو ساڵەدا، خەتەرو باندەکەی بەرگی پۆلیس‌و لێکۆڵەری گومرگیییان پۆشی‌و لەنزیک لودڤیگسبورگ زریپۆشێکی پڕ لەزێڕیان راگرت‌و شۆفێرو پاسەوانەکەیان بەستەوەو بڕی ١٢٠ کیلۆ زێڕیان بە بەهای ملیۆنێک‌و ٨٠٠ هەزار یۆرۆ دزی‌، کە تا ئەمڕۆش ئەم زێڕە دزراوە نەدۆزراوەتەوە!

خەتەر لەلایەن ئینتەرپۆلەوە داواکراو لەڕێگەی مۆسکۆوە بەرەو عێراق هەڵات‌و لەوێش لەلایەن دەزگای نهێنی عێراقەوە شوێنپێی دۆزرایەوەو لەسلێمانی دەستگیرکرا.

دوای سێ مانگ ڕادەستی ئەڵمانیا کرایەوەو لەساڵی ٢٠١١دا سزای هەشت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دوای سێ ساڵ ئازاد کرا.

پاش زیندانیکردن، ناوبانگە جێی پرسیارەکەی بۆ کاری ڕاپ بەکارهێناو هەروەها ناوبانگێکی زۆری بۆ کۆمپانیای موزیکەکەی‌و بازرگانییەکانی خواردن‌و خواردنەوەکەی دروستکرد. لەزینداندا بەردەوام بوو لە کاری هونەریی خۆی کە لەکۆتاییەکانی نەوەدەکانەوە دەستی پێکردبوو، ئەلبومێکی تۆمارکرد بەناوی "415"و گۆرانییەک بە ناوی “Interpol.com” لەخۆدەگرێت.

دوای ئازادکردنیشی، سێ ئەلبومی دیکەی بڵاوکردەوە، کە دوو ئەلبوومیان بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک گەیشتە پلەی یەکەمی چارتەکانی ئەڵمانیا، بەتایبەتی ئەلبومی "Baba aller Babas".

زۆرێک لەو ئەلبوومانەی کە بەرهەمی هێناوە لەڕووی داراییەوە سەرکەوتوو بوون. لەساڵی ٢٠٢٢ خەڵاتی HipHop.de Awardsی پێبەخشراو وەک یەکێک لەکاریگەرترین ڕاپەرە ئەڵمانییەکان ناوبرا.

خەتەر ساڵی ٢٠١٥ بیرەوەرییەکانی خۆی بەزمانی ئەڵمانی بڵاوکردەوەو لەساڵی ٢٠٢٢شدا ئەم ژیاننامەیەی لەلایەن "فاتیح ئاکین"ی دەرهێنەری ئەڵمانییەوە، لەژێر ناوی “ڕاینگۆڵد” کرایە فیلم‌و پێشوازییەکی زۆری لێکراو لەیەکەم کۆتایی هەفتەی دوای بڵاوبوونەوەیدا، نزیکەی ١٧٠ هەزار بینەر فیلمەکەیان لەسینەماکانی ئەڵمانیادا بینی‌و لەلایەن لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیلم‌و میدیای ئەڵمانیەوە خەڵاتی پێبەخشرا.

چوار ساڵ لەمەوبەر، خەتەر لەچاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند "کێشم زۆر زیادی کردووەو بووم بە ١٥٠ کیلۆ، پزیشکەکەم دەڵێ ئاگات لەخۆت نەبێ ئەمە دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ".

هۆشدارییەک کە تەنانەت ڕاپەرێکی چەتەگەری بەئەزموونیش نەیتوانی فەرامۆشی بکات، بۆیر تەنها لەماوەی دە مانگدا، خەتەر ٥٠ کیلۆی لەکێشی دابەزاند.

خەتەر، گۆڵدمان، باهۆ، سەرۆکی کۆمپانیای لیبێڵ: ناوی زۆری هەبوو، بزنس‌و ریستۆرانت‌و بازرگانی‌و کۆگای مۆدەو کارێکی زۆری هەبوو لەشارە گەورەکانی ئەڵمانیادا، لەوەش گرنگتر کاریگەرییەکی دیاری هەبوو لەسەر هونەری ڕاپی ئەڵمانی.

مردنی خەتەر وەک روداوێکی هەژێنەر لەئەڵمانیا لێیدەڕوانرێت، ئێستا زۆرێک لەهەواداران‌و هاوڕێکانی لەسۆشیال میدیا ماتەمینی خۆیان بەرامبەر بەمەرگی ئەو دەردەبڕن، راپەر فلێر نووسیویەتی "ئەفسانەی ڕاستەقینەی ڕاپی ئەڵمانی بەجێی هێشتین".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×