هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا سیخورێک لەهەولێر دەستگیر دەکات
  2020-03-05       2671       
وێنەکێشان بەدەست لەکاتی دادگایی کردنی مریەم تۆمسۆن (CBS)

ئا؛ ئاوێنە

 

FBI رایگەیاند کە وەرگێڕێکی سوپای ئەمریکایان بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ حیزبوڵای لوبنان لەهەولێر دەستگیر کردوە، وەرگێڕەکە بەژنێکی ڕەچەڵەک لوبنانییەو لەبنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا لەهەولێر کاریکردوەو چەندین زانیاری وردی دەربارەی ئەوانە داوە بەحزبوڵا کە بەنهێنی کاریان بۆ سوپای ئەمەریکا کردوەو سەر بەو حزبەن.



ژنە وەرگێڕەکە ناوی مریەم تەها تۆمسن-ە، تەمەنی 61 ساڵەو خاوەنی رەگەزنامەی ئەمەریکییەو نیشتەجێی شاری روتشستری ویلایەتی مينيسوتایەو رێگەپێدراو بوە دۆسیە" زۆر نهێنییە تایبەتەکان" ببینێ، لە27ـی مانگی شوبات لەلایەن FBI ئەمریکییەوە دەستگیرکراوە.

 

پاش ئەوەی ئەفسەرەکانی FBI  ماڵەکەی مریەم دەپشکنن، دەستنووسێک لەژێر دۆشەکەکەیدا دەدۆزنەوە کە بەزمانی عەرەبی نوسراوەو ناوی ئەفسەرانی هەواڵگری ئەمریکاو ئەو کەسانەی تێدا بوە کە سەر بەحزبوڵای لوبنانین‌و بەنهێنی لەبەرژەوەندی سوپای ئەمەریکا کار دەکەن. لەدوای ئاشکرابوونی، وەرگێڕەکە دەستگیرکراوە، دەستیش بەسەر هەموو کەلوپەلەکانیدا گیراوە.

 

FBI ئەوە روندەکاتەوە کە رۆژێک بەر لە ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆسەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەعێراق، مریەم دۆسیە تایبەتەکانی سوپای ئەمەریکای لەکۆمپیوتەرەکەیدا دابەزاندوە، کە شوناسی سەرچاوەکانی سوپای ئەمەریکا لەخۆدەگرن، لەگەڵ ئەو زانیاریانەی داویانە بەسوپای ئەمەریکا.

 

پاش دەستگیر کردنی مریەم دانی ناوە بەوەدا کە دزەی بەو زانیاریانە کردوە بۆ کەسێکی لوبنانی "پەیوەندی سۆزداریی" لەگەڵ هەبوە. 

 

وەزارەتی دادی ئەمەریکا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە کە ئەو پیاوە لوبنانییەی مریەم زانیاریەکانی داوەتێ پەیوەندی بەلێپرسراوێکی حکومەتی لوبنانییەوەیەو سەر بەحزبوڵایە.

 

راشیگەیاندوە کە "مریەم تەها تومسون "دەیان دۆسیەی پەیوەندیدار بەسەرچاوە مرۆییەکانی هەواڵگری ئەمەریکای بینیوە کە ناوی راستەقینەو وێنەو کۆپی شوناسەکان‌و پێشینەیان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەو زانیاریانەی پێشکەشیان کردوە".


میدیاکانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکەن ئەوەی مریەم کردویەتی خیانەتی نیشتمانییەو لەسەری روبەڕوی سزای زیندانی کردنی هەتا هەتایی دەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×