ڕیۆ ... کۆرۆنا
  2020-03-12       2791       
ئەلبێر کامۆ

ئەحمەد ڕەسوڵ

 


"بازرگانی و هەر جۆرە چالاکی و جوڵەیەکی مرۆیی پەکی کەوتبوو. خەڵکی بە توندی نیگەران بوون بەرامبەر دەردێک کە بووەتە هۆی تێکدانی ئەو شێوە ژیانەی کە دەقیان پێوەگرتبوو لەگەڵ ئەو خوو و نەریتە باوانەی کە هەست و دەروونی ئەوانی لەسەر ڕاهاتبوو. بۆیە خەڵک تووشی شڵەژان، ترس و توڕەیی لەو پەتا تازەیە هاتبوون چونکە تاعون بووبووە لەمپەر لەبەردەم هەست و خوویاندا لەلایەک و بەرژەوەندیەکانیشیان لەلایەکی دیکەوە. بەڵام بەرەنگاربوونەوەی تاعون کوا بە گوێرەی هەست و بەرژەوەندیەکان بەڕێوەدەبرێ؟!"


ئەوەی سەرەوە پەرەگرافێک لە نێو ڕۆمانی "تاعون The Plague" ی ئەلبێر کامۆیە لە ساڵی ١٩٤٧ بڵاوکراوەتەوە کە باس لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی تاعون دەکات لە شاری کەناردەریایی "وەهران Oran"ی جەزائیر لە ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستدا. شاری وەهران "ئۆران" لە مێژووی خۆیدا چەندین جار بڵاوبوونەوەی پەتا و تاعونی بە خۆیەوە بینیوە کە دواهەمینیان لە ساڵی ١٩٤٤ دا بووە. هەڵبەت کە هەموو ئەو جارانەی پەتا یان تاعون لەو شارە بڵاوبووەتەوە، ژمارەی توشبووان و قوربانییان ڕێژەیەکی زۆر نەبووە. 


ڕۆمانەکە چەندین کارەکتەری جودا و دژبەیەکی تێدایە لە باری بۆچوون و جیهانبینییەوە لە ئاست کێشەگەلی وجودی و هەم لەباری بەرپرسیارێتی و ڕژدبوون "جدییەت" ەوە لە ئاست ژیانی کۆمەڵایەتی و فەزای گشتییدا. ئەم بیر و تێگەیشتنە جیاوازانە لە گفتوگۆیەکی قووڵ و درێژدان لەمەڕ پرسگەلی جوداوە، بەڵام ئەوەی کە هەمووان دەخاتە نێو یەک بەرەوە و وادەکات هەمووان هاوشانی یەکدی ڕاوەستن، بڵاوبوونەوەی تاعونە. 


دکتۆر بێرنارد ڕیۆ کە پاڵەوانی سەرەکی نێو ڕۆمانەکەیە، کەسێکی بیرفراوان و ڕۆشنبیرە کە پیشە و زانستی پزیشکیی وەک ڕێگایەک بۆ بەرجەستەکردنی لەخەمدابوونی ئینسان و بەتەنگەوە چوونی مرۆڤ  دەبینێت و فریاکەوتنی ژیان و ڕزگارکردنی ژیان بە کاری هەرە سەرەکی و لەپێشینەی خۆی وەک ئینسانێک بە تەنیشت هەموو ئینسانەکانی دیکەوە، هەم وەک پزیشک کە پیشەیەکە بە تەنیشت هەموو پیشەکانی دیکەوە و پتر نیە و زانستی پزیشکییش زانستێکە بە تەنیشت هەموو زانستەکانی دیکەوە، دەبینێت. دکتۆر ڕیۆ لە پەیوەندیەکی قووڵ و پڕ گوتوبێژدایە لە تەک کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی کە لە دەوروبەریدا دەژین، کە پیشەی جیاواز و پلەی خوێندەواری و بڕوانامەی جیاوازیان هەیە. دکتۆر ڕیۆ لە سەردان و دەواکردنەکانیدا بۆ نەخۆشەکانی هێندەی ژیانپێبەخشینەوە و چاککردنەوەیانی بۆ گرنگە هێندە ئەوەی بۆ گرنگ نیە کە وەک پزیشکێکی زیرەک و دانا ببینرێت، هێندەی پێبەخشینی ئاسودەیی و ئارامیی دەروونیی بە نەخۆشەکانی و پێشکەشکردنی ڕێز و خۆشەویستی بە ئەوانی پێ گرنگە هێندە کەڵەکە کردنی سەروەت و سامانی بۆ گرنگ نیە. هێندەی زیندەگیی، جا هی هەر کەس بێت، بۆ گرنگە هێندە پارەوپوڵی بۆ گرنگ نیە. 


ڕیۆ هەر لەسەرەتای دەرکەوتن و کەم کەم بڵاوبوونەوەی تاعونەوە، کە کەم  کەم و دواتر زیاتر و زیاتر هاتنەوە دەرەوەی مشک و جرجەکان بەنیوە مردوویی و لە دۆخی گیانەڵادا لە زێراب و سەرەنوێلک و شوێنەکانی دیکەوە و دەرکەوتنیان بە مردوویی لە هەر کون و قوژبنێکدا هێمای سەرهەڵدان، دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی پەتایەک بوو کە دواتر بوو بە تاعونێکی ترسناک و کوشندە، ڕیۆ هەر زوو دەرکی بە گەورەیی و دڕندەیی تاعونەکە کرد و بۆیە تەواوی ووزە و توانای خۆی کۆکردەوە و خۆی بۆ تەرخانکرد کە بەو هۆیەوە پێڕانەدەگەیشت بە دەواکردن و ئاگالێبوون لە هاوسەرەکەی خۆی کە نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەبوو. 


"یەکەمین شتێک کە تاعون بە دیاری بۆ هاووڵاتییانی ئێمە هێنای، نامۆبوون بوو. واتا غەریب بوونی مرۆڤ بە شار، شەقام، شتەکان و مرۆڤەکانیدی"
دوای ماوەیەک، گشت دەروازەکانی شارەکە داخران و شارەکە بەتەواوی دابڕێنرا "بە قەولی ئێستا کۆرەنتینquarantine  یان کەرەنتایم quarantime کرا" لە شوێنەکانیدی، کە ئەمەش بوو بە هۆی لێکدابڕانی خەڵک لە نزیکان و خۆشەویستانیان. واتا تاعون بوو بە هۆی لێکدابڕان و ئاگالێنەمانی خەڵکی  لەیەکدی تا ڕاددەی نامۆ بوونی خەڵک بە یەکدی و تەنانەت نامۆبوون بە شوێن و شتەکانیش. 


ڕیۆ لە گفتوگۆکانیدا هێندە بە قووڵی ئەرگیومێنتسازیی دەکات دەربارەی هاوکاری و هاودەردی بۆ مرۆڤ تا ئەوەندەی ئیمکان و لە توانا و تێگەیشتنماندا بێت نابێت کەمتەرخەمی بکەین بۆ هەر کەسێک کە پێویستی پێمانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێداهەڵگوتن و ستاییش یان پاداشت و سوپاسێک کە بەدەستی بێنین لەوپێوەندەدا. ئەنجامی گوتوبێژەکان بەو بارەدا دەکەوێتەوە کە هاوڕێیانی ڕیۆ خۆبەخشانە چەندین گروپ و تیمی تەندروستی پێکدەهێنن بۆ هاوکاریکردن و فریاکەوتنی ئەوانەی تووشی تاعون دەبن و کارئاسانییکردن بۆ پزیشک و پەرستاران لە نەخۆشخانە و ناوەندەکانی چارەسازییدا. هێندە ژمارەی تاعونلێدراوان زۆر دەبن تا وایلێدێت بواری خواردن و خەوتن هێندە کەم دەبێتەوە بۆ پزیشک و پەرستاران هەروا بۆ خۆبەخشانی تیمە فریاگوزارییە تەندروستیەکان بە ڕاددەیەک تەنها چەند کاژێری کەم خەوتن و تەنها دوو ژەم خواردنی بەپەلە، بەڵام ڕیۆ هەندێ شەو هیچ ناخەوێت و هەندێ شەویدی تەنها جەند کاژیرێکی زۆر کەم هەروەها خواردنیش تەنها ژەمێک. 


لە وەها دۆخێکدا، یەکێک لە خۆبەخشانی تیمە فریاگوزارییەکان کە هاوڕێیەکی ڕیۆیە  و لە گفتوگۆکانیاندا بیروبۆچونی جودا و هەندێکجار دژ بە بیروبۆچونی ڕیۆی هەیە، لە کاتی سەرقاڵبوون بە تاعونلێدراوێکی زۆر بەتەمەن کە خۆی لە بنەمادا نەخۆشیی دیکەشی هەبوون، وە بەو هۆکارەی کە تاعونلێدراوان گەلێک زۆرن و فریاناکەون، هەروەها هەمووان ڕوون دەزانن کە کابرای زۆر بەتەمەن دەمرێت، بەجۆرێک هەر خۆ پێوە سەرقاڵکردنێک و دەواکردنێکی نەک نایگەیەنێتە چاکبوونەوە بەڵکو ناتوانێت چەند ڕۆژێکیتر زیاتر بخاتە سەر ژیانی ئازاراویی و واوەتریش هیچ چارەسەر و تێدا مەسرەفکردنێکی دەوا و دەرمان تەنانەت نەک ڕۆژێک بەڵکو چەند کاژێرێکیش ناخاتە سەر تەمەنیی، بۆیە هاوڕێکەی ڕیۆ دەڵێت با واز لەوانە بێنین بۆ خۆیان بمرن کە هەر دەمرن هەرچی بکەین و نەکەین، بەجێی ئەوە بە خەڵکی دیکەوە سەرقاڵ بین و ئەو دەواودەرمانە کە هاتۆتە کزی و زۆر کەم بووەتەوە بۆ ئەوانی دیکە بەکاربێنین کە ڕەنگە ئەنجامێکی هەبێت. بەڵام ڕیۆ وەک هەمیشە بۆچونە نەگۆڕەکەی خۆی پاتە دەکاتەوە و دەڵێت: هەرچی دانایی و زانستێک کە دەیزانین لەگەڵ دەواودەرمانێک کە بەردەستە و هەر ووزە، کات و تواناییەک کە لە ئیمکانماندایە دەبێت لەهەر کەسێکدا بەخەرج بدەین بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تەمەنی هەرچەندێک بێت و هەر نەخۆشیی و دەردێکی هەیە و تەنانەت ئەگەر نەک کاژێرێک بەڵکو خولەکێکیش بۆ لەژیاندا مانەوەی زێتر نەکات. 


لە کۆتاییدا کە تاعون پاشەکشە دەکات و شارەکە بەرەو ڕزگاربوونی تەواوەتی دەچێت لەو پەتا دڕندەیە، خەڵک دەکەونە ئاهەنگگێڕان و دەربڕینی شادمانیی خۆیان وسوپاسگوزاریی پێشکەش بە ڕیۆ دەکەن، بەڵام ڕیۆ بەو هۆیەی کە بەو سوپاسگوزاریی و ڕێزلێنانە کەیفساز نیە، بۆیە هەر زوو لەگەڵ هاوڕێکانی و ئەوانەی لە دەوروبەریدان بابەتی قسەکردن و گفتوگۆ دێنێتە گۆڕێ و لە پەیوەند بەو گیانی هاوکاری و هاودەردییەی کە هاوڕێکانی و خۆبەخشانیدی لە نێو گروپ و تیمە فریاگوزارییە تەندروستیەکاندا پێشانیاندا "هەڵبەت کە دەبێ هێما بۆ ئەوە بکەین کە ڕیۆ باوەڕی نەگۆڕی بەوە هەبوو کە ڕەگەزەکانی ئاکاری بەرزی مرۆیی لە وێنەی چاکەخوازی، ژیاندۆستی، هاوکاری و هاودەردی مرۆڤ لە هەمبەر مرۆڤدا، ڕەگەزە زاڵ و بەهێزەکانی نێو سروشت و دەروونی  ئینسانن سەرباری هەر بارودۆخێک و هەر ژینگەیەکی فەرهەنگی و کلتوری، واتا ئەم ڕەگەزانەی بە بنەمایی و نەگۆڕ دادەنان لە نێو وجودی ئینساندا لە هەر جێیەکی ئەم دنیایەدا" دەڵێت: "ئەوەی لە نێو نەهامەتییەکاندا مرۆڤ فێری دەبێ، ئەوەیە کە لەنێو کەسەکاندا ئەوەی شایان بە ستاییش و پێداهەڵگوتنە زیاترە لەوەی شایان بە سەرزەنشتکردنە. "

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×