دەربارەی:سەد ساڵ تەنهایی.. گفتوگۆ لەگەڵ گابریێل گارسیا مارکیز
  2020-04-06       1863       

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 


-مەبەستت بوو چی بکەیت کاتێک دانیشتیت دەست بە نووسینی "سەد ساڵ تەنهایی" بکەیت؟
مارکیز: بە شوێن ڕێگایەکدا ئەگەڕام تاکو بە زمانێکی وێژەیی گوزارشت لە هەموو ئەو ئەزموونانە بکەم کە لە سەروەختی مێردمنداڵییدا بەشێوەیەک لە شێوەکان کاریانتێکردم.
-هەنێک لە ڕەخنەکاران لەو کتێبەدا بڕێک چیرۆک و بەسەرهاتی سەمبولیکیی مێژووی چەشنی مرۆڤ دەبینن.
مارکیز: چونکە هەموو ئەو شتەی کە من ویستم بیکەم بەجێهێشتنی وێنەیەکی وێژەیی بوو دەربارەی دونیا و جیهانی منداڵییم کە، وەک خۆت ئەزانیت، لە خانوویەکی یەکجار گەورە و دڵتەنگدا، لەگەڵ خوشکێکدا کە خۆڵی ئەخوارد و داپیرەیەک کە پشبینیی داهاتووی ئەکرد و ژمارەیەکی بێشومار لە خزم و کەس و کار کە هەمان نازناویان هەڵدەگرت و جیاوازییەکی زۆریان لە نێوان بەختیاریی و شێتییدا نەئەکرد، بەسەربرد.
-سەرباری ئەوە هێشتا ڕەخنەکاران پێیان وایە بڕێکی زۆر نیاز و مەرامی ئاڵۆز و ناڕوون لە کتێبەکەدا هەن؟
مارکیز: ئەو نیاز و مەرامانە دەستئەنقەست نین ئەگەر بەڕاستیی بوونیان هەبێت. ئەوەی ڕووئەدات ئەوەیە بەپێچەوانەی ڕۆماننووسانەوە ئەبینین ڕەخنەکاران ئەو شتە ئەدۆزنەوە کە ئەیانەوێت لە نێو کتێبەکەدا بیدۆزنەوە، نەک ئەو شتەی کە بەڕاستیی لە کتێبەکەدا هەیە.
-تۆ هەمیشە بە تەشقەڵە و تەوسێکی زۆرەوە باسی ڕەخنەکاران ئەکەیت. بۆچی بەو شێوەیە کەیفت پێیان نایەت؟
مارکیز: چونکە زۆربەی ڕەخنەکاران دەرک بەوە ناکەن ڕۆمانی "سەد ساڵ تەنهایی" شۆخیی و گاڵتەیەکی پڕ لە هێما و ئاماژەیە دەربارەی دۆستان و هاوڕێیانی نزیک، بەم پێیە ئەوان (واتە ڕەخنەکاران) مافێکی تەوزیی و جەبریی بە خۆیان ئەدەن وەک کەشیشەکان و بە هەمان شێوەی دەسەڵاتی ئەوان بدوێن و بەرپرسیارێتیی شکاندنی کۆدی کتێبەکە لە ئەستۆ ئەگرن و جەربەزەیی بوون بە بڕێک کەسی گەمژە ئەکەن. من وەک نموونە باسی یەکێک لەو ڕەخنەکارانە ئەکەم کە پێی وابوو کلیلێکی گرنگی ڕۆمانەکەی دۆزیوەتەوە کاتێک تێبینیی ئەوەی کردووە یەکێک لە کەسایەتییەکان، مەبەست لە گابریێلە، کۆی نووسینەکانی "ڕابلێ"ی بردووە بۆ پاریس. پاش ئەوەی کە ئەمەیشی ئاشکراکردووە دواتر هەموو زێدەڕۆییەکانی بۆ ئەم کارتێکردنە وێژەییە گەڕاندووەتەوە. لەڕاستییدا من ئەو ئاماژەدانە بۆ "ڕابلێ"م، وەک توێکڵەمۆزێک لە ڕۆمانەکەدا زیادکردووە، ئەوەتا وەک ئەبینن زۆرێک لە ڕەخنەکاران لەسەری هەڵخلیسکان.
-با ئەو قسانە بخەینە ئەولاوە کە ڕەخنەکاران لەبارەی ڕۆمانەکەوە کردیان. پێموایە ئەم ڕۆمانە لەوە باڵاترە تەنها زیندووکردنەوەیەکی ڕووتی شیعرییی سادەی یادەوەرییەکانی منداڵییت بێت. مەگەر جارێک نەتگوت چیرۆکی خانەوادەی بۆیندیا بەکەڵکی ئەوە دێت ببێت بە وێنا و نواندنەوەیەکی مێژووی ئەمەریکای لاتین؟
مارکیز: بەڵێ، پێموایە. مێژووی ئەمەریکای لاتین لە بڕێک سەرکێشیی بێشوماری بێکەڵک و زنجیرەیەک ڕووداوی کارەساتباری گەورەی پێشوەخت ناچار بە لەبیرچوونەوە پێکدێت. ئێمەیش دیسان گیرۆدەی دەردی لەدەستدانی یادەوەریمانین. بە تێپەڕبوونی کات و سەردەم هیچ کەس ئەوەی نایەتەوە یاد کە کۆمەڵکوژیی کرێکارانی کۆمپانیای مۆز ڕووداوێکە بەڕاستیی ڕوویداوە. هەموو ئەو شتەی کە دێتەوە یادیان سەرهەنگ ئۆریلیانۆ بۆیندیا-یە.
- سی و سێ شەڕەکەی سەرهەنگ ئۆریلیانۆ بۆیندیا کە هەموویانی دۆڕاند ئەشێت گوزارشت لە نائومێدییە سیاسییەکانمان بکات. چی ڕوویئەدا ئەگەر سەرهەنگ شەڕەکەی ببردایەتەوە؟
مارکیز: تا ڕادەیەکی زۆر وەک پەتریرک-ی لێ ئەهات. کاتێک کە خەریکی نووسینی ڕۆمانەکە بووم، لە یەکێک لە قۆناغەکانی نووسینیدا، ئارەزووی ئەوە دایگرتم لێگەڕێم سەرهەنگ دەست بە سەر دەسەڵاتدا بگرێت. ئەگەر ئەوەم بکردایە لەڕاستییدا ئەو شتەی کە ئەمنووسی "پاییزی پەتریرک" بوو نەک "سەد ساڵ تەنهایی".
-کەواتە پێویستە مەزەندەی ئەوە بکەین کە، لە میانی ڕوودانی وەرچەرخانێکی توند و خێرا لە چارەنووسی مێژووییدا، هەر کەسێک، چەندە ئەو کەسە بەربەرەکانێی و بەرهەڵستیی ستەمکارییش بکات، لەبەردەم مەترسیی ئەوەدایە خۆیشی ببێت بە ستەمکار کاتێک کە دەسەڵات ئەگرێتە دەست؟
مارکیز: لە "سەد ساڵ تەنهایی"دا یەکێک لە بەندکراوانی سەرهەنگ ئۆریلیانۆ بۆیندیا بە سەرهەنگ ئەڵێت: "ئەو شتەی کە من نیگەران ئەکات ئەوەیە کە، لە سۆنگەی قین و ڕقی ئەستوور و زۆرتەوە لە سەربازان و ئەو بەگژداچوونەوە توند و سەرسەختانەیەی کە بەگژیاندا ئەچیتەوە و بەقووڵیی بیریان لێ ئەکەیتەوە، لە کۆتاییدا تۆیش وەکو ئەوانت لێ هاتووە". لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئەڵێت: "لەم دۆخەیشدا تۆ ئەبیت بە ستەمکارترین و خوێنڕێژترین فەرمانڕەوا لە مێژووماندا".
-ڕاستە کاتێک کە تەمەنت هەژدە ساڵ بوو هەوڵتدا هەمان ڕۆمان بنووسیت؟
مارکیز: بەڵێ، ئەوکات ڕۆمانەکە ناوی "خانوو" بوو، چونکە پێموابوو هەموو ڕووداو و بەسەرهاتەکانی چیرۆکەکە لە ناو خانووەکەی خانەوادەی بۆیندیا-دا ڕوودەدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×