"گفتوگۆى كچان" یان كاره‌سات بۆ كچان؟
  2020-05-03       1487       

لەیلا جەمال


نامه‌وێ به‌ نائومێدى ده‌ستپێبكه‌م، به‌ڵام ئه‌ركمانه‌ چاو له‌ ڕاسته‌یكان نه‌پۆشین و په‌رده‌ له‌سه‌ر خێل و خواریه‌كان هه‌ڵبه‌ینه‌وه‌‌.
ئه‌وه‌ بۆخۆى به‌شێكه‌ له‌ عه‌مه‌لیه‌یی ڕوبه‌ڕوو بونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌هه‌موو ماسكه‌كانیه‌وه‌، به‌شێكه‌ له‌ عه‌مه‌لیه‌یی ته‌حقیق بونى ئیسڵاح له‌هه‌موو بوارێك دا.
ئێستا زیاتر له‌هه‌موو كات پێویستیمان به‌ جۆرێك له‌ پێداگرى له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ى لۆژیكیانه‌و عه‌قڵانیانه‌‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر سیستمێك كه‌ ئێستاو داهاتومان وێران ئه‌كات له‌سه‌ر حسابى ده‌سكه‌وتى بچوك بۆ گروپ و تاكه‌ كه‌س.
بۆ نمونه‌، له‌ شوێنێك دا ئه‌وه‌ ده‌سكه‌وته‌ بۆ خانمێك یان بۆ پیاوێك كاتێك ئه‌چێته‌ سه‌ر شاشه‌و ئه‌توانێ به‌ بڕوابه‌خۆبونه‌وه‌ چى به‌ ده‌میا یێت بیلێ بۆ بینه‌رو بیسه‌ره‌كانى.
به‌ڵام ده‌سكه‌وته‌كه‌ له‌ ئه‌وه‌نه‌ زیاتر ناڕوات و هیچ نیعمه‌ت و باشیه‌كى تیا نیه‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ فعلى ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ بێ ئاگابێت له‌وه‌ى به‌رپرسیارێتیه‌كانى چین له‌و پێگه‌یه‌یا.
ئایا ئه‌و ته‌نها بۆخۆى له‌سه‌ر شاشه‌یه‌، له‌ پۆستێك یان نوێنه‌رایه‌تیه‌كایه‌ یان بۆ به‌جێگه‌یاندنى ئه‌ركێك، بۆ ته‌حقیقكردنى پڕۆژه‌یه‌ك، ئامانجێك، بۆ گه‌یاندنى چه‌ند مه‌سجێك.
دواتر پرسیاره‌ قوڵه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، چۆن؟
واته‌ هه‌ر كارێك ئه‌ته‌وێ یان ئیستعدادت تیایه‌ بیكه‌ى، قۆناغى دواتر ئه‌تخاته‌ به‌رده‌م پرسیارى ، چۆن ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ى؟ توڵه‌كانت چین؟
ئێستا با بپرسین، توڵه‌كانى مه‌عریفه‌و ئاگایی خانمێك یان چه‌ند خانمێك چین له‌ به‌رنامه‌یه‌كى ته‌له‌فیزۆنیا كه‌ هه‌زاران خه‌ڵك ئه‌یبینێ؟
(subliminal messages) ه‌كانتان كامانه‌ن؟
ئایا تۆ ئاگادارى لانى كه‌مى لایه‌نى سایكۆلۆجى و كۆمه‌ڵایه‌تى و كلتورى وڵاته‌كه‌تى؟ دیاره‌ به‌و تێڕوانین یان تێگه‌یشتنه‌ سه‌تحى و عه‌شواییه‌‌ ناڵێین، به‌ڵام لانى كه‌م له‌و جانبه‌وه كه‌ تۆیه‌ك به‌رامبه‌ر ملیۆن ژن و كچى دڵ كوژراو و ژیان پڕ له‌ كێشه‌و دوور له‌ كه‌مترین ماف و ئازادى قسه‌ ئه‌كه‌ى، چۆن به‌ قسه‌ یان پرسیاره‌كانت، به‌ ته‌وه‌ره‌كانت كاریگه‌ریه‌كى بنیاتنه‌رانه‌ و یارمه‌تى ده‌ر دروست ئه‌كه‌ى له‌سه‌ر مێشك و ژیانى ئه‌و خانمانه‌.
خانمێك ئه‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر زانیت كه‌سێك له‌گه‌ڵ تۆ په‌یوه‌ندى هه‌بوه‌و زه‌واجى له‌گه‌ڵ كه‌سێكى تر كردووه‌، ئه‌بێ تۆڵه‌ى لێبكه‌یته‌وه‌و بڕۆ هه‌موو مه‌سجه‌كانى پشانى ژنه‌كه‌ى به‌"!
من پێم وایه‌ ساده‌ترین كچ یان ژن، یاخود دڵڕه‌قترین و شه‌ڕه‌نگێزترین ژن پێشنیارێكى تا ئه‌و ئاسته‌ بێماناو ئاژه‌وه‌گێڕانه‌ ناكات بۆ كه‌س، تا پێشكه‌شكارێك به‌هه‌موو وجودیه‌وه‌ به‌م شێوه‌ ته‌نك و كۆڵه‌واره‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پێشهات و گرفتانه‌ بكات كه‌ له‌ژیان و لادانه‌كانى ئینسانا هه‌میشه‌ واردن.
له‌ شوێنێكى ترا، كوڕێك له‌ هه‌مان به‌رنامه‌یا سوكایه‌تى و ئیهانه‌ى ته‌واو ئه‌كا به‌ ڕه‌گه‌زى مێینه‌.
به‌ڵام كه‌س نیه‌ بیوه‌ستێنێ و موخاته‌به‌ى ئه‌و كلتورو عه‌قڵیه‌ته‌ى بكات، به‌ بچوكترین به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌. له‌ كاتێكا ئه‌گه‌ر ئه‌و قسانه‌ له‌هه‌ر شویێنێكى هاوشێوه‌ى (ڕوداو) دا بوترێن
له‌م جیهانه‌یا ئه‌وه‌ ‌ ئه‌و كه‌سه‌ یاخود ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ ڕوبه‌ڕوى به‌رپرسیارێتى یاسایی ئه‌بێته‌وه.
ئه‌وه‌ى جه‌وهه‌ریه‌، ڕوناكى بخه‌ینه‌ سه‌ر گرفتى ته‌نكى بیرو مه‌عریفه‌ى كه‌سانێكه‌ كه‌ له‌شوێنێك دا به‌هه‌ڵه‌ هه‌ن.
پێویسته‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و بۆچونه‌ بوه‌ستینه‌وه‌ كه‌ پێى وایه‌، چاوپۆشى بكه‌ین له‌هه‌ڵه‌و كه‌موكورتى ئه‌و خانمانه‌ى له‌ناو ژیانى گشتى كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانا ئاماده‌ییان هه‌یه‌، به‌ پاساوى ئه‌وه‌ى ‌ هه‌ر خۆى بارودۆخه‌كه‌ بۆ ژنان ئه‌وه‌نه‌ له‌بار نیه‌، كاتێكیش چه‌ند ژنێك به‌ جورئه‌ت و له‌خۆڕابینینه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ پێش ئیتر با ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر هیچ شتێكیان نه‌كه‌ین و ڕه‌خنه‌ نه‌گرین‌.
ئه‌م بۆچونه‌ بۆخۆى له‌ نه‌وعێك له‌ جیاكاریه‌وه‌ سه‌ر ده‌رئه‌هێنێ. كاتێك تۆ ژن و پیاوت به‌یه‌كسانى له‌ڕوى ئینسانیه‌ته‌وه‌ بینى، ئیتر له‌هه‌موو شته‌كانى دیكه‌ش دا به‌یه‌كسانى و دادپه‌روه‌رانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌كه‌ى.
گۆشه‌ جیاوازه‌كانى ئه‌م بابه‌ته‌، ئه‌ركى كه‌سانى پسپۆڕه‌ ڕه‌خنه‌ى بكه‌ن.
ئه‌وه‌ى جانبى میدیاییه‌كه‌ ئه‌گرێته‌وه‌، نه‌ك گرنگه‌ به‌ڵكو مه‌رجێكى بڕاوه‌یه‌ كه‌ ئه‌بێت پێشكه‌شكار له‌ ئاستێكى به‌رزى هوشیارى و مه‌عریفه‌ى گشتیه‌وه‌ له‌سه‌ر شاشه‌یه‌ك بابه‌تێك بوروژێنێ و ئاڕاسته‌ى بكات.
نمونه‌ى دوو به‌رنامه‌ى ژنانه‌ لێره‌یا ئه‌خه‌مه‌ ڕوو، زۆر به‌ساده‌یی ئه‌توانرێ به‌راورد بكرێ به‌و به‌رنامه‌یی له‌ ڕاستیا له‌ گفتوگۆ ناچێت به‌ڵكو له‌ كاره‌سات ئه‌چێ بۆ ژنان.
به‌رنامه‌كان: (The View) هه‌روه‌ها (دنیانا).
هه‌ردوو ئه‌م به‌رنامانه‌ ژنان گفتوگۆى پرس و پێشهاته‌ جۆراوجۆره‌كانى كۆمه‌ڵگه‌كانیان ئه‌كه‌ن، له‌سه‌ر ئاستى سیاسى، كلتورى و ڕۆشنبیرى، كۆمه‌ڵایه‌تى و زۆر بابه‌تى پێكه‌نیناوى و خۆشیى تیایه‌ بۆ بینه‌ره‌كانیان.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌و گفتوگۆیانه‌ له‌ چه‌ندین چوارچێوه‌و بنه‌ما ده‌رناچن و هه‌روا بێ ئامانج له‌ ده‌ورانى بێئاگاییا خول ناخۆن.
ئه‌وه‌شى له‌كۆتایدا ئه‌توانم وه‌ك دوا پرسیار جێى بهێڵم:
ئایا ئه‌و هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتیانه‌ى تا ئاستێكى شه‌رم هێن ڕوو ئه‌یات و تێئه‌په‌ڕێت، له‌ بنه‌ڕه‌تدا تا چه‌ند په‌یوه‌ندى داره‌ به‌ بونى گرفت له‌ عه‌قڵى سه‌ركردایه‌تى و ئیداره‌دانى دامه‌زراوه‌كانى ئه‌م وڵاته‌یا؟

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×