سەرۆكی پەرلەمان: هەرێمی کوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزار نییە
  2020-05-25       1356       

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: حكومەتی هەرێمی كوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزار نییە بەمانای قەرزی پشتبەستو بە یاسا.

ئاوێنە: رێواز فایەق، ئەمشەو دوشەممە، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسوك نوسیویەتی" هەرێمی کوردستان (٢٧) ملیار دۆلار قەرزار نیە!"

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتویەتی"سەرباری خراپی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان و خراپتربونی دۆخی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستا بەگشتی، حکومەتی هەرێم (٢٧) ملیار دۆلار قەرزارە، مەبەستمە لێرەوە بە لۆژیک و دور لە هەمو ڕاڤەبۆکردنێکی سیاسی، بیسەلمێنم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان (٢٧) ملیار دۆلار قەرزار نیە بە مانای قەرزی پشتبەستو بە یاسا."

دەقی نوسینەكەی رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان...

هەرێمی کوردستان (٢٧) ملیار دۆلار قەرزار نیە!

سەرباری خراپی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان و خراپتر بونی دۆخی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستا بە گشتی، حکومەتی هەرێم (٢٧) ملیار دۆلار قەرزارە،مەبەستمە لێرەوە بە لۆژیک و دور لە هەمو ڕاڤەبۆکردنێکی سیاسی،بیسەلمێنم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان (٢٧) ملیار دۆلار قەرزار نیە بە مانای قەرزی پشتبەستو بە یاسا.

۱ـ ئاماژە یاساییەکان دەڵێن: سەرەتای قەرزکردن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۲٠۱٤، واتە تا کۆتایی کارەکانی کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێم هیچ بڕە پارەیەک قەرزار نەبوە چونکە لە یاسای بودجەی گشتی هەرێم ژمارە(۱) لە ساڵی ۲٠۱۳ کە دواین یاسای بودجەیە لە پەرلەمان پەسەندکرابێت، لە بڕگەی یەکەمی ماددەی پێنجەم کە تایبەت کراوە بە خەرجیەکان- ئەسڵ ئەوەیە ئەگەر هەرێم قەرزار بێت، دەبێت لەناو خەرجیەکان تەرخانکراوی بۆ دابنرێت- هیچ گوژمەیەک ،چ بۆ دانەوەی ئەسڵی قەرز و چ بۆ دانەوەی سودی قەرز، دانەنراوە.

۲ـ هەر لە یاسای بودجەی گشتی هەرێم ژمارە(۱)ی ساڵی ۲٠۱۳، کورتهێنانی نەخشە بۆداڕێژراوی بودجە هەبوە، و لە بڕگەی دوەمی ماددەی پێنجەم بڕی کورتهێنانەکە بە (۱,٦۸٤,۹٠٠,٠٠٠,٠٠٠)یەک ترلێۆن و شەش سەدوهەشتا و چوار ملیار و نۆسەد ملێۆن دینار دانراوە، و بۆ داپۆشینی کورتهێنانەکەش بەهیچ جۆرێک باسی قەرزکردن نەکراوە.

۳ـ لە ساڵی(۲٠۱٤)ەوە حکومەتی هەرێم هیچ پرۆژە یاسایەکی بودجەی گشتی نەناردوەتە پەرلەمان بۆیە هەر گوژمە پارەیەک بۆ هەر بوارێک ئاراستە کرابێت و بەهەر شێوەیەک داهاتی داپۆشەری ئەو خەرجیانە وەدەستهاتبن، لە ڕوانگەی یاسا و بە پێوەری کاری پەرلەمانی،بنەمای یاسایی دروستیان نیە.

٤ـ لە خولی چوارەمی پەرلەمان، لەوکاتەوەی کە بابەتی قەرز و پڕکردنەوەی کورتهێنانەکان لە ڕێگەی قەرز کردن بو بە بابەتێکی گرنگ و هەستیار، ئەو کاتەی قەرزدەرەکان بەبێ بونی یاسایەک، کە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت و دەسەڵاتی وەرگرتنی قەرز بداتە ئەنجومەنی وەزیران، ئامادەنەبون قەرز بدەنە حکومەت؛ ئیتر پرۆژە یاسای ڕاکێشانی مایە لە ڕێگەی قەرزکردن لەلایەن حکومەتەوە نێردرایە پەرلەمان و بە یاسای ژمارە(۷) ی ساڵی ۲٠۱٥پەسەندکرا.

٥ـ بەپێی یاسای ژمارە(۷)ی ساڵی ۲٠۱٥، یاسای ڕاکێشانی مایە لەڕێگای قەرزکردن لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق، ماددەی دوەمی، لە هیچ بارێکدا نابێت سەرجەمی ئەو قەرزانەی حکومەتی هەرێم وەریدەگرێت لە پێنج ملیار دۆلاری ئەمریکی زیاتر بێت، کەواتە هەر بڕێک بەهەر بەهایەک لەدەرەوەی ئەم بڕە ڕێپێدراوە قەرزکرابێت، سەرپێچی یاسایە و دەبێت پێش هەموشت سەرپێچیکاران ڕوبەڕوی یاسا بکرێنەوە.

٦ـ ئەگەر حکومەتی هەرێم لە ماوەی (٥)ساڵ، بەدەر لەئاگاداری پەرلەمان، بەبێ جەدوەلەی قەرزەکان، بە لە تاریکیا مانەوەی قەرزدەرەکان، بڕی قەرزەکان، نرخی سودی سەر قەرزەکان، ضەماناتی قەرزەکان، کاتی دیاریکراوی دانەوەیان، دەروازە و بواری خەرجکردنیان- سەرباری دەیانجار داواکردنی ئەو زانیاریانە لەلایەن لیژنەکانی پەرلەمان، پەرلەمانتاران و فراکسێۆنەکان- بڕی (۲۷) ملیار دۆلاری تەنها بۆ بودجەی بەکاربردن و بەدیاریکراوی بۆ موچە قەرز کردبێت، ئەوا لە ڕوانگەی ئێمەوە و بە پێوەری کاری دەوڵەتداریی و سیستماتیک، بە جێبەجێکردنی سنور و ئاستی دەستڕۆیی و صەلاحیەتەکانی وەرگرتنی قەرز، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە تەواوکارییەی کە دەبێت لە نێوان هەردو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن هەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک دۆلار قەرزار نیە جگە لە موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران و شایستەی دارایی بەڵێندەران و سەرمایەداران کە زۆریان تەنانەت مایەپوچیش بون،چونکە تەنانەت یەک لاپەڕەش سەبارەت بەم قەرزانە لە پەرلەمانی کوردستان و لیژنە تایبەتمەندەکان دیکۆمێنت نەکراوە و بونی نیە.

۷ـ پەرلەمان دامەزراوەیەکی دەستورییە و حکومەتیش هەروەها؛ پەیوەندی ئەم دو دامەزراوەیەش یاسا ڕێکیخستوە. هەردو دامەزراوەکەش دامەزراوەی نیشتیمانین و بەرپرسن لە خزمەتکردنی تەواوی کوردستانیان، و دەبێت پەیوەندیەکی تەواوکاریی لە نێوانیاندا هەبێت چونکە شکۆی هەریەکەیان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان و پاراستنیان. پەرلەمان لە دۆڵێک نیە و حکومەتیش لە دۆڵێک،ئێمە کاری یەکتر تەواو ئەکەین،بەڵام لەم دۆسیەیە لانیکەمی متمانە و زانیاری ئاڵوگۆڕکراو لە نێوانماندا نیە،تەنها ڕێگەش بۆ بەرقەراربونی زەمینەی کاری هاوبەش،شەفاف کردنی کۆی دۆسیەکەیە بە وردەکاریەکانیەوە،کە بێگومان دوای جەژن ئەبێت هەموان پێکەوە کاری لەسەر بکەین..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×