دیدو رۆشنایی دەربارەی ئیسلامی سیاسی
  2020-05-28       971       


ئا: ئاوێنە


"دیدو رۆشنایی"، نوێترین كتێبی نیاز سەعید عەلی- نوسەرە، كە لەكۆمەڵێك دیدار وتوێژ پێکدێت دەربارەی ئیسلامی سیاسی‌و لەساڵانی رابردودا لەگەڵ ژمارەیەك میدیای نوسراوو ئەلكترۆنیدا ئەنجامیداوە، ئەم كتێبە چەندین زانیاری گرنگ دەربارەی ئیسلامی سیاسی لەئاستی جیهانی ئیسلام‌و كوردستاندا لەخۆدەگرێت.


لەم كتێبەدا تیشك خراوەتە سەر ئەزمونی ئیسلامی سیاسی لەماوەی سەدەی رابردودا هەم لەجیهانی ئیسلام‌و عەرەبی‌و هەم لەكوردستانیشدا، لەوكاتەوەی كە لەنیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمدا یەكەمین رێكخراوی گەورەو كاریگەریی ئیسلامی سیاسی لەوڵاتی میسر بەناوی "ئیخوان موسلمین" دادەمەزرێت‌و ژمارەیەكی بەرچاو لەسوننەكان لەدەوری كۆدەبنەوە، پاشان چەندین گروپی توندڕەوتر لەژێر سایەی ئەم رێكخراوە دێنە دەرو رێبازێكی توندوتیژانە‌ دەگرنە بەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان‌و بەشێكیشیان لەناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە پەنا دەبەنە بەر كاری تیرۆر.


نیاز ئاماژە بەوە دەكات كە لەنیوەی دوەمی سەدەی بیستەمدا، هەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران‌و هاتنەسەركاری رژێمێكی شیعە مەزهەب لەئێران كە خوازیاری هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی دەبێت بۆ وڵاتانی ناوچەكەو جیهانی عەرەبی، هاوكات لەشكركێشی سوپای سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان‌و هەڵگیرسانی جەنگی جیهادی موجاهیدەكانی ئەفغان‌و ئەفغانەکانی عەرەب دژ بەداگیركاریی سۆڤیەت‌و رژێمی كۆمۆنیستی ئەفغانستان - بەپشتیوانی ئەمەریكاو سعودیەو پاكستان - هەرچی زیاتر دەبنە هۆكاری بوژانەوەو تەشەنەسەندنی رەوتی ئیسلامی سیاسی‌و پاشەكشە كردن بەبیری ناسیۆنالیستی عەرەبی‌و چەپ‌و سۆشیالیزم.


ئەم پێشهات‌و روداوانە لەیەككاتدا توندڕەوانی سوننەو شیعە دەكەن بەپێشەنگی ناكۆكی‌و ململانێكانی ئەم دو مەزهەب‌و ئایینزایەو رەوتێكی دژە شارستانیەتی خۆرئاواو هەژمونی ئەمەریكیش لەنێو رەوتی ئیسلامیدا بەهێز دەكەن، كە زیاتر لەرێكخراوەكانی "قاعیدە"‌و "داعش"‌و "حزبوڵا"دا بەرجەستە دەبێت.


نوسەری ئەم كتێبە ئاماژە بەوە دەكات كە رەوتە ئیسلامییەكان رۆڵێكی بەرچاویان هەبوە لەوەی ساڵەهایە سنورەكانی جیهانی ئیسلام لەگەڵ دەرەوەی خۆیاندا سورو خوێناوی بن، هەر لەفەلەستینەوە بگرە تا دەگات بەكشمیر‌و چیچان‌و نێجیریا‌و میانمار...هتد. لەهەمانكاتیشدا ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی ئیسلامییان توندتر كردوەتەوە كە خۆیان وەك جێگرەوەی هێزە عەلمانییەكان ناساندوە.


شان بەشانی چەندان رێكخراوی ئیسلامیش، ژمارەیەك دەوڵەتی ئیسلامی بەئاڕاستەی بەهێزكردنی مۆدێلی ئیسلامی سیاسی خۆیان كاریان کردوەو دۆخی جیهانی ئیسلامیان ئاڵۆزتر کردوە، وەك "سعودیەو ئێران‌و توركیا‌و قەتەرو ئیمارات"، کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی ئیسلامی بەڕاستەوخۆو ناڕاستەخۆ شوێنەوارو جێ پەنجەی ململانێی ئەم وڵاتانەیان پێوە دیارە.


لەكوردستاندا، بیری ئیخوانی لەپەنجاكانی سەدەی بیستەمدا بەهەوڵ‌و كۆششی بنەماڵەی "مەلا عەبدولعەزیز" سەرهەڵئەدات‌و یەكەمین كۆبونەوەی ئیخوانیەكان لەمزگەوتی "پاشا"ی هەڵەبجە دەكرێت، پاشان لەكۆتایی حەفتاكان‌و سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردودا، مەلا سدیق عەبدولعەزیزو مەلا عوسمان عەبدولعەزیزو سەلاحەدین بەهائەدین‌و شێخ محەمەد بەرزنجی‌و عەلی باپیر‌و مەلا كرێكار رۆڵی كارا لەبوژانەوەی رەوتی ئیسلامی سیاسیدا دەبینن.


نیاز باس لەوە دەكات كە لەكۆتایی هەشتاكان‌و سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردودا، مەلا كرێكار بیرۆكە‌و رێبازی سەلەفی جیهادی لەپاكستانەوە دەگواسێتەوە بۆ ناو گەنجانی "بزوتنەوەی ئیسلامی"‌و ئەوكاتەی لەساڵی 1992شدا دەبێتە لێپرسراوی مەكتەبی سەربازی بزوتنەوەكە زیاتر كار بۆ ئاڕاستەكردنی بزوتنەوە بەرەو توندڕەویی‌و پڕ چەك كردن دەكات.
لەم کتێبەدا ئەوە رونکراوەتەوە کە لەچل ساڵی رابردودا چەندان گروپ‌و رێكخراوو رەوتی ئیسلامی لەكوردستاندا سەریانهەڵداوە، كۆمەڵی جیهادی ئیسلامی، حەماسی ئیسلامی، بزوتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی، بزوتنەوەی یەكبونی ئیسلامی، بەرەی تەوحیدی ئیسلامی، جوندئیسلام‌و ئەنسار ئیسلام"، ئەمە جگە لەوەی سەلەفییەكان بەشێوەی ناڕێكخراوو گروپی بچوك بچوك‌و لەسەر ئاستی تاك لەهەشتاكانی سەدەی رابردوەوە تا ئێستا لەبواری بانگەوازو پەروەردەی ئایینیدا كار دەكەن.


خوێندنەوەی ئەم كتێبە بۆ هەمو ئەوانەی لەبواری مێژوو، كۆمەڵناسی‌و ئیسلامی سیاسی‌و سیاسەتدا كار دەكەن، بەسودو پێویست‌و گرنگە.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×