سلاڤیو پیرباڵ
  2020-06-05       1591       
لە ڕۆژانی ڕابوردودا تەماشای دیدارێکی سلاڤیو ژیژاکم دەکرد، کە دەکروزایەوە. ژیژاک گلەیی دەکرد کە ئێستا ئەو وەک بیرمەندێک نابینرێت بەڵکو وەک کەسێکی قۆشمە و نوکتەچی مامەڵە دەکرێت. 

ئەو دەیگوت کە لە ماوەی ڕابوردودا ڕۆژنامەی گاردیان پەیوەندییان پێوەکردوە کە ئایا بۆی دەکرێت لە گەڵ ڕۆژنامەنوسێکدا بە باڕەکانی شاری لوبیاندا (پایتەختی سلۆڤینیا) بگەڕێت و باسی خواردنەوەیان بۆ بکات. 

ژیژاک بە دڵتەنگییەوە دەیگوت، من هەر ناخۆمەوە، نازانم ئەوان من بەچی دەزانن. یەکەمجاربوو، دڵم بۆ ژیژاک تەنگ بێت. 

ئەم دیدارەی سەربوردەی فەرهاد پیرباڵی بە یاد هێنامەوە. کاتێک لە نەوەدەکان ئێمە هەرزەکاربوین، پیرباڵ کەسێکی بوێری و جیاواز و ڕادیکاڵ بوو. بەڵام میدیا و سیاسەت پیرباڵیان قۆناغ بە قۆناغ بەرەو شێتی و ماڵوێرانی برد.

ئێستا سلاڤیو لە سەر هەمان ڕێگایە. بەڵام دیاردەی دەرکەوتن لە میدیا و بوون بە بونەوەری میدیایی چیدی تەنها بۆ خەڵکانی نوخبە نیە، ئێستا میدیا پانتاییەکی کراوەی دیموکراسییە. لە ئەنجامی ئەمەدا جۆرێکی نوێ لە سیاسەت هاتوەتە ئاراوە کە پێی دەڵێن ڕوداوکراسی یان ئیڤێنتۆکراسی. 

کاتێک روداوێک دەبێتە کرۆکی پرسی کۆمەڵگا و ڕوداویش تەنها کاتێک ڕودەدات کە لە میدیاکاندا روبدات ئەوا پانتایی میدیای حاکمە. لە ئەنجامی ئەمەدا تقوسی تایبەتی کۆمەڵایەتی دەهێنێتە ئاراوە، کە هەموان دەخوازن پەیڕەوی بکەن. 

ئیتر بوارێکی ئەوتۆ نامێنێت بۆ قسەکردن، بۆ گفتوگۆ، ئەوەی هەیە ڕوداو لە دوای ڕوداو ئەندامەکانی کۆمەڵگا دەبنە بەشێک لە ئیڤێنتۆکراسی. کۆنترۆڵ و ئیدارەدانی ئەمە زۆر ئاسانە. کە هەمیشە وەها دەردەکەوێت کە کۆنترۆڵ لە دەستدراوە.

سه‌ردار عه‌زیز
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×