حەسەن زیرەک، ٥٠ ساڵ تەمەن‌و ٢٠٠٠ گۆرانی جاویدانی
  2020-06-26     

ئا: ئاوێنە

 

ئەمڕۆ ٤٨ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی "حەسەن زیرەک" ناودارترین گۆرانیبێژی كوردا تێدەپەڕیت، بەڵام هێشتا تێپەڕینی ئەو هەمو ساڵانە نەوەی نوێیان لەگوێگرتن لەدەنگە ئەفسانەیی‌و زێڕینەكەی ئەو دورنەخستوەتەوە، چەندین نەوەی كوردە گوێ‌ لەگۆرانە جاویدانی‌و هونەرە بەرزەكەی زیرەك دەگرن.

 

زیرەك هونەرمەندێكی ئەوەندە مەزنە كە لەماوەی پەنجا ساڵی تەمەنیدا، سەرباری ئەوەی نەخوێندەواریش بوە، سەدان ئاوازو شیعرو گۆرانی ئاست بەرزی داهێناوە‌و دڵی ملیۆنەها كوردی لەهەر چوار پارچەی كوردستان داگیر كردوە.

 

ئەو گەنجینە گۆرانی‌و هونەرە رەسەنەی حەسەن زیرەك لەژیانیدا پێشكەشی كوردی كردوە بارتەقای هەمو ئەو گۆرانییانەن كە بەدرێژایی مێژووی کورد پێش زیرەک بەرهەمهاتون.  

 

حەسەن عەبدوڵڵا ناسراو بە"حەسەن زیرەک"، لە٢٩ / ١١ /١٩٢١ لەبۆکان چاوی بەدنیا ھەڵھێناوە، باوکی لەلای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلەی سەر بەشاری بۆكان کاری کردووە، لەبەر لێھاتوی بە زیرەک ناوی دەرکردووە. 

 

ئەو كە لەژیانیدا دەربەردەری‌و چەرمەسەری زۆری چەشتوە، لەتەمەنی دە ساڵیدا لەگەڵ چەند کەس لە دەنگخۆشانی بۆکان لە شاییەکانی ناو شارو گوندەکانی بۆکان گۆرانی وتوە. 

 

لەپاڵ گۆرانی گوتندا، هەر لەتەمەنی منداڵییەوە كاری مسگەری‌و شاگردی‌و قاوەچییەتی‌و كەبابچێتی‌و خزمەتكاریی ماڵە ئاغا‌و دەوڵەمەندەکانی بۆکانی کردوە. 

 

زیرەک تەمەنی ١١ ساڵان دەبێ کە باوکی کۆچی دوایی دەکات. پاشان دایکی زیرەک شو دەکاتەوەو ئەمەش ژیانی سەختتر دەكات.  لەبەر دەستکورتی هەر لەمنداڵییەوە دەستی بەکارکردن کردوەو لەخوێندن بێبەش بوە.

ئەو كە حاوەنی خۆشترین دەنگ بوە، هەر لەمێردمنداڵییەوە، بەگۆرانییەکانی کۆڕی دیوەخان‌و زەماوەندی كچان‌و كوڕان دەڕازێنێتەوە.


لەسەرەتای پەنجاكانی سەدەی رابردودا رودەكاتە باشوری كوردستان‌و پاشان بۆ كاركردن لەبەغدا دەگیرسێتەوە، كاتێك لەئوتێل "شمال کبیر" كار دەكات، دەنگە خۆش‌و بەهرە هونەرییەكەی سەرنجی چەندین كەسایەتی ناوداری ئەوکاتی كورد رادەكێشی، بەتایبەتی جەلال تاڵەبانی‌و عەلی مەردان، كە رێنمایی دەكەن بۆ ئەوەی بچێتە بەشی كوردی "رادیۆی بەغدا". 


ئەمە دەبێتە مایەی ناوبانگ دەركردنی حەسەن زیرەك لەماوەیەكی كەمدا، كە دەیان گۆرانی سەرنجڕاكێش تۆمار دەكات‌و دەنگدانەوەیەکی گەورەی دەبێ لەو سەردەمەدا 


پاش ئەوەی لە1958دا زیرەك دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، بەشێكی دیكە لەجوانترین گۆرانیەكانی لەرادیۆی تاران‌و کرماشان‌و تەورێز تۆمار دەكات. 


ھەر هەمان ساڵ لەڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی هاوسەرگیری دەكات، كە بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە دو منداڵ بەناوەکانی "مەھتاب" و "ئارەزوو" دەبێ. 


لەئێران لەلایەن ساواک‌و لەعێراق لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە چەندین جار لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێ‌و دەستگیر دەکرێت.


 زیرەك کە لەژیانیدا بەردەوام لەجێگۆڕكێدا بوە لەنێوان شارەكانی رۆژهەلات‌و باشوری كوردستان‌و بەغداو تاراندا، بەشێكی گرنگی گۆرانییەكانی لەو دانیشتنانەدا وتوە كە لەشاری سلێمانی كردونی‌و هەم هەڵبەست‌و هەم ئاوازەكەشی هی خۆی بون. 


زیرەك لە٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢لەتەمەنی ٥٠ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات‌و لەسەر داوای خۆی لەکێوی ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان بەخاک دەسپێردرێت.

 

حەسەن زیرەک نزیکەی ٢٠٠٠ گۆرانی بەزمانی کوردی، فارسی، ئازەری‌و لوڕی‌و ئەرمەنی تۆمار کردوە‌و بەدرەوشاوەترین ئەستێرەی هونەریی‌و گەورەترین سیمبولی موزیکی کوردی دادەنرێت.

  

 

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×