عێراق بەمەرج رێگە بە گەشتی هاوڵاتیانی دەدات
  2020-07-10       513       

دوای نزیکەی چوار مانگ لە داخستنی فڕۆکەخانەکان، حکومەتی عێراق بە مەرج رێگە بە گەشتی هاوڵاتیانی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات دەدات.

ئاوێنە: لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە بە مەرجی خۆکەرەنتینەکردن لەکاتی گەڕانەوەدا رێگە بە هاوڵاتیان دەدرێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن و بگەڕێنەوە.

بەپێی بڕیارەکە؛ رێگا بە عێراقییەکان دەدرێت بۆ لەمەودوا گەشتەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام بدەن بەڵام بەو وەرگرتنی بەڵێنی ئەوەی كە لەکاتی گەڕانەوەیاندا بۆ ماوەی (14) رۆژ خۆیان کەرەنتین بکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە هەمو ئەو عێراقییانەی دەگەڕێنەوە لە گەشت پشكنینیان بۆ دەكرێت و لەكاتێكدا ئەگەر هەڵگری كۆرۆنا نەبن بۆ ماوەی 14 رۆژ دەبێت لە ماڵەوە خۆیان كەرەنتین بكەن بەڵام ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسەكە بون ئەوا رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێن.

دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵ، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق بڕیاریدا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بۆ دەرەوەی وڵات رابگرێت، جگە لە گه‌شتی فڕۆکه‌کانی مانگی سور و سەربازیی و یارمەتییە تەندروستییەكان و لەناکاوەکان و گەشتی فڕۆکە بارهەڵگرەکان، لەگەڵ ئەو گەشتانەی بۆ ئەو عێراقییانە ئەنجامدەدرێت کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردوە.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×