عێراق… ٣ بارهەڵگری سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانان سوتێنران
  2020-07-12       200       
له‌ باشووری عێراق، سێ بارهه‌ڵگر له‌ لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه‌ سووتێنران كه پێداویستی و‌ ئۆتۆمبێلیان بۆ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌گواسته‌وه‌.

به‌رپرسێكی ئاسایشی پارێزگای دیوانیه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، رایگه‌یاند چه‌كدارانی نه‌ناسراو كه‌ ئۆتۆمبێلێكیان پێ بووه‌ له‌سه‌ر رێگای وشكانی دیوانیه‌ كاروانێكیان راگرتووه‌ كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ سێ بارهه‌ڵگر، دوای ئه‌وه‌ی شۆفێره‌كانیان داگرتووه‌ ئاگریان له‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان به‌رداوه‌.

به‌رپرسه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ بارهه‌ڵگره‌كان خۆراك، پێداویستی و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازییان بۆ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی گواستووه‌ته‌وه‌، دوای رووداوه‌كه‌ش چه‌كداره‌كان هه‌ڵاتوون و شۆفێره‌كانیش به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ئیفاده‌ ره‌وانه‌ی بنكه‌ی پۆلیسی دیوانیه‌ كراون.

ئه‌مریكا گرووپه‌ چه‌كداره‌ عێراقییه‌كانی سه‌ربه‌ ئێران به‌ به‌رپرسی ئه‌و هێرشانه‌ ده‌زانێت كه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ی سه‌وز، بنكه‌ سه‌ربازییه‌كان و هێزه‌كانی دیكه‌ی نێو هاوپه‌یمانی.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×