لە سلێمانی 11 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
  2020-07-15       840       

عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشكرایكرد: ئامارەكانی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا جارێكیتر بەرزبونەتەوەو ئەمڕۆ 11 توشبوی كۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: عەبدوڵا ئەحمەد، كە هاوكات سەرۆکی تیمی ناشتنی تەرمی قوربانیانی کۆرۆنایە لە سلێمانی، لەڕاگەیەندراوێكدا وتی"بە داخەوە ئامارەکانی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا جارێکیتر بەرزدەبنەوە."

ئاشكراشیكردوە"بەپێی راپۆرتی پزیشکی، ئەمڕۆ 11 کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"هەشت لە قوربانییەکان خەڵکی ناوشاری سلێمانین و سێ کەسیشیان خەڵکی دەرەوەی شارن."

عەبدوڵا ئەحمەد، سەبارەت بەو گومانانەی لە ئامارەكانی مردن بە كۆرۆنا هەن، رونیكردۆتەوە"ئێمە لە تیمی ناشتنی قوربانیانی کۆرۆنا و بەندە وەکو سەروکی تیم و جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هاوڵاتیان دڵنیا ئەکەینەوە ئامارەکانی ئێمە بە پشتبەستنە بە راپۆرتی پزیشکی و نوسراوی فەرمی ئەو نەخۆشخانانەی قوربانی تێدا گیانی لە دەستداوە یاخود پشکنینی کۆتایی بۆ کراوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بڵاوکردنەوەی ئامارەکانیش تەنیا بە ئامانجی زیاتر پابەندبونی هاوڵاتیانە بە رێنماییە خۆپارێزییەکان و هیچ ئامانجێکی دیکەمان نیەو نامانەوێت ترس و دڵەڕاوکێ بۆ هاوڵاتیان دروست بکەین."

وتوشیەتی"ئامارەکانیش لای ئێمە رۆژانە کاتژمێر شەشی ئێوارە لەگەڵ ناشتنی تەرمەکاندا بڵاودەکرێنەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×