2020-07-19   3327     
ھێمن ئەحمەد
چی سامانی دنیا ھەیە
بیدەن بە من
ھەرچی وشکانی و زەریایە
بیکەن بە ناوی منەوە
ھەرچی سەرمایە و پارەیە
بچێتە گیرفانمەوە
ھەرچی زێڕو مرواریە
بکرێت بە ملوانکەیەک و
بیکەن بە گەردنمەوە
چی خەڵاتی پاڵەوان و زاناکانە
بیکەنە میدالیایەک و
بینێن بەسەر سنگمەوە
ھەرچی جوانی سروشت و
ئەفسانەی جیھانە
بیخەنە ناو نیگامەوە
تەنانەت کاتی مردنیش
ھەموو ھەناسەی
جیھانم پێ ببەخشن
تا جارێکی تر زیندو بمەوە
هەر لەگەڵ یەکەم
هەناسەو چاوکرانەوەم
ئاوڕ بۆ لای سلێمانی دەدەمەوە
بەدەست خۆم نییە
من هەر ئاوام لەخۆمەوە
ھیچ شتێک
بە یەک مشت خۆڵی ئەم شارە
ناگۆڕمەوە و ناگۆڕمەوە