هه‌ینی, 20 ی ‌حوزه‌یران , 2025
جێگری پارێزگاری سلێمانی: لەگەڵ پڕۆژەی لامەركەزیداین بۆ سلێمانی و ھەڵەبجە و دھۆک
  2020-07-30       567       

جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ لامەركەزیم بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆك، بۆ هەموو شارەكان ئەویش تەنها مەبەستی خزمەتی زیاتری خەڵك و كارئاسانی بۆ خەڵك.

ئاوێنه‌: لەیلا عومەر جێگری پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، لەمكاتەدا بەڕاستی تەكلیفكرام بۆ ئەو پۆستە (جێگری پارێزگاری سلێمانی) لەسەر داوای حزبەكەم (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) لەبەرئەوەی خۆم ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی پێشووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بووم، ئێستاش ئەندامی سەركردایەتی یەدەگی ژنم لەسەر بازنەی سلێمانی، لەبەرئەوەی چەند ساڵێكە خۆم لێپرسراویەتی ئیداریم هەیە و ئەو پۆستەش زیاتر ئیدارییە ڕاستە لەهەموو ڕوویەكەوە قەیران هەیە، بەڵام ئێمە نابێت نائومێدبین.

وتیشی”دەبێت بەردەوام بین لەوەی هەوڵ بدەین كارەكان نەوەستێت ژیان بەردەوام بێت هەوڵ بدەین ئیش و كاری جوان و خزمەتی شارەكەمان بكەین ئیتر لەڕێگەی هەر پۆستێكەوە بێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، وەكو ژنیش بەڕاستی پێمخۆش بوو داوایانلێكردم بۆ ئەم پۆستە لەبەرئەوەی ئەزموونێكم هەیە و چەند ساڵێكە لە ئیدارەدام بەلامەوە ئاسایی بوو، وتم بە شانازییەوە لەبەرئەوەی حزبەكەم متمانەی بە منە، منیش بەسەرچاو لەخزمەتی خەڵكەكەو شارەكەدا دەبم.

سەبارەت بە بەرنامەی داهاتووی بۆ سلێمانی لەیلا عومەر ڕایگەیاند، ئەوەی ئێستا لەخەیاڵمایە و خەون و خولیای منە وەكو خەڵكێكی ئەم شارە وەكو ئەوەی خۆشم خەڵكی ئەم شارەم بەڕاستی زۆر زۆر ئاواتمە هەوڵ بدەین هەرچی سێكتەرەكانی ئیدارەیە هەموو بە سیستەم بكرێت، لەبەرئەوەی كە بە سیستەم كرا واتە دادپەروەری، یەكسانی و ڕێكخستن، واتە شتەكان ڕێكخراوتر دەبن زیاتر دەتوانی لەو ڕوانگەیەوە خزمەتی خەڵك بكەیت بێ جیاوازی لەبەرئەوەی لەسەر ئەو بەرنامەیە چەند ساڵێكە كاردەكەم لە ئیدارەدا ئیشی ئیداریی و یاسایش دەكەم تابتوانیین خزمەتی خەڵك بكەین بێ جیاوازی.

ڕوونیشیكردەوە، دەستخۆشی لە كاك عومەر قەڵادزەیی (جێگری پێشووی پارێزگاری سلێمانی) دەكەم كە پێشتر ئەم پۆستەی هەبووە، سوپاسی دەكەین ئینشەڵا ئێمە لەگەڵ بەڕێز پارێزگاریشدا قسەمان كردووە بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەك و بەهەماهەنگی هەوڵ دەدەین باشترین خزمەت بە شارەكە بكەین.

سەبارەت بەماوەی وەرگرتنی ئەو پۆستە لەحاڵەتی ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ناوبراو ئاشكرایكرد، با پێش ڕووداوەكان نەكەوین، ئێستا لەمكاتەدا بەركەوتەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە خۆتان دەزانن كەشتەكان بەدەقە و سەعات دەگۆڕێت لەبەرئەوە دڵنییایم لەوە نەكردووەتەوە، من پۆست بە بەرپرسیارێتی دەزانم نەك هەر وەك پۆستێك سەیری بكەم.

جەختی لەوەش كردەوە، پڕۆژەی لامەركەزی ئەوەی كە باس دەكرێت و داوا دەكرێت جیاكردنەوەی شارەكان نییە لە یەكتری، بەڵكو ئەمە تەنها داواكردنی لامەركەزی بۆ ئیداریی و دارایییە كە زیاتر خزمەت بە شارەكە و بە خەڵكەكە دەكات، هەندێكی هەر لە یاساكاندا باسكراوە، بەڵام پەیڕەوناكرێت لەوانەیە كۆمەڵێك بەربەست هەبێت تەنها ئەوەیە ئەگەرنا هیچ جیاكردنەوەیەك نیە و ئێمە هەوڵ دەدەین كە بچەسپێنرێت بەیاسا ئەو لامەركەزییە تەنانەت بۆ دهۆك و سلێمانی وە هەروەها هەڵەبجە بێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكە.

وتیشی”لەگەڵ پڕۆژەی لامەركەزیداین بەواتایەی لامەركەزی ئیداری و دارایی بۆ شارەكە بێت نەك بۆ سلێمانی بەتەنها، بۆ هەموو شارەكان ئەویش تەنها مەبەستی خزمەتی زیاتری خەڵك و كارئاسانی بۆ خەڵك”.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×