وەزارەتی گواستنەوە راگەیەندراوێكی لەبارەی دەستپێكردنەوەی گەشتەكان بڵاوكردەوە
  2020-08-01       302       

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان بڵاوكردەوەو دەڵێت: ئەمڕۆ فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی بەڕوی گەشتیاراندا كرانەوەو گەشتە ئاسمانییەكان بە هاتن و چونەوە ئەنجام دەدرێن.

ئاوێنە: وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی: بەگوێرەی بڕیارو رێنماییەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ١-٨-٢٠٢٠، هەردو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بە روی گەشتیاراندا کرانەوەو گەشتە ئاسمانییەکان بە هاتن و چونەوە ئەنجامدەدرێن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە گەشتیاران بەوانەی دێن و ئەوانەی دەڕۆنەوە، پێویستە پشکنینی کۆرۆنا(PCR) یان ئەنجامدابێت و پابەندی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی بن لەناو فڕۆکەخانەو لە گەشتەکانیاندا.

بە مەبەستی رێگرتن لە تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە رۆژی ١٦-٣-٢٠٢٠وە گەشتە ئاسمانییەكان بۆ گەشتیاران راگیرابو، تەنها رێگا بە گەشتەکانی کارگۆو فریاگوزاری و  سەربازی و گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتیانەی لە دەرەوە گیریان خواردبو دەدرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×