بەشێکی کورت لەیاداشتەکانی نادیە موراد
  2020-08-04       1295       

و. هەورامان وریا قانیع

 

"....لەناکاو، هەستم کرد دەستێک لەسەر شانی چەپمە، چاوم کردەوە، بینیم "ابو بطاط"یە. لەبەرامبەرم راوەستاوە، چاوە سەوزەکانی دەدرەوشانەوە، زەردەخەنەیەکی فێڵبازانە لەسەر لێوی بوو، دەموچاوم لە ئاستی دەمانچەکەی بوو کە کردبووی بە کەلەکەیدا. هەستم کرد گاشە بەردێک لەسەر شانمە، نە دەیەڵێت بجووڵێم نە قسە بکەم. سەرلەنوێ هەردوو چاوم نوقاندەوە، لە خوا پاڕامەوە وای لێبکات بڕوات و یەخەم بەردات. پاشان هەستم کرد، وردە وردە دەستی دەهێنێت بەسەر شانمدا، لەوێوە کەوتە دەستهێنان بە گەردنمدا، ئینجا هاتە خوارەوە بۆ بەشی پێشەوەی کراسەکەم و دەستی خستە سەر مەمکی چەپم، لەوێدا دەستی راگرت. لەو کاتەدا هەستم دەکرد تیری ئاگراویم پێوەدەنێن. پێشتر هیچ کەسێک بەم شێوەیە دەستی لێ نەدابووم. هەردوو چاوم کردەوە، بەڵام تەماشای چەکدارەکەم نەکرد، بەڵکو سەیری پێشەوەی خۆمم کرد. ابو بطاط دەستی گەیاندە ژێر کراسەکەم و بە تووندی کەوتە گرتنی مەمکم، وەک ئەوەی بیەوێت ئازارم بدات، دواتر رۆشت و دوورکەوتەوە.
هەموو چرکەیەک لە حوزوری داعشدا، وەک مردنێکی بەئازاری لەسەرخۆ بوو- مردنی جەستە و رۆح- ئەو چرکەساتەی ناو پاسەکە لەگەڵ ابو بطاط، ئەو چرکەساتە بوو تێیدا سەفەری مردن دەستی پێکرد. من لە گوندێکی بچووکەوە هاتبووم، لە ئامێزی خێزانێکی موحافیزکاردا گەورە ببووم. هەر کاتێک لە ماڵەوە بهاتمایەتە دەرەوە، بۆ هەر کوێیەک بڕۆشتمایە، دایکم پێش ئەوەی پێم بڵێت: "نادیە، قۆپچەکانی کراسەکەت داخە، کچێکی باش و ساڵح بە"، جوان جوان دەیپشکنیم.
کەچی ئێستا ئەم کەسە نامۆو غەریبە، بە شێوەیەکی دڕندانە دەستم لێدەدات و ناتوانم هیچ شتێکیش بکەم. ابو بطاط لەناو پاسەکە، لەسەر هاتن و چوونی خۆی، بۆ پێشەوە و بۆ پشتەوەی پاسەکە، بەردەوام بوو. دەستی لەو کچانەدەدا کە لە قەراخی ریزەکانەوە دانیشتبوون. بە شێوەیەک دەستی لێدەداین، وەک ئەوەی ئێمە مرۆڤ نەبین. دیار بوو لەوە نەدەترسا، ئێمە لەوانەیە بجووڵێین یان توڕەببین. کاتێک سەرلەنوێ هاتەوە بۆ لای من، دەستیم گرت، هەوڵمدا نەهێڵم دەستی بباتە ژێر کراسەکەمەوە. من رۆحم چوو بوو، نەمدەتوانی قسە بکەم. دەستم کرد بە گریان، فرمێسکەکانم بەسەر دەستی ئەودا هاتنەخوارەوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو رانەوەستا. لە دڵی خۆمدا بیرم لەوە دەکردەوە، ئەم جۆرە شتانە لە نێوان دوو خۆشەویست روودەدات، کاتێک هاوسەرگیری دەکەن و دەبن بە ژن و مێردی یەکتر. بە درێژایی ژیانم و لەو کاتەوەی تەمەنم رێگەی ئەوەی پێدام لەوە تێبگەم هاوسەرگیری چییە، ئەوە تێڕوانینی من بوو بۆ جیهان و بۆ خۆشەویستی. لە هەمو سەرکێشییەکان و ئاهەنگەکانی کۆجۆ، ئەوە بیرکردنەوەی من بوو، تا گەشتنم بەو چرکەساتەی ابو بطاط دەستدرێژی کردە سەرم و گێچەڵی سێکسی پێکردم، ئەو بیرکردنەوەیەی لەناوبرد.
ئەو کچەی لە کورسی ناوەڕاست دانیشتبوو، چپاندی بە گوێچکەمدا: "ئەو لەگەڵ هەمو ئەو کچانەی لە قەراخەوە دانیشتوون، ئەو کارە دەکات. دەست لە هەموان دەدات".
لێی پاڕامەوە: "تکایە کورسییەکەت لەگەڵ من بگۆڕەرەوە، نامەوێت جارێکی دی دەستم لێدات".
وەڵامی دامەوە: "ناتوانم، من زۆر دەترسم".
ابو بطاط لە پاسەکەدا بەردەوام بوو لەسەر هاتن و چوون، لای ئەو کچانە رادەوەستا کە لە کچەکانی دیکە پێی باشتربوون. کاتێک چاوم لێکنا، دەمتوانی خشەی شەرواڵە پان و پۆڕەکەی و دەنگی پێڵاوەکانی ببیستم. ناو ناوە لە رادیۆکەیەوە کە بە دەستێکی هەڵیگرتبوو، گوێم لە دەنگێکی عەرەبی دەبوو، وەلێ نەمتوانی لە یەک وشە تێبگەم کە لە رادیۆکەوە پەخشدەکرا.
هەر کە دەگەیشتە لای من، دەستی بەسەر شانم و مەمکی چەپمدا دەهێنا، ئینجا دوور دەکەوتەوە. ئەوەندە ئارەقم کردبوەوە، دەتوت لە ژێر دوشی گەرماودا راوەستاوم. سەرنجمدا چەکدارەکە دەست لەو کچانە نادات کە پێشتر رشابوونەوە. بۆیە دەستم بردە ناو دەمم، هەوڵمدا بەناچاری بڕشێمەوە، بەو هیوایەی هەمو کراسەکەم لە رشانەوە وەربدەم، تاکو دەستی ئەو لەخۆم دوورخەمەوە. وەلێ هەوڵەکانم بێ سود بوو. هەمو توانای خۆم بۆ رشانەەوە خستەگەڕ و ئازاری زۆری خۆممدا، کەچی رشانەوەم نەهات و نەهات".


من تەواوی کتیبەکەی نادیە مورادم م کردووە بە کوردی، لە ناوەندی رۆشنبیریی ئەندێشەیە، بەو هیوایەی بەم نزیکانە چاپ و بڵاوبکرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×