عێراق.. لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا ژمارەیەک چەکداری داعش دەستگیرکران
  2020-08-04       359       
ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستگیركردنی نۆ تیرۆریستی داعشی لە شاری بەغدای پایتەخت و سنووری پارێزگای كەركووك راگەیاند.

ئاوێنە: لە راگەیەندراوێكدا ئاژانسی ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە كە هێزەكانیان پشت بەستن بە زانیارییەكانی هەواڵگریی، پێنج تیرۆریستی داعشیان لە ژمارەیەك ناوچەی سنووری پارێزگای كەركووك دەستگیركردووە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنێكیان لە ناوچەكانی دۆرە و زانكۆ باشووری بەغدا ئەنجامداوە كە لە میانیدا، چوار تیرۆریستی داعشیان دەستگیركردووە.

ئاماژە بەویش دراوە كە دەستگیركراوەكان، بەپێی ماددەی چواری تیرۆر، داواكراون.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەیش كراوە كە تیرۆریستە دەستگیركراوەكان بەشدارییان لە چەندین كردەی تیرۆریستیی دژبە هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەكانی شاری بەغدا و سنووری پارێزگاکە كردووە.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەی ئاژانسی هەواڵگریی باس لەوە كراوە كە دوای وەرگرتنی گوتەكانیان، دەستگیركراوەكان رەوانەی لایەنی دادوەریی كراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×