2020-08-06   372     
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، شوێنەكانی مەی خواردنەوە، قومارخانە نێرگەلەكێشانیان لە ژمارەیەك ناوچەی بەغداد داخستووە.
ئاوێنه: وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، پشت بەستن بە فەرمانی دیوانی ژمارە (٥٥) كە لەلایەن شانەی قەیرانەكانەوە بە ئامانجی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركراوە، هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆ زنجیرەیەك هەڵمەتیان لە ژمارەیەك ناوچەی بەغداد ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە میانی هەڵمەتەكاندا، هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی شوێنەكانی مەی خواردنەوە، قومارخانە و نێرگەلەكێشانیان لە ژمارەیەك ناوچەی بەغداد داخستووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیش دراوە كە بەڵێننامەیان بە خاونی ئەو شوێنانە پڕکردووەتەوە بەوەی کە پابەندبن بە راسپاردەكانی لیژنەی باڵای قەیرانەكانی تایبەت بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و شوێنەكانیان نەكەنەوە.