هەپەگە كوژرانی 34 سەربازی توركیای راگەیاند
  2020-08-09       413       

هەپەگە رایگەیاند: لە چەند چالاكییەكی گەریلادا لە هەفتانین-ی باشوری كوردستان 22 سەرباز و لە سێرت-ی باكوری كوردستانیش 12 سەرباز كوژراون.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ئەمڕۆ یەكشەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: دوێنێ 8ی ئاب، هێزەكانیان لە ناوچەی هەفتانین-ی باشوری كوردستان، لە حەوت قۆڵەوە پەلاماری هێزێكی سوپای توركیایان داوەو لە ئەنجامدا ٢٢ سەرباز و کۆنترا سزادران و ٨ سەرباز و کۆنتراش برینداربون.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لەو شەڕەدا گەریلایەكیان بەناوی "وارشین" شەهید بوە.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەیدا، هەپەگە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە دوێنێ 8ی ئاب، لەنێوان گوندی "هێشەت" و "ئوسیانێ"ی ناوچەی بەرواری سێرت لە باكوری كوردستان، هێزەكاتیان چالاكییەكیان دژبە كاروانێكی سوپای توركیا ئەنجامداوەو لە ئاكامدا  ١٢ سەربازی ئەو سوپایە كوژران.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئەوە خراوەتەڕو كە رۆژی 30ی مانگی رابردو سوپای توركیا لە دەوروبەری چیای گابار-ی شڕناخ لە نزیک گوندی "بانێ" دەستی بە ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی كردو بە فڕۆکەی جەنگی ناوچەكەی بۆردومان کرد و دواتر سەربازەکانی بۆ ناوچەكە گواستەوەو لە ئۆپەڕاسیۆنەكەدا کە تا ٥ی ئاب بەردەوام بو، سێ گەریلا بەناوەكانی ڕۆهات، بروسک و بۆتان شەهیدبون.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×