بەزمانێکی تر مرد
  2020-08-11     

شیعری: داناز عەبدولڕەحمان

 


شەریف پاشا
بەدەنگێکی غەریب
وتی:

ئەم ستۆکهۆڵمەش
بەڕواڵەت
لەسلێمانی ئەچێ
بەسەریش لەخۆی
ئەو
شارانەی کەبە پیتی (س)دەست پێدەکەن
هەمیشە سەرییان دێشێ/دڵیان نەخۆشە!

تازە زانیم /
شار هەیە /سەری دێشێ/ و/ شاریش هەیە دڵ

پتر سەیری ئەدگاری/شەریف پاشا ئەکەم
لە سلێمانی ئەچێ
بێتاقەت /وەڕز/دڵشکاو/سەرمابردوو

زیاتر گومان
لە ڕەوشی خراپی غەریبی ئەکەم
ڕوخسارە مۆنەکەی/ کتومت نیشتمان.
چاوەی هیلاکەکانی/ ڕێک سلێمانی

حەزین خۆی نیشان ئەدا ..
وەک بیەوێ لەبیر نەچێتەوە
وەک ئەوەی بڵێ
من غەریبترین فڕندەی ئەم باخچەیەم

نامەکەی:

دەچم بۆ ئیش
غەریبیم
بە گۆرانیەک دادەپۆشم
نیوەڕۆیانیش
کەمێ غەم دەخەمە گیرفانمەوە
ئێوارانیش
زەمهەریری غەریبی دەکەم بەڕاخەر
شەوانیش
نیشتمانێکی تەریو دەکەم بە سەرین

بەخەیاڵ..
دوو باخ ئاو دەدەم
باخێک..
پڕ لە بۆنی
نزاکانی باوکم
و
باخێک
پڕ میوەی تامەزرۆیی
دایکم
ئەوە تەنها منم/
دایکم و باوکم نابینمەوە
ئەوە منم بە زمانێکی تر دەمرم

شیعرێکم هەیە..
بۆ گۆرانیی غەریبان دەشێ
کەس نایکا بە ستران
کەس ئاوازێ ناخاتە تەنیشتیەوە

من یەکەمین لاوژی مێژویی غەریبم
یەکەمین فڕندەی باڵشکاوی کەسیرەبووم
ئا ..ئا..
یەکەمین کەسم
کە لە نیشتمانی خۆمدا نامرم

نامەکەی من :

وێنەیەکم هەیە
وەک هەمان وێنەی شەریف پاشا
دڵشکاو/دڵبرین/پەژموودە
زیاتر گومان لە غەریبی دەکەم
من لێرە خۆم نیم
نازانم چۆن ببم بەخۆم
ناچمەوە سەر ناونیشان و نەسلی خۆم
منیش بەزمانێکی تر دەمرم
منیش لە نیشتمانی خۆمدا نامرم 

غوربەت
گۆرانی خۆشی تێدا نیە
فڕینی کورت وکەم مەودایە
قسەی خۆشی شیرین نییە
پیاسەی ئێوارانی کورت وکوێرە
غوربەت
ماڵێکی تەزیوی بێ کوانووە
غوربەت
ماڵێکە لەبەفر لەنزیک هەتاو
پلێ گۆشتە لەنزیک ئاگر
غوربەت ئەو شوێنەیە
کەخۆت لێی ناژیت..

ستۆکهۆڵم
بەیانیانی پشکۆیە و
نیوەڕۆیانی باوەشێن و
ئێوارانی بڵێسە
و
شەوانی دۆزەخ

لەنزیک ماڵی شەریف پاشام
دەگریم.
غەریبی چۆن وەک
هەنار دڵی پرواند
ئەو ماڵەی دەبێتە ماڵی یەکەمین غەریبە
ئەوێ غەربیترین ماڵی دونیایە..
ئای ماڵی غەریب/ئای پاشای غەریب
چ گۆرانیەک لێرە جێهێشتووە
وا دەنگی دێتە گوێم 

ئەو..
یەکەمین کەس بوو
گۆرانی کوردی لێرە پیتاند
سڵاوی خستە قاموسەوە
یەکەمین دڵ بوو
کە دای بەکچێ لێرە

ئەو..
یەکەمین کەس بوو
جنێوی بەباوکیی غەریبی دا
ئەو یەکەمین کەس بوو..
هەناسەی کوردی تێکەڵ بەهەوای ئێرە کرد

ئەو..
یەکەمین کەس بوو..
ڕاموسانی کچە زەردەکانی ئێرەی کرد
ئەو ..
یەکەمین کەس بوو
شەهوەتی پیاوانەی خستە وێڵاشی غەربییەوە
پێکی شەرابی غەربیی فڕ کردو
بەسەرگەمی بیری سلێمانی کوشتی

ئای پاشایی غەریبی
تۆ هەر غەریب بووی

دەنگی گۆرانیەکانتان دێ
لەم کۆڵانە
دەنگی هەنسکە هەنسکی گریانەکانتان
دەنگی شوێن پێکانتان

بیری تۆ و
سەعید غۆڵامی و
یوسف ئەکەم



زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×