بڕیاری لە سێدارەدان بۆ تۆمەتباری سووتاندنی سێوان قادر و منداڵەکانی درا
  2020-08-11       1223       

دوای ١٦ دانیشتنی دادگای سلێمانی لەسەر دۆسییەی سووتاندنی سێوان قادر و منداڵەکانی، دواجار ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە دەرکرا و سزای لە سێدەرەدان بۆ هاوسەری سێوان دەرکرا.

ئاوێنه‌: کەمێک لەمەوبەر دادگای سلێمانی دوایین دانیشتنی لەبارەی دۆسیەی تاوانی سووتانی سێوان قادر و سێ منداڵەکەی لە چەمچەماڵ ئەنجامدا و دادوەر بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ تۆمەتباری دۆسیەکە کە هاوسەری سێوان بوو دەرکرد.
 
 کۆساڵان حەمە موراد پارێزەری کەیسی سێوان قادر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، وێڕای بە دروست زانینی بڕیاری دادوەر لە سزاکەدا، دەربارەی جێبەجێکردنی سزاکە ڕایگەیاند: وەک ماددەی یاسایی سێدارەدان ماوە و دەکەوێتەوە سەر دادگای تەمیز کە پەسەندی بکات و سەرۆکی هەرێم واژۆی بکات، ئەوکات جێبەجێ دەکرێت و هیچ ماددەیەکی یاسایی نییە کە ڕێگری لێبکات.

هەروەها حاجی قادر باوکی سێوان قسەیکرد و داوایکرد، کە سەرۆکی هەرێم سزاکە واژۆ بکات بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت و تاوانبار بە “سزای خۆی بگات”.

لەبەرواری 17\12\2018 سێوان قادر و سێ منداڵەكەی لەماڵەكەی خۆیاندا لە چەمچەماڵ سووتان، كە بەهۆی سوتانەوە منداڵەكان ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەستدا و سێوانیش دوای 8 ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، کە دواتر هاوسەری سێوان بەبکەری تاوانەکە تۆمەتبار کرا، بەڵام  ماوەیەکی درێژە ئەم کەیسە لەدادگادا ماوەتەوە تاکو ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی لەبارەوە درا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×