2020-09-16   426     
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: بەدواداچون بۆ یەكەكانی نیشتەجێ بوون لە شاری سلێمانی دەكەین و پیویستە زیاتر دەرفەت بە ئەو فەرمانبەرانە بدرێت كە سوودمەند نەبوون .
ئاوێنە: خەدیجە عبدالجبار ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند: لیژنەی پلان و پرۆژەكان سەردانی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانیمان كرد ، سەبارەت بە بریاری دروستكردنی یەكەی نیشتەجێ بوون بۆ فەرمانبەران كە بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەك پێكهینراوە.
هەروەها ووتیشی: وەك لیژنە جەختمان كردەوە لەسەر چەند خاڵێك كە پیویستە بەهەند وەربگیررێت بەم شێوەیەی خوارەوە:
١/ پیویستە زیاتر دەرفەت بە ئەو فەرمانبەرانە بدرێت كە سوودمەند نەبوون .
٢/ كوالیتی كەرەستەكان و دیزاینی یەكەكان گرنگی تەواوی پێبدرێت.
٣/ تەواوكردنی تەواوی خزمەتگوزاریەكان بەشێك بێت لە پرۆپۆزەڵی پرۆژەكە ،تاوەكو ئەو كێشەیە دوبارە نەبێتەوە كە پرۆژەكان تەواو دەبن بەلام كێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری بەشداربووەكانی هەراسان كردووە.
٤/ دیاریكردنی لایەنێكی حكومی بۆ سەرپەرشتیاری هونەری و ئیداری و كۆنترۆڵ كردنی كوالیتی.
٥/ پیویستە نرخی یەكان لە ئاستی بژێوی و توانای فەرمانبەراندا بێت ،نەك وەك ئەو پرۆژانەی كەبەناوی چین و توێژەكانەوە دروست كراون ،بەڵام لەبەر زۆری نرخی یەكەكان ، فەرمانبەران سودیان لێ نەبینیوەو فرۆشراونەتەوە بەكەسانی تر .
٦/ جۆر و ڕوبەری یەكەكان پۆلێن بكرێن لە (٦٠م٢ دەست پێ بكات تا ٢٠٠م٢) بۆ ئەوەی فەرمانبەران بەپێی خواست و توانای داراییان بتوانن بەشداری بكەن.
شایەنی باسە لەساڵانی رابردوو ژمارەیەكی بەرچاو پرۆژەی یەكەی نیشتەجێبوون دروست كراون، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخەكانیان نەتوانراوە وەك پێویست خەڵكی كەم دەرامەت لیی سودمەند ببێت و چارەسەری كێشەی كرینشینان بكات .