"پێداچونەوە بە گرێبەستی پێدانی خزمەتگوزاریی خاڵە سنورییەكان و بازگاكان بە كۆمپانیا دەكرێت"
  2020-09-16       585       

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە، پێدانی خزمەتگوزاری خاڵە سنورییەكان و بازگاكەكان وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانی بە ژمارەیەك كۆمپانیا گەورەترین گەندەڵییەو دەشڵێت: بڕیاردراوە پێداچونەوە بە گشت گرێبەستەكاندا بكرێت.

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئەمشەو چوارشەممە، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك، ئاشكراشیكردوە كە ٢٧ کۆمپانیا لە خاڵە سنورییەکان مانگانە نزیکەی ٦٠ ملیۆن دۆلار وەردەگرن.

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"کۆکردنەوەی پارەی کرێی تابلۆی بازرگانی و خۆڵوخاشاک  و ئاو ... ھتد  دراوە بە کۆمپانیا. چەندین خزمەتگوزاری دامەزراوەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ(ھاتوچۆ و بازگەکان) دراوە بە کۆمپانیا."

جەختیشی كردۆتەوە كە زۆرینەی ئەم کۆمپانیایانە ھیچ کارێکی ئەوتۆ ناکەن و مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار وەردەگرن.

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەوەی لەسەرشانمان بوە وردەکاریمان بۆ کۆی دۆسیەکان کردوە. ئەمڕۆ بۆ بەدواداچونی کاری ئەم کۆمپانیایانە، پێیان ڕاگەیاندین: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بەسەرجەم گرێبەستەکاندا بچێتەوە."

وتوشیەتی"ھیوادارم لە زووترین کاتدا  ئەم کارە لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیانی کۆیایی پێبێت و ئێمەش پشتیوانی دەبین."

عەلی حەمەساڵح، لەگەڵ راگەیەندراوەكەیدا، وێنەیەكی بڵاوكردۆتەوەو دەربارەشی وتویەتی"وێنەکە نمونەیەکە لەو کۆمپانیانە، جوتیار ساڵێک بەم نەھامەتییە کاربکات، کاڵەک لە بازاڕدا پارە نەکات، لە بازگەی ھەولێریش بەناوی سۆنەر پارەی لێوەربگیرێت."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×