شا عەباس و پینەچی
  2020-10-25       2794       


هۆشیارجەمال



ڕۆمانی شا عەباس و پینەچی لە نووسینی " دکتۆر محەمەد حوسێن" و وەرگێرانی لە زمانی فارسیەوە بۆ زمانی کوردی لە لایەن " تەها سێکانیانی"ە، کە ڕۆمانێکی کورتە بەڵام هەڵگری پەیامی زۆرە پێکەوە بەستنی ئەدەب و مێژووە، کە بە زمانێکی زۆر سادە و ڕەوان پەیامێکی گەورەی هەڵگرتووە.
شوێنی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە وڵاتی ئێرانە و سەردەمی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ حکومڕانی شا عەباسی سەفەوی و گرنگترین دیالۆگی ڕۆمانەکە بەرکەوتەی نێوان شای وڵات وەک خاوەن بە دەسەڵات ترین کەس و هاوڵاتیەکەی سادەی چینی خوارەوەی کۆمەڵگایە، کە پیشەی پینەچیە.

شا عەباسی سەفەوی سەرباری زۆری ڕاوێژکارو بەرپرس لە چواردەوری، بەڵام بڕیار دەدات خۆی سەردانی ماڵان بکات لە بەرگی دەروێشێکدا، هەر بۆیە دەچێتە ماڵی کابرایەکی پینەچی کە داهاتەکەی هێندە کەمە تەنها بەشی ژەمەکانی دەکات و زۆر هەژارە، بەڵام رازیە بە کارو پێشەکەی،چونکە حەڵاڵە و دەست درێژی نەکردۆتە سەرسامانی کەسانی تر یاخود سامانی گشتی، شا عەباس لە پاش یەکەم سەردانی ئێوارەی بۆ ماڵی پینەچی بۆ بەرەبەیانی دواتر بڕیاری قەدەغە کردنی کاری پینەچێتی دەدات لەشاردا  ئەو دەیەوێت بزانێت پینەچی چۆن بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات، هەربۆیە یەک لە دوای یەک چەند کارێک دەگۆڕین کە هەر کارەی سودی زیاتر دەبینت لە پینەچێتەوە بۆ جگەر فرۆشتن و چەندین کاری تر و هەموو ئێوارەیەکیش شاعەباس لە بەرگی دەروێشدا دەگاتە ماڵیان و زانیاری تازە بەدەست دەهێنێت و هەموو بەیانیەکی نوێش بڕیاری قەدەغەکردنی کارێکی تری دەدا، کە ئەبووە سەرچاوەی بژێوی ئەو خێزانە.


شا عەباس دەیویست لە بڕینی نانی هاوڵاتیەکانی ئەوەی دەستکەوێت کە هاوڵاتی هەردەم چاوی لە دەستی شا بێت و زەلیلی بەردەمی بن، هەروەها بزانێت خەڵک کەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەو هەموو ستەمەی کە لێیان دەکات و بۆتە هۆی بێکاریان.


بەڵام ئەوەی کە ڕوویدا ئەوە بوو کە ئەو هاوڵاتیانەی کارەکانیان لە دەستدا لە جیاتی بوونی هۆشیاری بۆ داواکردنی مافەکانیان و دژایەتی کردنی شا عەباس کەوتە کاری نایاسای و سەرانە سەندن لە هاوڵاتیانی تر کەمەیان دەرگای پر لە گەندەڵی دامو دەزگاکانی حکومەتی شا عەباسی دەرخست کە چۆن بە بەرتیل کاری هاوڵاتی بەڕێ دەکەن، تەنانەت بەرپرسە گەورەکانی نزیک لە شا عەباس تێوەگلابوون لە گەندەڵی  و سەرپەرشتی کردنی خانەکانی لەشفرۆشی لە وڵاتدا.


دواین دانیشتی شا عەباس لەبەرگی دەروێشدا لەگەڵ کابرای پینەچی تەواوی ڕاستیەکانی بۆ ڕوون بۆیەوە کە چۆن داموو دەزگاکەی پڕە لە گەندەڵی و هەواڵنێرەکانی ڕاستیەکانی شاریان لێ شێواندوە، هەر بۆیە بڕیاری دروستکردنی چەندین پڕۆژە دەدات کە بێتە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاوڵاتی و ڕێگەدان بە کارکردنەوەی هاوڵاتیان لەو پیشانەی کە پێشتر ئەنجامیان دابوو.


ئەوەی لەم کورتە ڕۆمانەدا گرنگە ئەوەیە کە سیاسیەکان و خاوەن بڕیارەکانی وڵات لەوە تێبگەن کە ئەوان خودانین ئەوان مرۆڤن و ناتوانن ئاگاداری سەرجەم کێشەکانی کۆمەڵگابن، پێویستە لە جیاتی دیکتاتۆرێک بە ئامانجی زەلیلکردنی کۆمەڵگا بیر لەوە بکەینەوە لە ڕێگای دابینکردنی کار و بژێوی بۆ کاسبکار و مووچەی شایستە بۆ فەرمانبەرانیان، چونکە دیکتاتۆرێک لە بڕیاردان دەبێتە هۆی گەندەڵ بوونی سەرجەم کۆمەڵگا لە کۆتایشدا ڕووخانی خۆیان و لە ناوچونیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×