2020-10-31   1211     
نوسینگەی رۆژنامەوانی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رەتیكردەوە دیمانەی لەگەڵ كەناڵێ رۆژ تیڤی ئەنجامدابێت.
ئاوێنه: نوسینگەی رۆژنامەوانی سەعدی پیرە راشیگەیاندوە كە ئەو كەناڵە بۆ مەرامی تایبەتی خۆی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ ئاریان تیڤی وەرگرتوەتەوە و كورتی كردوەتەوە و بڵاویكردوەتەوە، داواشیكردوە، لێدوانی رۆژنامەوانی لە لایەن میدیاکانەوە بە ئەمانەتەوە بگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵک و دەڵێت،"بارودۆخی هەرێم و ناوچەکە لە دۆخێکی هەستیاردایە، گواستنەوەی هەواڵ و لێدوانی تایبەت بە ئارەزو و بەرژەوەندی کەناڵەکە رەنگە خراپەی لێ بکەوێتەوە بۆیە پێویستە هەمو لایەک لەمەدا هەستیاربن"
دەقی رونكردنەوەكە:
روونکردنەوەیەک لە نووسینگەی رۆژنامەوانی هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە
روونکردنەوەیەک لە نووسینگەی رۆژنامەوانی هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رۆژی پێنچ شەممە ٢٩/١٠/٢٠٢٠ هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە لەگەڵ کەناڵی ئاریەن تیڤی چاوپێکەوتنێکی ئەنجامدا لەم چاوپێکەوتنە باسی چەندین بابەتی جیا جیای کردووە، بە هیچ شێوەیەک وهیچ دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژ تیڤی ئەنجام نەداوە، ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە رۆژ تیڤی ئەم دیمانەیەی هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە-ی وەرگرتۆتەوە و کورتی کردۆتەوە و بە نووسین بڵاوی کردیتەوە کە هیچ بەشێکی پێک ناگات و سەرلەبەری هەڵەیە و مەرامی تایبەتی خۆیانی تێدایە و زۆر دوورە لە ووتەکانی هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە، شایانی باسە تەواوی چاوپێکەوتنەکەی لە کەناڵی ئاریەن تیڤی و میدیاکاندا هەیە بە دەنگ و ڕەنگ هەیە بۆیە دەمانەوەێت لەسەر ئەم چاوپێکەوتنە ئەم روونکردنەوەیە بدەین
١- لەسەر مەسەلەی هەرێمی کورستان کە رێکەوتننامەیەکی کردووە لەگەڵ لایەنی سیاسی تری غیرعێراقی هێزی چەکدار لە هەرێمی کوردستان بێت، وە هەرێمی کوردستان هێزی سیاسی خۆی هەیە کە بەڕێوەی دەبات و لە رێگای هەڵبژاردن حکومەت و پەرلەمانی هەیە و وەزارەتی پێشمەرگەی هەیە کە زۆر سەرکەوتووانە لە شەڕی دژی تێرۆر و داعش سەرکەووت، بۆیە هیچ رێکەوتنیک ناکات لەگەڵ هیچ هێزک لە دنیا، وجودی سەربازی هەبێت تەنها ئەو هێزانە نەبن کە ووڵاتانی ئەوروپا و دۆست بۆ هاوکاری لە شەڕی دژی تیرۆر بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لێرە دەبن بۆیە لە ئیجازە پێدانی بونی هێزی سەربازی و کۆنتڕۆڵکردنی بەشێک لە هەرێمی کوردستان ئەمە ئەسڵی نیە .
٢- مەسەلەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوو هێزن پەیوەندییەکانیان بە زۆر هەوراز و نشێو داچووە شەڕی تێدا بووە، دوو ئیدارەیی تێدابووە و ئاشتەوایی تێدابووە ، بەڵام بەیەکەوە بەردەوامن لە حکومرانی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانی عیراق ، هەموو ئەو رەخنە و سەرنجانەی کە هەیە لەناو تیمی حکومەت موناقاشەی لەسەر دەکرێت بۆیە تەسەور دەکەین لەو بابەتانەی کە ناکۆکیش هەبێت بەڵام ئەوە بە واڵایی دەمێنێتەوە و لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی هەردوولا کە کۆدەبنەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بە رێکەوتن هەندێکیان چارەسەر دەکرێن و هەندێکیان دەمێننەوە، بەڵام حکومڕانی یان پێکەوە ئیشکردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئەم دەقە تەنها رێگایە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانی عیراق ، بۆیە هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە پێی وایە مەسەلەی زەقکردنەوەی هەندێک بابەت و بەمەبەستی قوڵترکردنی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی کارێکی خراپە خزمەتی ئیستقرار لە ناوچەکە ناکات
٣- مەسەلەی شەنگال ، تەئکید لەسەر ئەمە کراوەتەوە کە ئەو رێکەوتنامەیە، لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی عیراقە، ئەو رێکەوتننامەیە گرنگە ئێزیدییەکان پێی ڕازیبن، ئەگەر ئێزدییەکان پێی ڕازی نەبن سەرکەوتوو نابێت بۆیە لە قسەکانیدا بەڕێزیان رایگەیاندووە بەپێی زانیاری ئێمە ئێزیدییەکان بەشی زۆریان ناڕازین، ئەم بابەتەش دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئێزیدییەکان و بۆ ئەو دوو لایەنەی کە رێکەوتننامەکەیان ئیمزاکردووە.
مەسەلەی تر کە پەیوەندی بە داواکردنی ئاشتی هەیە لە لایەن بەڕێز قەرەیلان کە لەم کاتەدا ناوی هاتووە ، بەرێز موراد قەرەیلان داوای ئاشتی دەکات و خەتەری شەڕی ناوەخۆ دەست نیشان دەکات ، هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە کە لە سەرەتای قسەکانی لێی پرسراوە ( چی دەڵییت سەبارەت بە قسەکانی موراد قەرەیلان ) ئەو باسی ئەوە دەکات قەرەیلان پیاوێکی ووشیار و زانایە شەڕی زۆر دیوە شەڕی ناوەخۆ وە ئاشتیشی دیوە و ئەشزانێ چ ماڵ وێرانییەکە شەڕی ناوخۆ، لە هەمان کاتیشدا دەڵێت من باوەڕم بەوە نیە کە شەڕی ناوەخۆ دروست ببێ وە ئەمە بابەتێکە دوورە لە ڕاستی و هیچ کەسێک لە بەرژەوەندی دانیە تەنها ئەم جولانی هێزە لە لایەن هەردوولاوە لە ئەنجامی بێ متمانەییە بە یەکتری وە ئەم بێ متمانەییە تا مابێت ئەم هێزانە لە ئان و ساتی جیا جیا دەجوڵێندرێن کە ڕەنگە بەشێکیان ببتە مایەی دڵەراوکێ بۆ هاووڵاتیان .
بۆیە بەڕێزیان لێرەوە داوا لە هەموو لایەک دەکات کە لێدوانی رۆژنامەوانی لە لایەن میدیاکانەوە بە ئەمانەتەوە بگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵک، بارودۆخی هەرێم و ناوچەکە لە دۆخێکی هەستیاردایە، گواستنەوەی هەواڵ و لێدوانی تایبەت بە ئارەزوو و بەرژەوەندی کەناڵەکە رەنگە خراپەی لێ بکەوێتەوە بۆیە پێویستە هەموو لایەک لەمەدا هەستیاربن
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان