چیرۆکی دانانی یەکەم پەیکەر لەسپەیسی گشتیدا – سلێمانی
  2020-12-06       1817       

 

زامۆئا داراغا

 

پەیکەری پیرەمێرد کاری هونەرمەند ( عەتا قزاز ) لە ساڵی 1970

شوێن:- سلێمانی سەرتای شەقامی ساڵم نزیک باخی گشتی...

یەکێک لە کێشەکانی کولتور و هونەری ئێمە نەبوونی ئەرشیفی و دیکۆمێنتی کارە هونەریەکان, ئەمە وایکردوە کە مێژووی هونەرلەم ناوچەیە هەژاریەکی زۆری پێوە دیاربێت لە ڕووی تیوری و شیکاری و ڕەخنەییەوە.

لەگەل ئەوەی هونەری شێوەکاری وە بە تایبەتی پەیکەرسازی مێژوویەکی زۆر دووری نییە, بەڵام ئەرشیفێکی باش و پتەومان نییە وە کارە هونەریەکان هیچیان بە شیوەیەکی زانستی و پیشەیی دیکۆمێتن نەکراوە, هیچ نووسینێکی بابەتی و چڕوپڕی لەسەر نەنووسراوە تا ببیت بە بنەمای مێژووی هونەری شێوەکاری بە گشتی. 
لە زۆربەی قۆناغەکاندا کارە هونەرییەکان لابراوە یان شکێنراون و فەوتاون. 
ئەوەی ئەمێنێتەوە تەنها ( بیرەوەرییە ) لە ڕێگەی گێرانەوەی ( زارەکی ) دەمێنێتەوە هەموو مێژووەکان وون و کاڵ ئەبنەوە تا دواجار لە بیر ئەچنەوە. 
ئەوەی گرنگە لێرەدا کە ئەمەوێت جەختی لە سەر بکەمەوە گرنگیدانە بە ئەرشیف کردن و دیکۆمێنت کردنی بەرهەمە هونەریەکانە بگەینە ئەوەی کە لە ئیستادا ئەرشیف کردن و دیکۆمێنت کردنی مێژووی هونەری شێوەکاری سیستماتیزە بکرێ لە ڕیگەی زانستی و دروست کردنی دەزگایەکی پسپۆر بە کاری ئەرشیف کردن و توێژینەوە.
وە لە نێو دامودەزگاکانی حکومی دا جێی بکەینەوە وە بکرێت بە بەشێکی گرنگ لە دروست کردنی بنەمای مێژووی هونەری شێوەکاری وە توانای بەرهەم هێنانی پسپۆری و شارەزایی هەبێت لە شیکاری و بنکەن کردنی مێژووی هونەری شێوەکاری ئەم ناوچەیە.  
هەر لەم سۆنگەیەوە بۆ ئەوەی بتوانین مێژووی هونەری پەیکەرسازی لە لەبیر چوونەوە بپارێزین, بە دواچوونم بۆ پەیکەری ( پیرەمێرد ) کە لە سەرەتای ساڵی حەفتاکان لە سەدەی ڕابووردوو دروست کراوە  لە شاری سلێمانیا کرد.
پەیکەری ( پیرەمێردی ) شاعیرە کە بە یەکەم پەیکەر دائەنرێت کە لە سپەیسی گشتیدا دانراوە لە شاری سلێمانی , واتە یەکەم پەیکەرە کە لە مێژووی ئەم شاردا دروست کراوە کە لە سەرەتای شەقامی سالم دانرابوو و خەڵکی بە ڕاستەوخۆ ڕۆژانە بەری کەوتوون کە پیشتر شارەکە شتی وای بە خۆیەوە نەبینیوە.
لێرەدا بە گرنگم زانی داوا لە هونەرمەند ( عەتا قزاز ) بکەم کە خاوەنی بیرۆکەکەیە و هەروەها دروست کەری پەیکەرەکەیە, کە مێژووی پەیەکەری ( پیرەمێردی شاعیر ) بنووسیتەوە؟ وە چەند پرسیارێکم ئاراستە کرد, لە کەی دا پەیکەرەکەت دروست کردوە؟ بە چەند ڕۆژ کارەکەت ئەنجام دابوو؟ قاعیدەکەی بە چی دروست کرابوو؟ بە چ مەتریاڵێک پەیکەرەکەت دروست کردبوو ؟ لە کەی دا پەردە لەسەر پەیکەرەکە لابرابوو؟ کەی پەیکەرەکە لابرا؟ بۆ پەیکەرەکە لابرا, کێ شوینەکەی بۆ دەستنشان کردبووی؟ خۆت یان شارەوانی؟ کێ یاردەرت بوو لە دروست کردنیدا؟ 

 

لە زمانی هونەرمەند عەتا قەزازەوە، کورتە باسێک لە سەر دروست کردنی پەیکەری 
شاعیر و فیلەسوفی کورد ( پیرەمکێرد ) حاجی تۆفیق 
ساڵی ( 1970 ) لە مانگی ( 4 ) چوار بوو لە سلێمانی وەکو مامۆستا تەعین  بووم پاش ئەوەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغداد بەشی هونەری شێوەکاریم تەواو کرد دوای ئەوە گەڕامەوە شاری سلێمانی .
بێ گومان من ئەو کاتە ئەندامی ) کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی ) بووم لە سلێمانی ئەو کاتە ئەم بەڕێزانە زۆر دیار بوون...
نووری وەشتی , علی جۆڵا , ڕووف بحیی , محمود زێوەر, جمال بختیار , عمر علی امین , نوزاد مجید , علی توانا , کاوە احمد میرزا , عبدول حمەجوان , دلشاد صدیق , احمد سالار , حکمیت هیندی , سالار حمەبچکۆل , هوشیار , ئازاد حمەبچکۆل , مامۆستا عزەت شەهید بوو, جیهان عومەر . 
بە داخەوە ناوی زۆربەیانم بیر نەماوە .
بەڵام من پێش ئەوەی بچم بۆ بەغداد کە لە قوتابخانەکانی سلێمانی ئەم خوێند بە هۆی بوونی هەندێک مامۆستا و هاوڕێی زۆر ڕۆشن بیرەوە , خوم دابووە خوێندنەوەی ئەو شاعیر و نووسەرانەی کە ئەو سەردەمە خەڵک زۆر بە دوایاناندا نە ئەگەڕان تەنها  مامۆستا ( کاکەی فلاح ) و ڕۆژنامە کۆنەکانی ( ژین و ژیان , گەلاوێژ ) نەبێت کە نووسراوانەی مامۆستای بەرێز ( پیرەمێرد )ی بڵاو ئەکردەوەبە تایبەتی ( قسەی نەستەق ) و ئینجا بابەتی شیعری . 
ئەوەندە حەزم بە خوێندەوەی ئەو قسە نەستەقانە ئەکرد جاری وا هەبوو ڕۆژانە بە کارم ئەهێنایەوە بۆ توانج تێگرتن  لەو کەسانەی کە پەیرەوی کرداری جوانیان نییە وەک ( نەخانووی هەتیو نە ماڵی سەر شیو نە پێڵاوی تەنگ نە ماڵی بە جەنگ ) زۆر بوون نووسینە جوانەکانی.
ئەوەندە موعجیبی بووم ئیتر گەورەترین شوێنی خۆی کرد بووەوە لە دڵ و دەروونما.
منیش کە لە بەغداد بووم چەند بەشی وێنە ێشانم ئەخوێند ئەوەندەش خەریکی کاری پەیکەرسازی بووم هەر بۆیە کە دەوامی بەیانیان تەواو دەبوو دوای نان خواردنی نیوەڕۆ ئەگەڕامەوە بۆ پەیمانگا بۆ کاری هونەری پەیکەرسازی, ئەو کات مامۆستا ( میران السعدی ) ئەو لەگەڵ مامۆستایەکی تر کە ناوی ( سعد القرغولی ) بوو منیان زۆر خۆش ئەویست, چونکە ئەیانزانی کە چەند حەزم لە هونەرە و ئیشی بۆ ئەکەم.
بۆیە هەر پێنج ساڵەکە من چەند وێنەم دروست ئەکرد ئەوەندەش خەریکی پەیکەرسازی بووم .
بە هۆی ئەم لێ دانەبڕانەم لە هونەری پەیکەرسازییدا , ئەو کاتە پەیکەری ( کاوەی ئاسنگەر )م هەر لە بەغداد دروست کرد. بەڵام بە داخەوە نەمان توانی بیهێنینەوە بۆ سلێمانی, لە ڕێگا لە ناو لۆریەکە دا شکا, ئەو کاتە کاک ( جیهان عومەر ) زۆر یارمەتیدام بۆ ئەوەی ئەو پەیکەرە بهێنمەوە بۆ سلێمانی وە لە سلێمانی پەیکەری ( کاوەی ئاسنگەر ) دابنێم. بەڵام ڕێکنەکەوت.
ئنجا بیرم لەوە کردەوە کە ووردە ووردە دەست بکەم بە کارکردن لە بواری خۆمدا. 
ئەوە بوو لە مانگی چوار ساڵی ( 1970 ) داوام لە بەڕێز کاک ( نووری وەشتی ) کرد کە ڕێگەم بدەن بۆ ئەوەی لە حەوشەکەی ( مەڵبەندی کۆمەڵ و هونەر و وێژەی کوردی ) کە زۆر گەورە بوو, بۆ ئەوەی بتوانم دەست بکەم بەو کارە پیرۆزە و ئەو پەیکەرە لەوێ دروست بکەم.
ئەوانیش زۆریان پێ خۆش بوو, ووتیان فەرموو چیت پێویستە ئێمەش یارمەتیت ئەدەین, منیش ووتم ئەوەم ئەوێت کە بە نامەیەک ( شارەوانی سلێمانی ) ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەی کە ئەمانەوێت ئەوپەیکەرەی لێ دابنێن لەگەڵ هەندێک یارمەتی دارایی ئەگەر بتوانن!!
ئەمە ئەو کاتە سەرۆکی شارەوانی کاک ( هوشیار بابان ) بوو ئەمانیش خۆیان لە شارەوانی کاریان ئەکرد کاک ( محمود زێوەر ) و کاک ( نووری وەشتی ) ڕەزامەندیان بۆ کارەکە وەرگرت, کە لە بەردەم ( باخی گشتی ) بەڕامبەر باڵەخانەی ( حسیب صالح ) پەیکەرەکە دابنرێت, شوێنێکی زۆر گرنگ بوو کە ئەوسا لەوێوە سەرەتای چوونە ناوەوەی ناو شاری سلێمانی بوو, ئەوجێگایە کتومت بۆ ئەو پەیکەرە زۆر باش بوو. 
شارەوانی بە بڕی ( 200 ) دووسەد دینار هاوکاری کردم بۆ مەسرەف و خەرجی پەیکەرەکە ئەمە بۆ من هاندەرێکی زۆر باش بوو لە بەر ئەوەی ئەگەر من ئەو کارە بکەم وە پارەی خۆشم تیا مەسرەف بکەم گرنگ نەبوو ئەوەی کە گرنگ بوو بۆ من ئەوان واتە شارەوانی مۆڵەتیان دا لەسەر دروست کردنی پەیکەری ( پیرەمێردی شاعیر ) لە باشترین شوێنی شاردا دابوو .
لە مانگی ( پێنج )ی ساڵی ( 1970 )  ڕۆژانە دەستم کرد بە کار لە حەوشی باڵەخانەی ( کۆمەڵ و هونەر و وێژەی کورد ) لەو برادەرانەی کە یارمەتی و کۆمەکی ئەکردم کاک ( ئازادی حمەبچوک ) بوو هەر چەندە ئەو هونەرمەندی شێوەکار نەبوو ئەو شانۆکار بوو. بەڵام گەچی بۆ ئەگرتمەوە بەردی ئەدایە دەستم بۆی پاک ئەکردمەوە بەڕاستی ئەوەم قەد لە یاد ناچێت, ئنجا بۆ سوعبەت ( بۆ خۆشی ) ئەیووت توخوا ئەگەر نەی نووسیت بە گەچ کە منیش یارمەتیم داویت, ئەوە هەر لەبەر ئەو قسەیەی کاک ( ئازادی حمەبچکۆل )  پەیمانەکەم ئەبەمە سەر و باسی ئەو پیاوە جوامێرەئەکەم کە چۆن هاوکارم بووە.
بە بەردەوامی هونەرمەند و برایانی ئەو کاتە ئەهاتن بۆ دیتنی ئەو پەیکەرە, هیچ کەسێک گلەیی نەبوو لەوەی کە پەیکەرەکە نوقسانی تیا هەیە, مامۆستا علی جوڵا و نووری اسماعیل و مامۆستا شێرزاد شوقی کەسانی ترش ئەهاتن کەسێک نەبوو گلەیی هەبێ. 
لە کۆتایدا ووتیان باشترین کەس بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لەو پەیکەرە خاتوو ( ڕەحمە ) کچی ( پیرەمێرد )ی شاعیرە کە ئەبێ بێت و بیبینێ بۆ ئەوەی بزانین ئەو بڕیاری ئەوە ئەدات کە لە خۆی ئەچێت؟ بڕیارمان دا کە خاتوو ڕەحمە بێت و پەیکەرەکە ببینێت, کاک ( محمود زێوەر ) بانگی خاتوو ڕەحمەی کردو ئێوارەیەک هاتن بۆ دیتنی پەیکەرەکەی پیرەمێردی شاعیر, ئەویش کە چاوی پێ کەوت زۆری بە دڵخۆشیەوە ووتی بەڕاستی ئەوە باوکمە وە زۆریش لە خۆیی ئەچێت, ئیتر ئێمەش زۆرمان پێ خۆش بوو کە کچی پیرەمێردی شاعیر بەدڵی بوو.
هەر لە سەر ئەرکی شارەوانی سلێمانی قاعیدەیەکی ( بناغەکەی ) لە چیمەنتۆ بۆ دروست کرا, قۆنتەرات چیەکەش ( بەڵێندەر)ەکە مامی مامۆستا ( ڕەحیم ڕەمەزان ) بوو پیاوێکی زۆرباش بوو نیوەی زیاترلە  تێ چووی قاعیدەکە ( بناغەکە ) خستیە سەر شانی خۆی چونکە قاعیدەکەی( بناغەکەی ) چیمەنتۆ بوو کاری زۆری ویست.
 تا ئێستاش دڵسۆزی مامی مامۆستا ( ڕەحیم ڕەمەزان )م لە بیرە کە چۆن هاوکارم بوو لەو ڕۆژگارەدا, لە دوای تەواو بوونی قاعیدەکە ( بناغەکە ) ئۆتۆمبێلێکی پیکابی سەر بەتاڵ کە کاک ( نووری وەشتی ) و کاک ( محمود زێوەر )هێنابوویان بە چەند کەسێکی بەهێزەوە هەڵمانگرت و خستمانە سەر پیکابەکە و بردمان بۆ شوێنەکەی کە تەواو بووبوو چیمەنتۆکەی ڕەق بووبوو, قاعیدەکەی( بناغەکەی ) پەیکەرەکە بە ئاسن ئامادەیان کردبوو بۆ ئەوەی لەسەری چەسپی بکەین ئەوە بوو دامان نا و تەواو بوو. 
لە ڕێو ڕەسمێکی شکۆداردا لە مانگی ( شەش )ی ساڵی ( 1970 )  بە ئامادەبوونی ڵێپرسراوانی ئەو کاتە پەردەی لەسەر پەیکەری پیرەمێردی شاعیر لابرا...
ئیتر لێرەوە مەسەلەکە دەست پێ ئەکات 



پەیکەری پیرەمێردی شاعیر لە دوایی دووساڵ بۆلابرا وە چۆن لابرا؟
ئیتر با خەڵک کەس تاوانبار نەکات تکایە...  
مەسەلەی لابردنەکەی تەنها لە بەر ئەوە بوو کە پەیکەرەکە خزمەتی نە ئەکرا لەلایەن هیچ لایەنێک و دەستە و ڕێکخراوەکانی شارەوانی و هونەری وە خەڵکانێکی زۆر نەفام ناو ناتۆرە یان لە سەر دانابوو.
لە هەمووی خراپتر ئەوە بوو پەیکەرەکە پیویستی ئەکرد کە نۆژەن بکرێتەوە, من بە شەخسی لە ڕۆژنامەی ( ژین ) ئاگاداری خەڵکم کرد کە خێرخوازان و هونەر دۆستان ئەتوانن یارمەتیمان بدەن بۆ نۆژەنکردنەوە و پاک کردنەوەی پەیکەری پیرەمێردی شاعیر. 
بەڵام هیچ کەسێک و لایەنێک نەهات بە پیرمانەوە ... 
تەنها ڕێکخراوی هونەری ( شانۆی گەزیزە خان ) نەبێ, ئەوانیش ( یەک دینار )ی ئەو کاتەیان ناردبوو,ئیتر یەک کەسی تر لەو هەموو دەوڵەمەند و پیاوە زل زلانەی شاری هەڵمەت و قوربانی هیچ کەسێک نەهات بە پیرمانەوە, ئەوانەی یارمەتیان داین تەنها بە قسە بوو ئەگینا کەس یەک عانەی سەرف نەکرد بۆ ئەو پەیکەرە
منیش کە زانیم وایە وە کەس نایەت بە هانامەوە بۆ ئەوەی پەیکەرەکە نۆژەن بکەمەوە. 
لە دوای تێپەر بوونی دوو ساڵ واتە لە ساڵی ( 1972 ) ڕۆیشتم بۆ شارەوانی سلێمانی پێم ووتن ئەبێن بە زووترین کات ئەو پەیکەرە لابەرن لەبەر ئەوەی ناکرێن پەیکەری ( پیرەمێرد )ی شاعیر بەم شێوەیە بێت, شارەوانی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر لابردنی پەیکەرەکە, بەم شێوەیە خۆم ئەرکی لابردنی پەیکەرەکەم گرتە ئەستۆ وە شارەوانیش قاعیدەکەی ( بناغە ) کەی لابرد وە لە دوای یەک هەفتە پەیکەری ( پیرەمێرد )ی شاعیر لابراو بوونی نەما  لە ناو شاری سلێمانی. 
لەگەڵ لابردنی پەیکەرەکە بوو بە مقۆ مقۆی خەڵک یەکێک ئەیووت حیزبی بەعس لای بردوە, یەکێکی تر ئەیووت فلان و فلان.
ئەمەش حیکایەتی پەیکەرەکەی ( پیرەمێرد )ی شاعیر. عەتا قزاز بەریتانیا 26/11/2020  

تێبینی:
پەیکەرەکە بە بەرزی ( 180 سم ) سەد و هەشتا بوو, قاعیدەکەی ( بناغەکەی )  بە بەرزی ( 2 م ) دوو مەتر بوو .
ناو پەیکەرەکە بە ئاسن و تەڵ داڕێژرابوو, هەروەها لە قسڵ و گەچ پەیکەرەکە دروست کرا بوو. 
لە ماوەی چوار هەفتە پەیکەرەکە دروست کرا لە حەوشی باڵەخانەی ( کۆمەڵ و هونەر و وێژەی کورد ) دروست کرابوو.
تەنها ( 200 ) دوو سەد دینار بۆی سەرف کرابووە تەنها قاعیدەکەی ( بناغەکەی )  کە پەیکەرەکەی لە سەر دانرا بوو ( 280 ) دووسەد و هەشتا دیناری تێ چوو بوو.
پەیکەری ( پیرەمێرد )ی شاعیر بۆ ماوەی دوو ساڵ مایەوە لە مانگی شەشی ساڵی ( 1970 بۆ 1972 ) دوایی لە سەر داوای خۆی لابراوە.  

هونەرمەند: عەتا قزاز ساڵی ( 1947 ) لە سلێمانی لەدایک بووە
ساڵی ( 1965 ) چۆتە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەشی وێنەکێشان لە شاری بەغداد
ساڵی ( 1970 – 1971 ) بووە بە مامۆستای هونەر لە شاری سلێمانی 
ساڵی ( 1979 ) بۆ خوێندن چۆتە ووڵاتی ئیتاڵیا وە لە شاری پیرۆجیا لە بەشی شیوەکاری
 لە ساڵی ( 1984 ) تەواوی کردوە .
ساڵی ( 1988 ) بەشی پەیکەر سازی تەواو کردوە. 
لە ساڵی ( 2000 )وە لەوڵاتی بەریتانیا جێگیر بووە.

 

 یەک فۆتۆ لە فۆتۆکان لە هاوڕێی ئازیز ( خالد رسوڵ ) وەرگیراوە وێنەکانی تر لە هونەرمەند عەتا قزازەوە وەر گیراوە. 


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×