بەرزانی پەیكەرتاش: سلێمانی بوە بەزبڵخانەی پەیكەر
  2020-12-18       3323       

ئا: ئاوێنە


بەرزانی پەیكەتاش، رەخنە لەحكومەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەگرێت كە فلتەرێكیان دانەناوە بۆ دانانی پەیكەر لەشەقام‌و گۆڕەپان‌و باخچەكان‌، ئەو دەڵێت "تا دێ‌ بەهەڕەمەكی ژمارەی پەیكەری ئاست نزم‌و نەشیاو لەشوێنە گشتییەكان زیاتر دەبێت، سلێمانی بوە بەزبڵخانەی پەیكەری دزێوو ناشیرین".


بەرزان زاهیر، كە بە"بەرزانی پەیكەرتاش" ناسراوە‌و چەندین پەیكەری دیاری دروستكردوە‌و لەڕابردودا لەسەر دروستكردنی ئەو پەیكەرانەی هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە، بەحەسرەتەوە باس لەوە دەكات كاتێك كە گەشتیاران دێنە شاری سلێمانی‌و سەیری پەیكەرەكانی دەكەن، هەست دەکەن بەهایەكی ئەوتۆیان نییە لەبەرئەوەی بەفلتەرێكدا تێنەپەڕیون‌و زۆربەیان لەبەرژەوەندی حزبە سیاسییەكان دروستكراون، ئەو وتی "ئەگەر سەیر بكەیت لەسلێمانی‌و هەولێریش، زۆرێك لەپەیكەرەكان پەیكەری فڵانە شەهید‌و فیسارە شەهیدە، بەڵام شەهیدەكان لەسەر سەرمان، ئەوان دەبێت لەگۆڕەپانێكدا مۆنەمۆنتێكیان بۆ بكەینەوەو پەیكەریان بۆ بكەین نەك پەیكەری ئەوان گۆڕەپان‌و شەقام‌و ناو شارەكان پڕ بكەن".
وتیشی "خۆم پەیكەرێكم داناوە بۆ شەهید ئارام لەبەردەم باخی گشتیدا لەبەرئەوەی شەهیدێكی سەركردەیە، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی ئێمە هەستین وەك رژێمە فاشییەكان‌و حزبی بەعس سەركردە حزبییەكانمان تەقدیس بكەین‌و لاساییان بكەینەوە".


بەرزان كە یەكەم پەیكەری بەردی لەمێژوی كوردستاندا دروستكردوەو لەمێژوی سلێمانیشدا یەكەم پەیكەری برۆنزی گەورەی بەناوی "بەرخودان" بۆ شەڕڤانانی كوبانی دروستكردوە، جەغت لەوە دەكات پەیكەر لەهەر شوێنێكی كوردستاندا دابنرێت دەبێت بەفلتەرێكی ئەكادیمیدا بڕوات، ئەو وتی "ناكرێت هەر پەیكەرتاش‌و پەیكەرسازە كەسێك ببێت بەسپۆنسەری‌و پەیكەرێكی بە بەهایەكی كەم‌و بەماتریالێكی لاواز كە ماوەی دو ساڵ بەرگەی مانەوە ناگرێ‌ دروست بكاو پاشان باران‌و سەرماو گەرما دایڕزێنێ‌‌و ناچار بن لایبەن".
وتیشی "بەردەوام ئەم پەیكەرانە لەسەر خواستی ئەو كەسانەیە كە دەیانەوێ‌ ئامانجێكی سیاسی بپێكن‌و سپۆنسەری ئەو هونەرمەندە پەیكەرسازە دەكەن، بۆیە من داواكارم لەهونەرمەندە پەیكەرسازەكان دوای ئامانجی سەرمایەو پارە نەكەون، بەڵكو دوای ئامانجی كلتوری‌و مێژو بۆ ئەم وڵاتە بكەون".


بەرزان سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بەوە دەردەبڕێت ئێستا هەر كەسێك ئەمڕۆ دەمرێ‌ بەیانی پەیكەرێكی بۆ دروست دەكەن كە پێویست نییە، ئەو وتی "ئەی باشە ئەو پارەیەی لەپەیكەرەكەدا خەرجی دەكەن بۆچی لەزیندویەتیدا پێتان نەدا، بۆ نمونە جەنراڵی پایز بۆچی خۆی خنكاند؟ بۆچی تا زیندو بو خزمەتمان نەكرد؟ بۆچی تا زیندوە نایەی نەیەڵی ئەم نوسەرو ئەدیب‌و شاعیرو رۆشنبیرانە لەغەم‌و مەراقدا نەژین؟".


بەرزان ناڕەزایی بەرامبەر بەوەش دەردەبڕێت كە سلێمانی بەشێوەیەكی هەڕەمەكی پڕ كراوە لەپەیكەر، ئەم پەیكەرانە زۆربەیان لەئاستێكی بەرزدا نین‌و بەبڕوای ئەو هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی حكومەت كە هیچ فلتەرێكی بۆ ئەم كارانە دانانەوەو نەیتوانیوە رێكخراوێك یان گروپێكی هونەری پرۆفیشنال دروست بكات تا ئەركی رێكخستنی ئەو كارە لەئەستۆ بگرێت‌و كاری پەیكەرتاشی بەرێكاریی ئەكادیمیدا بڕوات، تەنانەت لەكۆلیجی هونەری زانكۆی سلێمانیش بەشی پەیكەرتاشییان نیییە، ئەو وتی "ئەمە وایكردوە سەرمایەدارەكان ئەو هەلە بقۆزنەوە، چونكە دەزانن دەسەڵات فریای ئەوە ناكەوێ‌ بودجەیەك بۆ ئەو كارە تەرخان بكات، تەنانەت ناتوانێ‌ موچەش دابەش بكات، لەبەرئەوە سەرمایەدارەكان دێن بۆ نمونە یەكێكی وەك من بانگ دەكەن‌و دەڵێن وەرە پەیكەری مەولەویم بۆ بكە، من بیری لێدەكەمەوە پەیكەرێكی سێ‌ مەتری برۆنز بێت 40 هەزار دۆلاری تێدەچێت، سەرمایەدارەکە ئامادە نییە ئەو بڕە پارەیە بدات، دەشزانێ‌ هونەرمەندەكەش پشتیوانی نییە لەلایەن حكومەتەوە، لەبەرئەوە بەبڕێك پارەی كەم‌و ماتریالێكی لاواز پەیكەرەكەی پێیدەكا‌و دەڵێ‌ من پێنج ملیۆن دینارت ئەدەمێ‌، كە زۆر كەمە، هونەرمەدەكەش ناچارەو هیچ كارو كاسپیەكی نییە رازی دەبێت‌و سێ‌ ملیۆنی دەدات بەكەرەسەكان‌و دو ملیۆن دیناری بۆ دەمێنێتەوە، بەمەش کوردستان بەگشتی‌و سلێمانی بەتایبەتی بوە بەزبڵخانەی پەیکەری دزێوو ناشیرین".


ئەم پەیكەرتاشە لەکاتێکدا ستایشی عەتا قەزاز دەكات كە بۆ یەكەمجار لەساڵی 1970 لەشاری سلێمانی پەیكەری شاعیری گەورەی كورد پیرەمێردی دانا، ئاماژە بەوە دەكات هەر پەیكەرێك كە دادەنرێت ساڵانە دەبێت خزمەت بكرێت‌و نۆژەن بكرێتەوە، بەرزان ئەوە روندەكاتەوە كە ساڵی 1999 لەسەر ئەركی خۆی پەیكەری پادشای لۆلۆیی دروستكردوە كە كێشەكەی 9 تەن‌و 800 كیلۆ بوەو بەپارەی خۆی بەردەكەی كڕیوە‌و لەبەردەم باخی گشتیدا پەیكەرەكەی داناوە كە هێمایەكە بۆ مێژووی كورد‌و هاوشێوەی ئەو تابلۆیەیە لەشاخێك لەسەرپێلی زەهاو هەڵكەنراوە لەناوچەی كرماشان، ئەو وتی "پانۆرامای سلێمانیشم لەئوتێل سلێمانی پالاس دروست كردوە بە 28 مەتر چوارگۆشە لەبەردی مەڕمەڕ كە مێژوی سلێمانی دەگێڕێتەوە، سلێمانی چۆن دروستكراوەو چۆن بوە بەشار‌و رۆڵی كەسایەتییەكان چی بوە؟ بەداخەوە ئێمە ئەرشیفێكمان نییە‌و هەمیشە بانگەوازی ئەوەم كردوە كە هونەرمەندو رۆشنبیران مێژوویەك بۆ ئەرشیفی هونەریی خۆیان دروست بكەن".
وتیشی "من یەكێكم لەوانەی لەساڵی 2006 پەیكەری وەلی دێوانەم دروستكرد كە یەكەم پەیكەر بوو لەناوچەی شارەزور دابنرێ‌، باشە بۆ دەبێت پەروەردەی ئێمە وا بێت كە من دێم پەیكەری شاعیر‌و ئەدیبێكی كوردەواری دروست دەكەم، هێرشم بكرێتە سەر‌و هەڵكوتنە سەر ماڵەكەم‌و خێزانەكەم بەچەقۆ بریندار بكەن؟ تەنانەت كە سپۆنسەرێكم بۆ دروست بو بەناوی ئەرسەلان عەبدولقادر كە یەكێك بوو لەوانەی هاوكاری كردم بتوانم لەناوچەی هەورامان چەندین پەیكەری تر دابنێم، بۆ نمونە پەیكەری شاعیرە هەورامیەكان پێنج پەیكەر بو لەتەویڵە دامنا، دوای ئەوە پەیكەری مەحمودخانی دزڵی لەخورماڵ، هەڵسان هەڵیانكوتایە سەر كاك ئەرسەلان‌و كەس نازانێ‌ ئێستا لەكوێیە!".


بەرزان ئەوەش روندەكاتەوە كە دواتریش کاتێک د.تەها رەسوڵ بوە بەسپۆنسەریی روبەرڕوی دنیایەك رەخنە بوەتەوە لەبەرئەوەی هاوكاری ئەمی كردوە، ئەو وتی "بۆچی نابێت گەشتیارێك كە دێتە كوردستان بەپەیكەرەكاندا شوناسی ئێمە بناسێت؟ خۆ ناچێت دەقێك بخوێنێتەوە، پەیكەر زمانی نییەو راستەوخۆ هەمو جیهان لێی تێدەگات، بۆچی ئەو كەسانەی دەبنە سپۆنسەری من هەڕەشەیان لێدەكرێت؟ تا ئێستا شەش پەیكەرم لەناوچەی هەورامان شكێنراوەو نۆژەنم كردوەتەوە لەسەر بودجەی خۆم، ئێ‌ باشە دەسەڵات تۆ كەسەكانت گرتوە بۆ ئازادیان دەكەیت، كە دانیشیان ناوە بەوەی ئەوان شكاندویانەو نەشیانوتوە پەیكەرتاشەكە وتویانە بەریش بین بت تاشەكە ئەكوژین؟! سپۆنسەرەكەشی ئەكوژین! كە یەكێك لەوانە كاك ئەرسەلان بو"!


بەرزان ئاماژە بەوە دەكات كە هەوڵێكی زۆری داوە پەیكەر نەك هەر لەناو شارەكان بەڵكو لەشارو گوندەكانیشدا دروست بكرێت‌و لەسەر ئەو پەیكەرانەی كە هێمای كلتورو مێژوی كوردی بون جارێك هاتونەتە سەری ماڵەكەی لەساڵی 2006‌و خێزانەكەی بەچەقۆ بریندار كراوە، جارێكیش تەقەی لێكراوە‌و ئوتومبێلەكەی وەرگەڕاوە لەساڵی 2013، چونكە شارستانی بردوەتە ئەو ناوچانەو تاریكهۆشان پێیان ناخۆش بوە، ئەو وتی "بەداخەوە دەبو ئێمە بەجۆرێك پەروەردە بكراینایە كە ئاڵای كوردستان لەهەموو ماڵێكی ئێمەدا هەڵواسرایە، بەڵام نەك خۆشەویستیمان بۆ ئاڵاكەمان نییە، بەڵكو رقیشمان لێیەتی، ئەوەی دوژمنانی كورد بەشەق دەیانویست پێمان بكەن‌و پێیان نەکرا، ئەم دەسەڵاتی كوردییە كارێكی كردوە كە بەخواستی خۆمان رقمان لەئاڵاكەی خۆمان‌و رقمان لەكلتوری خۆمان بێت".
وتیشی "هەمو ئەوروپام بەنێ‌ بەدینارێك نامەوێ‌، چەندین داوەتننامەم بۆ هاتوەو من بڕیاری خۆم داوە هەر لەم وڵاتەدا دەمێنمەوەو خزمەتی وڵات‌و شاری خۆم دەكەم، بەڵام بەداخەوە دەسەڵات‌و حكومەت  بۆ پڕ كردنی گیرفانی خۆیان وڵاتیان رەتاندوەتەوە".

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×