ئەو کتێبانەی کە فریای خوێندنەوەیان ناکەوین!
  2020-12-22       2200       

دلێر محەمەد نوری



کورتەیەک لە بارەی (کتێبخانەی داهاتوو FUTURE LiBRERY) لە ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتی نەرویج، ئەو کتێبخانەیەی لە 2114 دا دەرگاکانی بە ڕووی خوێنەرانیدا دەخاتە سەر پشت!

سەدد دانە کتێب لە مێژوودا بەڕێوەن بۆ نووسین وله چاپ دان و دانان لە نێو کتێبخانەیەکدا لە ئۆسلۆی پایتەخی نەرویج کە دڵنیام هیچ کەس لە خوێنەرانی ئەم وتارە دەرفەتی خوێندنەوەیان نابێت یان فریای خوێندنەوەی ناکەون بەر لە مردنیان. ئەو کتێبانە ئەنووسرێن و پاکنووسەکەیان لە گەڵ چەندین کتێبدا ساڵانە بەربژێر دەکرێن و لیژنەیەک کە هەر ساڵەی یەکێکیان لێ هەڵدەبژێرن، بە جۆرێک تەنها نووسەری کتێبی هەڵبژێردراو و ئەندامانی لیژنەکە بە ناوەڕۆکەکەی ئەزانن و تا ئەو ڕۆژەی کە تەواوی کتێبەکان کە ژمارەیان سەدد دانەیە کۆتایی دێت، زانیاری ناو ئەم کتێبانە بە نهێنی دەمێننەوە، کە. بڕیار وایە لە ساڵی 2114 هەر سەدد کتێبەکە ئامادە بکرێن بۆ چاپ کردنی کۆتایی و کە دڵنیام لە مەراسیمێکی شایستەی کەم وێنەدا دەرگای ئەو کتێبخانەیە بکرێتەوە بۆ خوێنەرانی کە بە داخەوە من و خوێنەرانی ئەم وتارە دەرفەتی بەشداربوونیان نابێت.  ئەو کتێبانەی کە بەختی هەڵبژاردنیان ئەبێت لە شوێنێکی تایبەتی لە کتێبخانەی دایچمان (Deichman bibliotek) هەڵدەگیرێن، کە نوێترین کتێبخانەی نەرویجە سەرەتای 2020 لە ناوەندی شاری ئۆسلۆ لە دیزاینێکی قەشەنگی ئەندازەییدا کرایەوە. پڕۆسەکەش لە 2014ەوە دەستی پێکردووە و لە ساڵی 2114 بە کۆتایی دەگات، هەر سەدد دەقە بنەڕەتیێەکەی کتێبەکان کە هەڵبژێردراون یان هەڵدەبژێدرێن، کۆتاییان پێ دێت و ئامادە دەکرێن بۆ چاپکردن. 
کێ خاوەنی ئەم پڕۆژە ناوازەیەیە؟
خاوەن بیرۆکەی (کتێبخانەی داهاتوو) هونەرمەندی سکۆتلەندی (ِKatie Peterson)ە لەدایکبووی 1981 ە و خاوەنی ماستەرنامەیە لە هونەرە جوانەکان، کارەکانی زیاتر پەیوەستن بە پێوانە و وێنەوە و مەوداوە، خاوەنی چەندین پڕۆژەی سەیر و ناوازەیە لە جیهاندا کە ناوازەترینیان بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیەیە کە ئێستا لە ئۆسلۆ سەرپێ کەوتووە و پێ دەنێتە ساڵی حەوتەمی خۆیەوە، تا کتێبی ژمارە سەددیش هەڵدەبژێردرێ لە ساڵی 2114 دا پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت.
ئامانج لەم پرۆژە نازدارە ئەوەیە کە سەدد بەرهەمی ناوازەی سەدد نوسەر کە جێگە دەستیان دیار بێت لە دونیای نووسین و ئەدەبدا هەڵبگیرێن و چاویان بە ڕوناکی نەکەوێت تا 2114، بە بێ ڕەچاوکرنی ڕەگەزنامەی نووسەر یان زمانی نووسین یاخود ئەو ژانەرە ئەدەبییەی نووسینەکەی پێ هاتۆتە بەرهەم. گرنگترین مەرجێکیش کە لە نووسینەکەدا هەبێت ئەوەیە کە گرنگی دابێت بە کات و فانتازیا.
ئەوانەی تا ئێستا بەرهەمی نووسراویان لێ وەرگیراوە شەش کەسن کە ئەمانەن:-
نووسەری کەنەدی مارگرێت ئاتوود ‌‌39 و نووسەری ئینگلیز داڤید میشێل 69 و نووسەری ئیسلاندی شۆن 62 و ڕۆمان نووسی بەناوبانگی تورکی ئێلیف شەفەق 71 (کە ئێستا لە لایەن تورکیاوە داواکراوە بە هۆی نووسینەکانییەوە لە بارەی سیستمی سیاسی نادیموکراتی و تاکڕەوی تورک بەرانبەر بە ئەرمەن و کورد) و نووسەری کۆریای باشور هان کانگ 70 و نووسەری نەرویجی کارل ئۆڤە 68 ٫ نووسەری لاوی ڤێتنامی ئۆسێن ڤوینگ 88.
شایەنی باسە ئەم پڕۆسەیە بەردەوامی دەبێت تا ژمارەی پاکنووسی کتێبە هەڵگیراوەکان لە ساڵی 2114دا دەبن بە سەدد تێکستی بڵاونەکراوەی سەدد نووسەری جۆراوجۆری جیهان. ئەم زەخیرەیە لە زانیاری و نووسین پێشکەش بە نەوەی داهاتوو ئەکرێت. 
ئەوەی زیاتر ئەم پڕۆژەیەیەی ناوازەکردووە لە دەرەوەی شاری ئۆسلۆ دارستانێکیان لە شوێنێک بە ناوی نوردمارکا تەرخان کراوە و چێنراوە بە جۆرێک درەخت،  کە لە دروست کردنی کاغەز بەکاردەهێنرێت، کە دواجار بەرهەمی کاغەزی ئەم دارستانە پاشەکەوت ئەکرێت بۆ چاپکردنی ئەو کتێبانە لە ساڵی 2114 دا.
جێگەی باسە لە پەیوەندییەکم بە خانمێکی بەرپرس لە کتێبخانەی داهاتوو دا کە ناوی (Anne Beate Hovinئانە بێیەتە هۆڤن )ە، پرسیارم لێکرد سەبارەت بەوەی کە ئەوان پێشوازی لە نووسەر و نووسینی کوردی دەکەن یاخود نا، لەوەڵامدا زۆر بە خۆشحاڵییەوە ئامادەیی نیشاندا و وتی هەرچ ناوێکی دیار شک دەبەن دەتوانن بۆ ساڵانی داهاتوو پێشنیازی بکەن. منیش بەم نووسینە ویستم دەرگایەک نیشانی قەڵەمە دیارەکانی کورد بدەم تا لێی بدەن و دەرفەتێکی وا دەگمەن لە دەست نەدەن چونکە ئەوەی نووسەرانی کورد بە تایبەتی لە ئەدەبدا نووسیویانە هیچی کەمتر نیە لەو نووسینانەی کە بواری هەڵکەوتنی جیهانییان بۆ ڕەخساوە، هۆکاری ئەم دەرنەکەوتنەی کوردیش لەم بوارەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نووسەرانی کورد بە زمانێک ئەنووسن کە قسەپێکەرانی خاوەنی وڵات و خاکی سەربەخۆ و دەسەڵاتی سیاسی بە سەلیقە و ڕۆشنبیر و ئەهلی زانین نین.
جا هیوام وایە کوردیش بتوانێ بەشێک لە ئازارەکانی خۆی بە نووسین بۆ نەوەی داهاتوو جێ بکاتەوە لەو کتێبخانەیەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×