هەڵوێستی نوێی كۆمسیۆن لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا: قورسە بەڵام مەحاڵ نییە
  2021-01-15       615       

كەمێك لەمەوبەر كۆبونەوەی سەركردە سیاسییەكان و سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەگەڵ سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كۆتایی هات و سەرۆكی بەرەی توركمانی دەڵیت: كۆمسیۆن رایگەیاندوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا قورسە بەڵام مەحاڵ نییە.

ئاوێنە: ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، كەمێك لەمەوبەر كۆبونەوەی سەركردە سیاسییەكان و سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، كۆتایی هات.

سەرۆكی بەرەی توركمانی ئاشكراشیكردوە كە كۆمسیۆن پێی راگەیاندون ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە لەو وادەیەی دیاریكراوە قورسە ئەوەش بەهۆی بونی چەند ئالنگارییەك، بەڵام مەحاڵ نییە.

بەرلەوە هەر ئەمڕۆ عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، رایگەیاندبو، سەرلەبەیانی سبەی شەممە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوە بۆ دیاریكردنی وادەیەكی كۆتایی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.

وتبوشی، رەنگە مستەفا كازمی بیەوێت وادەی هەڵبژاردنەكە بگۆڕێت كە پێشتر مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی دیاریكردبو.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەواڵب دواخستنی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی چڕ لە میدیاكانی عێراق بڵاودەبێتەوە، بەڵام دوێنێ وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رەتیكردەوە كە ئەوان داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكەیان بۆ مانگی ئەیلولی داهاتو كردبێت و وتیشی، ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەو وادەیەدا كە دیاریكراوە.

هەر ئەمڕۆش راوێژكاری مستەفا كازمی بۆ كاروباری هەڵبژاردن رایگەیاند كە دواخستنی هەڵبژاردنەكان بۆچونی هەندێك لە هێزە سیاسییەكانەو هەڵوێستێكی رەسمی نییەو جەختیشی كردەوە كە كۆمسیۆن بەگوێرەی ئەو وادەیە كارەكانی ئەنجامدەدات كە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەستنیشان كراوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×