مامۆستایەکی ئایینی: سلێمان هەڵشۆیی بۆ چاپکردنی کتێبەکەم دو هەزار دۆلاری پێدام
  2021-01-17       1512       

مامۆستایەكی ئایینی لە سنوری قەزای پشدەر رایگەیاند، سلێمان هەڵشۆیی بڕی دو هەزار دۆلاری بۆ چاپكردنی كتێبەكەی پێداوەو ئەویش وەریگرتوە.

ئاوێنە: ئەو مامۆستا ئایینییە ناوی ئیسماعیل توەسورانییە و لە دایکبوی گوندی دوگۆمانە لە سنوری ناحیەی سەنگەسەری قەزای پشدەر.

ماوەی چەند رۆژێکە کتێبێکی مامۆستا ئیسماعیل توەسوورانی بەناوی "رەوشی بڕواداران لە قورئان و سوننەتدا" بڵاوکراوەتەوە. بەڵام لە لاپەڕەیەکی کتێبەکەدا هاتوە "کاک سلێمان هەڵشۆیی، ئەرکی تێچوی ئەم کتێبەی گرتوەتە ئەستۆی خۆی، خودا پاداشتی نەبڕاوەی بەڕێزیان بداتەوە." ئەو نوسینە لە سۆشیاڵ میدیا زۆر بڵاوکراوەتەوە و هەر کەسە و قسەیەکی جیاوازی لەسەر کردوە.

لەبارەی ئەوەی کە سلێمان هەڵشۆیی چەند پارەی پێداوە بۆ چاپکردنی کتێبەکەی؟ مامۆستا ئیسماعیل توەسورانی بە "روداو"ی راگەیاند"پێش ئەوەی سلێمان هەڵشۆیی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر بکرێت، رۆژێکیان لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی هات بۆ ماڵمان و وتی کە دەیەوێت هاوکاریم بکات لە چاپکردنی کتێبەکەم، منیش داواکەیم قبوڵ کرد و وتم هەر کەسێک بیەوێت خێر بکات من لێی وەردەگرم و قبوڵم کرد."

ئەو مامۆستا ئایینییە وتیشی"پێشتریش وتومە و ئێستاش دەیڵێمەوە کە مامەڵەکەی سلێمان هەڵشۆیی حەرام بوە."

زۆرن ئەوانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردوە و پارەکەیان وەرنەگرتوەتەوە، ئەو مامۆستا ئایینییە ئاماژەی بەوەداوە كە کوڕەکەی وەستای تەختەودار بوە، بەڵام لەکاتی ئەو مامەڵەیەدا چەند کرێکارێکی لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی مامەڵەیان کردوە و ئەوان بونەتە خاوەنی ئۆتۆمبێلی گرانبەها. وتیشی"هەر لەبەرئەوەشە کوڕەکەم دەهاتەوە بۆ ماڵەوە و دەیوت دەچم منیش ئەو کارە دەکەم، بەڵام زۆرم پێوت و بە قسەی نەکردم. بۆیە رۆژێک کوڕەکەم 110 وەرەقە (11 هەزار دۆلار)ی بە سلێمان هەڵشۆیی دا و تاوەکو ئێستاش نەیداوەتەوە."

 


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×